شاعیر: دڵدار کتێب: دیوانی دڵدار سەرناو: لالە باس سەبارەت: بەغدا ڕۆژێکی پایز لە پێش نیوەڕۆ لالە باسم دی زەوی ئەداتۆ ڕووت و زگ واڵا، پیر و تێکشکاو پشتی چەماوە، لووت لەسەر ئەژنۆ گۆچانی دەستی دەستەندووی جووت بوو دەنگی نووسابوو بە هێ هێ و هۆ هۆ هەی ماندو نەبی لالۆی جووتیارە وتی: هەر بژی ڕۆڵەی لەسەرخۆ وتم: کاری جووت، ڕەنجی لاوێتی زۆر دوورن لەگەڵ پیرێکی وەک تۆ ڕەسووڵەیی کوڕت ڕەنجبەری چاکە زەلامی ملهۆڕ، لاوی چوست و جۆ کوا بۆ چی جووتت لەباتی ناکا بۆچی تۆ نادا، بۆ چی نابڕێ شۆ هەندێ پێکەنی، سەیرێکی کردم دەستی خستە سەر ڕیشی وەک پەمۆ ئاگری دڵی لە هەر دوو چاوی بڵێسەی ئەدا وەک جووتێ پشکۆ وتی: لە هاوین کێخا کاکە سوور هاتە ماڵەوە پێی وتم: لالۆ شایەدی بدە زەوی «زێڕین دۆڵ» کە وا هین منە قورئانیش بخۆ وتم: کاکە سوور، بەم سەر و ڕیشە ئۆباڵی خەلقی ناخەمە ئەستۆ وتی: هەروەها بە سەری ئاغا ئەتکەمە پۆڕی بەر چەنگی هەڵۆ بۆ شەو زەلامی هەناردە سەرم ماڵیان دامە بەر شیلینگی بڕنۆ سێ مانگام هەبوو بە تاڵانی برد مناڵی هێشتم، بەبێ ماست و دۆ هەندەی پێ نەچوو، عەزەی ساڵح ئاغا لە سەری کردم بۆ حیسسەی تاپۆ چوومە خرابە: وتم ئاغە گیان مڵکم هین خۆمە قەیدن لە تاپۆ پێی وتم: پیرەی سمێڵ کلکەسە یا تاپۆ بدە، یا بار کە و بڕۆ دوو سێ ڕەش و ڕووت وڵاغیان هێنا دەغڵیان بار کرد بە لێ لێ و لۆ لۆ کێخوای چەمبەڕیش ڕەسووڵەی پەت کرد کردی بە عەسکەر، بردی لە بۆ کۆ لە کۆیە چوومە لای زابت وتم: ئەفەندی عومرم گەییە حەفتا و نۆ بێجگە لەم کوڕە وەجاغم کوێرە بە منی ببەخشە مەمکە ڕەنجەڕۆ زابت تووڕە بوو هەڵسایە سەر پێ فڕێی دامە دەر، بە پاڵەپەستۆ پێم وت: لالە باس پارەت بدایە ڕەسووڵ معیل بوو بەبێ گفتوگۆ وتی: پارە و من؟ هەی خاکم وە سەر بریا ئەمزانی، ئەی خودایە بۆ؟ ئەوا چل ساڵە زەوی ئەکێڵم فەللاحی ئەکەم هەتاکوو ئەمڕۆ نرخی ئارەقەی ڕوونی ماندووییم تیکە نانێکە، چە نان؟ نانە جۆ ئەویش بەبێ دۆ ++++++++++++++++++++++