شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: گوڵ کە یاغی و دەم دڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی گوڵ کە یاغی و دەم دڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی باغەبان گوێی گرت و، وا هێنای بە دەستی بەستە بۆی ڕەنگی زەرد و سووری خەوف و خەجڵەتی، ئاوی حەیای وا تکاو، ئەرجوو دەکەن عەفوی بکا وەک عەبدی خۆی چونکە بێنی بێوەفایی و ناز و شۆخی لێ دەهات، ناردییە بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوست و شۆی دەست بە دەست چوو تا گەیشتە دەستی عەتتاری سەفیه نایە سەر نار و عەزابی ڕۆحی دا و سفت و سۆی چونکە مەنشووری گوڵەندامی بە ناوی خۆی دەوێ یار، ئەگەر لەو باغییانە کەس بمێنێ، عارە بۆی مەه بە شەو هەڵدێ، پەنا دەگرێت و دەنوێتن بە ڕۆژ دا بگاتە سیڕڕی پەچچەی پەرچەم و وەسفی برۆی گەر بڵێم: شەمسی، دەڵێ: ئەو خۆش ڕووە بێپەردەیە وەر بڵێم: سەروی، دەڵێ: ئەو ئەحمەقە کوا گفتوگۆی! دیدە و دڵ هەردوو وا جۆبار و جۆیای قەددی تۆن سەروی دڵجۆی عەرعەر و، دڵجۆی نەمامی دیدەجۆی چونکە باوکی ڕۆمی و دایکی حەبەش بوو، ما بە بەین ڕۆژ و شەو، کافوور و میسکی، ڕوو گەنم، خاڵ دەنکە جۆی من گوتم: سەروی قەدت مەوزوونە، ئەو تەبعەم هەیە ئەو گوتی: نالی بە میزابی کینایەتمان دەشۆی ++++++++++++++++++++++