شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: ئەی شۆخی بێ نیاز و گران ناز و غەمزە سووک ئەی شۆخی بێنیاز و گران ناز و غەمزە سووک! تیری موژەت نیشانەیی دڵ کون دەکا بە نووک کوشتەی نیگاهی دیدەتە، گەر مەست، ئەگەر خەراب بەستەی کەمەندی زوڵفتە، گەر شێخ، ئەگەر سولووک نەقدی دڵێ کە ڕائیجی سەودایی تۆ نەبێ، مەغشووش و کەم عەیارە و هەم قەڵب و هەم چرووک سۆفی! وەرە ئەسەیری زوهووراتی باغ و ڕاغ لایێ هەموو شکۆفە و، لایی هەموو گوڵووک دەستی چناری ڕووت و، سەری شاخ و، لێوی گوڵ ڕازانەوە بە خەلعەتی دیبا و بەرگ و تووک دەسبەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن ساحێب کولاه و سایە و بەرگن وەکوو مولووک کانی دەزێن بە ئاو و، درەخت ئاوسن بە با شایی بەهارە، بولبولە داماد و غونچە بووک وەک چاوی وشکە سۆفییەکانی لە دار و بەرد دەردێن بە سەد تەرەننوم و گریان و نووکە نووک ڕایێڵ و تار و پۆیی کولووی بەفرە، ئابشار با بای دەدات و ماسیی پێدا دێ وەک مەکووک شەبنم کە نەزم و نەسرە لە ئەوراقی غونچەدا گۆیا بووە بە زار و زوبان و ددان و پووک: نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفزی کەم و بچووک ++++++++++++++++++++++