شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: بە جان سەختی و دڵ بەردی من و تۆ بە جان سەختی و دڵ بەردی، من و تۆ بیعەینی هەروەکوو پۆڵا و بەردین وەرە با ئاگرێکی وەسڵی خۆمان بخەینە قاوی عومری دوشمنی دین ڕەقیب و موددەعی وەک پووش و پووشوو بسووتێنین، کە وەک بەرقین، لەبەر قین مەفەرموو دڵ وەکوو ئاوێنە سافە بەڵێ بەم ئایینە بۆی بووی بە خودبین وەرە تا عالەمی قەلبت نیشان دەم: کەوا فەقری غینایە، مردنی ژین تێدا ئوممێد و بیم و گریە و سۆز بەهار و پاییز و زستان و هاوین لەگەڵ مورغی چەمەن نالی دەناڵێ کە یەعنی عاشق و هەم فەرد و فەردین ++++++++++++++++++++++