شاعیر: بەختیار عەلی کتێب: تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە سەرناو: قەسیدەی عەشق (بەشی یەکەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید بەسینەی بازەوە منو تۆ دوو دەستین لە ئاگر ئەهریمەنزادەو پەریزادەی ئاوێنەکانی مەرگین من سەرابیترین پیاوی دونیا منداڵێک لە جنسی (با )و (دوکەڵ) و(تۆز) بەیازی دڕندەترین حەرف و کراسی خوێناویترین جەستە. بەر پرسیارم لە ئافەتەکانی ڕۆح بەر پرسیارم لە فیتنەکانی ئەقڵ. لە کۆد‌یتاکانی لە زەت و لە یاخیبووەکانی جەستە بۆنی ئەو باڵدارانە لە هەناسەم دێت، لەم جەهەنەمەی گومانەدا! یەقین بە سەر دارستانە ترساوەکانی ئێوارەدا دەبەخشنەوە وەک پیرترین ئەسپ، پیریترین مەیتەرەوان... پیرترین... زێرین ترن... غەمگین ترین بازی خراپکار، شەهێنێک لە ئاسۆکانی پیربوونی خۆی بەفڕینێک لە ئاگر بەمەرگێک وەک ئاسن سارد.. بەکێلونێک لە ڕۆشنایی و قوفڵێک لەبروسکەکان دابخات، لەکوچەی ئەم توتییە بێوەفایانە دە چمەدەرێ، بۆ مردن لە چاوەڕوانی سووتاندا لەسەر پشکۆی ئەم دیانەتە دێرینانە دەڵێم: (ئەمە نێهنی نیە و هەرگیز نیهنیش نەبووە)! تۆش لە ڕۆژگارە بە هەشتییەکانی خۆت چنگێک خۆشەویستم بدەرێ! (ئەگەر حەکیمی ئەم باخچە گۆشە گیرەیت، ئاشوفتەترین دەروێشی ئەم جەنگەڵەم)! ، (ئەگەر شازادەترین ئادەم کوژی، شەڕانگێزترین ڕۆحی ناو ئەم بایەم)! ، سەیرکە... .، پاش عەشق چەن تەماحەکانم گەورەبوون سەیرکە... .، بووم بە چ گیماگەرێک و خەون بە چ لابورێکەوە دەبینم! سەیرکە... سەیرکە، چ کافرێکم لێدەرچووە!! بێهودە ئەنجن ئەنجن بوونی خۆم لە وانەی ئەم دەروێشانەدا دەڵێمەوە، مردنی من... دۆزەخی من، ڕۆژی زیندوبونەوەمە لەنێوان میللەتە سەرخۆشەکان و فەلەکە مەستەکاندا من لە جنسی دوکەڵ و گومانی ئەهریمەنانەم تۆ لە جنسی فریشەکانی دەریایت ئەو فریشتانەی بەڕۆژون لە سەیری ئەسێرە و گیا و ئاو جەنگەڵەکان!! ئەی یار... ئەی شەونمی نێوان کتێبە دۆزەخێکانی من ئەگەر تۆ لە تەڵا زیاتر نەدرەوشێیتەوە من شەڕم لەگەڵ ئەم دوژمنە کانزایانەدا بۆ ناکرێ ئەگەر پرشنگی تۆ لەپرشنگەکانی زیو ڕۆشنتر نەبێت دەنگی من لە دەنگی بەیانییە ناسازەکانی من گەورەتر نابێت ئەگەر تۆ ئاوازی جەنگ نەخوێنیت شمشێرەکانی من لاسکی کوڵەکانی ئەم جەهەنەمەیان بۆ نابڕێت، ئەی یار! من چیتر بام خۆشناوێت، ئەو بایەی بەڵگەنامەی خوێنینی منی لە گەڵ تەنهایدا دڕی سوێندی منی لەگەڵ خاکە بەیارەکاندا شکاند ڕۆحی منی لە جەنگەڵ و گیاکاندا ترساند سەیرکە پاش عەشق چەند توڕەترم لەگەردەلول وتۆفانەکان ئەوەی لە من بە جێما، ئایندەم بوو ئەوەی لەمندا با دەیبات، ئەو ڕۆژانەیە کەبۆخۆمم هەڵگرتبووە ئەوەی لەمندا دەکوژرێت، منم نەک تۆ منم، نەوەک زەمەن و بەیانی و ئایندەکان منم، نەوەک کەناری ئاو و چەمەنزادەکان سەیرکە دوای مردم عەشق چ یارییەک دەکات ئەو کەشتیانە دەمبوورن کە منێک لە ئاودا ڕزگار دەکەن، کە من نیم! ، سەیرکە دوای عەشق، مردنم چ یارییەکدەکات (وەک یاری دۆلفینەکان لە ئاودا) ئەوەی لەمن جێدەمێنێت ئەوەیە کە لە باڵی باڵندەکان جێدەمێنێت لە کەنار ئەستێرەکاندا، ئەوەی لەمندا با دەیبات ئەوەیە کە باکان لە ڕۆحی ئێمەدا جێیدەهێڵن! ئەوەی گەردەلولەکان دەیبەن، ئەوەیە کە لە گەردەلوولەکان دەچێت لە ڕۆحمدا. ئەی عەشق ئەی کەنیسەکانی شێتیم لەم جەنگەڵە فیرعەونییەدا ئەی بەردە نوێژی بە جێماو لە جەنکاوەرە شکستەکان ئەوەی لە ناو تۆدا بە جێدەمێنێت منم کە تۆ لە خەرابەتەکاندا دە مریت ئەوەی لە ناو تۆدا بەر لە مردنی تۆ دەمرێت، منم ئەی حەقیقەت، بەر لەوەی تۆ جێبمێنیت، ئەوەیە ئەوەی لە ناو بەجێمانی تۆدا دەمێنێت، منم. پارچەکانی من لە ناو پارچە مردووەکانی دەریا و ئاسماندا بوو، لەناو سفرەی هەلا هەلای عەشق و حەقیقەتدابوو. سەیرکە دوای عەشق جەستەم چ یارییەکدەکات چ تەماحێک دە خاتە بەر ئاوێنەکان و سەرابەکان و گێژەنەکانی مردن! ئەوەی لە سەفەرەکانی من و تۆ جێدەما، گوڵە ژاکاوەکانی خوێن و ماچ و جەهەنەم نەبوو، سێبەری ئهستێرەکان بوو، لەسەر گیای پاکێتیمان، من بووم دەگەڕامەوە دۆزەخ، بۆ سەفەر لە دوای جێپێکانمان لە پشت مردنەوە! لە بری گەڕانەوە بۆ سەرمێزەکانی خۆشەویستی و پێخەفەکانی سەدەف و گیا، دەگەڕامەوە بۆ برینەکان، ئەوبرینانەی وانەی نەمریمان بوون. ئەوەی دواجار لە مردن بە جێدەما، من بووم سەیرکە دوای عەشق مردن چ یارییەکم لەگەڵ دەکات! . ئەوەی لە مردن دوا دەکەوت، لە ساتێکدا مەرگ بە فریای ئەم ئادەمیزادا نە دەکەوەت، من بووم نەوەک لە وێنەکاندا جێدەمام، بەڵکو لە دەستە تەلیسماوییەکانی'با'دا، کاتێک بەسەر گیاکاندا تێدەپەڕی، من بووم لە جەهەنەم بە جێدەمام، وەک ئاگر لە دەست فریشتەکاندا، (وەک گوناهی ڕژاو بەسەر خامۆشی ئەو کڵپانەدا کە 'با'دەیکوژاندنەوە)! .. ئەی یار ئەی تاقانەترین شەراب، لەم تاعوونەدا ئەی شەوی من لە ناو ئەم ڕووناکییەدا، کە ژەهررە قەفەزی من لەناو ئەم ئازادییەدا، کە زیندانە! تۆ پەڕو باڵی بازەکانی منت بەست لەم فڕینەدا، کە مەرگە تۆ منت بە سیاهی و مەرەکەبی شەڕ ڕەنگکرد لە شەوێکدا ئاسنگەرەکان، مانگیان لەسەر سندانەکانیان دەشکاند، خواکان شەریان لەسەر سێبەرەکانی یەکتر دەکرد فریشەتەکان خەزێنە بە تاڵەکانی بایان لەناو یەکتردا بەشدەکرد. ئیدی ژیان شکستی دواهەمین حورمەتی من و تۆ بوو ئەی شەڕانکێزترین یار، ئاوێنەم لە بەهەشتێکدا سیماکانی سپین وەک خامی تابووتەکان، تاریکیم لە بەیانییەکدا، هاوڕێکانم ناز بەسەر دەرگای دۆستایەتیمدا دەکەن، ئەی حەسوودیم لە زەوی، لە گیا، لە باڵندە کۆچەرییەکان. من ڕقم لە خواکانە کە قەترە خوێنی منیان لە خوێنی تۆ جیاکردەوە. ڕۆژێک تێدەگەن کە باس لە چ وێرانەیەک دەکەیت تێدەگەن ئەفسانەکانی تۆ چەند لە حەقیقەتەکان، ڕیای تۆ چەند لە چاکەکان، چاکەی تۆ چەند لە موعجیزەکان گەورەترە. ڕۆژێک تێدەگەن، نەوای من نەوای چ پێشبینییەکە، سازی من سازی ئەو بومەلەرزانەیە کە خاک شیریان دەداتێ سازی من سازی ئەو شەهێنانەیە، ئاسمان لە قەفەزەکانی ڕۆحیدا هەڵی گردتوون. تۆ دەستی منت بە نیهێنییەکانی زەوی و کلیلەکانی خەیاڵ شارەزا کرد، تۆ منت بردە سەر پاشماوەی بەهەشتەکان و سفرەی تەفروتونابوونی بنەماڵەکانی شیعر، تۆ ئەو ئاسمانەت پیشانی مندا، کە ئاسمان دەی شاردەوە(تا ئاسمانێکی دیکەمان لێدیار نەبێت) بەڵام سەیرکە عەشق لە چ دەرگایەکی پێداین.. بە چ ڕێگایەکدا بردینی. (ئەمە نهێنی نییە و هەرگیز نهێنیش نە بووە) ئەوەی لە ناو گەردەلوولەکاندە بە جێدەما، من بووم ئەوەی لە مەیدانی سێدارە و فەنابوون و ئەشکەنجەدا تەنیا لە سەر سەکۆکان بە جێدەما، تەنها لە بەر دەم سزای فانۆسەکان و نیگای شەهێنەکان و چپەی گیاکاندا بە جێدەما من بووم! . ، من کە دەستم بە ستونی عەشقە پاکەکانەوە بەسترابوو، بەزنجیری پەیمانێکی مەستانە‌، دڵی خۆم بەم‌ گەردەلوولانەوە شەتەکدا وای لەمن وای چیرۆکی یەک بوونی من لە گەڵ ڕۆحی ئەم ئاگرەدا جیا بوونەوەم لە گەڵ نهێنی فەلەزەکانی کوشتندا.. حکایەت بوو! ، بەڵام سەیرکە عەشق چ یارییەکمان پێدەکات! . دەبێت ستایشی ئەم ترس و چارەنوسە خوێنینانە بکەم دەبێت کەمێک بە حیشمەت بم و لە تەک گوڵ و پۆڵا و خوێن و ئەستێرەکادا... برابم! . ئەی یار! نوێژی من نوێژی جەهەنەم نشینە نە خوێنەوارەکان بوو سوژدەی من سوژدەی پیاوە سەڕبڕاوەکانی ژێر باران ئەی یار، ... من نەورەسانە مردم، عەشقی من سزای من بوو، بۆ ئەو ڕۆژگارانەی ناپاکییان لە کەڵ کردم، عەشقی من تۆڵەی من بوو، لەو دەستانەی گیاکانیان لە باغچەی گشتیدا کوشت! . من نەورەسانە مردم..، نەورەسانە دڵی خۆم فڕێدایە دەریا نەورەسانە سپێتی خۆم بەخشی بەم لمە پاکیزانەی عەرشی لەسەر بونیادنانرێت، من نەورەسانە مردم، لە ڕۆژگارێکدا زەوی کچێتی تۆی دەفرۆشت بە بازرگانە چاوشینەکانی ئاسمان، خاک تاعوونی بەسەر درەختە چکۆلەکانی باغچەی گشتییدا دابەش دەکرد، ببورە... ببورە فریشەتکەم، دەبێت بوکێنی تۆ لە سەر سەکۆی ڕێگاکانی ئەم جەهەنمە بێت و من نەورەسانە بمرم! ، من وەچەی هەور، کوڕی زەڕەنگە کوێرەکان، وەچەی سنۆبەرە غەمگینەکانی قەڕاغ شار، تۆ کچی ئەو نەتەوانەی کە دەستیان بە خوێنی یەکدا چووە! . ئەوی کە زەوەی فەرامۆشیدەکات، من تۆ دەیچێنین ئەوەی باران نایبارێنت ئێمە دەیبەخشینە دەریا نا من چیتر ئەم ڕێگایانەم خۆش ناوێت، کە مژدەی گەڕانەوەی من بوون بۆ ژێر ئاسمانی ئەم گەلاوێژە ئاسنینە، دەبێت لە م خاکانە دەرچم، لە خاکی ئەم بستەباڵا کانزایانە، لە ئاوی ئەم بەلەمەوانە قەمورانە بپەڕمەوە و شەوێک... شەوێکی تاریک، دەست لە زەنگە مەستەکانی 'با'بدەم... گیا ماچ بکەم، هەرێزەکانی شەو... باڵی ئەو ئەو باڵندانەی پاسەوانی بورجە دوورەکانن، دەست بدەم لە گریانی با لە لەنگەری گپی قەڕاغ دەریاکان لە ئالوودە بوونی لمەکان بە هەناسەی لە شکری ئەم ئافرەتە خەوتوانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدەی عەشق (بەشی دووەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید ئەی یار! دەبوایە فەنابونی خۆم ببەخشم بە فەنابوونی خاک مردنی خۆم، لە نێوان شەو و عەشق و خەیاڵدا، ببەخشم بەپشویەک لە نێوان ئەستێرەو شێوەن و کێلەکاندا. ، لە بری ئەوەی گیاکان بۆم بگەڕێن مەرگی خۆم بەخشییە شیوەنی ژنە ڕەش پۆشەکانی نێو ستوونەکانی با و ئاگر و شەو، فاڵی خۆم لە دەستی بە جێماوای ئەم لافاوەدا گرتەوە کە خاک فەرامۆشیدەکات! ، عومری خۆم لە نیگای ئەو مردووانەدا خوێندەوە، بێوادە لەم ڕێگایەدا چاوەڕێمان دەکەن، من ئالودەبوونی خۆم بە غوروری باکان خوێندەوە، خنکانی بەیانیم بە دەستی ئەم قەقنەسانەی(پیرترن لەوەی بە ئەفسانەکانی خۆیان بوێرن..! )حکایەت بوو... کوشندەبوو. من پیربووم لەم شەوەدا کەڕزگاریم دوورترین شارە و ڕۆحم دوورترین ئومێد!!. بە من مەڵێ باڵندە سحربازەکانی شەو چیان پێگووتم ئەوەی کە لە شەو دەڕژێت، دەبوایە سێبەرەکانی من و تۆ بیشارنەوە، ئەوەی خۆر خیانەتی لێکرد، من تۆ وەفامان پێفرۆشت، بەڵام سەیرکە چەند سەختە عەشق.. چەند سەختە.. چەند سەخت! . تۆ کاڵتر بوویت لە باران.. کاڵتربوویت لە خوێنێک لە یەکەم نوقتەی ئادەمدا! . ، کاڵتربوویت لەو شەونمانەی ئەم وەرز دەیانبەخشێتە ئەو وەرزی دیکە، سەخت بوو، من مناڵتر بووم لەو بایانەی پەپوولە پایزێکانیان‌ بۆ ناگیرێت، مناڵتر بووم لەو پەنجەرانەی پاسارییەکانیان بۆ ناگیرێت. ئەیار دەبوایە ئەستێریەک ئاوادان بکەینەوە، ئەستێرەیەک (بەوێرانەی درەخت و گیا و شەونمەکانییەوە! ) ئاهـ سەیرکە عەشق چ شەڕێکمان پێ دەفرۆشێت ئاخر چۆن.. چۆن؟ من و تۆ دەتوانین خوێن لە ناوچەوانی ئەم تۆفانە بسڕین، چەقۆ لە دەستی ئەو درەختانە دەربهێنین لە باخچەی گشتیدا خۆیان کوشت! خەم لە دڵی ئەو ڕیشۆڵانە دەربهێنین کە من و تۆ نایان ناسین، برینی گیایەک ببەستین.. شکانی چڵێک لە هەنار تیمار بکەین، کەروێشکێکی چکۆلە لە پشیلەکان بکڕینەوە(کەئەوانیش دڵیان نەشکێت! ) پەپولەکان فێر بکەین کە دەبێت کەمێک زۆرتربن مردن تێبگات کە کەمێک زیاتر لە بەردەرگاکەمان دووربکەوێتەوە! . سەخت بوو... تۆ لە ئاو سادەتر و لە تەم نازکتر بوویت، من لە فڕین شاعیرانەتر و لە چیمەنەکای باخچە بێدەنگتربووم! ، تۆ لە قەڵەم چکۆلانەتر و من لە کتێب تەنهاتربووم! . ئەی یار... ئەی شەڕانگێزترین دۆستی من لەم جەنگەڵە تارکەدا، ئەی یار.. من لە جنسی موڵکدارە زۆردارە خۆفرۆشەکان بووم، چی کردمی بەم تەنبورژەنە بێرەحمەی تارەکان بەرگەی ناگرن؟ ! تۆ لە نەوەی ئەو میلەتانەی لە خوێنی یەک دە خۆنەوە، لە نەوەی ئەو جەنگاوەرە پایز نشینانەیت، کەنازانن ڕەنگی گیا چۆنە؟ ! ، لە قەفەزی ئەو ژنە دڕکاویانەدا گەورەبوویت، کەبۆنی بیابانیان لێدێت!!. چارەم نەبوو... چارەم نەبوو، خۆشەویستم! من لە بری ئەوەی خۆم لە سەر دە فتەرەکانی باران و فەرهەنگەکانی گیا و خاکدا بنوسم، خۆم لە ناو گوناهەکانی تۆدا نووسی و لە ناو لیستەی ڕەقی عاشقەکانتدا مردم، لە بری ئەوەی لە موعجیزەی سیحربازەکانی ئاودا‌ دەرکەوم، لە نابەینی پەنچە ئەفسوناوییەکانی تۆدا... لە گرێی دەستە سڕی سحربازەکانی تۆدا و لە کڵاوی‌ چکۆلەی سحربازەکانی تۆدا بووم، لە بری ئەوەی لە درەوشانەوەی مانگ و غوروری ئەستێرەکاندا دەرکەوم، لە درەوشانەوەی تۆ و غوروری دەستەکانی تۆدا بووم، لە بری ئەوەی ‌لەو پشکۆیانەدا بم کە پاسەوانە‌کانی زەمهەریر جێیدەهێڵن، لەو باڕەشانەدا سووتام کە تۆ لە دوای خۆت بە جێتدەهێشت! . ئەی یار! من لە دەرگای ئەبەدییەتم دا لە دەرگای بچوکترین ساتەوەختەکان لە داخراوترین جەنگەڵ و بەرزترین ئاسۆ لە ئۆقیانووسە تاریکەکان و فانۆسە غەمکینەکان لە جەهەنەم و لە پزیسکی کوورە چکۆلانەکان نا کەس لە مانای ئەم گۆرانیانە تێناگات کەس باکی بەقەترەیەک شەونم نییە لەم دۆزەخدا! کەس لەو ئاورنگە تێناگات کەبەسەر دڵمەوەیە دووبارە دەبێت خۆمان بەخاک و دەفتەر و حەرفەکان بناسێنینەوە، من سەرابیترین پیاوی دونیا، نیشتەجێی کۆشکێک لەوەهم، تۆ کچێک لە هەڵمی ئەو دەریاچانەی'با'نایگاتێت! ئاهێک لە ئاهەکانی هوما پرشنگێک لە پرشنگەکانی قەقنەس دەبا خۆمان بە حەقیقەت... بە گیا.. بەدەستەپاکەکانی باران، بسپێرین، دووبارە 'با'، ناومان لە سروودەکانی مردندا بنوسێتەوە، باران بەو پەلکە زێڕینەیەمان بناسێنێت کە بەم جبە خانەی عەشقەوە، بە جەنگاوەرمان تێدەگات! عەشق سیمای منداڵان دەگۆڕێت بۆ سیمای سەرهەنگە یاخییەکان بەڵام پەشیمانی، پەشیمانی ئەوەیە حیکمەتی لە یاد چووەوەی جەنگاوەرەکانی عەشقە، دیسانەوە دەبێت خۆمان بە گریان و زەردەخەنە، بەورزەکان بناسێنینەوە، چونکە (جەهەنەمی عاشقان جیایە لە جەهەنەمەکانی دیکە! ) تەواو... ئیدی حیکمەتەکانی عەشق بێکۆتاییە سەیرکە خۆشەویستی بەرەو چ دەریایەکی بردین عەشق سەخترە لە خەیاڵ.. سەخترە لە جەنگ سەخترە لە گۆرانی گووتن لە ژوورەکانی مردندا!! دوای تێپەڕین لە دواهەمین پاسەوان کە دواهەمین هەناسەمان دەبات، بەڵام من وەک سیحربازێک مسقاڵی ئەم زەڕنیخەم لەسەر تەرازووی ئەم بازاڕە بۆ ناکێشرێت. (عەشق جەنگە بەڵام ئێرە بازاڕی خیانەتە! ) من وەک سیحربازێک بۆنی زەردەخەنەی جەنگەڵەکا لەلێوم دەهات، بەڵام فێربووم بەم دەمامکە سپیانەوە، خۆم لە پیاوە شەڕانگیزەکان ونبکەم و لەناو بازاڕی ئاسنینی ئەم پیاوە زرێپۆشانەدا، دەفتەرەکانی منداڵیم بدڕم و بڵێم: (عەشق گەمەی منداڵانە و من گەورەبووم و بێگوناهم! ) ئەی یار! خۆشەویسەی فێری چ درۆیەکی کردین ئەی عەشق.. لەم ڕۆژی خۆشاردنەوەیەدا ڕێگا بەم ئەستێرە خوێناویانە دەدەیت بێنە ژوورەکەمەوە؟ ، ڕێگا بەم ئەسپە زامدارانە دەدەیت لەژێر پەیکەرەکانی ئەم باخچەی پەشیمانییەدا بمرن؟؟، نا... ڕێگا بەم دەریاوانە پیرە مەدە، قولاپەکانی لەناو دڵمدا کۆبکاتەوە، ڕەوا نییە، من دەرگا بکەمەوە و ملوێنێک گەردەلوول وملوێنێک دزی تەنها، بێنە ئەم مەرقەدەوە، ملوێنێک گەڵای مردوو خۆیان بەسەفەری ئەم دارستانە خورافیانەدا هەڵواسن، ئەو ئەسپانەی کەلەم زەوییەدا بۆنی مردن دەکەن، سوارە بریدارەکانیان هەڵبگرن و بێن، دەترسم تۆ ڕێگا بەم ئاسمانە بدەیت، کە ئەسترەکانی لێرەدا بفرۆشێت بمرێت.. وەبمرێت ئەو بایە ڕێگا بەم گوڵانە بدەیت برینەکانیان لەدڵمدا کۆبکەنەوە، ڕێگا بم کۆترانە بدەیت فڕینیان لەسەر شانمان بسووتێنن!! ئاهـ ئەی عەشق ئەی ئەو عەترەی قەتارچیە ڕووخۆشەکان دەیکەن بەڕێگاکادا، لەم ڕۆژگاری تاڵانییەدا... تاڵانمکە! چارەم نییە خۆشەویستم، چارەم نییە، تاڵانمکە! لەبەر چاوی ئەم تۆفانەدا تاڵانمکە لەبەرجاوی ئەم دزە ماندووانەی شەودا بازیبەندەکانم لێبسێنە و تاڵانمکە. ئەم قوبەو منارانە لە گیانم بسێنە ئەم خوایە لەگیانم دەربهێنە کەوەک داهۆڵ لەم کێڵگەی نوورەدا چەقیوە! (تا پاسارییەکان بەسەر سەرمەوە نەنیشێنەوە) ئەو خودایەی وەک کولـلە نایان بە ناوچاوانمەوە. ئەی عەشق، لەبەر چاوی ئەم سوپا ئیمپراتۆریانەدا تاڵانمکە، لەبەر چاوی ئەم دەریایانەدا بمکوژە، کەشەرمدەکەن نەهەنگە عاشقەکانی خۆیان بکوژن، کە ئێستا ڕۆژگاری تاڵانییە! لەبەردەم ئەم قەڵایەدا، تاڵانمکە کەشەرمدەکات قافڵە عاشقەکانی خۆی تاڵان بکات. هەنسەکانم بۆ تۆ و ئێسقانەکانم بۆ مردن وشەکانم بۆ تۆ و پەنجەکانم بۆ مردن دەریاکانم بۆ تۆ و ماسییەکانم بۆ مردن جەنگەڵەکانم بۆ تۆ و باڵندەکانم بۆ مردن خاچەکام بۆ تۆ و بزمارەکانم بۆ ئەو!! ئەی یار، لەم ساتی تاڵانییەدا، تاڵانمکە، چونکە من هاتووم تاڵانتکەم، ڕەشەباکانم لێبسێنە، چونکی من ئەستێرەکانت لێدەسێنم، مزگەوتەکانم لێبسێنە، چونکە من باغچەی گشتیت لێ دەسێنم بورکانەکانم هەڵگرە، چونکە من تۆفانەکانت لێدەسێنم تاڵانمکە چونکە من هاتووم بەم سکە زێڕینانەی عەشق سەوای ئەم ماسییە دوورانەی ناو دەریا دەکەم، سەوای ئەم مردووانە دەکەم کە جەهەنەم نایانگۆڕێتەوە بەم بارمتە زیندووانە!! سەوای ئەم شمشاڵانە دەکەم کە شمشاڵژەنە سووخۆرەکان داوای مانگم لێدەکەن بیفرۆشم، ئەم کتێبە دەکڕم و ڕۆحی خۆم بەبارمتە لای ئەم کتێبفرۆشانە دادەنێم! ئەی عەشق! ئەی عەشق بەد گومانم لەو بروسکەیەی لە گەڵ سیمرغەکاندا هاتووە، بەدگومانم لەو بایەی لە کەڵ قەلەڕەشەکاندا دێت. دەکراسەکەت داکەنەو فێری تەنهایم بکە! لەبەر ئاوێنەکاندا دانیشە و فێرمکە خۆم بۆ ئەم کەرنەڤاڵی بروسکەیە بڕازێنمەوە، لەبەر دەرگاکاندا دانیشە و فێرمکە چۆن ئەم ئەستێرە وەریوانە کۆکەمەوە، فێرمکە(جەهەنەم و بەهەشت لە یەکتر جیابکەمەوە، ئاخر موسیبەتی عاشقان ئەوەیە، جەهەنم و بەهەشتیان بۆ لەیەک جیاناکرێتەوە!!) دە ئەم جامەی شیوەنە بگۆڕە باچاوم بەو ئەستێرانە بکەوێت، کەلەسەر شانم دەکوژرێن با جێخەنجەری ئەو مەغولیانە ببینم با زەغرەفەی ئەو دیکتاتۆریانە ببینم!!. بەشی شەشەم ئەی یار! حاشا لەم نەتەوانە بکە حاشا لەم درەختانە بکە، کەدڵیان وەکوو تیترواسکی مردوو بەلقەکانەوە شۆڕبۆتەوە! ئەی تەمەڵترین قوتابی ئەم ماتماتیکی مردنە حاشا لەم پەپولانەی جەهەنەم و حاشا لەم ئیمپراتۆریەتی جەبر و حاشا لەم لۆگاریتمی ئەم دڵدارییە ڕەشانەی نیوەشەو. چارەم نییە... موسیبەتم.. چارەم نییە با لەم ئاهەنگی سەمایەدا، من و تۆ دەست لەیەکتری بەردەین، دەستەسڕەکانمان ببەستین بە ناوچەوانی ئەم 'با'یەوە، کەمن و تۆ دوو دەستین قەدەر کۆیکردوینەتەوە، تۆ هەمیشە بەسەر خەڵوەتی مندا دێت لە گەڵ باڵندەکاندا، بەسەر پیربوونی مندا دێت بەدیار شۆڕەبییە ترساوەکانی دوای تۆفان من بەسەر ئەو ساتانەدا هاتووم کە تۆ ئەسپەکانی خۆت