شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: دەستم لە گەردەنی خۆت هەڵمەگرە ئەی حەبیبە دەستم لە گەردەنی خۆت هەڵمەگرە ئەی حەبیبە! وەبزانە خوێنی خۆمە، یا میننەتی ڕەقیبە سەر بەردەبازی ڕێتە، تەن تەختە بەندی جێتە دڵ مەیلی خاکی پێتە، ڕۆح ماڵی خۆتە، بیبە تۆ نەو شگوفتە وەردی، من مایلم بە زەردی تۆ هەمسەرت نەسیمە، من هەمدەمم لەهیبە شاهێنی دیدە بازە، مەستی شەرابی نازە دڵدار و دڵنەوازە، دڵکێش و دڵفریبە ئەو تیفلە خورد سالە، هەر چەندە وەک غەزالە ئەمما کە هاتە نەخچیر، شێر سەولەتی مەهیبە دڵ پەی دەکا نیگاهی سەهمی موژەی سیاهی ڕەمزی هەموو بەڵایە، غەمزەی هەموو موسیبە ئەی چاوی پڕ نەدامەت، دڵ پڕ غەم و غەرامەت بگری، کە وشکە سۆفی لەم فەیزە بێ نەسیبە ئەی خەڵوەتی مورائی، بێ ڕەنگی خود نومائی ڕەنگ زەردی عاشقی بە، نەک زەرد ڕوو و شەقی بە نالی لەبی حەبیبە هەم تیب و هەم تەبیبە خولاسەیی لەبیبە، فەرمانبەری لەبی بە ++++++++++++++++++++++