شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: پێم دەڵێن مەحبووبە خێل و قیچە پێم دەڵێن: مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا خێل و قیچە، یا ترازووی نازی نەختی سەر دەکا؟ ! خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەی‏کەر دەکا؟ ! چاوی هەم‏ڕەنگی گوڵی، مەستی شەو و ڕۆژن مەدام یەک لە نەشگوفتەی بەنەفشە، یەک لە نەیلۆفەڕ دەکا عەکسی چاوی تۆ لە چاویدا بە خواری تێدەگەی کەچ‏نەزەر کەی فەرقی خوار و ژوور و، خێر و شەڕ دەکا؟ ! هەر کەسێ نوقسانی ڕووی باوێتە سەر ڕووی ئاینە شاهیدی هەرچەندە رأی العینە، کێ باوەڕ دەکا؟ ! کاتبی خێر و شەڕی عوششاقە، بۆ وەسڵ و فیراق، لوتف و قەهری هەر بە جارێ سەیری دوو دەفتەر دەکا نالی ئەو وەحشی غەزالە کەس ئەبەر داوی نەکەوت چونکە شاهێنی دوو چاوی تیژە، دائیم سەر دەکا ++++++++++++++++++++++