شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: بنواڕە نەوبەهار و فوتووحاتی گوڵشەنی بنواڕە نەوبەهار و فوتووحاتی گوڵشەنی گوڵ زاری کردەوە، لە دەمی، غونچە پێکەنی لەم پارچەڵۆکە هەورە بە قەد ڕووی هەموو زەمین بەم ڕایەڵە قەدیفەیی سەوزی عەجەب تەنی بورجی درەختی سەوز و بولەندی وەک ئاسمان پێوە شگۆفە هەروەکوو نەجمن بە ڕۆشنی بەزمی هوزارە، قەل فڕی ئەغیارە، دەوری گوڵ سۆفی! بڕۆ، مەبە بە دڕک، تۆ لە ئێمە نی... هەر دارە بەرگ و، هەر گوڵە ڕەنگێ خەڵاتیە هەر جوودی نەوبەهارە کە عالەم دەکا غەنی دیسان لە بگرە بەردەیی گوڵچین و باغەبان بولبول کەناری گرت و دڵی غونچە ڕاچنی خارایی سەوز و شینی لەبەر کردووە جەبەل دامێنی وەردی سوورە کە دەستم بە دامەنی! وادی بووە بە وادیی پڕ نووری تووری نار نەعلەین لە پێ فڕێ بدە نالی بە ئەیمەنی ++++++++++++++++++++++