شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: دەروونم پڕ کەباب و دەردە بێ تۆ دەروونم پڕ کەباب و دەردە بێ تۆ دڵم گەرمە و هەناسەم سەردە بێ تۆ خەریکی شەش دەری هات و نەهاتم خەلاسیم قەت نییە لەم نەردە بێ تۆ لیباسم ماتەمە، شینە، لە شیندام سوروشکم سوورە، ڕەنگم زەردە بێ تۆ عەزیزم! دڵ ڕەقە و، خۆم فەرد و تەنهام دەترسم بمکوژێ ئەم دەردە بێ تۆ بە بێ دیداری تۆ خۆ لاڵە نالی عەجەب هەستاوە ئەم چەن فەردە بێ تۆ! ++++++++++++++++++++++