شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرمووت مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرمووت دەخیلت بم کە خانەی سەبرەکەم سووت لە ڕووت و قووتی وەک من ڕوو[ت] مەپۆشە کە وەسڵی تۆیە قووتی عاشقی ڕووت موژەت قوللابییە هەم تیر و هەم شیر برۆت میحرابییە هەم تاق و هەم جووت لە سندووقی پڕی سینەم بترسە کە ئاگر بەر بداتە تەخت و تابووت لەبەر خەندەی لەبی لەعلی ئەتۆ بوو کەوا شەککەر دەباری، گوڵ دەپشکووت دەکەی نەخچیری سەد دڵ هەر بە تیرێ ئیلاهی هەر بمێنێ دەست و بازووت! چ شیرینە خوتووتی دەوری لێوت بەڵێ مەعلوومە خۆشە خەتتی یاقووت هە نالی! بەڵکوو بیکێشی بە ناڵین بناڵە، دامەنیشە مات و مەبهووت ++++++++++++++++++++++