دەنێژیت، من بەسەر ئەو سەرابانەدا هاتووم کە تۆ ئەڵماسی حەقیقەتەکانی تیا دە شارێتەوە بەسەر ئەو خەیاڵانەدا هاتووم کە کسپەی فیراقیان لێدێت، بەسەر تەپوتۆزی نغرۆبوونی ئەو شارانەی تۆدا هاتووم، کە وەک تەمێک‌ لەسەر زەوی جێدەمێنێت! . ئاساییە.. موسیبەتم.. ئاسایی (ئاشقان هەمیشە‌ دواهەمین میوانن دەگەنە سەر ئەم سفرەیە، هەمیشە بەسەر وێرانەی یەکتردا دێن) گوێم لێبگرە: ! من بەد گومان لەم میللەتە باڵدارانە، بەد گومانم لە چڵ وچێوی ئەم گیمیاگەڕە ڕەشانە، من ناکۆکم لەگەڵ ئەم ئەستێرەنەدا کە لە نێو چاوانمدا دەسووتێن، ناکۆکم لەگەڵ ئەو موعجزەیەدا کە لە دەستەکانم ڕواوە، ئاشوفتەترین دەروێشی ئەم بایەم، ناکۆکم لەگەڵ بوورکانەکانی ڕۆحمدا، ناکۆکم لەگەڵ مەنجەنیقەکانی سەرابدا، ئەی یار، شەڕ بەم زەوییە دەفرۆشم کەپەنجەرەیەکی نییە بمداتێ، شەڕ بەم پالکەزێرینانە دەفرۆشم کە باڵیان نییە بمدەنێ و لە گەڵ هەموو وەرزەکاندا دووژمنم ئەمەش دواهەمین حیکمەتی منە! . عەشق شڕێکە بێکۆتایی لەگەڵ خوا و لەگەڵ سروشت و موعجیزەکاندا و عاشق هەمیشە دە دۆڕێت! .. ئەی عەشق ڕێگا بەم ئیمپراتۆرە تەنهایه بگرە کە غرور لەبەرامبەر گوڵەکاندا دەیکوژێت شەریعەتی مێخەک بەکەڵکی پاکبونەوە نایەت لەم شەرمە، شەریعەتی باران بەکەڵکی پاکبونەوە نایەت لەم خوێنە، شەریعەتی شەونم سوودی نییە بۆ ساڕێژکردنی ئەم شەرەفە من زەمهەریری ئەم دەستە ساردانە و ئەم ڕۆحە ساردانە دەمکوژێت و تۆ باس لە هاوینی ئەم پەتا کوشندەیەی خۆشەویستی دەکەیت لەنێوان بوکەشوشەکاندا، من بێرەحمی ئەم دایک و ئەستێرە... ژن و دەربەند.. پیاو هەتاوانە دەمکوژێت و تۆ باس لە گەرمی ئەم عاشقانەیەی نێوان پەیکەرەکانی ژێر باران ووەکەیت! . حیکمەتی باخچەکان بەس نییە بۆ ئارامبوونەوەی ئەم بەدمەستییەم حیکمەتی قاڕەمانەکان بەس نییە بۆ شکاندنی ئەم جەنگاوەرە شێتانە‌ من بەم نەخشەی جەهەنەمە، کوچەی ئەم خۆشەویستییەم بۆ نادۆزرێتەوە، بەم ئەستەرلابی سەقەرە. دەستم لە شێتیدا دەلەرزێت و تۆم بۆ نادۆزرێتەوە! من بە کەڵکی پیرێتی نایەم لەم گەردەلولەدا کە چاوم هێندە کز بێت گوڵەکانی مردن نەبینم کە لە دوورەوە سێبەری گارگە وەحشییەکانی جەهەنەم نەبینم، (چ شۆخییەکە لە جوانیدا مردن) تا لە دەرگای جەهەنەمەوە، ڕووبەڕوو قسە بەرام بەر خودا بکەین. چ شۆخییەکە لە جوانیدا مردن.. چ شۆخییەک!! دوا جار ئەی عەشق تۆ بۆنی ئەو مەغۆلیانەت لێدێت کە جەستەی سەڕبڕاوی باکانیان بە دەرگاکانمدا هەڵواسی چ قەدەرێکی بەدە، کە عەشق، هەمیشە پاشماوەی جەنگەکانە! گۆرانی خۆت بڵێ.. گۆرانی جەهەنەمی خۆت گۆرانی من و تۆ لە شەوێکدا کەفیتنەی نێوان ئەم میللەتانە‌ هەڵدەگیرسێنێت. (درۆیە ئەم ئاشتییە، درۆ... بەیانی جەنگ هەڵدەگیرسێت)! ئیدی دەبێت، خۆمان بە تۆپ وتفەنگ و گوردانەکانی شەڕ بناسێنین، چ قەدەرێکی بەدە عەشق هیروگلیفیایەکی جەهەنەمییە. من بەر پرسارم لەو هەورەی بەچڵی ئەم درەختانەو خوێدەکات بەم مەنفایەدا! بەرپرسیارم لەو بارانەی لەژێر جبەی ئەم میوانە بەدگومانەوە هاتووە. بەیانی جەنگ هەڵدەگیرسێت، بەیانی... بەیانی جەنگ هەڵدەگیرسێت! تۆ سەبووری مردووە خەمبارەکای من نادەیتەوە، کەبێدەنگ لەسەر سەکۆکان پشوودەدەن ناهێڵێت برینەکانی (من) خۆیان بەم دارانە بخنکێنن منیش بەرپرسارم لەو مردوانەی باران بەمنی دەسپێرێت (ئەمە نهێنی نییە و هەرگیز نهێنیش نەبووە) شاعرەکان هەمیشە لەگەڵ مردووەکاندا دۆستن عاشقەکان هەمیشە لەکەڵ ڕەشەباکاندا بران ئەی یار.. زویر مەبە.. بەهەشتی عاشقان شێتخانەیە زویر مەبە.. سەیرکە من و تۆ چ ئیمپراتۆرێکین ئەوەی(با)لەخەزنەکانی جەنگەڵدا جێیدەهێڵێت پاسەوانە مەستەکانی گیا و شەونم دەیبەخشێتە من و تۆ، ئەوەی باڵندەکان جێدەمێنێت دوای مردن لە زەمهەریدا(با) دەیبەخشێتە من و تۆ. ئەو گوڵانە‌ی لە وەرزەکان جێدەمێنن، تاعونەکان دەیدەن بە من و تۆ ئەوەی لە ئاوازەکاندا دەسوتێت، دوای هەرەسی ئۆپراکان، من و تۆ لە ناو خۆڵەمێشەکەیدا سەمادەکەین! . سەیرکە، سەیرکە چ سامانێکمان هەیە خەزنەکەمان، چەند لە خەزنەی‌ پادشاکانی(با)و (مردن)پڕترن! . من لەسەراب و کیا و برینی نەیزەکاندا، لە ئەمیری دەریاکان دەوڵەمەندترم، تۆ لە خەون و پرسیار و بەدگومانیدا، لە دڕندەترین ڕەبەنی بیابان پیرتری!!! ئەی یار سامانی خۆت لەکۆشەکەکانی سەراب و دۆنمەکانی خەون بژمێرە، باپێت بڵێم چەند فەدان کوناهم هەیە و چەند کیشۆرم داگیرکردووە لە تەنهایی! . ، ئەی ئەمیرم بیژمێرە، چەند دڵۆپ بارانت دەوێت، چەند نەیزەکت پێویستە بۆ شەو و چەند پەلکەزێڕینەت دەوێت بۆ بەیانی! . ئەی یار تۆ سەر لەم سەرافە دڵتەنگانەی پایز دەر ناکەی، کە گەڵاکانت بۆ دە گۆڕنەوە بە(با)و باکانت بۆ دەگۆڕنەوە بە هەور، گرەو لەم سووخۆرە پیرە نابەیتەوە کە ئەڵماستدەداتێ و بارانت لێدەکڕێتەوە، بەڵام بۆنی یەقین لەم قاسە پڕ لە ئاگرەی من و تۆ دێت، بۆنی ماچ لەم خەزنە پڕ لە ڕیسواییەی من و تۆ دێت! . ئەی یار!! بەیانی (دێت) و مەرگ (دێت) و پاییز (دێت) و تۆ (دێیت) و عە‌شق (نایەت)عەشق (دێت) و بەیانی (نایەت )و پاییز (نایەت) و تۆ (نایێیت) و مەرگ (نایەت)؛ تۆ (دێیت) و عەشق (دێت) و بەیانی (دێت) و پایز (نایەت) و مەرگ(نایەت)و تۆ(دێیت)و عەشق(دێت)و بەیانی(دێت)و پایز(نایەت)و مەرگ(نایەت) تۆ (دێیت)و عەشق(دێت)و بەیانی(دێت)و پایز. (دێت)و مەرگ(نایەت) مەرگ(دێت)و بەیانی (نایەت)و عەشق (نایەت)و پایز(نایەت)و تۆ (نایەیت)!!!!! سەیرکە هەرکیز لە گەڵ مەعجیزەکاندا کۆنابینەوە!! بەڵام عەشق نەمری خۆی دەداتە ئەو سوارچاکانی لە ئەسپەکانیان دانابەزن، من و تۆش دوو پیادەی لە ئاو دوو پیادەین لە نەوەکانی تەبوتۆز! لەژێر سێبەری ئەو باڵندانەدا دەمرم کە بەرەو جەهەنەم دەفڕن، دەمرین و نهێنی نێرکسە نا ئومێدەکان لەم ئاوێنە چکۆلانانەی بیاباندا دەشارینەوە، دەمرین و ئەم دەریا ئاگرینە دەکەین بە ژێر لمەوە!! ئەی یار جەهەنەمە بچکۆلەکانی ۆت لە گیرفانتدا بشارەوە تا بووتە زێرینەکانی خۆت لە قافڵەی مردنتدا بشارەوە، ئەستێرەکانت بخەرە نێوانی دەفتەرەکانت ئێرەی دەرگای جەهەنەمە من ڕابوردووی خۆم لە ناو ئەم لمەدا جێدەهێڵم بۆ دەریا، ماچەکانی بەیانیم و پەپولەکانی پیریم لەم جەنگەڵەدا بە جێدەهێڵم بۆ ڕێبواران! چ چارەنوسێکی تاریکە... عەشق پاشماوەی خوێن و تەنهاییە‌! ئەی یار.. بڕوانە لە بەر مردندا، عەشق چ جەنگێک بەرپادەکات و چ ئاشووبێک دەگێڕێت! جەنگێک کە پێمانخستە دۆزەخەوە جێیدەهێڵین بۆ جەنگەڵ و ئەستێرە دڕندەکان.. تەوایکەن، جێیدەهێڵین بۆ دەریا و هەور و عاشقەکان.. تەوایکەن جێیدەهێڵین بۆ کیا و نەورەس و فریشەتەکان تەوایکەن. !!!! تیشرینی دووەم ١٩٩١ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدەی نیشتمان (بەشی یەکەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید ئەی وڵاتم.. ئەگەر فێر ببومایە مار چۆن دەروات، وا دەڕۆیشتم/دەمەوێت بەلەشە شێدارەکەت بگەم و لە ناو برینەکانتدا پە پکەبخۆم/لوولپێچێکم لە سەدەفەکەم بێزار بووم/پیاوێکم دەست لە درەختەکان دەدەم قسە دەکەم و شەرم ناکەم کلیلی کڵۆڵییەکان بەسەر سنگە ڕووتەکەمدا شۆڕبۆتەوە/خەنجەرێک لەسەر گەردنمە و گوڵێکیش لەسەر لێومە/پەنجەکانم دەلەرزێت و خوێن بەچاومدا دێتەخوارێ/بەڵام بەدەنگێکی زووڵاڵەوە، بەدەنگێکی سافی وەک نەی، قسەدەکەم/ئەی وڵاتم... هەناسەکانم بەستوێتی و گەرووم بۆتە پەرداخێکی پڕ لە بەفر/دەڕوانم، بەرد و ئادەمیزادەکانم بۆ لەیەک جیاناکرێتەوە/ئەم دەمامکە ڕەنگاوڕەنگانە وێڵیان کردووم ناتوانم بەم جۆرە بژیم بۆیە دەبێت، ئەم لەمپەرانە ببڕم و شانازی بەیاخیبوونمەوە بکەم. ئەی وڵاتم... لەنابەینی پەنجەکانی تۆدا، گەورەبووم. قەڵەمێکی بچکۆلەبووم... لەگیرفانەکانی تۆوەدا هاتمەدەرێ سەرما شکستیکردبووم.. کۆڵانەو کۆڵان دەگەڕام بەڵام نەتدەبینم.. ئەو مردووەت نەدەبێنی کەدەمی پڕ بوو لە بەفر فرمێسکەکانیشی وەکو تکەی مۆم، بەڕوومەتییەوە بەسبووی، نەتدەبینیم چەند بەسەر دەست و داوێنتدا شکامەوە/بە ددان بەڕەشەباکانتدا نوسام فڕێم نەدەن/بەڵام وەکو جلکێکی تەنک بە تەنافێکی بەرزەوە با بردمی و گوێت پێ نەدام/لە دڵیشمدا هەورێکی لێڵ پیاسەی دەکرد هەورێک.. ڕەنگی جڵکی کیشۆرە دوورەکانی گرتبوو/ئاه و سکڵای کۆڵانە تاریکەکانی دەباران لەفرمێسکی بەندیخانە و عارەقی دەستی شۆفێرەکان درووستبوو بوو خەونی بە خاکێکی شینەوە دەبینی.. شین وەک جێگای مشتەکۆڵە‌‌/خەونی بەو ئافرەتانەوە دەبینی کە لە ڕۆژانی تاعون و قاتوقڕیدا/قاچیان دەکەنە حەوا و نەوەیەک لەکەڵەمێردان دەخەنەوە/ئەی وڵاتم، تۆ دەیناسیت.. ئەو هەورە لێڵە دەناسیت چەندجار دەر بەدەرتکردوە بە گەردەلوول و سەرما و گەرما هەر چوار دەورت لێتەنیوە چەندجار زمانت دەرهێناوە وشەی ماف و خۆشەویستیت لە زاریدا بژار کردووە چەندجار بەفر لە ڕێگەکەیدا باراندووە تابزانی بۆ کوێ دەچێت ئافرەت و مناڵان و هاوڕێ دڵسۆزکانیت لەسەر ڕێگایدا لاداوە تا بگری و بەختیاری نەبینێت ئەی وەڵاتم، تۆ دەیناسیت ئەو هەورە لێڵە دەناسیت گەلێک ستەمی کێشاوە و گەلێکیشت ئازار داوە هەورێکی وەڕەز و تینووبوو، دەیوویست لە کەمەر کچان و قاچ لە زینی ئەسپ گیربکات/لە خوا دەپاڕایەوە و ئارامی