شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: ماتەم وەکوو زوڵفەینی سییەه گرتی سەراپات ماتەم، وەکوو زوڵفەینی سییەه، گرتی سەراپات پۆشی لە ڕوخت تەعبییەیی بەیدەق و شامات تاقانە یەتیمی خەلەفی ئاخری نیسان! تۆ خۆش بی، سەدەف بوو بە فیدات، دوور بی لە ئافات بۆ فەوتی سەدەف حەیفە بڕێژی دورەری ئەشک زایع مەکە دوڕ دانە بە غارات و خەسارات دیدەت وەکوو گوڵ سوورە، پڕی شەبنمی ئەشکە؟ یا لالەیی پڕ ژاڵەیە دوو نەرگسی شەهلات؟ بۆ گریەیی تۆ ڕەنگە منیش هێندە بگریێم گەوهەر بڕژێنین بە بوڵندیی قەد و باڵات لاکین ئەمە دونیایە، گەهێ سوورە، گەهێ شین لا یسألُ مَن عاشَ، وَ مَنْ مات، وَ مَنْ فات؟ ! بەس گریە بکە بۆ پدەر و بابی حیجابت بێبابیی تۆ مووریسە بۆ وەسڵ و مولاقات! بێبابیی تۆ بۆ من و تۆ بابی فوتووحە بێبابیی تۆ خواستەیی من بوو بە ئاوات بێبابی مورادی من و تۆ بوو بە تەمەننا بێبابی دوعایی من و تۆ بوو بە موناجات ئەو بابە کە فەتح و زەفەری قەلعەیە قەلعی با قەلعی بکا زەلزەلەیی هازیمی لەززات ئەو پیری خەرەف، ئافەتی مەردی و سەفا بوو تۆ شۆخ و جوان، دوور بی لە ئافات و خەرافات ئەو فەوت و وەفاتە سەبەبی عەهد و وەفاتە چوو ساعیقەیی بەردی عەجووز و، گوڵ و مل هات گوڵ تاجی لەسەر نا و، چەمەن مەخمەڵی پۆشی هات موژدە کە خەلعەت گەیییە بەر بە موباهات هات زەمزەمەیی بولبول و ئاوازەیی قومری هات بادی سەبا، دێن و دەچن عەرعەر و بانات نەجم و شەجەر و نەرگس و ئەنواری شکۆفە جیلوەی چەمەنن، یەعنی زەمین بوو بە سەماوات ماوەردە لەسەر خەرمەنی گوڵ عەترفشانە، یا ئاوی حەیاتە: عەرەقی وردی موحەییات؟ ! گوڵشەن وەکوو بەزمێکە کە ئاحادی هوزاری بۆ تاقە گوڵێکی گەیییە ڕوتبەیی میئات تۆ باقییەیی ساقییەیی سەحنی چەمەن بە مەیدان هەموو مەی دانە بە کاسات و بە تاسات نالی یەک و ئەو کەس کە تەمامی غەزەلی بیست مەعلوومی بووە زۆر و کەمیی خاریقی عادات ++++++++++++++++++++++