شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: سەری زوڵفت کە ڕشتەی عومری خزرە نیوە هەودایە سەری زوڵفت کە ڕشتەی عومری خزرە، نیوە هەودایە چ هەودایە؟ کە هەر حەڵقەی دوو سەد زەنجیری سەودایە! برۆت تیغێکە وسمەی سەیقەل و مەسلوول و مووکارە کە عیشوەی جەوهەرە، ڕەمز و ئیشارەی ئاوی مەودایە بە نەشئەی سستی و مەستیی وەها مەستوور و مەخموورە نزانم خەو لە چاوتدایە یا چاوت لە خەودایە! لە سایەی کوفری زوڵفت دڵ فنا فی النوری ئیمانە مەڵێن زوڵمەت خراپە، وەسڵی پەروانە لە شەودایە هەناسەم زوڵفەکەی لادا و مەیلێکی نەکرد چاوی نەسیم ئەنگووت و شەو ڕابورد و نەرگس هەر لە خەودایە لە دووری تۆیە ئەی خورشیدی پڕتەو بەخشی شەوگەردان کە نالی وا لە حاڵاتی میحاقی ماهی نەودایە... ++++++++++++++++++++++