بەخۆی نەدەگرت/دەیویست چۆن عاشق پەلاماری لێوی دەستگیرانەکەی دەدات/پەلاماری ئەو کۆشکە بەرزانە بدات و بیانداتەوە بەر برووسکە/دەیویست.. چۆن عاشق کەمەری دەستگیرانەکەی بۆ ماچی لار دەکاتوە/نیشتیمان بۆ ماچێک لار بکاتەوە دەیویست.. چۆن عاشق سەر جەستەی دەستگیرانەکەی دەکەوەێت/سەر جەستەی ئەو ستەمە باڵابەرزانە بکەوێت. ئەوانەی ئێستاکە تفەنگ بەڕووماندا هەڵدەگرن لە ساڵۆن و کتێبخانەکاندا.. جگەرەمان لێ قەدەغە دەکات ناهێڵن بچینە ئاهەنگ و سینەماکان هەر ئەوانە بوون کە جاران گوڵ و بوکەشوشەیان پێبوو منیش ئێستا، ئەو گوڵ و بوکەشوشانەم دەوێت لە مناڵیمدا.. ژوورەکان زنجێکی ئێجگار گەورە بوون ئێستاش سەگە دڕەکانی ئەودیوی تەلبەندە گەورەکانم لە پێش چاوە ئەی وڵاتم.. دەترسم... ئێجگار دەترسم تێر بمنێ بەسینەتەوە ئەم بارووت و سوار و وەرزییە وەک ئەسید دەڕژێت بەسەرمدا و دڵم پڕ بووە لە گریان نازانم زێرابەکان پاک و بێگەردترن یان ئەو بازاڕانە کچ و ئەسپێی زیندانەکان... ماری پیری سەر غەزنەکان بەڕەحم و بەوەفاترن یان ئەم دڵاڵ و سووخۆرانە. ! کە لێمدەنواڕن.. دەڵێی دڵم دەجوون و تفی دەکەنەوە سەر شۆستەکان. بەڵام کەچی ئەوانن ئێستاکە(ئەی ڕەقیب)ە کانت دەخوێنن ئەوانن نەخشەی بازاڕ و شەقام و چارەنووست دەکێشن ئێمەش وەک سواڵکەرێکی چڵکن سووک و باریک لە دەرگاکەی پشتەوە بەپاڵ کراوینەدەرێ ئەی وڵاتم من ئاواتی بێ سەرەوبەرم نییە داوای ئەستێرەی شین و کەڵەشێری ئاڵتونم لێنەکردوویت نەمگووتووە.. وەک منداڵێکی شەرمن، دەستم بگرە و ببمە بەر تاڤگەکانت نەمگووتووە.. ببمە بۆ هاوینەهەوارەکانت ئەو هاوینەهەوارانەی لەسەر بەرگی قاوغەشقارتەکانت نەبێت، نایانبینم من چیم، ڕێبواری هەمیشەیی گەڕەکە هەژارەکانم وەک ژنێکی لاوازی عەبابەسەر بە فەخرەوە سەفەرتاسی بۆ نەخۆش و گوناهبارەکانت دەبەم تیکەکەی خۆم، وەکو چەژنانە لە نێوان منداڵە هەتیوەکانتدا دابەش دەکەم. بەڵام سینییەک تووتن و دەفتەرێک پەڕەسگارم بەرێ با خەمی خۆمی پێدەرگەم. تەنەکە و باگردێنەکەی جارانم بدەرەوە با سەرمی لەسەر بتاشم من وەکو ئافرەتێک بەژانەوە هەمیشە ددان لە دەستەسڕەکەم گیردەکەم و هاواردەکەم خەونم لە دراوسێکانمان هەراسان کردووە بەسیە ئیدی.. با هێندە تەماشای ژن و کچە جوانەکانت نەکەم با هێندە بە چاودێرەکانی شارەوانی و پۆلیسەکانی هاتو چۆ پێنەکەم من وەکو نوسەرانی دیکە، داوای پەلکەزێڕینە و خەونی پەمەیم لێنەکردویت من لە ڕۆژانی سەرمادا حەزم لە بەتانییەکی توکنە لە ساتەکانی وەڕزیشدا عەوداڵی هەوایەکی پاکم ئاخ، ئەگەر ژوورێکی گڵ و ئەگەر چرایەکی زەردت پێ دەبەخشیم تا ماوام دەبوومە پاسەوانی ئەو شەقامە خەمۆشانەت دەبوومە ئەو پیرێژنەی لەسەر بەرماڵ دوعای بۆدەکردیت. دەبوومە ئەو سۆزانییە پیرەی کە جەورە و گەنجە لچقڕتاوەکان پێیفێردەبن ئەو سۆزانییەی کاتێک لەژێر کوڕێکی چواردەساڵدا دەنرکێنێ دوعا بۆ سەرفرازی نیشتیمانەکەی دەکات لە ڕۆژانی شۆڕش و ڕاپەریندا، لە پێش زۆردارەکان بەشاتەشات، چەمکی عەباکەی بادەدات. (ئەمشەو دەبێت وەک ئەسپێک لە دارستان سەر بەرەو ڕووی خوا هەڵبڕم) ئیتر بەسە وەکو مناڵ سەرم نانێمە کوشم وەکو مناڵ لەبەر ئاوێنەکی ڕووندا قژە تەڕە خەماوییکەم داناهێنم ناهێڵم کەس پێم بڵێت بۆ دەستەکانت وا گچکەن وەک چۆن شەوان کچە ترسنۆکە عاشقەکان لە دەرگا دەچن بەودیوا بەدزییەوە ئەم کڵۆڵییەم جێدەهێڵم دێمە لاتان و مەتارە شینەکەی مناڵیم لەملمدا بەجێماوە لەگەڵ پادشا و ئەمیرەقژزەردەکاندا، قسەناکەم کەس نییە دەستم بگرێت و بمباتەوە ژێر دەوارێکی سەوز منێک ئێستاش نوسینەوەی وانەکانی قوتابخانەم لەسەر ماوە مەهێڵە قایشەکەم بکەمەوە و بە شکۆیەکی شاهانەوە لەسەر ئەو خوانە ڕەنگینانە دابنیشم منێک ئێستاش موفەڕکەکەی منداڵی لە مەچەکمدایە مەهێڵە.. وەکو کوڕە قژزەرە چاونەترسەکان بۆ کچان، سەر ڕێگاکان بگرم دەلێمگەڕێ، لەو کێوانە لەو کێوانەی کە هەرگیز کەس نایانگاتێ وەک هەڵۆیەکی خەمگینی ڕاوەستاو لەسەر کەلەسەرێک بێدەنگ بەدیار باغە کوژراوەکانتەوە دەوەستم تا قژم دەبێتە هێلانەی پاسارییەکان تا کۆترێک لەسەر شانم ئۆقڕەدەگرێت لەسەر بەردێک ئارامدەگرم بەڵام بەر لەوەی بڕۆمەوە ئەی ئەو کچەی خۆشمویستیت ئەوە فرمێسکەکانم بیکەرە جانتاکەتەوە ئەوە جلەکانیشم لەبەر مزگەوتەکاندا بیبەشەوە ئەوە چەقۆکەشم بە دڵی باڵندەکانی گەڕەکدا هەڵیواسە و لە ونبوونم و بێ سەروشوێنیم مەپرسەوە. جار جارە دێمەوە لات... ئەوە چارەنووسمە وەکو عاشقێکی سەرچڵ بەسەر دیوارەکاندا بازدەدەم بێدەنگی و کپی باخچە نامترسێنێ دێم و کونە پەپوویەک لەسەر شانمە و شەمشەمەکوێرەکانیش دەوریانگرتووم وەک چۆن باری بار هەڵگرە درێژەکان دادەگیرێ لە پێش دەمی ماڵەکەتدا ئازار و خەمم دادەگرم دەڵێم... شووتکرد شووت بەو گەنجە کاکۆڵزێڕە ڕیشپڕە چاو شینە کرد ئەی من، من کە بۆنی جۆگە و مێرووی دارستانەکانم لێدێت من کە دڵم واک پاوەن دەسووتێت من کە لابوور و دەفتە و قەڵەمە بچکۆلانەکانی گیرفانم بە جێهێشت من کە وەکو قوتابییەکی تەمەڵ، لە تاقیکردنەوەدا لەژێرەوە لێمدەڕوایت سەرم دادەنەواند و دەمبینیت کە گولـلە دەیبێژام و ئەی ڕەقیبم دەگووت بیرم لە چاوە خەواڵووەکانی تۆ دەکردەوە دەمزانی بە کراسێکی شینەوە چا لێدەنێت دەی کە خۆت دەستی بەزەییت ئاوا کوورتە بە وڵاتەکەم بڵێ.. باهێندە دڵم نەشکێنێ بەو شۆفێرانە بڵێ کە وەکو تۆپ لە سەرەتای یاریدا هێدی هێدی.. ئەم شارەو شارم پێدەکەن پێیان بڵێ... با دڵنەوای غەریبیم بەنەوانێ وەرەو بچپێنە بەگوێی ئەم نیشتمانە دڵڕەقەدا و بە پەنچە باریکەکانت، نیشانەمکە، بڵێ ئەوەتانێ.. ئەو گڕۆزەی قاری لە خوا و من و نیشتمانەکەی گرتووە منیش بێدەنگ، وەک بەردێک لە بەندەنەکاندا وەک پەیکەرێک لە داڵانی کۆشکەکاندا ڕادەوەستم پێی بڵێ: 'ئەی وڵاتم' ئەوە کوڕەکەتە.. ئەو کوڕەی وەک ئەسپێکی لات لەناو خەمدا گەورە بووە چاو لە دەستی ئاسنگەرەکانت بڕیبوو تا نێزەیەک بۆ دڵی دروستبکە گەرووی خۆی دەرهێنا و وەکو بۆری چرایەکی دوکەڵاوی دەیسڕی تاقسەت بۆ بکات حەزی دەکرد تێر بێنێیت بەسینەنەتوە.. کەچی تۆ دەربەدەرتکرد بۆیە ئێستا گومڕاو وێڵە لەو دەشتانە کە باڵندەیەکت دەبینێ ڕادەبورێ فانیلە دڕاوەکەی هەڵدەبڕێ و هاواردەکات لێرەکانەم... لێرەکانەم ئەی وڵاتم.. لەگەڵ بەفری زیادە و گەڵای پایزدا.. بمخەرە مەزادەوە ناگریم و توڕەنابم لەگەڵ شتە دێرینەکانتدا بمفرۆشە پەلمبگرە و بمدەرە دەست قەرەچییەک یان بمخەرە پشت گالیسکەکەت هەرکاتێک وەڕەزبووت بمدەرە بەر قامجی کە تینووت بوو.. ئەوە دەستم دەمارەکانم ببڕە و لە خوێنەکەم بخۆرەوە. ئەی نیشتمان، ئەی بێڕەحم ئەوپەنجانە.. هەمان ئەو پەنجانەیە کە لە داڵانە ساردەکاندا دەفتەری وەڕەزیم پێدەگرت بە چاو، بە دڵ، بە قوڕی پێڵاوەکانم شیعرم پێدەنوسیەوە بەو چەقۆ گەورەیە کە خوێنی گیا و بەرد و باڵندەکانی پێبوو لەسەر قوتابخانەکان لەسەر دەفتەرەکانی زانکۆم لەسەر پاشەڵی ئەسپ و گوێدرێژەکان لە پێش ئەوکچە توڕانەی کە ناز بەسەر خواشدا دەکەن لێم دەنووسی: (ئەم بازاڕ و ئەستێرانە لابەرە.. وەرزەکان ئاوەژوو بکەرەوە ڕەنگی گەڵا و ئاسمان بگۆڕە) هیچت نەکرد دەتزانی حەز لە باخچە گشتییەکان و چیمەنی ناو ماڵان ناکەم ڕێگای دارستانەکانت لێ گرتم دەتزانی حەز لە ڕەنگی حەوزی مزگەوت و بیری ماڵە هەژارەکان ناکەم ڕێگای چەم و دەریا گەورەکانت لێگرتم من گومڕام و ڕزگارم کە وەک چۆن باڵدار، لە حوکمی تەقە دەردەکەیت چاسوسی تفەنگەکان بگرە و ڕزگارم کە. خوایە گومڕام/من حەز لەم کیژە خرپنە ڕوومەت سوورە چاوشینانە ناکەم ڕقم لە کیژانی زانکۆ قوتابخانە و ئۆفیسەکان دەبێتەوە/قەرەچییەکی ڕووتم دەوێت/پێستەکەی باران بیشووات و جلکەکەی گەڵای درەخت و پێستی مەڕەکوی بێت/کۆچەرییەک نەزانێت خوا و ئاسمان مانای چی/شمشێر و بارووت و تانک مانای چی/کچێکم دەوێت.. لە ڕۆژانی سەرمادا/پەنجە تەزیووەکانم بنێتە نێوان هەردوو دەستی و بە هەناسەکانی گەرمیانبکاتەوە و بڵێ مەگری/له گیا و ئێسکی باڵندە مردووەکان، دەرمان بۆ زامەکانی لەشم بکات/لە شەمەندەفەر و فڕۆکە و کەشتی و بازاڕە کەشخەکاندا بۆی ناگەڕێم/دەچم بۆ گوندی بێدەنگ و ئەشکەوتی کپ/دەچم بۆ بەندیخانەکانی سەر سنوور/بێدەنگ نابەینی درز و ژێر گەڵای دەوەنەکان و تەویلە و دارستانەکانی بۆ دەگەڕێم/هەنگوین و گوێز و سرکەیی دەبەمە دیاری/خەڵاتی پاسەوانەکان دەکەم/تا دەرگای بەندیخانەکانم بۆ دەکەنەوە/ئای ژن لەوێ ونەو نەناس/لەو سێوانە دەچێت، کە دەڕزێ و فڕێدەدرێ/بەو دارستانە دەچێ کە دوکەڵی سووتانی خۆی دەیخنکێنێ/جوانی لەوێ وەکو ڕەنگی پەنجەرە کۆنەکان.. ژەنگاوییە../وەک کتێبی قوتابخانە سەری ساڵان... شەوقی نییە/دڵ وەکو جلی منداڵە چەتوونەکانە، شڕوشیتاڵی نەماوە/ٚغەم لەسەر ڕانی سیسیان زریکەی دێت/لەزەت لێوی وەکو لچی قولەڕەشەکان ئاوساندووە/ئای ژن لەوێ، وەکو زەردەوەڵە بەبرینی شەهیدەوە.. دڕن و بێباک/بەڵام خوایە، خۆ من گومڕام/چاوم بەهیچدا هەڵنایە/وەکو پیرێک وەهام.. بیەوێت نیشانە دوورەکان بشکێنێ/وەکو پیرێک بیەوێت بەبێ گۆچان بەسەر مردندا سەرکەوێت. ئەی وڵاتم: بیست و سێ ساڵە بۆنی خاک و مرۆڤ و لیتە و عارەقەکەی تۆ دەچێت بەسەرمدا