شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: پەیام ئەی ئەستێرە کشاوەکەی دنیای هەستم لە ئامێزی کام ئاسماندا جریوەت دێ؟ وا لەناو سەد چەپکە پرشنگدا و لەم دوورەوە پرشنگی تۆ ئەناسمەوە لەناو یەک ئاسمان ئەستێرە و دنیایەک تیشک و ڕووناکی و دەنگ و ڕەنگدا ئەی ئەستێرە کشاوەکە، ئەتناسمەوە. خۆت لە ڕووبار مەشارەوە تۆ منداڵی ئەم مەڵبەندەی هاژەی چەم و خوڕەی ڕووبار دەنگی چرپەی سەوڵی دڵدار ئاشنا و ڕوشنای دەروونی تۆن خۆت لە ڕووبار مەشارەوە لەگەڵ یەکەم پەڵە هەوردا بەسەر سنگی زەوی خۆتا داکەرەوە داکەرەوە... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلبۆمی ڕەش لەگەڵ هەور و تاریکیدا، یادت ئەکەم لەگەڵ خەم و هەژاریدا، یادت ئەکەم لە کاتێکدا دەنگی بولبول ئەتۆرێنن بەختەوەری ئەشەمزێنن یادت ئەکەم... بڕوا مەکە لە یادت کەم هەتا هەور و خەم بمێنێ هەتا بولبول سەری شێتی خۆی هەڵگرێ گەردەلوولیش بیخنکێنێ تا ئەو کاتەی بەختەوەری بە شەرمەوە سەر هەڵبێنێ بیرەوەریی تۆی بێوەفا پێڵووی چاوی من تەڕ ئەکا بڕوا مەکە لە یادت کەم سنگم دەفتەرێکی ڕەش بووی بیرەوەریی خەمناکییە مەلی خەیاڵ، هەتا بەیان لەناو سەرما ئەجریوێنێ هەتا خەم و... تا هەژاری هەر بمێنێ وشەکانم لە باوەشما مەمکەی هەستم، لە دەمیانا هەتا هەتا هەر ئەمێنێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی عاشقە لووت بەرزەکە ڕۆیشتیت و وات ئەزانی لەدوای تۆ ڕۆژ نابێتەوە هەوری تاسەت لە ئاسمانی شیعرەکانم ناچێتەوە؟ خۆتت بە چی هاتە بەرچاو؟ تیشکی هەتاو؟ فێنکاییی ئاو؟ هیچیان نەبووی بۆیە زەویی خۆشەویستیم بەبێ تۆش هەر پڕ بەهرەیە دەمی شیعرم پر خەندەیە ئەی عاشقە لووت بەرزەکە دڵنیام گەر جارێکی تر ڕێت بکەوێتە ئەم ناوە لەبەر گرشەی پێکەنینما خۆت ناگری لەبەر چاوی حەپەساوی بێبەزەتدا ئەو ژنەی وا دڵیت ئەکرد بە ژێرسیغار چرای چاوی هیواکانی داگیرساوە و لە دووریی تۆ قەد ناگری. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارانێکی ڕەش ڕەنگە ئێستا، خۆشەویستیی منت لەلا وەکوو خەوێک بێتە بەرچاو وەکوو مۆمێ کە چەند شەوێ لە ژوورێکی بچکۆلەدا، داتئەگیرساند بۆ ماوەیەکی کەم خایەن تابلۆی ژیانی داهاتووت پێ ئەنەخشاند دیارە ئەوینی من لەلات وەک جگەرە هاتە بەرچاو، لەدوای کێشان سووتووی عومرم، لەژێر پێتا پێشێڵ کرا... ! یان وەک پەڵە هەوری بەهار سوارکارێ بووم بۆ ماوەیەکی کەم خایەن دام لە بواری ئاسمانت لە دواییدا لە ئاسۆتا سوور هەڵگەڕام بووم بە پەڵە و بەسەر سیمای خۆشەویستی و عەشقەکەتدا دیاری کرام! وا ڕۆیشتی بێ ناونیشان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بزەیەکی تۆراو تۆ ئەزانی شەوگار لە حەیفی خۆرەتاو، دڵی پڕە بۆیە مانگ و ئەستێرەکان، هەتا بەیان لەناو سەریا دێن و ئەڕۆن... هێشتا خەمین و دڵ پڕە؟ بۆ گوڵەباخ سیس ئەبێت و بەدەم باوە ناشنێتەوە؟ ! ئاخر بولبول، بۆ ماوەیەکی کەم خایەن لەسەر چڵە لەو دەمەشدا، کە هەڵئەفڕێ... هیوای دواڕۆژ، بڕیارێکی سارد و سڕە. کە تۆ ئەڕۆی، شەوگاری من ڕەش و مۆنە گوڵی هیوام بێ چرۆیە، بۆنی نایە. مەلی بیرم شاباڵ قرتاو... لەش خوێناوی هیوای دواڕۆژ لە تاریکی و هەورا ون بوو کۆرپەی عەشقم بزەی نایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیرەوەری کە شۆڕەبی پرچی خاوی باوەشێن کەر ئەکاتە پەیکی نامەبەر گوڵاوی ماچێکی شیرین، ئەکاتە دەم خاکی دڵبەر... کاتێ هەتاو ملوانکەی زێڕ، ئەکاتە مل شاخی یاخی بە دەم سروود و گۆرانی و هەڵپەڕکێوە کراسێکی زەرد و سووری ئاودامانی ئەکاتە بەر... دڵی خۆزگەم بە ئاواتی گوڵێکەوە دائەخورپێ لە ئێوارەی زستانێکی کپ و مۆندا تکەی ئاونگی تەنیایی تکایە سەر گۆنای ئاهەنگی هەڵپەڕکێ پرچی کاڵی تاسەکانی، بوون بە دەستماڵی سەر چۆپی دڵی تەنگی بوو بە خەڵاتی کێبەرکێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێزاری سەبارەت: وەیتەلووس قەراڵێکی ڕۆم بوو کاتێ لە مەیدانی شەڕدا لاشەی «ئۆتۆن»ی ڕەقیبی خۆی بینی کە بۆ گەنی کردبوو بۆنی پێوە کرد و وتی: بۆنخۆشترین بۆنی دنیا بۆنی لاشەی گەنیوی ڕەقیبە. ئەی شەوەزەنگ وەختە منیش وەک «وەیتەلووس» لاشەی گەنیوی «ئۆتۆن»یت بۆن بکەم و بڵێم ئۆخەی. وەختە شووشەی عومرت بشکێ هێندەی نەماوە ببمە گڕ چڕستانی پڕ لە کینەت بسووتێنم ببمە لافاو، جەڵغەی دەروونت ڕاماڵم زۆر لەمێژە دەروونی من لە عاستی تۆ پڕ لە قینە هەناسەی من ئاگرینە هێندەی نەماوە، وەک هەڵۆ قەلەڕەشکەی نامۆییی تۆ لە دارستان بتارێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەختەوەری هەوڵم ئەدا بتناسم و بتناسێنم کەوشی پۆڵا و گۆچانی ئاسن بە دەستم کۆڵان، گەڕەک، شار و لادێ نەما بەشوێنتا نەگەڕێم کەسێ نەبوو ناوونیشانێکتم بداتێ. دەشت و چۆڵ و چیام بڕی تۆم هەر نەدی. زەریاکانم بە هەناسەی گڕ تێ بەر بووم کرد بە هەڵم و، چیم تیا نەدین. خەمبار، ماندوو، دڵ پڕ ئازار لە خەمی هەژاران و برینی جەستەی زامداران ورد بوومەوە هەموو تێکڕا پێم پێکەنین: «بەختەوەری؟ ! ئەوەی بەشوێنیا ئەگەڕی منداڵێ بوو بە ساوایی سەریان بڕی.» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڵگە دڵم بوخچەیەکی کراوەیە ئەمەی هەیە لە ڕواڵەتدا... هەر ئەوەیە گەر ئەمزانی تەمەنی خۆشەویستی لات هێندە کورتە و مێهرەبانی جوانەمەرگە، گە ئەمزانی، وشەکانم ئەکەی بە ئەڵقەی زنجیر و شیعرەکانیشم بە بەڵگە و، قەد نامناسی و بە پرچی خۆم هەڵمەواسی دڵم ئەکرد بە مجری پۆڵا و ئاسن بەڵام داخم، درەنگ زانیم دەمامک و درۆ و خەندەی بێ ناوەرۆک میراتی عەشق و هەناسەی ئەم سەدەیە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جگەرە لەبەر چاوم وەک جگەرەی داگیرساوی بە ڕواڵەت سپی و سۆڵ و لەش ڕێک و پێک نێوچاوان گەش لە دەروون نوقمی زووخاوی ئەتناسم و... ناتناسمەوە شێوەت ئاشنایە خۆشەویست دەستت بدە بە دستمەوە بێ با بڕۆین بەسەر ڕێگای بزمار ڕێژدا بە سەر سنگی زەویی تینوو بەنێو نزاری ڕوو بە ئاسمان دەس هەڵبڕیو لە دڵتەنگیی ئێوارەدا ڕێگا ببڕین بەرەو هەورێکی نەباریو لە ئەوێ تۆ چرای سەرت جارێکی تر داگیرسێنە منیش لەبەر تیشکی چاوت جگەرەیەک. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەو چیت گەرەکە بۆ ڕێم نادەی ئەو پرچە شینانەی دەریا دابهێنم بۆ چی بوویی بە دایکم و ناهێڵی ئەم خاکە جوانە ماچ بکەم و خۆشەویستی بۆ مەلی ماندووی ئەندیشەم بکەم بە دان و هێلانە تا کەی هەوری دوودڵیی تۆ ئەم ئاسمانە جێ ناهێڵێ تا کەی... تا کەی دەستی ڕەشت لەنێو سنگی ئاواتمدا هەر تۆی نامۆیی ئەچێنێت دە وازبێنە... دە تۆ خوا ئیتر وازبێنە با دەس ببەم ئەم تۆزانەی شانی چیا بتەکێنم دەس هەڵبڕم ڕوو بە شنە ڕایوەشێنم بە لەپی دەست ماچ بنێرم بۆ خۆرەتاو دە ڵێم گەڕێ با دەم بنێمە دەمی ئاو تینوویەتی زمانی شکاندووم ڕێگام بدە ئەم پەنجەرە بکەمەوە هەناسە بەم ئیتر هەوای ناو ژوورەکەم بۆنی بێکەسیی گرتووە ئیتر پێنووس و ژوورەکەم لە یەکتر جیا ناکرێنەوە ڕەش هەڵگەڕام دە وازبێنە، دەستت لەسەر بینم لابە *** دائەچڵەکێم «ئای لەم خەوە نازانم بۆ جار نە جارێ ئا لەم خەوانە ئەبینم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ تەرح ١- جەنگەڵ کوڕە مەکە هۆ باڵابەرز بەس ئەو چاوە سەوزانەم لێ بقرتێنە وا ئەبینی... خولیای ئەم خەونە سەوزانە گیانمی کردووە بە داستانی عەشق و جەنگەڵ دار و زەریا ٢- بەهارێکی کەم تەمەن ئەم بەهاری خۆشەویستی و گوڵبارانی وشەی جوان و بزە و نیگا بە کوێ ئەگا؟ ... هەرچەن ئەکەم دڵی سەد جارە شکاوم بە تەمەنی ئەم بەهارە بڕوا ناکا! ٣- جێم مەهێڵە بەو چاوانەت داهاتووم لەدوای چاوت شەوانێ زۆر بۆ چرایەک دائەمێنم تۆ خوا مەڕۆ بەو چاوانەت داهاتووم دوای تۆ چلۆن بە ڕۆژیش ئەستێرەم ببێ مەڕۆ... مەڕۆ لە ڕۆژی ڕەشم مەتۆرە من ئەستێرە و چرای ڕوونم زۆر خۆش ئەوێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێتار دڵی تەنگم سێتارێکە کاتێ پەنجەی خۆشەویستیت تاڵی کەزیەی تاسەکانی ئەبزوێنێ لەو ساتەدا، یادی دووریت دڵی ماندووی ئەلەرزێنێ ئاوازی خەم لێ ئەدات و پڕ بە زاری شیعرێکی نوێ ئەچریکینێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەمای مەرگ سەبارەت: بۆ هەڵەبجە باوەشم کرد بە باڵای خەمەکاندا و توند توند بە خۆمەوە نووساندن یەکە یەکەی ئەو خەمانە باسی تۆیان بۆ ئەکردم. ئەوەی کە باسی کوێر بوونی چاوی کردی ئەوەی کە باسی تینوویەتی ئاوی کردی ئەوەی وتی: سووتای، سووتای، ڕەش هەڵگەڕاو لە مێژوودا وەک تانە، وای بە نێوچاوی جەلادەوە بۆ ئەو کەسە خاوەن بیرە ئاڵای... ئاڵای. دوایین کاتی هەڵقرچان و هەڵلەرزین و سووتان گەیشت باوەشم توندتر کردەوە خۆشم سووتاند. خەمەکانم بەسەر کڵۆ خەڵووزی لەشما سەمای مەرگ و کۆڕی شیوەنیان ئەگێڕا بڵێسەیان ئەخستە نێو دارستان و لەو دەمەدا! ئەرێ... ئەرێ لەو دەمەشدا خێرا... خێرا مژدەی بەیانیان ئەهێنا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعرەکانم قەیرە کەوتوون نازانم شەو بۆ پیر نابێ نازانم شەو بۆ پیر نابێ ئەو بسکانەی هەتا دێ هەر درێژ ئەبێ چەند حەز ئەکەم چەن تاڵ قژی سپی بکات هەڵیکەنم زیاد بکات ئەم خاتوونە باڵابەرزە ڕەشپۆشە بۆ قەد پیر نابێ؟ ! نازانم... نا دایکم سەری سپی کرد و هەرچەن خۆیشم ڕۆژی چەن جار لە خومی ڕەش هەڵئەکێشم لە بەرەوە تاڵ تاڵ قژم سپی ئەکەم چەن چاوەڕێی بەیانم کردبێ چاکە؟ ... چەن جار خەوم بە پەنجەرە و خۆرەتاوەوە بینیبێ؟ ... چەن بە خەیاڵ کراسی تیشکم پۆشیبێ؟ ... چەن ئەستێرەم دابێ لە لاجانی شیعرم؟ ... بەڵام هەرگیز نە بەیان هاتە ماڵەکەم نە پەنجەرەم کرایەوە نە خۆرەتاو دەرکەی ئازارێکی لێ دام باڵام بوو بە چەپکێ تیشک و شیعرەکانم کز ئەنوێنن نازانم شەو بۆ پیر نابێ شیعرەکانم قەیرە کەوتوون ڕۆژی چەن تاڵ قژە سەریان سپی ئەکەن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی هەژار ئەمساڵ نەورۆز وەک پار نییە وا نەورۆز دێ و شاخ، دارستان دائەسپارێ کانی و ڕووبار، وەک ساڵی پار، گوڵاڵەکان بکەن بە ئەڵقە و ملوانک بۆ مل کۆسار زۆر بە پڕتاو، نامەی دڵداری ئەنێرێ بۆ لای هەتاو دستی بە سەر خاکدا دێنێ بە هێمنی ئەیدوێنێ کەچی ئەمساڵ وەک پار نییە کانی و ڕووبار دەمیان وشکە و هەتاو تینی پێ نەماوە خاک دڵ پڕە بۆ کۆچی یار بۆ کۆچی مامۆستا هەژار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێوەت ئەکەم ئاسمانێ بووی پڕ لە ئەستێرەی ڕوون و گەش ئێستا لێڵی... ، ئێستا مۆنی خەیاڵی تۆ، بۆ پرچی ئالۆزاوی من شانەیەک بوو ئێسگەی حەوانەوەی حەز و تاسەکانم دەستەکانت پڕ لە دیاریی متمانە بوون کە بیری تۆ، وەکوو جەردە ڕێگای هەناسەمی ئەگرت کوڵمەکانم دائەگیرسان بەڵام، ئێستا، دەستەکانت بۆنی بێگانانی لێ دێ «بۆن دێ بۆن دێ... بۆنی کێ دێ... ؟» لێم ببوورە کە ناتناسم نازانم تۆم لە کوێ دیوە شێوەت باش دێتە بەر چاوم بەڵام... نیگات، تینی دەستەکانت کوانێ؟ ! قەد وەکوو جاران نەماوی نا، ببوورە من ناتناسم... تۆ کێوێکی بەسەر ڕووباری تاسەما داڕووخاوی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو - بەیان - بروسکە سەبارەت: بۆ هەڵەبجە (١) دیارە ئەمشەو زۆر دڕێژە چارشێوی ئەم کەنینە تاڵ و سامناکە بەم زووانە لەسەر شاخ و کانی و درەخت داناکەوێ چارشێوی ڕەش شەوانە هەرچی چارشێوە ڕەش ئەنوێنێ سوور بێ... یان زەرد، سپی... یان ڕەش ئەمشەو لە دوا کاتەکانی چاوەڕوانی و خورپەکانما بۆ جارێ تر سەرم کێشایە کۆڵان و چاوم لێ بوو... دەستێکی ڕەش بە ئەسپایی ئەهاتە پێش... هەرچی بەر پەلی کەوتایە، لە سوور... لە ڕەش بە پەلە دەرکەکەم داوە لێ مەخابن نازانم چۆن چۆنی خۆی خستە ژوورەوە ئێستاش لە ئەیرە هەر وەکوو کتکە نەفتینە هەر خەریکە خۆی لە دار و بەرد و دیوار و پەنجەرەی نووستوو هەڵئەساوێ. بڵێی بەیانی ژوورەکەم سپی... یان سوور زەرد بێ... یان ڕەش؟ بڵێی بەیانی ژوورەکەم چ ڕەنگێ بێ؟ ! (٢) چ شەوێک بوو دار و دیوار و پەنجەرە و پەردە نووستوو تەنیا خەمێک خەو لێ زڕاو بە خەبەر بوو لەنێو پێخەفی ئازارا ئەتلایەوە دەستی لەنێو قژیان ون بوو چەن تلی دا و باڵنجەکەی ژێر و ڕوو کرد خەو هەر نەبوو بەیان خۆی کێشا ژوورەکەی دەستی بە ڕوومەتیا هێنا بەئەسپایی برووسکەیەکی ئاشنای لەسەر باڵنجەکەی دانا (٣) «ڕێز و سڵاو... لە بیرت بێ ئەمشەویش مۆم داگرسێنە سووچی پەردەکەت لابدە و لەپشتی پەنجەرەی دانە ئەمشەو منیش هەر لەو ساتەی هەمیشەدا دێمەوە بەر پەنجەرەکەت هەر بەو سۆزە لە حەیرانێ ئەچریکێنم دار و بەردی کۆڵانیش بە خەبەر دێنم لە بیرت دێ، پیشتر، ... زۆرتر، بەر لەو کاتەی لە دوا ژوانگەی هەنگوینی نیگاکانمانا وەکوو تیری نێو تاریکی لە پشتەوە بمانپێکن چۆن چۆنی دەستت ئەهێنا بە سەر قژی خەونەکانما دەستی تەنیاییت ئەگوشیم ئەی شاژنی وڵاتی خەم پەژارە ئەی تەواری سەوداسەری ڕووناکایی لە بیرت بێ ئەمشەویش مۆم داگرسێنە کۆرپەی بێ ئارامی تاسەم، بە چیرۆکی هەمیشەییت بلاوێنە.» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهید ڕۆژێ هەرد، و گوڵ، و درەخت و مەل لە قوڵپی گریانی هەتاو سەریان سووڕ ما گوڵ چارشێوی دا بە سەریا هەموو تێکڕا چوون لەگەڵیا چوون بۆ لای خۆر... چاک و چۆنی؟ ... چی قەوماوە؟ خۆر هەناسەیەکی هەڵکێشا و دەستی بۆ دۆڵێ ڕاکێشا لەو دۆڵەدا، لە باوەشی گوڵجاڕێکا ڕەوە ئەسپێکی سم تەڵا نۆمایەکیان هەر بە یاڵی خوێنینەوە لە سەر سنگی خاک ڕاکێشا هەردە و کێو و گوڵ و گیا هەموو گریان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عیشقی پیرۆز لە چی ترسای؟ لە چی تۆرای؟ بۆچی ڕووی خۆتت وەرگێڕا؟ وات ئەزانی دارستانی بەژنی جوانت ئەسووتێنم؟ کۆشکی بەرزی خۆشەویستت ئەڕووخێنم؟ ڕاستە گیانە، پشکۆ و بڵێسەی ئاگرم هەرەسی بەفری تاسەم و چاوەڕوانی هاوار و گرم و هۆڕ ئەکەم. ڕاستە گیانە، هاوارێکی زۆر بەرزم و ملە و زریان و لافاویش چاک ئەناسم! بەڵام، بەڵام خۆ تۆی ئازیز، ئێجگار لەوە باڵاتری دەستی زریانت پێ بگات... هەرەس بتکا بە ژێرەوە... خۆر بتوانێ بتسووتێنێ... شەپۆڵ یاریت لەگەڵ بکات. تۆ سروودێکی تازەیت و لەسەر لێوی ئەم وڵاتە ڕۆژی بە هەزاران کەڕەت ئەتخوێننەوە تۆ ئەو عەشقە پیرۆزەی وا شەو تا بەیان بەیان تا شەو لە باوەشی گوڵجاڕێکا، پرچی جوانی دائەهێنی و خۆشەویستی، لەناو کوورەی دڵی پاکتا ئەتوێتەوە. لە چی ترسای هەرچی دەماری ناو دڵمە، هەڵیکێشن ناتوانن... نا... خۆشەویستیت لە بیر و مێشکم دەرکێشن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەشقی سووتاو کچێکی جوان خەونەکانی دابوو بەسەر دەفەی شانیا و ترپەی هەنگاوی بێهێزی لە کۆڵانی بێدەنگییا ئاوازێ بوو خەونی شاری تێکەڵاوی گڕ و خولیا و تاسە ئەکرد. هەر ئەو کچە ئەلبۆمێکی پڕاوپڕی بیرەوەریی لەگەڵ خۆیا شەقام شەقام ئەگەڕان و نیشانی خەڵک و خوای ئەدا چەپکە ڕەیحانەی چەند نامەی فرمێسکاوی بە دەستیەوە... سەرتاپا ڕەش لەبەر دەرکەی هەموو ماڵێ ڕائەوەستا توند توند لە دەرگاکەی ئەدا... نامەیەکی ئەهاوێشتە ئەو دیو درگا... بۆ بەیانی هەموو خەڵکی نێو شارەکە ڕەشیان پۆشی وەکوو بیستم کەس ئەو کچەی نەناسیبوو بەڵام ئازار و هەناسەی دوو بەیانی و سێ بەیانی و بگرە زیاتر لەنێو شاردا هەر مایەوە ***ساڵ تێپەڕی... سێ، چوار، پەنج، شەش شار بە دەگمەن ئازارەکەی بە بیردا دێ کچەکەمان ئێستا دایکێکی ڕەشپۆشە هەرچی شەوە بە یەک چیرۆک، هەر یەک چیرۆک منداڵەکەی ئەکاتە خەو بەڵام هەرگیز ماندوو نابێت چیرۆکەکەی قەد کۆن نابێت ***هەبوو نەبوو لە وەرزێکی قات و قڕی سۆز و عەشقدا کڵپەی گڕێکی پڕ لە سۆز پرچی تاسە و ئاواتێکی کرد بە دەستمالی سەرچۆپی. دەوریان گرت و پێشێلیان کرد خەڵووزەکان پڕ بە دەمیان هاواریان کرد خۆشەویستی... خۆشەویستی. هەر ئەو شەوە تاسە هات و چەپکە ڕێحانەی عەشقەکەی بە نێو شاردا بەخشییەوە. ***دوای شەش ساڵان هەواڵێک هات: «کڵپە دیسان داگیرساوە» دڵی تاسەش داچڵەکا «بڵێی ئێستا خۆشەویستیی منی ماندووی لە بیرمابێ؟» