شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ سینە پان و، مووچە کورت و، شانە بەرز و، گوێ درێژ بن زک و جەبهەت سپی، کلک ئێستر و دامەن سیا یەککە تاز و، سێ بڕو، دوو باد و، شەش دانگ و درێژ کەللە وەک جەڕڕەی شەرابی پر نیشات و تەڕ دەماغ شێری نەڕ، ئاهوویی بەڕ، گورگی سەفەر، قەمچی نەچێژ مل عەلەم، شیرین قەلەم، ئاهوو شکەم، مەیموون قەدەم سم خڕ و کلک ئێستر و، مەنزل بڕ و، عارەق نەڕیژ زەرق و زەڕڕاقی وەکوو خاکستەر، ئەمما بێغوبار بەرق و بەڕڕاقی وەکوو پیرۆزە، لاکین بێ کڕێژ سم وەکوو یەشم و لە پەشم و تووکی پێدا سەرنگوون چاو وەکوو بیجادە یا دوو شەو چراغی شوعلە ڕێژ گوێ درێژێ بار و کورتان بەرز و، پاڵانی بەزێن چوست و وریاتر لە گوێ کورتانی پاڵانی و گێژ قانیعی بابی ڕەزا و ڕازی بە پووش و دڕک و داڵ سالیکی سەبر و تەحەممول، بوردەبار و هیچ نەوێژ عاقڵێ بوو ناوی کەر بوو، قاتیعی ڕێگەی سەفەر خۆش سلووکتر بوو لە سەد وێڵداشی هەرزە و گێژ و وێژ صائم الدهری بەڕۆژ، ئەمما بەڕۆژووی بێنییەت قائم اللیلی سلووک، ئەمما سلووکی بێنوێژ! ... چەندە پێم خۆش بوو، زوبانی حاڵی دەیوت نالیا هەردوو حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمنیش گوێ درێژ ++++++++++++++++++++++