وەڕەز نەبووم/بیست و سێ ساڵە/چاوەنواڕم شەوێکی کپ، کچ و کوڕێکی شۆخ و شەنگ بێنە خوارێ و بۆ دورگەیەکی سەوز هەڵمگرن/نەهاتیت و گلەیشم لێنەکردی/تۆش پێم دەڵێیت.. خۆفرۆش و خیانەتکارم.. دڵم لە بەردە بۆ خەمت.. بێ ئازارم../من هەتا تۆزی سەر لەشی جەقەڵەکانیشت دەپەرستم/هەتا تنۆکە بارانی سەر دەستی منداڵەکانیشت دەپەرستم/بەڵام بڵم چی.. گەر ڕقم لەو پیاوە تەنگ ئەستور گومڕایانە بێت، ئەو پیاوانەی شەوی دەجار خەنجەر لە دڵی جوانی دەدەن/ڕۆژی دەجار کچانی ئۆفیس و نێو پاس و بەر کۆگاکان هەڵدەمژن/لە دوای هەموو خامۆشبوونی لە زەتیێکیشەوە/کاتێک زریزەی پانتۆڵەکانیان دادەخەن/باسی شەڕی جینایەتی و بەرەی گەورەی شۆسیالیزم دەکەن! /خوایە چی بکەم.. ڕقم لەو کچ و کوڕ و مامۆستا گێلانەیه/کە وەکو شەمشەمە کوێرە لە داڵان و حەوشەکانی زانکۆدا دێن و دەچن/ڕقم لە مشک و سەرباز و گۆڤاری بێ جنێوە/ڕقم لە ماشێنی تازە و چاویلکەی چێوە زێڕین و خاوەن چێشتخانە و کۆگا و کاسێتفرۆشەکانە/ئەی نیشتیمان.. ئەو دەستانەم خۆش دەوێت/کە وێنەی دڵ و تیرێکیان تیا کراوە/ئەو کەپوانەم خۆش دەوێت. کە ئەڵقەیان تێخراوە/حەز ئەکەم لە گوندێ بژیم.. لەو دوورانە/بەیانیان پیرێژنێکی چاو بە خەو هەڵمسێنێ/کە بانگ لە کچەکەی دەکات/هۆ نێرێ.. نێرگەلێ، نێرگسێ، هەستە مەشکەکەت بژەنە و کۆڵوانەکەت بکەرە مل وا بەیانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدەی نیشتمان (بەشی دووەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید ئەی نیشتمان/لە ڕۆژانی قات و قڕیدا بیر لە باران دەکەمەوە/من بیر لەو دونیا بێدەگەی تۆ دەکەمەوە/ئەو دونیایەی شەوگارانی وەکو چەقۆ.. وەکو هاوار لەکۆڵانە بێدەنگییەکانی نیوەشەودا دەناڵێنێ/ئەو جەستانە.. جەستەی ئەو پیرێژنە گریاوەی لە مەرقەدی شێخ و لە ماڵی هەتیوەکاندا دەناڵێنێ/منیش هەڵۆیەکی پیرم.. پشیلەیەکی مۆمیاکراوم/جاڵجاڵۆکەیەکم لە سندوقێکدا/قالۆنچەیەکم لە پێڵاوێکی کۆندا/ئەویش تیشکی خەونە تەڵاییەکەی تۆیە/زرنکەی دەنگە زیوینەکەی تۆیە/بریسکەی چاوە برۆنزییەکانی تۆیە/مستێ ئاوم بدەرێ/هەتا ماوم دەستی چەوری کرێکارەکانت دەشۆم/تیکەیەکم پێبدە/لەگەڵ منداڵە برسییەکانت دەیخۆم/جوتێ چاوی شین و قژێکی زەردم بدەرێ/حەز لە کچە ڕەشتاڵە لاوازەکانت دەکەم/وەکو ڕاوکەرە پیرەکان کڵاشەکەم دەخەمە ژێر سەرم و دەنووم/دەنووم تا پێغمبەرەکان زیندوودەبنەوە کتێبی نوێمان بۆ دێنن/دەنووم تا پیرۆمیسۆس ئاگرە دزراوەکە دەگێڕێتەوە/دەنووم تا نەرسیس لە ئاو دێتەوەدەرێ../ئەی وڵاتم دەنووم.. تا ئەم کوڕە نەفام و ڕیشن و بەدلڤاوانە تاقیان دەبڕێ/تا ئەم کچە خڕو خۆڵە پاشەڵپیسە دڵڕەقانە تاقیان دەبڕێت خوایە... خوایە... دەنووم تا هەتاهەتایە. هەندێ جار وا هەستدەکەم/وەک موشەک لەشەوەزەنگدا/وەک کچ لە ترومبیلی سەفەردا زەق و دیارم/هەندێ جاریش وا هەستدەکەم/وەک قورعان لەماڵی سۆزاننیدا/وەک کاتژمێر لە دۆزەخدا بێکار و فەرامۆش کراوم/خوایە کەی بێت لەم زێرابە ڕەش و لیخن و پیسەوە/جارێکی تر یەکێکی تر لە دایک بێت/لە کتێبخانە و شەقام و بەر سینەماکاندا بۆم بگەڕێت/یادی ڕۆژگارەکانم بکات/ئاواتبخوازێ و حەز بکات/ئەو کوڕە چاو کاڵە بچکۆلانەیە سەرلەنوێ زیندووبێتوە/بێت گۆڕەکەم هەڵباتەوەو ئێسقانەکانم بژمێرێت/کەلەسەرەکەم بگرێت بەدەستییەوە بیلاوێنێ/مەکەر بەتەنیا ئەوکاتە/ئا، ئەو مناڵە بێباکە/لەم تاریکییە دەرمبکات/ئەی وڵاتم.. گوناحی من چیە/ئەگر دز و شۆفێر و لانەواز و ژنە مەمک چرچەکانتم خۆشبوێت/ئەو پیرەمێردانەم خۆشبوێت کە فرمێسکی خۆیان دەفرۆشن/ئەو کچە بچکۆلانەیەم خۆشبوێت/کە وەک کچی گەورە پیاوان/حەزیان لە کراسی سوور و جلی مەخمەڵ و قەیفەیە/حەزیان لە بۆنی عەتر و پەنجەی ئەستوری لاو خاس و لەزەتی ئەو دیو پەردەیە! ئەی وڵاتم/کوێر باڵداری پێناپێکرێت و منیش کوێرم/بەڵام کوێریش دەزانێت/کۆشکی سەد نهۆم و کۆڵێتی وێرانە مانای چی/دەزانێت شمشێرێکی لە ئارەزووی شاژن درێشتر و گەردنێکی لە پیاوەتی شا باریکتر، مانای چی دەزانێت مانی چی بیست و سێ ساڵ لەسەر دەستت بەناو بەفردا بڕۆیت/بیست و سێ ساڵ، بەکامی دڵ قەپاڵ لە هەرمێیەک نەگریت/بەدید و هوڕ لە ماشێنێکی سەوزدا شەقامەکان جەنجاڵنەکەیت/ئەی وڵاتم/ئەم پلەکە پێچاو پێچانە فڕێدە/با پزیشک و دانسازەکان لەو باڵەخانە و جێگە چەپ و کۆڵانە خەمگینانە بێنەدەرێ/با بەندیخانەکان لەم شەقامانەدا بکەینەوە/هەر دیلەی بە کالیپتۆسێکی سەوزەوە دەبەستینەوە/وەرە ئەی وڵاتم، حەزێکی دوور و درێژ/وەکو دوکەڵ کێشی کارگە گەورەکان درووست دەکەین/وەکو سمۆرە چۆن لەسەر دار دادەنیشێت.. دادەنیشین/تۆ چاویلکەیەکی ڕەشو بریقەدارت لە چاودایە و پێدەکەنی/منیش ئارەزوو لە ناو زگمدا وەکو دوکەڵ لە شوەیەکی باریکدا.. دێت و دەچێت/ئەی وڵاتم... من ئا لێرانە و تۆ لەوێ/بمانەوێ نە مانەوێت خۆشەویستی یەکمان دەوێت/تۆ پیاوێکی سمێڵ زەرد و چاوکاڵ و بازوو ئەستووریت/منیش کچێکی لاواز و بێنەوام/خۆم بە گەردنتدا هەڵدەواسم.. دەڵێم بمبە.. بمفڕێنە/بمخەرە سەر هەردوو شانت../ئەی نیشتمان.. حەزەکەشمان هەتا بێت گەورە تر دەبێت/دەڵێم.. بمنێرە پشتی ئەسپە سورە کێوییەکەت/وەکو تاڵانی بمبە بۆ کوڕانی خێڵەکەت/منیش پرچە ڕەشەکانم/بەسەر سینەی تۆپزیمدا، هاتۆتە خوار/تا لەزەتی هەرچی لە خوا ترسی دنیایە دەیتەقێنم، عیشوە دەکەم/تا بەلەزەت چاوی یاسا و شەریعەتە ئاسمانییەکان کوێردەکەم، عیشوەدەکەم/دەی ئەی وڵاتم.. بمفڕێنە.. بمفڕێنە/بەڕووتی لەپێش دەی سەرۆک و جەنگاوەرە ئازاکانتدا سەمادەکم.. ئەگەر نەمبەیت.. دوا پەردەی شەرم و شکۆ دەدڕێنم/دەبمەوە بەکچە چاونەترسەکانی ناو دارستان/ٚدەڕۆم و دەبم بە هاوەڵی ئەسپ و گورگە بریندارەکان/دەبم بە دەستگیرانی سەگ و نێرە ورچە چەتوونەکان. هیوا و خەوناکانم کۆن بوون.. کۆن! /وەکو ئەو چیتە سورانەی لادێ مازووی تێدەکەن/چەند بەچەندە، چاوەنواڕی ئەو ڕۆژانەم، کە ئەم خەڵکە سادە و هێمنە تووڕەببن/چاکەتە سەوزەکەم و کاسێکتە ئەستێرە دارەکەم، بۆ ئەو کاتە هەڵگرتبوو/بەهۆی ئەو ئاواتانەوە دەموێرا جنێو بە شاژن و ئەکتەرە چاوشینکان بدەم/بەڵام ئێستا لە حەسرەتدا، لەبری ڕوومەتی سووری هاوڕێکانم/گڵۆپە تۆزاوییەکان، پاکدەکەمەوە/لە برسا ددان لە درەخت و پایە و کورسی قوتابخانەکان گیردەکەم/لە تینواندا دەستی عارەقاوی خۆم دەلێسمەوە/سوێند دەخۆم کە خەون و گریان و ئازارەکانم هەموویان دەکەمەوە زگم، وەک ژنێکی دووگیان دەڕۆم/وەکو دایکی شەهیدەکان، وێنەکەی خۆم دەکەمە ملم و هەموو ڕۆژانێکی هەینی/چەپکێک گوڵ لەسەر کورسییەکەی خۆ دادەنێم/لەسەر کورسییەکەم دەنووسم/ئا لێرەدا ئەو پیاوە مرد/لەسەر دەمێکدا قایمترین شەرەف بە دوو پولی قەڵب دەکڕدرا! /لێوەکانی ماچیان لەخۆیان حەرامکرد/ئا لێرەدا ئەو پیاوە مرد کەژیانی خۆی دەدا بەو کەسەی خەمی بیست سەدە لە چاوانیدا بسڕێتەوە. ئەی نیشتیمان/وەک کراسی ڕەنگاوڕەنگی کۆگاکان/وەکو عەرەبانەی سەر شۆستەکان خەون و ئاواتەکانم ڕێکدەخەم/وەکو چەتە چاوشینەکا دەیاننێم بە نیشانەوە و دەیانشکێنم/لە مێژە.. لە کۆڕی سەفا و ڕابواردندا وەکو گۆچانی دەستی سەماکەرە خرپنەکان، هەڵیاندەسوڕێنم/هەر وەکو جلکی بوکێنی هەڵمگرتن، وەکو پارە لە چاوی بەخیلەوە خۆشمویستن/دەفتەری بچکۆلەم بۆ کردن../لەگەڵ پرسیاری مەکتەب و گوڵەبەڕۆژە و نامەی دڕاوی دڵداریدا، قەدمکردن/له نیوەشەواندا کاتێک گورگ دەیلوران و تاقتاقکەرە دەنگیان دەهات/چراکەم کز هەڵدەگرد و تێر بەسەریاندا دەگریام/ئەوان بوونە مایەی شەرمەزاریم/دەڕۆم و لە دوامەوە وەک جێ ماچی خیانەتکاران، شوێن جێدێڵن/دەڕۆم و ئەی نیشتمان، حەسرەتی تۆ لە دڵمدا بۆتە بەڵا، بۆتە دالونەکەی منداڵی/لەم دەستمەوە دەیکەمە ئەودەستمەوە دەیسووتێنێ/لەم گیرفانمەوە دەیکەمە ئەو گیرفانمەوە دەیسووتێنێ. ئەی وڵاتم/زەمبیلەی گریانەکانم هەڵدەگرم/لەبەر قوتابخانە و وێستگەی پاسەکاندا دەیفرۆشم/ئەی بەچی بژیم؟ /ئەی نیشتمان گەر ئومێدێکم دەسکەوێت/لە دەستگیرانێک تونتر دەیگوشم بەخۆمەوە/دەڕوانم وخەم بەر گەروومی گرتووە/تازە بێهودەیە و خنکام/هەزاران جار دەم بنێیت بەدەمەوە و ماچی ژیان ماچمبکەیت، سوودی نییە/چیبکەم، دز چۆن لە یەکەم هەڵوێستەیدا بۆ جەلادەکەی پێدەکەنێت/بۆت پێدەکەنیم و گوێت پێنەدام/پەنجەم خستە ژێر چەناکەم و ڕوانیمە برۆ ئەستورەکانت و لێتنەنواڕیم/وەک منداڵێکی ترساو/لەژێر دارەکاندا نینۆکی خۆم دەخوارد و دەمڕوانی و نەتدەبینیم/وەکو شۆفێرێکی چڵکن/لەژێر ترومبیلەکاندا دەنوستم و خەونم بە تۆوە دەبینی/کاتێک وەکو پاشایەکی ڕیسواکراو، بەسوار ئەسپێکی پیرەوە لەو گوندانە، دەمڕوانییە، ئەودیو سنوور/کاغەزی شیعرەکانم وەکو دووربین لولدەکرد و لەو دونیا سەوزەم دەڕوانی، تۆم دەبینی/کولـلەم دەخستە گیرفانم و چوالەم دەدزی/ئەی وڵاتم، لە بەری ڕەنجی تۆم دەخوارد/باوەڕبکە لەو دەشتە چۆڵوهۆڵانە گوێم لە تەقەی ئاسنگەرەکانت بوو/گوێم لە دیدەی ماشێنە چڵکنەکانت بوو/وەکو گەورە کچێکی ناسک/قژم دەخستە پشت گوێم و دەموچاوە تەڕەکەم، بەرامبەر خۆر ڕادەگرد/بیرم لە تۆ دەکردەوە/بیرم لە کچ و مناڵە بێ دایک و باوکەکانت دەکردەوە/بیرم لە زەنگی ژەنگاوی قوتابخانە و ژنە مامۆستا قەڵەوەکانت دەکردەوە/بیرم لە دەستەسڕی ناو چەوانی نانەواکانت و مەقەستی خوێناوی دەستی سستەرەکانت دەکردەوە/حەزم لێدەکرد حەزم لە کچەکانت دەکرد/کاتێک بەدەم پێکەنین و قڕیوەوە لەم بەری شەقامەکانەوە دەپەڕینەوە بۆ ئەوبەر/کاتێک دوای دەرچوون.. دەگریان/ٚکاتێک بە چپەچپ باسی دڵداری و کوڕیان دەکرد/حەزم لێدەکردن و برسێتی قەپاڵی لێدەگرتم/نا ئیومێدیش وەکو چاکەتی پیاوە بۆشناخەکان بەسەر شانمدا هاتبووەخوار/وەکو چۆن قوتابییە غەریبەکان/بەیانیان لفکە و سابون هەڵدەگرن و بۆ خۆشتن دەردەپەڕن/دەچوومە کتێبخانەکان/بەو زگە برسییەوە... دەمڕوانییە لە کچان لە دوکانی زەڕەنگەرەکاندا/دەمڕوانییە بەختی شوومی خۆم، لەسەر پەڕەی کتێب و لە پشتی ڕۆژنامەکان. هەندێ جار وەکو پیاوێک لە دەنگی هەورەبروسکەکان ڕاچەنی بێت.. گێژ و وڕم/هەندێ جاریش وەکو پیاوێک لە حەسرەت و توڕەییدا پەرداخ بە ناوچەوانی بشکێنێ، هەموو دەمارەکانم لێدەدات/هەزار کیشۆر لە دوکەڵ لە گەرومدایە/فرمێسکەکانم لە چاومدا وشکبوونەتەوە و وەکو پووش هەڵدەوەرن/ناوچەوانم ئەم ناوجەوانەی لە دیواری کڵێسە کۆنەکان دەکات/پڕێتی لە وێنەی خاچ و هەور و ژنی ڕووت ڕووت/ئەم زمانە چرچە دێزەم/کە هەر دەڵێی سەردەستی پاڵتۆی سواڵکەرەکانە/ڕەقبۆتەوەوە گەلێکم ئازاردەدات/چەند جار ووتم.. ئیدی چی دی قسەناکەم/بەڵام ئەو وەکو خەنجەری لێهاتووە و دەمم پێدەکاتەوە/ئەی وڵاتم ڕاستی دەڵێم.. خەونەکانم ڕەنگی دەموچاوی دزە لاتوپوتەکانی گرتووە/ڕەنگی دەموچاوی ئەو کچە عەبابەسەرە ڕەشتاڵانەی گرتووە کە لە پاسدا لابەلا سەیرماندەکەن/ڕەنگی دەموچاوی ئەو پیاوە سدارە بەسەرانەی گرتووە/کە دە کیژی ناشیرینیان هەیە و هەر دەیان مەمکیان وەک مەترەلۆز تەقەدەکەن/ئەی وڵاتم خەونەکانم ڕەش و لێڵن/وەکو خەونی پیرە کچێکی چل ساڵە/وەکو خەونی پیرە ژنێکی کۆماوە لە سێدرەی کوڕەکەی بڕوانێت/ئەی وڵاتم دان بە گوناهەکانی خۆمدا دەنێم لەبری ئەوەی حەز لە وەسفی باڵەخانە یان ئەفرەتە ڕووتەقشتیلەکان بکەم/حەز لە وەسفی زیندان و شۆڕەبییه سیسەکان دەکەم/لە بری ئەوەی حەز لە باسی دەستکێشی ئاوریشم و قژی عەتراوی بکەم/حەز لە باسی پەنجەی قڕتاو و قژی ئارداوی دەکەم/ددان بە گوناهەکانمدا دەنێم.. ئەگەر نینۆکم وەکو فرمێسکەکانم درێژبوونایە/چاوی زۆدارە نیزک و دوورەکانم دەردەهێنا/ئەگەر قاچەکانم بە بەرتەقای ئازارەکانم درێژبوونایە/بە خاکی تاریکی ئەواندا تێنەدەپەڕیم/ئەی نیشتمان ددان بە گوناهی خۆمدا دەنێم.. من بۆهیمییت و چینایەتیم تێکەڵاوکرد.. خەبات و قەلەندەریم پێکەوە گرێدا.. پیاسە و سەربەستی بێئیشی و ئازادیم کرد بە یەکێک. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدەی نیشتمان (بەشی سێیەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید ئەی نیشتمان/تۆبەدەکەم و چەپکێک وەنەوشەی خوێنینت بۆ دەنێرم/بێبڕستم و وڕم/هەردوو دەستم وەکو بەندۆڵە گەورەکان دێن و دەچن/وەکو باڵندەیک لەوەرزی مردنیدا... هەڵدەکورمێم/پەنجەم لە نێو دەممدایە.. چاوم دەنێم بە دووربینەکانی مناڵیمەوە/بەڵکو ڕۆژگارە دێرینەکانم.. بەڵکو سەرەتای ئەم بەدبەختییە ببینمەوە/ئەو مناڵییەی وەکو ئاو لەبەرم دەڕوات/ئەو مناڵییەی وەکو کولـلە وێڵەکان دەمپێکێت و توڕمدەدات/ڕابردوو وەک گوڵێکی زەرد بە ناوچەوانمەوە شۆڕبۆتەوە/منداڵی وەکو خەنجەرێک لە ئێسک و ددانی نەهەنگەکان چەقیوەتە سەر دڵم/ئەی نیشتیمان، ئەو ڕۆژانی سەرسەختی و بەدلفاوییە چییان لێهات/ئەو ڕۆژانەی بستێ بووم لە فلیمە جەنجاڵەکاندا دوو کورسیم لەملاولای خۆمەوە دەگرت و جگەرەم دەکێشا/چۆن لە نێوان ئەم کتێب و وێڵبوون و گریانەدا توانەوە، چیان لێهات بۆ وەک تازە بوکێک تەمەڵ و خاو خلیچک بوون/ئەی خوایە مناڵیم هەمووی ئەشکەنجە بوو/بەڵام گەلێک لەم ڕۆژە سارد و بێڕەحمانەی ئێستاکە خۆشتربوو/ئێستا وەکو تۆپێک لە قەدپاڵێکدا.. تلۆردەبمەوە/وەک سوچەڕێک لەژێر باراندا دەگریم/هێندە تەنهام.. بە ئەسپێک دەچم لە دارستان/هیچ شتێک، هیچ هێزێک، ئەم شوورای تەنهاییەم ناشکێنێ/ترسیش وەکو پیاوێکی سیس لەو دیو دەرگاوە دەمبینێ و شالاوم بۆ دەهێنێت/عەشقیشم/وەکو قالیچەکۆنەکان کاڵبۆتەوە و وەک دەستەسڕێکی تەنک دەستە خوێناوییەکانمی پێدەسڕم. ئەی وڵاتم... تەنیا من ڕاستیت پێدەڵێم/دەرمبکە، نینۆک و قژ و پەنچە و زمانم لێبستێنەوە/بەڵام مردووەکانیشت خەون بەڕابواردن و سەر جێکردنەوە دەبینن/کچەکانت هەموو شەوێ وەکو غەرغەرە بە خوێیان بکەن/لەژێر زوقمی لەزەت و باری تەنهایدا سەربادەدەن/ئەم شتە سەیرانەمان لێداماڵە/وەکو چۆن دڵ و ڕەحمت لێسسەندوینەتەوە، ئەم دووربینەشمان لێبستێنەوە/کە سەرمان پێدەکات بە جلکی خەڵکیدا/با بەس بینێین بە چاومانەوە و لە ئافرەت و پیاوە دوورو نیزیکەکان بڕوانین/بەهۆی ئەم چیلکە و گەڵایەوە، بوینەتە دڕندە و مشەخۆر/ناتوانین قسە لەگەڵ یەکدا بکەین و دەست بەسەر سینە و دڵی یەکترا بهێنین/مەمنێ بە سینەتەوە/ ئەم سۆزە ساختە ودڵدارییە بێهودانە مانای چی؟ /پێویسەم بە عەشقێک هەیە/عەشقێک بمێنێتە لەرزە و لە ژێر باراندا و لەسەر ئەو شەقامانە بمخاتە گریان/بەڵام چۆن عاشق ببین و خەومان لێهەراسان بووە/بەهۆی ئەوەوە ڕقمان لە ئاویشە/ڕقمان لە فرمێسکە کە دەڕژێتە سەر پەڕەی دەفتەرەکانمان/ناتوانم... هەست بە گوناهباری و زۆرداری خۆم دەکەم/لە حەسرەتدا مشت دەدەم بەسەر سینەمدا و چەقۆ بە زمانم تیژ دەکەم. دەلێمگەڕێ، با بگەڕێمەوە بۆ منداڵیم/بەدوای جلکی کۆن و سمێڵی دەستکرد و تەباشیرە بچکۆلانەکانمدا دەگەڕێم/بە دوای ئەو جێگانەدا دەگەڕێم کە سەنگ و بەردم تیا کردوون/بە دوای فرمێسک و جنێوەکانمدا دەگەڕێم/بە دوای ئەو شوڵکە تەڕانەدا دەگەڕێم، کە دارکاریانکردووم. کارتەکانی قوتابخانە دەدەۆزمەوە و دەیدەمەوە بەو بەڕێوبەرە پیرانە.. پارەکەم بدەنەوە/ٚئەو پارەیەی بە منداڵی لێیانسەندووم/ئەو داپیرانە دەدۆزمەوە کە لە بێشکەوە کچانی خۆیان دابوومێ/بەشەق و تووڕەییەوە دەچمە ژوورێ و دەڵێم نامەوێت... ئەو گورگە لەشبرسی و پڕ لە ئاڵۆژانەم ناوێت/ئەمجارە، حەکیمی هیچ تایەفەیەک، تووڕەییم دانامرکێنێتەوە/تۆش، ئەی وڵاتە سپڵە و بێوەفاکە/لە خۆتەوە هەڵمەدەرێ و قسەمەکە/خۆ لە ئاوریشم درووستتنەکردووم.. لەسەرە پارچە کودەری و چەرمی جانتا شڕەکان و کەفی سەر مەنجەڵە ڕەش ڕەشەکان... دروستتکردم/خۆ لە تەڵات نەگرتووم، بە کولـلە و سیسارکەی تۆپیوو ئاوڵە ڕازاندوتمەوە/ئێستاش کە توڕەبووم و ئابڕووتدەبەم/دەتەوێت ئاراممبکەیتەوە/بەڵام تا ماوم قاچ لەم زەمینە دەخشێنم و دەگریم/هەموو ڕۆژێک دەمشکێنی.. دەست لە دڵ و ئێسک و نابەینی پەنجەکانم دەدەیت/ئەی نیشتیمان.. تاکە نهێنیەکم هەبوو/ئەویشت پێڕەوانەبینیم و لێتسندمەوە/ئەی بێ خۆشەویستی تۆ چیبکەم/بێ خۆشەویستی تۆ.. پیاوێکم لە لاستیک... باڵدارێکم لە موشەما... بێ خۆشەویستی تۆ.. دەستێکم بەسەر دڵەوە دەلەرزێت/ئەی نیشتیمان... سوێندبێت کە وای لێهات، دەبێ پەرداخەکەم بنێم بە دەمی برینی شەهیدەکانتەوە/دەبێ دەستە سڕەکەم پڕکەم لە لچ و گۆیی مردووەکانت/جانتاکەم پڕبکەم لە جنێو و قسەی سووک سووکایەتی پێکردنت و چاو بەگریان/بچمە ڕیزی دووژمنەکانت، بچمە ڕیزی دیکتاتۆره بێرەحمە و خوێنمژەکانت. ئەی نیشتیمان/لە ڕۆژانی شەڕ و بێرەحمیدا/وەکو تفەنگ، خەونەکانمان دەکردە شان/وەکو قوتیلەیەکی ڕەش لەژێر تیشکە کزەکەیدا هەڵدەکورماین/خەون خەنجەرێکی زێڕین بوو/لەبەردەم کتێبخانە و وێستگەی پاسەکاندا.. دەمانکرد بەبەر پشتێنەکەماندا/خەم.. کڵاوقوچەیەکی بچوک بوو/لە بێشکەوە کرابووە سەرمان/گەردانەیەکی ئاڵتوون بوو/لەکاتی خۆشەویستی و ژنهێناندا یەخەی پێدەگرتین/دەچووین بۆ جەنگ، بە نامە بۆمان دەهات/دەچووین بۆ شارە دوورەکان/لە نێوان قەدی جلک و لە ژێر یەخەی کراسەکاندا لەناو گیرفانە بچکۆلانەکانماندا، داماندەنا/لە مەخفەر و بەندیخانەکاندا جێماندەهێشت/لە بیمارستانەکاندا دەرزی خەوتنمان لێدەدا/بۆ سبەی بە دواماندا دەهاتەوە/ئەی وڵاتم وەکو 'شا'سوار ئاو گالیسکانە دەبم/بە دەستی چەپ چڵەو دەگرم، دەستی ڕاستیشم هەڵدەبڕم/خەم ئەو ژنە چاوشینە باڵابەرزەیە/لە تەکمەوە دانیشتووە/ئەو ئەمیرە برۆ پەیوەستانە/لەسەر ئەم گالیسکەی بوشە، ئەم گالیسکەی دڕک و داڵە... هەڵنیشتووە. ئەی نیشتیمان.. ئەوە خەمەو ئافرەت نییە/منی پادشاش.. لەجیاتی بازیبەند دەست لەئاوی زێرابەکانهەڵدەکێشم/لەجیاتی سیپاڵی بە شکۆی شاهەنشای/پاڵتۆ دزراوەکەی ئەکاکی ئەکاکیڤیچ دەدۆزمەوە لە شەوانی زریان و بەفرباریندا لەبەریدەکەم/لە حەسرەت ترس و برسێتی وەکو دیلێکی هەڵاتوو بە ئەسێرەکان ڕادەکەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدەی نیشتمان (بەشی چوارەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید بۆ بەرگ بپۆشم/خەڵک شانازی بە جلکەکانیانەوە دەکەن/با من شانازی بە برینەکانمەوە بکەم/خەڵکی بە دوای ئاڕاستەی با و کاتی گەردەلوولدا دەگەڕێن/من بە دوای ئاڕاستەی گریانەکانی تۆدا دەگەڕێم/بۆ ڕۆژانی شۆڕش و یاخیبوون بوو/پەڕە پەڕە کتێبەکانم هەڵدایەوە/لە فاڵچی و دەستگرەوەکانم دەپرسی/هێندە وەڕزبووم زمان لە چیا و دارستانەکان دەردەهێنا/کڵاشم دەگرتە تاڤگەکان/دەمگووت.. خودایە.. ئەی ئەوەی گوڵ و پەنجە.. خەنجەر و دڵت دروستکرد/ئەی ئەوەی مەترسی و دیوارت بەمن ناساند/ئەوەتا.. لەسەر پشت ڕادەکشێم/هەردوو پێم دەکەمە ئاسمان/کوا قامچی و حەیزەرانەکانت.. کوا مامۆستا دڵرەق و بێبەزەییەکانت/کوا باوکە مەچەک ئەستور و دارکارییە مزرەکانت/بۆ بەختی من ئەم ئافرەتە دەمشڕ و کچە بێرەحمانە وا نەبوون... من پێویستیم بە سزایە، سزایەک بمهێنێتە لەرزە/پێویستیم بە پەتێکە هەر چوار وەرزە لەبەر چاوما بێت و بچێت/پێویستیم بە خەنجەرێکە لەسەر دڵم ڕاگیرابێت پێویستیم بە زنجیرێکی خوێناوییە لە دەست و قاچمەوە ئاڵابێت/ئەم پەنجە سپی و کورتانە، ئەم گوپە سوورە نابووتە/گەر لە ڕۆژێکی باراندا گورگ قەپاڵی لێنەگرێت... بۆچی چاکە؟ /ئەم چوارپەلە ئەم تورمپا شکاوە ناوی دڵە/لەگەڵ ئالیکدا بۆ نایدەیت بە ئەسپەکان/من بۆ چیمە... ئەم خەیاڵانەم بۆ چییە/کە بە مسقاڵ دەیپێوێت و تنۆک تنۆک دەیکەیتە هەناومەوە/ئەم فرمێسکانەم بۆ چییە لە ناو دێڕی کتێب و لەگەڵ کارەساتەکاندا پێمدەبەخشیت/بۆ خەوبینین... بۆ ئاواتخواستن و خەمخواردن/ئەم ژیانە... ئەم لاپەڕە سپیانەت پێبەخشیم؟ /نامەوێت... ئەو دەفتەرە سپییەکانت ببەرەوە/ئەوە خوێنەکەت بیکەرە جەستەیەکی دیکەوە/ئەوەتانێ، بەڵام دەشزانم... لاشەکەم لەخۆم بەشکۆتر نابێت/بێرەحمانە فڕێیدەدەیتە بنکی زەلکاوەکان/ئەی نیشتیمان، لە یادتدەچێتەوە کە بەژێر باراندا دەڕۆیشتم و تەرزەی خوێنای لێیدەدام/بەڵام ئاسمان هەزار ئەوەندەی ئێستاکە بەڕێز و خۆشەویستتر بوو لەلام/منداڵێک بووم لە ڕوبار و ئەستێرەکان نەدەترسام/بەڵام چەندە وێنڕێژەکان بە کولـلە و شریخەی تفەنگ/دڵە بچکۆلەکەمیان ڕاچەڵەکاند/ئەوسا خوێنێکی گەرم گەرمتر لە سرودی ڕۆژانی شەڕ، بە دەمارەکانمدا دەگەڕا/زەبروزەنگ و شەق و شۆلاق... کتێبە ڕوزەردەکانی قوتابخانە.. هەڵیانوەراند/دەمتوانی وەکو ئەسپێکی ڕەسەن ڕێگا دوور دوورەکان ببڕم/وەکو بروسکەیەکی توڕە لە شەوە بێدەنگەکاندا ئاگر بگرم/وەکو هەڵچوونی یەکجارەی پۆلێ باڵدار/لە یەکجاردا، شعر بڵێم، خەمبخۆم و ئازاری دونیا هەڵبگرم/بەڵام ئێستا چۆن کچ لە دەشتە چۆڵەکاندا/ئاوڕ لە لاشەی دەستگیرانەکەی دەداتەوە/ئاوڕ لەو ڕۆژگار پڕ لە جورئەتانە دەدەمەوە/چۆن کەشتی ئاوڕ لە بەندەرەکان دەداتەوە/چۆن باڵندە لە ئاسمان و بەرزە بەرزانی دونیاوە لە دارستانی گرگرتوو دەڕوانێت/دەڕوانم و فرمێسکەکانم وەکو تۆپەڵە بەفر، لەچنگمدا گرمۆڵەکردوە/دەڕوانم و ناوقەدی گێلاس و مار و توتڕکەکانم بە توڕەییەوە گرتووە/دەڕوانم و سەرم وەکو منداڵە ترسنۆکەکان بەرەو ڕووت بڵندکردۆتەوە و تکادەکەم: بەس وەکو ئەو پیاوانەی لە داڵانە تاریکەندا بەفری سەر پاڵتۆکانیان دەدتەکێنن، خەون و ئاواتەکانم بتەکێنە/بەس وەکو ئەو سۆزانییانەی فو لە جگەرەی دەستیان دەکەن، فو لە عومر و ژیانم بکە. لەمڕۆ بەدواوە بە بێدەنگ/وەکو ئەو ئافرەتانەی کە لە درزی دەرگاوە سەیردەکەن، سەیرتدەکەم/کچ چۆن لەبەردەم ئاوێنەدا/ مەرهەمی سپی لەبرین و پەڵەکانی دەموچاوی دەدات/مەرهەمدەدەم لەو چاڵانەی کە موشەک و تۆپبارانی بێرەحمانە دروستیانکرد/مەرهەمدەدەم لەو پاوەنە سووتاوانەی کە ئێستاش ڕەش دەچنەوانێ/ئەو ئەسپ و مشک و مارانەت دەپەرستم/بەس نییە لە نێوان دەمار و برین و خوێناوەکەی تۆدا دەژین/ئەم مۆمە سوورەشم خۆش دە، ێت/دەینێیت بە کیسەی نهێنییەکانتەوە/ئەو تفەشم خۆشدەوێت کە پیرە پیاوێکی کەنەفتە جگەرەکەی پێلۆکدەکات/ئەو پەنجانەشم خۆشدەێت/کە لە دوکانی سوخۆر و کوتاڵفرۆشە سپڵەکاندا/بە شکستی بۆ پەڕەی قەرزەکەی خۆیان دەگەڕێن/ئەو پەنجانەی لە کۆڵانە تاریکەکاندا بۆ تارمایی ڕۆژانی کۆن، بۆ پارەی ونبوو دەگەڕێن/گۆڕستانەکانتم خۆشدەوێت/لە عەشقا بوو شیعری سەر گۆری کوژراوەکانتم لەبەردەکرد/وەرە لێمبپرسەوە... لە ڕیزی قوتابخانە دەرمبهێنە/کە میوانێکی بە شکۆ هات/چەپکێ گوڵم بدەرە دەست با ئەو شیعرانەی بۆ بڵێم/بەڵام... دەزانم... دەستنادات/لە کۆڕ و بەزمە گەورەکاندا... لەو ئاهەنگانەی کە سەرۆک و شالیارە زیتەڵەکان تیا بەژدارن لەو شەوە ڕەنگاو ڕەنگەدا کە ئافرەت مرواری دەکەنە گوێ و گەردانەی ئەڵماس لە ملدەکەن/من هەستم، شیعری تەعزێبارانەی دایکە پیرە‌کان بخوێنمەوە/هەستم وکو کچە برا کوژراوەکان، بۆ مەرگی گەڵاکان شیوەنبکەم/دەلێمگەڕێ... با هەر لەم کۆلێت و کوختە داڕوخاوانەدا بژیم/نەهێڵیت... لە جێگای ئاهەنگ و کەیفەکانت نیزیک ببمەوە، هەتا ئەگەر لە نیزیک شاییەکی بچکۆلەی ماڵێکی گوندنشینەوە سوسەتکردم/وەرە، دەستمبگرە و بە قسە بمخڵافێنە... خۆت دەمناسی چەند کرۆزم/دەگریم و ژیر نابمەوە/بەڵام بە قسەمنەکەیت... بە پەند و ئامۆژگاری بملاوێنە.. بەقسەی خۆش خافڵمکە/تا شایی کۆتایی پێدێت/بەزم و خۆشی، تەواودەبێت/ئەو ساش وەکو پیرە دارێک لە گردێکی ڕووتەڵدا... بەجێمبهێڵە با سەوز بم! /با بۆ زگە برسییەکانت گویژێکی زەردی گوپن.. تورەکەیەک بەڕوو بگرم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدەی نیشتمان (بەشی پێنجەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید چەند بێرەحمی/لاشەکەمت لە نابەینی چنار و شۆرەبیدا دۆزییەوە/چۆن ئەسپی تۆپیو دەبەست بە ماشێنێکەوە و فڕێیدەدەن، وا فڕێتدام/حەقتە، خۆ قەمە خوێناوییەکان و گولـلە و جنێوەکانت دادتنادەن/من کە سەرداب و تونێل و قومچە نهێنیەکانتم بۆ دەسڕیت/من کە تفی خۆم لە شوشە دەنا و هەڵمدەگرت بۆ ڕۆژی ڕاپەڕینەکانت/هێندە بە بێدەنگ دەگریام/هەتا فرمێسکەکانم بەدەست دەکردەوە چاوم/نەبا هەستبکەی کە دەگریم/من ئەو کوڕەم کە قاچم لە لم و خۆڵەمێشی کوورەکانت دەخست/بۆ ڕۆژانی شایی و سەما بەدوای مرواری و پشکۆدا دەگەڕام/لەسەر تەنوور، بەرهەڵبێنێکم دەبەست و لەگەڵ ژنانی گەڕەکدا، نانم بۆ ماڵە شەهیدەکانت دەکردەوە/لە کێڵگەکانتدا وەکو داڵاشێک دەوەستام/نەبا پاساری و باڵندەکان ڕەنجتبخۆن/سوپاست دەکەم ئەی نیشتیمان.. ئەی بێڕەحم/ئێستا پێمدەڵێیت، تەمێتدەکەم/منێک لەوەتی هەم لە ماڵ و قوتابخانە و پۆلیسخانکانتدا/هەر پاشەڵم بۆ شوڵک و شەق پێڕووتدەکێرت/چۆن و بەچی تەمێمدەکەیت؟ /نا نیشتیمان... چەقۆکەش خۆم بۆت تیژدەکەمەوە... تاپڕەکەش خۆم بۆت دادەگرمەوە/جلکەکانی خۆمت دەدەمێ بیکە پەتی سێدارە/پرچی خۆمت دەدەمێ بایدە و بیکەره قامچی/من بێباکم... من بووم بەشەو ئەو فیشەکانەم دەژمارد، کە دەنران بەدڵتەوە.. بەڕۆژ هەنگاوی کچەکانتم دەژمارد لە ماڵەوە تاکو قوتابخانە/وەکو زانایەکی ڕیشن چاویلکەیەکم لەچاو دەکرد/چۆن کچان بەدیار خەیات و پینەچییەکانەوە دادەنیشن/بەدیار پەڕە و کتێب و پێنوسەکانتەوە دادەنیشتم/بیرم لەو عاشقە ناکامانە دەکردەوە/کە هەرگیز ئەڵقە ناکەنە پەنجەیان/بیرم لەو منداڵەنە دەکردەوە، بەیانیان دەستبەتاڵ لە نانەواخانەکان دێنەوە/بیرم لەوە دەکردەوە/چەند بڵاوکراوەی نهێنی لەژێر قەفی پشتێنەکانتدا هەڵگیراوە/چەند شۆڕشگێڕ لە وێستگەی پاسەکاندا چاوەڕوانی یەکتر دەکەن/بەڵام ئەی نیشتیمان، دەشمزانی/ئەم هەور و چرۆ و کۆڵانانە بۆ من نین/ئەو خانوبەرە گەورە و ماڵە خنجیلانانە بۆ من نین/ئە ئەسپە شینباو و نێرەکەو و سمۆرانە بۆ من نین/سوێندی درۆ و جنێوەکانت بۆ منە/زەردەخەنی کچەکانت، دەستی دۆستانەی کوڕەکانت بۆ من نین/لچ هەڵقڕچاوان، چەمۆڵە لێگرتن، مشتەکۆڵە و شەقازلەکانت بۆ منە/باخچە و قوتابخان و سەیرانگاکانت بۆ من نین/زێراب و کوخت و بەندیخانەکانت بۆ منە/چۆن پەنجە بە دوگمەی زەنگدا دەنێیت/ئاواپەنجە بنێ بەنێوچاوانمدا/وەکو چۆن سەری سندوقی یادگارییەکانت لادەدەیت، سەرم لادە/بەدەمارە تاریکەکانمد بڕوانە/وەکو پاسەوانی کۆشکێکی کۆن، وەکو کلیل بەدەستی سەردابی بەندیخانەکان/یەکە.. یەکە.. چراکانت بۆ هەڵدەگرم/مەشخەڵی قەد دیوارەکانت بۆ دادەگیرسێنم/بنواڕە... چۆن گوڵاڵە سوورە هەر وەکو کێچ لەسەر مەرگم قونەدەکەن/چۆن خەونەکانم وەکو شەکر لەسەر ئاگر دەسوتێن و ڕەش ڕەش دەبن/بڕوانە چۆن ناو نیشان لەسەر دیواری بەندیخانەکان دەنوسرێت/چەند دادوبێداد، چەند هاوار و فریاد لەسەر دەمارەکانم هەڵکنراون/ئێستا دەبێت بەڕێگای لیتاو و زۆنگاوەکانی دڵمدا بتبەم/وەکو چۆن پیاوی خورت و نێر قژی کچە عاشقەکەی دەگرێت و بەزەویدا ڕایدەکێشێت.. ڕاتدەکێشام/وەرە و بزانە چەند پەنجەری شکاو لە دڵمدایە/چەند ساڵە دیوار و سەرابیتەکەی بۆیەنەکراوەتەوە/چۆن پڕبووە لە دڕک و کەرتەشی و قەوزەی لیخن/چۆن پڕبووە لە بۆقی پشاو و سیسارکەی کەوڵکرو/چەند هەنگ و زەردەواڵەی کوژراو بە پەردە زەردەکانیەوەیەتی/بڕوانە چۆن خەنجەر لە جێگایتاواندا دەکەوێت/حەز و ئارەزووەکانم بەکراسی ڕەشی شیتاڵ شیتاڵەوە کەوتوون/هاوەڵەکانم... وەکو وێنەی مرۆڤ لە دەفتەرەکانی منداڵیمدا/هەرچێوەکەیان ماوەتەوە/ڕیخۆڵەکانم.. وەکو مارمالۆکەیان لە هەویر لێهاتووە/جگەرم ڕەنگێکی سووری ڕژاوە/سیەکانیشم بوونەتە دوو مووتاپی پڕ لە فیشەکە/بەڵام هەزار هێندەی ترم لێبێت/بشبمە گەرد، تۆم خۆشدەوێت/ئەوە پەنجەکانمە/چۆن گەڵا دەنرێتە نێوان دەفتەرەوە/بمنێرە نابەینی وەرزەکانتەوە/ئەوە دەستم وەکو تێڵایەکی چڵکن/لافیتەکانتی پێداکووتە/ئەوە پێستەکەم وەکو کاغەزێکی بلوور/نامەی لەسەر بنووسە و قەدیکە/یان وەکو پێستی پڵنگێکی کوژراو بیکەرەوە/کاتێک گەڕاینەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە دوورانەی لە تەشدا خۆماندەشت/ٚبیکەرە پەردە بۆ کچە عازەبەکانت/بیکەرە خاوڵی بۆ منداڵە بچکۆلەکانت/بیکەرە دەستەسڕی بچوک، بچوک، بۆ فرمێسکی کوڕە بێنەواکانت. دەتگووت/وەکو ئەسپێک، تابنهەنگڵ/پێی لە ناو لمدا چەقیبێت/نابزوێم و لەسەر زگ خۆم ڕادەکێشم/بەڵام نمەک بەحەرام نیم.. ڕاستی دەڵێم/ئەو هەڵۆ پیرانەت سەودای فڕینیان پێدامەوە/ئەو پاسارییە بچکۆلانەت فێری قونەیان کردمەوە/وەکو سەگێک لەو هەردانە دوای هەڵهاتووەکانت کەوتبێت/بۆن بە چۆگە و دارستانەکانتەوە دەکەم/وەکو بزنێک بییەوێت گەڵا بەرزەکان بخوات/هەڵدەستمە سەر پێ و بۆنی سینەت دەکەم/بۆ ئەی نیشتیمان.. بۆ؟ /بۆنەکەت بەلێواری مزگەوت و چاخانەکانت ڕژاوە/چۆن بریندار.. تکەی خوێنەکەی خۆی لەسەر بەفر جێدەهێڵێت/بۆنی خۆت لە ژێر پرد و شەقامانە جێهێشتووە/بۆنەکەت وەکو فرمێسک، ڕژاوەتە سەر سوراو و دەستەسڕ و ڕیشی ماشوبرنجی کەناسەکان/بەڵام لەژێر پێست و ئەسفەلت دا بۆی ناگەڕێم/لەژێر برینی شەهیدەکانتەوە بۆیدەگەڕێم/بۆنی شێداری دارستانەکانم ناوێت بۆنی کرۆک و ڕەگە تینووەکانم دەوێت/بۆنی پێست و لەشە سپی و سۆڵەکانتم ناوێت.. ئەو لەشانەی کە شەو و ڕۆژ لە بانوێی عەتردا مەلە دەکەن/بۆنی ئەو خەمەم دەوێت کە وەک کەروێشکە کێویلە خۆی دەکێشێت بە قەفەزەی سینگمدا/ بۆنی ئەو مەمکانەم دەوێت کە بەدەرزی لکاون بەسینەوانێ/بۆنی ئەو مەمکانەم دەوێت کە بە هەرچی هێزە دەیگوشین، بۆ تۆزێک شیر و لێینایەت/بۆنی ئەو ڕانە پەمەییانە حەزلێناکەم/بۆنی ئەو ڕانەم بدەرێ کە بۆنی زۆنکاو و سەرەنویلک و سەر تەنوریان گرتووە/بۆنی ئەو پێیانەی قڵیش هەلاهەلایکردوون/بۆنی چرچی ئەو بێوەژنەم پێبدە/کە بیست ساڵە لەزەت وەکو هەژدیهایەک لە ناوەوە دەیگەزێت و هاوار ناکات/بۆنی ئەو بێوەژنە، لاوازانەی بیست ساڵە، بەیانیان لە پاسێکی کۆندا، ملی کارگە ئەگرنەبەر/بیست ساڵە، ئێواران لە پاسێکی کۆندا، ملی ژوورە کڵۆڵەکانیان دەگرنەبەر/بۆنی قاورمە و هیزە ڕۆنەکەی جارانم بدەرەوە/بۆنی باروتی داداشی چەتەکانم بدەرەوە/بۆنی ئەو بوغردەم بدەرەوە/کە لە شەوانی بەراتدا... دەمانسووتان/هەمووی دەکەمە قەباغی گولـلە تۆپێکەوە و سەر لە نوێ بەسەر شار و ئۆردوگا و قوتابخانەکانتدا دەیدەقێنم/تا بۆنی ڕەزالەتی ژیان کاسیاندەکات/تا بۆنی ئەم دۆزەخە و زەمهەریرە ژیانیان بیردەخاتەوە/ئەگەر کەسیش گوێی پێنەدا/ئەوا دوو داری عود دەچەقێنمە نێو گوێچکەم، هەتا ماوم بێ باک بە زێراب و لیتاو و زۆنگاوەکانتدا دێم دەچم/بیر نە لە ژیان نە لە گریان نەمووچەی مانگانە ناکەمەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدەی نیشتمان (بەشی شەشەم) سەبارەت: نووسین: دارا مجید وەکو کۆرپەیەکی زۆڵ، لە تەنیشت بەرمیلی خۆڵڕێژەکانەوە، دایاننام/وەکو جلکی مەلەوانێکی خنکاو لەو کەنارە دوور دوورانە بێنازکەوتوم/ئەی وڵاتم ئەی قەرەچی بێسەروشوێن/حەزمدەکرد ئازاد بژیم/وەکو دەستەسڕ لە چەکمەجە و دۆڵابەکاندا هەڵیانگرتم/شیتاڵ و پەڕۆی كۆنیان لێوەپێچام، یاریان پێدەکردم/وەڕەزبووم و وەکو گورگێکی بریندار لە ئەشکەوتدا/سەرم خستۆتە سەر دەستم/وەڕەزبووم و برسێتی بێزاریکردوم/وەڕەزبووم و دڵم پڕە لە خراپەت/تۆ بوویت وشە ناسکەکانت لێقەدەغەکردم/ئەو وشانەی وەکو گۆجانی کوێر دنیام پێدەناسییەوە/چۆن گوڵ چەپکدەکرێ و دەخرێتە ناو گوڵدانەوە/چەپک چەپک لەم سەر دەفتەرانە دەمنوسینەوەو کامەران بووم/وەکو تەزبیح دەمهۆنینەوە و بەزمان یاریم پێدەکردن/تۆ نیشتیمانم خۆت بڵێ/چەند ڕەنجمدا.. چەند ساڵانم بێهودە ڕۆی تا فێریان بووم/بەڵام ئێستا دەبێت وەکو هەرمێیەکی نەگەییو توڕیاندەمە ژێر دارەکان/وەکو کۆپەڵەیەکی زێڕ/لەو ئەشکەوتە دووردوورانە بیکەم بەژێر بەردێکەوە/با نەتوانن جارێکی تر هەڵفڕن و بێنەوانێ/با لێمگەڕێن و وەک زەردەواڵەکان دەورمنەدەن/ئیتر بەسە... ئەی وشەی ڕزیویی سەر دەفتەر و کتێبەکان/شادی و ڕۆژانی سەرگەرمیم زۆر لە کیسچوو بە هۆتەوە... /ئیتر بەسە تازە زمانم توڕداوە و قسەشم لەبیر چۆتەوە. ئەی نیشتیمان/بەر لەوەی بڕۆم و بمرم لێتدەپرسم/ئەو پیاو و ئافرەتە ڕەشپۆش و ڕەنگزەردانە ڕۆڵەی تۆن؟ /ئەگەر وایە، دەبێت شیشی ئەو ئاڵا چڵکنەت بگرم بەدەستمەوەو وەکو چیلکەیەکی شکاو لە جەنگەڵدا، توڕیدەم/بەڵام ناتوانی وەڵاممبەیتەوە... ئەی نیشتیمان، تۆ ناتوانیت... دە دووربینێکم پێبدە منداڵیم نیشانبداتەوە/ڕێگای کچانی قوتابخانە و دوو کۆترە تەریوەکەم ببینمەوە/وەرە دەستبدە لەقژم، ئێستاش ترسی ئەو ڕۆژانەم لە دڵدایە، ئاو بردمی و مەلەوانە باریکەلە چاو شینەکە دەریهێنام/ئێستاش ترسی ئەوڕۆژانەم لە دڵدایە/بەفر دەستوپێمی بەست و باوکم و هاوەڵەکانی لە ژوورێکی دوکەڵاوی تەمومژا لە مەرگەوە دەریانهێنام/ئەی نیشتیمان/دەڵێی شۆفێرێکی خەواڵوویت/لە ئاستی حەسرەت و خەممدا باوێشکدەدەیت/بەچی ترسی ئەو ڕۆژانەم لە دڵمدا دەسڕێتەوە/بەچی وەڕەزی سەر مێزەکانی زانکۆ و بێتاقەتی پۆلەکانی خوێندن و باوێشکی ناو پرسەکان لە دڵمدا دەسڕێتەوە... بەچی؟؟! ئەو وەڕەزییە دەناسیت/ئەو وەڕەزییەی وەکو سەیرانکەرێکی قژخاوی بادیهەوا بە تەنیشت درەخت و تاڤگەکاندا تێپەڕدەبێت/ئەو وەڕەزییەی کە لەسەر کورسی چایخانەکاندا بەیانیان چاوەڕێماندەکات/بەهۆی ئەوەوەیە... بیر لە قتیلی داگیرساوی داینەمێت دەکەمەوە لەژێر کۆشکە بەرزەکاندا/بیر لەو جنێوانە دەکەمەوە کە وەکو پووش و پەڵاش لە دەشتەکانی هاویندا لەزمانمدا گۆپکەدەکەن/ئەی نیشتیمان، شیعرەکانم، وەکو دۆسیەی پۆلیسخانەکانی لێهاتووە/پڕێتی لە وێنەی پیاوکوژان و دزی یاخی/ئەوە چارەنووسمە.. چارەنووسی ئەو پیاوانەی کە خەم وەکو'با'بۆ دواوە دەیانفڕێنێ/ئەو پیاوانەی لە ڕۆژگارە دوورەکان و لەژوورە تاریکەکاندا بەسەر تەشتێکدا ملیان شۆڕدەکەنەوە و سەریان دەشت/بیرمانناکەیت کە لە ژێر جێگاکاندا دەگریاین و وەڕەزیش وەکو ڕم دەچەقییە یەر دڵمان/چۆن بمانگرتبایە، لەشمان هەزار دەرگای نهێنی تابوو... لەژێر پێستماندا، لە نابەینی پێڵوەکانماندا لە گیرفانی بچکۆلاکانی ناو سینەماندا/خۆی دەشاردەوە/وەرە سەیری دەست و پەنجەی کچەکانت بکە/کاتێک کە جلکی بوکێنی هەڵدەگرن، بزانە چەندە وەڕزن/وەرە سەیری دەستی کوڕەکانت بکە، کاتێک لە پێش دەم ئاوێنەدا پشتێنەکانیان دەبەستن/بزانە چەندە وەڕزن/وەرە ئەی نیشتیمان/وەرە با پێکەوە بگەڕێین و وەڕەزیت نیشانبدەمەوە/چۆن دوو دڵدار لە شەقامێکی جەنجاڵدا دەناسمەوە/وا لە سەروسماکاندا دەینیاسمەوە/چۆن گوێم لە دەنگی ئافرەتێکە لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە هاواربکات/لە نابەینی تیرقە و قاقاوە گوێم لێیەتی/بەڵام بێسودە ناگیرێت/ئەگەر بگیرابایە چۆن لە داڵان و ژوورە خەمگینەکاندا دوای پاسارییەکان دەکەوین دوایاندەکەوتم/بەڵام بێسوودە و ناگیرێت... بێسوودە/ٚلەسەر ئەو چەرچەفە شینەی بە ئەتەمینی زەرد و وەڕەزیی خوشکەکانم چنراوە/لەژێر درەختەکاندا لێیدەخەوم/لەبری پەڕ، سەرینەکەم پڕێتی لە گەڵای پایز/پڕێتی لە سەرەسۆدە و پەڕەی دڕاوی شیعر/ئا لەویادا دەمرم و لەشم وەکو جلی بۆیاخچییەکان پڕدەبێت لە برینی ڕەنگاوڕەنگ/ئیدی یادی ئەو میللەتە برسییەت ناکەم/کە لەبەر دوکانی بەقاڵ و نانەوا و چێشتخانەکاندا چاوەڕواننن/یادی ئەو کتێبخانە ناکەم/کە هێندە تەماشامکردن، پشتم بەسەریاندا چەمییەوە/وەکو سەرکردە خائینەکان دەمرم/وەکو دزێک هاوەڵەکەی پێکابێتی، سووک و ڕسوایانە دەمرم/هێندە وەک کەو سەرم لەقەفەزەکەم دەرهێنا و ڕوانیمە کۆشکە بەرزەکان/ئەو کۆشکانەی شەرمیان لە چاوە هەوەستبازەکانم نەککرد... تا تووڕەبویت/باشە... با نەمرم/ئیتر سەیری سەیری شەقامە پێخاوسەکان دەکەم ئیتر چاو لە سەرابیتە داڕوخاوەکان دەبڕم/ئیتر نایەمە بەر کۆگاکان و دوکانی سەرسوچەکان دەگرم/بەڵام چۆن دوکانداران لەسەر پشتی زەرفەکانیان، پارە کۆدەکەنەوە/ئازارەکانم کۆدەکەمەوە و بۆتدەنێرم/ئازارە ژەهراوییەکانمت بۆ دەنێرم... فرمێسکەکانمت بۆ دەنێرم/کە هەر دڵۆپێکی سەدان شکستی تیا نوسراوە/خەونەکانم وەکو نەخشەکانی قوتابخانە وەکو فەرشی هەڵگیراو لە هاویندا/لولدەکەم و بە پەیامنێرێکی بێبەرگ و برسی و ڕووتەڵدا بۆت دەنێرم/لە ژوور سەری پادشاکانتەوە هەڵیانواسە/لە ئەنتیکەخانەکاندا هەڵیانگرە و لێیبنووسە، ئەمانە خەمی منداڵێکن لە ڕۆژهەڵات. پەنجەکانم پڕێتی لە وشە و مستیلە و توڕەیی/بێباکم شقارتە بە پێڵاوەکانم دادەگیرسێنم/من پادشایەکی بریندارم، خوێنەکەم بەسەر مەڕمەڕی کۆشکەکاندا هاتۆتە خوار/نەخشە و مۆرە شاهانەکانم هەڵدەگرم و دەڕۆم/دۆسیە و پەڕەی خیانەتەکانم هەڵدەگرم و دەڕۆم/پێڵاوەکانم باشترین سەرینی شاهانەن/جبکەم بدەنە سۆزانییەکی شارەزا/شمشێر و خەنجەرەکانم بدەنە مۆزەخانەکان/دەستگیرانەکانم بنێرنە تیاترۆخانەکان/زوڵمیان دەرحەق مەکەن/لەشیان پێخەفی شاهانە بوو/دەی وێنەکەم لەو دیوارانە داگرن و پارچەپارچەیکەن/بچوکترین عارەبانەی لاکۆڵانان لە کەژاوەکەم پیرۆزترە/منیش بڕیاری خۆمداوە/لەگەڵتاندا، دادەبەزمە سەرجادەکان.. لەگەڵتاندا دەستدەکەم بە خۆپیشاندان/ئەم چ ئاهەنگێکە... بێدەنگی دارستانەکان گوڵ ئاوارە دەکات/بێدەنگی ئاسمان ئەستێرەکان خاپووردەکات/بێدەنگی حەقیقەت باڵندەکان دەکوژێت. ١٩٨٣ ++++++++++++++++++++++