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەشقی نەفرینی ئەو ئێوارە لەسەر هەورە چڵکنەکان پەیمانمان بەست بۆیە شەویا تا بەیانی قوڕ ئەباری و چی وەنەوشەت بۆ هێنابووم بوون بە ژێر لافاوی جەڵغە و تاریکییەوە باش دڵنیام ئەو ئێوارەی ئەو دوو دەنکە ترێت پێ دام دزیەتی بوو. بۆیە شەویا هەتا بەیان هەر ژەهری سەوزم هێناوە ئەو ئێوارە شار بۆنی تاوانی ئەهات من شاژنی وڵاتێ داگیرکراو بووم کەس ڕێزی لێ نەئەگرتم نەفرەت... نەفرەت هەر نەفرەت و بێزارییان خەڵات کردم خۆشەویستیت تاوانێکی زۆر گەورە بوو دەریایەکی بێ ئارام و ڕەشەبایەکی بێ بەزە نازانم چۆن نازانم بۆ شانم دادا خۆم دایە دەست شەپۆلەکان پرچم کردە دەسماڵی سەرچۆپی دەستی ئەم ڕەشەبا لەو ئێوارەوە تا ئێستا ڕۆژی سەد جار شەپۆل و با ئەمهێنن... ئەمبەن شەپۆل ئەمخاتەوە کەنار ڕەشەبا هەڵمئەگرێت و ئەمداتەوە ڕۆژێ ئەبم بە مرواری بەڵام ئەوساش ئەو دوو دەنکە ترێی بۆت دزیبووم وەکوو تانە بە سەرمەوە هەر ئەمێنن سەردەمانێ ئەبن بە ئاوێنەی عیبرەت بۆ بەڵگەی عەشقی نەفرینی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاڕێ هەر دێیت و دێیت ئاگام لێتە بە پێدزکێ و هەندێ جاریش بە ئاشکرا ڕێگا ئەبڕیت بەڵام ناگەیتە ئەو شوێنەی بە یەکجاری عوقرە بگری و پشوو بدەیت کەی ماڵ و سامانم لێت ویست کەی تەلار و کۆشک و قەڵا زێڕ و مووروو... حاشا، حاشا. بە چاوی خۆت سەیری دنیای بیرم ئەکەی ڕێگای عەشقم بە گەزی خۆت ئەپێویت و دوایی نایەت بە دەسترەی شڕی بیرێ کۆن سەر چاوەکانت بەستووە هەتا ئەژنۆ لە لیتەی نامۆییی خۆتا هەڵچەقیوی هەر پەل ئەکوتی و چنگ لە بۆشایی توند ئەکەی هەر پەل ئەکوتی و تراویلکەی ئەوینەکەت لەسەر دەریای ئەم شەوەدا ئەتەقێت و ئەتوێتەوە. دەنگت لە ئاوازی ژینا ون ئەبێت و ناگاتە کەس شوێن چی کەوتووی... بۆ کوێ ئەڕوێ ئەوەی ویستم لە دڵتایە و لێ ون بووە ئەم ڕێگایە ناگاتە جێ ژوانی عەشقم لاڕێ ئەروێ... لاڕێ... لاڕێ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لووتکە سەبارەت: بۆ هەڵەبجە «دیسانەوە مۆتەی دوژمن بە پێکەنین چاوی هیوای گوڵ ئەشۆرێ دیسانەوە دەستی ڕەشی کیمیاوی خۆی بە ڕوومەتی شاخدا دێنێ دیسانەوە، قات و قڕ بوو بزە و کەنین» *** کامە زامت خۆش کەمەوەئەی خوشکە دڵ سووتاوەکەم بە کام زمان بتدوێنم هۆ دایکە جەرگ بڕاوەکەم پرچی ئاڵۆزی سەرشانت بە کام شانە دابهێنم خەم و تاسەت، بەکام لاوک و کام هۆرە بلاوێنم؟ ! *** ئەی خوشکەکەمتۆڵەی ئەوینی سووتاوت دار و بەردی زەوت کراوت بە کام کێردی دەم خوێناوی بۆ بسێنم؟ ئەمە یەکەم جاری نییە کە ئەم گورگە دەم خوێنینە دەروونی وک ژووری شێدار شیری سەر ملی ڕووتەڵە و هەژار دایکی دێوی نەزانین و هەڵە و فریو دێت و تیتل و بیبل ئەخوات شیری مەمکەی شاخ وشک ئەکات، بزە و شادی لە دارستان لە چیمەن و دار و بەرد و ڕووبار ئەدزێت هەر وەکوو دز، وەکوو جەردە! سەر ڕێگا بە بەهار ئەگرێت. *** ئەی خوشکەکەم هۆ ئاوارەی وڵاتە سەر شکاوەکەم دەیان شەوە شیعرەکانم، وەک مناڵێکی زۆر برسی مەمکەی وشکی خاک هەڵئەمژن دەیان شەوە مۆم و پێنووس و ژوورەکەم مانیان گرتووە دەیان شەوە، خەو لە چاوم نەکەوتووە بەڵام... بەڵام ساتێ نییە خۆم نەبینم بە لووتکەوە خەمەکانم نەدەم بەدەم برووسکەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانگ و زەریا سەبارەت: بۆ شیعری مانگ و دەریای شێرکۆ بێکەس با شەو بڵێ: لەگەڵ ئەستێرە پێک هاتووین هەتا بەیان لەگەڵ شاژنی ئاسمانا دەستە ملانم! من جارێکیان بەو دوو چاوەی خۆم مانگم دی لەگەڵ زەریا پەیمانی بەست لەسەر سنگی شەپۆلێکا خەوی لێ کەوت... بەرەبەیان بەر لە ئەوەی هەتاو بێت و لەگەڵ یەکدا بیان بینێ ڕازی عەشقیان بە گوێی شاخا بچرپێنێ بە هێواشی دەریا، مانگی لە خەو هەستان لەگەڵ پۆلێ ئەستێرەدا گەڕانەوە نێو باوەشی ڕەشی ئاسمان زەریا گریا دەنگی ناڵەی خۆرەتاوی لە خەو هەستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرگی هەتاو کاتێ گوڵێک هەڵئەوەرێ بولبول ئەگری، لەو کاتەدا، هەتاو ئەمرێ، دنیا بەرگی ڕەش ئەپۆشێ. ڕووبار ئەمرێ، زەوی دڵی شەقار شەقار، لێوی وشک هەڵئەگەڕێ تۆ نەتدیوە چۆن خۆڵ ئەکا بە سەر خۆیا؟ ! *** بۆ مردنی هەر دڵدارێ، دڵدارێکێ دڵ پڕ ئەگری و لە سەر گڵکۆی خۆشەویستی تاجەگوڵینە دائەنێ، بەڵام کاتێ دڵی من مرد، کەس نەیزانی کەس لە پرسەی دڵی مندا فرمێسکێکی هەڵنەوەراند دەستیان گرتم، لاشەی بێ دڵی منیان برد هەڵیانپەڕاند ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەزاری بێ ناز سەبارەت: پێشکەشە بە ڕۆحی ئەو کیژەی هیچ کەس بۆ تەنیا جارێ نەچووە سەر مەزاری ئەی ئاشنا تۆ نامناسی؟ ! منیش وەک تۆ خەڵکی وڵاتی گریانم خەم و فرمێسکن یارانم دەستی منیش بر لە تۆیشووی تەنیاییە، دڵم تەنگە سەرم شێتی سەودایەکی شەیداییە هۆ ئاشنا دەستی تەنیاییت ئەگوشم تۆ و شۆڕەبیی حەوشەکەمان زۆر لەمێژە سەرتان بۆ من داخستووە بۆ وەی پرچتان دابهێنم بانگم ئەکەن... ناوم ئەبەن ئەتانەوێ تەنیاییتان بڵاوێنم من نازانم خەمی خۆم و خەمی ئێوە و خەمی دنیا بە کام هۆرە؟ ... بە کام لاوک، بتارێنم؟ ئێستا زانیت؟ من شاعیرێکی ئاوارەم لەوانەیە دەستم نەڕوا لقێ گوڵت بۆ بهێنم کێل و بەردی سەر مەزارت بڕازێنم لەسەر خاکت هەر بەتەنیا بۆ بێکەسیت شیوەن بکەم بەڵام ئەم چەن دێڕەت وەکوو دیاری بۆ ئەهێنم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەڵێ ئەڕۆم دەریایەکی تووڕە بووم و کاتێ کەنار ئامێزی بۆ ئەگرتمەوە شێت ئاسایی دەستم لە ڕوویەوە ئەنا خەمێکی قووڵ لەنێو سەرما پەنگی ئەخواردەوە وەک مار لەناو دڵما پەپکەی ئەکرد هەتا ئەهات تارماییی خەم بە ڕووی چاوەکانما ئەهات لەو ڕۆژەوە سنگت نا بە سنگی شەپۆلەکانەوە دەستت کرد بە سێبەر بۆیان باڵات کرد بە قەڵا و لەمپەر خۆشمویستی خۆشەویستیت بوو بە ئارام بوو بە کەنار مەڵێ ئەڕۆم ئەم قەڵایە مەڕووخێنە چرۆی هیوای شەپۆلەکان مەوەرێنە مەڵێ ئەڕۆم دەریا لە خۆت مەتۆرێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسیار سەرپۆشە شڕەکەی دایکم دەسبەرداری سەرم نابێ و ئەڵێ: «من هی داپیرەتەم» ڕەنگە ئەویش لە داپیرەی خۆیەوە بۆی بە جێ مابێ سەریشم پەنجەرەی تاقبازی بەرەو ئاسمانە حەز ئەکا ڕۆژان میوانداریی هەتاو بکات و شەوانیش مانگ و ئەستێرە. چاویلکەیەکی قەترانیش لە دایکم بۆ ماوەتەوە ئەڵێ: «دنیا هەر ئەمەیە تۆ ئەیبینی» لەگەڵ هەر گرمەی هەورێکا، قارچکی سەد پرسیاری دووپات و تازەش لە چاوانما هەڵئەتۆقێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسە پێکەنین و بزەی شادی ماوەیەکە لەسەر لێوی وشەکانی من تۆراوە فریشتەکەم دڵسووتاوە هێشتا کۆستی شیعری پێشووی سەر بڕاوی لە بیرماوە... کە ئەو شیعرەیان سەر بڕیم فریشتەکەم پڕ بە دڵم زریکاندی پڕ بە ناخم خەمی بۆ خوارد ئای کە چەندە گوڵی بۆ سەر مەزاری نارد فریشتەکەم هێشتا بەرگی ڕەش ئەپۆشێ هێشتا ڕوومەت هەڵناگرێ هەرچی ئەکا شیعری تری بۆ ناوترێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامۆژگاری لەو کاتەدا شۆخە کچێکی نازدارت کرد بە بووکی ناو ژوورەکەت دەخیلت بم، ئاگات لێ بێ بۆنی پەنجەکانم نەکات، لە گوڵدان و لەسەر تاق و پەنجەرەکەت. کە پێی وتی: «بۆنی تۆ گوڵێکی هەڵوەریو دێتە لووتم» بڵێ: «گیانە، دڵنیابە، جگە لە تۆ، گوڵێک نییە لەم جیهانە» نەکەی ناوی من بهێنی