شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: دەورانییە وەک هێڵەکی سەودا سەری گێژم دەورانییە، وەک هێڵەکی سەودا، سەری گێژم بۆیە بە دەقیقی مەسەلە هەرچی دەبێژم هەر پەرچەم و پێشانییە فیکری شەو و ڕۆژم هەر گەردەن و زوڵفە ئەمەلی دوور و درێژم بێ دیدە و دیداری، هەموو خوێنە دەگریێم یەعنی گوڵ و نەرگس کە نەبێ، لالە دەنێژم ڕەنگ و ئەسەری شۆڕشی لەعلی نمەکینە ئەم ئەشکە کە بەم سووریی و سوێرییە دەڕێژم بێنییەتی تەقبیلی دەمت عاتیلە ڕۆژووم بێ حەزرەتی میحرابی برۆت باتیلە نوێژم نالی وەکوو لالە کە شەهیدی غەم و داغە لەم باغە بفەرموو کە ئەویش لێرە دەنێژم ++++++++++++++++++++++