شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: سابوونی کەففی پێیە کەفی زاری چاپلووس سابوونی کەففی پێیە کەفی زاری چاپلووس خاسیەتی ڕەققی هەیە نەرمی زوبانی لووس ئەی دڵ! خەراجی حاسڵی زوڵماتی بەحر و بەڕ میراتی ئیعتیبارە لە فورزەندی فەیلەقووس بونیانی کیبر و سەرکەشیە تاقی کیسرەوی دانانی زوڵم و ڕووڕەشییە تەختی ئابنووس بنواڕە بوونی ئەووەڵت و چوونی ئاخرت: هاتی چ ڕووت و قووت و، هەڵاتی چ لووس و پووس؟ ! گەر فەڕڕ و تاج و زینەت و شەوکەت وەفای دەبوو بێ دەردی سەر دەمانەوە بۆ تاوس و خورووس؟ ! گەر ئاب و تابی جەننەتیی و دۆزەخیت دەوێ بنواڕە نێو چەوانی بەشووش و برۆی عەبووس بۆ مەشقی عیشقی زوڵفی نیگار و نیگارشی نالی لە خامەدا بووەتە شاهی توڕڕەنووس ++++++++++++++++++++++