بەختەوەری لە ژوورەکەت بتۆرێنی! ئەگەر هاتوو ژنێکت دی بەژنی بە خەم داپۆشیوە چاوانی کز و خەمبار لێوەکانی وشک هەڵگەڕاو بە شێوەیا یادت کردم دانەچڵەکی نەڵێی وێنەی ئەم هەژارە لە ئەلبۆمی ڕابردووما یادگارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەڕوانییەکی خۆش ئەڵێن گوایە هەموو شەوێ سەردانی ئەم شارە ئەکات گوێ بە دەرکەی زامەکانمانەوە ئەنێ لەسەر پەنجە دانە دانە جێمان دێڵێ خۆم نەمدیوە بەڵام ئەڵێن باڵای بەرزە وەکوو تاسە نێوشان پانە وەکوو خەفەت چاوانیشی وەکوو هیوا پڕ بریسکە سمێڵ ڕەشێکی قەترانی وەکوو شەوانی تەنیایی و چاوەڕوانی دەستی بە زەبر و توانایە زەردەخەنەی لێویشی پڕ لە مانایە نەشمدیوە و خۆشم ئەوێ شەوان چرکە لە خۆم ئەبڕم چاوەکانم بە بسکی خاوی مانگەوە هەڵئەواسم بەڵکوو بێت و ئەمجارەیان گوێ بۆ چرپەی ڕازەکانی من ڕابگرێ دڵنیام گەر تەنیا جارێ خاتوونی ئازارەکانی من ببینێ جێی ناهێڵێ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چیرۆکی شەو کە شەو دادێ مەلی شیعرم، لارە لارە... بەرەو هێلانە دێتەوە... شەوان درەنگ... لەو کاتەدا شار و لادێ چارشێوی ڕەش بەسەر زامەکاندا ئەدەن برینەکانم دێنە سوێ خەو لە پێڵووی چاوەکانم ئەتارێنن هەتا شەفەق لەناو کونجی شەو داگرتووی تەنیاییمدا میوانێکن، دڵشکاوان ئەلاوێنن... هاوڕێی قاچاخ، نزیکترین هاوڕازانم، دەست لە ملی وشەکانم ڕچەی نامۆیی ئەشکێنن... کە شەو دادێ... مناڵانی بێ وڵاتی برسی و تینوو عاشقانی لێک دابراوی پڕ لە تاسەی ئەم وڵاتە دێن و ئەبن بە میوانم لەگەڵ کازیوەی بەیاندا، سنگیان پڕ لە بۆنی گوڵی بەختیاری بە قاقای گەرم، دەست لە ملان... دێن و ئەچنە ناو دیوانم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەن گلەیی خۆشەویستیم کتێبێ بوو پر لە تاسە و خۆزگە و هیوا دوا لاپەڕەی خەونەکانم تیا ماچ کرد و دامە دەستت بەڵام تۆ وەک خوێندوارێکی بێتاقەت یەک دوو فەسڵی سەرەتاییت لێ خوێندەوە ئیتر بەستت لەسەر ڕفەی یادەکانت تۆزی خەم و بیرچوونەوەی لێ نیشتووە. ***خۆشەویستیم درەختێ بوو، هەتا ئەهات خاشەکانی بە خاکی عەشقا ڕۆ ئەچوون لق و پۆشی سەری لە ئاسمان گیر ئەبوو لەو کاتەدا ئامێزی بۆ مەلی ماندووی تاسەکانت ئەگرتەوە نەیئەزانی تۆ نوێنەری ڕەشەبایەکی بێبەزەی لەگەڵ خۆتا هەواڵی خنکانت پێیە ***تۆ نووسەری زام و خەندەی ئەم سەردەمەی چاوی هیوام تێ بڕیبووی بەڵکوو لە بۆچوونم بگەی کەچی تۆیش وەک باپیرانمان لەسەر ڕەش و کاڵی نیگاکەم ڕۆیشتی و پەردەی خەمەکەشمت نەدی کە چۆن چۆنی بۆتە مەزاری سەد تاسە ***ئای هاوڕێکەم هەتا کەی من بە نوێنەری ژێر دەستەڵاتی و نامۆیی بە نوێنەری فرمێسک و ناڵێن ئەزانی بە بڕوای تۆ کاتی ئەوە نەهاتووە چاوەکانم وەکوو پەنجەرەی سەر مێشکێ پر لە تاسە بزانیت و پەردەی سەر ڕازەکەی لادەی؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێگا بەبێ من پێ داناگری ئەم ڕێگایە پڕ لە ڕازە بەتەنیایی قەد نایبڕی دەستم ئەگری و لە شەقامێکی نوێ ئەمبەی سەرشێتانە لەگەڵتا دێم هەر چۆنێک بێ خۆ بەبێ تۆ ئائەم دڵە پڕ لە ڕازە لە سینەدا هەڵناگیردرێ ئەمبەی... ئەمبەی، بەبێ ئەوەی خۆت بزانی خۆم بزانم لە یەکتردا ئەتوێینەوە وەک بەفر و خۆر وەک خاک و ئاو کێ ئەزانێ؟ یەک بەیانی؟ ... دوو بەیانی؟ ڕەنگە سێ بەیانی دیکە نەبا وەکوو کانی لە شوێنێکی تازەتردا هەڵبەینەوە ڕازی مەل و باڵەکانی دار و شنە سەرما و جیایی عەشق و گەرما لە شەقامە نامۆکانی شارەکەمان وەکوو چرا بۆ ڕێبوارانی دوای خۆمان هەڵکەینەوە کێ ئەزانێ؟ ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژوان سەبارەت: لە میهرەجانی مەولەوی کورد لە سەقز پێشکەش کرا دەمەو بەیان کاتێ هەتاو، دەستی گەرمی خستە سەرشانی شاخەکان کاتێ گوڵاڵە پێکەنی کانی بە ناز لە خەو هەستا دارەکان بسکیان داهێنا کچێکی جوان گۆزەی سووری تاسەکانی، بەرەو کانیی خۆشەویستی خستە سەرشان ***ئەگریجەی خاو، قەف قەف لەسەر گۆنا وەستاو بۆنی سمڵ و مێخەک بڵاو شەدە و گێلگێلە هەڵپێچراو... بە لەنجە و لار، ئێجگار نازدار. ڕێگای کانی تریفە چن کچەکەمان غەرقی خولیایەکی بێبن ڕێگای تاسە و ئەوین ئەبڕێ، هێدی... هێمن لەبەر خۆیەوە نەرم نەرم بە دەنگێکی ناسک و گەرم هەڵیدایە: «هاوارێکی پڕ لە تاسەم لە کاروانی خۆشەویستی بە جێ ماوم پڕ بە ناخم بۆنی سێسنەی ئەوینێکی خاوێن ئەکەم ئەمە چەند ڕۆژە یارم لێ دوورە دەشت و کێوانیش نامگرنە خۆیان گوێم بۆ زرینگەی کاروانی دوورۆ کەوتوو ڕاگرتووە هەر ئەڕوات و من بە شوێنیا هاوار ئەکەم... دڵدارەکەم... دڵدارەکەم خەڵکی وڵاتی ڕەشەبا، هەورەتریشقە و بارانە دڵدارەکەم سەرعێلی خێڵی گریانە دڵدارەکەم شنەی بایە، دەنگی شەپۆلی زەریایە خۆری گەشی بەهارێکە هەزار چرۆی لە دڵدایە دڵدارەکەم... گوڵە، باخە، دارە، هەردە دڵدارەکەم، وەکوو شادی بێوەفایە... بێوەفایە ***کۆتر فڕی... کانی گریا... گوڵ کراسی تاسەی دڕیا سروە هەستا و ئەم هاوارەی وەکوو چرپەیەکی شیرین وەکوو چەپکە بۆنێکی خۆش وەک وەنەوشە گەیاندە لای شاعیرێکی سەودا سەری، شەو نەخەوتووی دڵ بەتاسە بوو بە هەوێنی شیعرێکی پڕ هەناسە «سوبحەن بۆی گوڵان میاونۆم نەسیم وێنەی وای ڕەحمەت خەزانەی کەریم سەحرا و دەشت و دەر بەهەشت منمانۆ مۆرەی هەوای وەش وە شەش دەر شانۆ جە هەر تەرەفدا موینوون گوڵزار ڕەنگ ڕەنگ مەدرەوشۆ بە وێنەی دڵدار لالە گەردەن کەچ تۆی دیدە ڕەشتەن گۆیا عەکس یار وە ڕووشدا وەشتەن چەمەن هام، لیباس سەوز ڕەنگ پۆشان وەفراو چون ئەسرین دیدەی من جۆشان جەماد و نەبات گرد شادیشانەن جەماڵ ڕۆژ عەید ئازادیشانەن تەمام ڕووی دنیا جە شادی کەیلەن دڵ نەبۆ پەشێو فیراق لەیلەن سەهلەن بەهارم دۆزەخ ئاسا بۆ بەهەشتم بێ دۆس، دۆزەخ نما بۆ وەر نە دۆزەخدا، یارم دڵبەر بۆ پەی من ئار نە تۆی گوڵشەن وەشتەر بۆ دڵ دوو زنجیرەی زوڵف نیگارەن وە سەیر سەوزە و سەحراش چکارەن» ***لەم مووسیقا دڵی کانی و گوڵ داخورپا کچەکەمان دڵ پڕ وەستا کە سەیری کرد، وا دڵدارە، سەودا سەرە و لێو بە بارە. ڕێگا ئەبڕێ و ئەچریکێنێ هاواری کرد: ئەی ئەو کەسەی لەناو دڵما نیشتەجێیت و بە پاناییی دەشتی تاسە لە من دووری دووری لە تۆ ئائەم کراسە پڕچینەی ڕەنگی خەمی بۆ من دووری سنگی ڕەشی تاسە و دووری بە کێردی گریان شەق ئەکەم لەناو لەپی دەستی هەستا ئەستێرەکان ئەسەنگێنم کامیان لە کامیان گەشتر بێ بۆت ئەسێنم چاوەکانم کانگای خەم و تاسە و دووری پڕ لە هاواری ئەوینە دڵی تەنگم تەنیا دیاری و تۆیشووی ڕێمە بۆت ئەهێنم ئەوە گیانم نێونیشانی عەشقەکەتی تیا ببینە کوندەبەبووی شوومی دووری، هێلانەیان تیا کردووە چۆلەکەی هەزار پرسیاریش بەسەر لێومەوە یەخسیرە جانتای خەفەت بە دەستمەوە سەفەر ئەکەم بەرەو وڵاتی خۆرەتاو، ئەوین، تاسە و پێکەنین بەرەو تۆ دێم، ئەی خوێن شیرین عاشقی شێت و ئاوارە دڵی خۆزگەی پڕ پەژارە لای کردەوە لەم هاوارە «ئازیز وەس بووزەم نە گێجاو خەم وەس چون بینایی پەنهان بۆ نە چەم وەختێ جە وەسڵیچ هەر دڵم ڕێش بۆ مشیۆ وەسڵ و فەسڵ فەرقشان چێش بۆ» «ئاخ پەی خەڵوەتێ بدیام وە بێ خەم سیوای تۆ دیدەم کەس نەدیام وە چەم دڵ پەی دیدەنت کام خەڵوەت سازۆ تۆی دیدەیچم بی مەردم نمازۆ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژین سەبارەت: پێشکەشە بە باوکی خۆشەویستم کە لە کاتی ڕاودا کۆچی دوایی کرد لە سەرەتای ئاوا بوونتا ئەی هەتاوی خۆشەویستی وەکوو دڵ لەدوا بی وا بوو هەموو ڕۆژێ... هەموو شەوێ ئەهات تۆزێ ئازارەکانم بسرەوێ وەنەوزێ بەم ئەهاتیت و گوڵبارانی باڵای خەمەکانمت ئەکرد. سرت ئەخستە سەر تاسەم باسی ژیانی سەربەستی و دوایین ژوانگەی سەر شاخت بو ئەکردم بەڵام کاتێ ڕازی نهێنیی ئەم ژوانەم لای شاخەکەی «قشڵاخ» درکاند هێندە گریا هێندەی ئاوات بەو خەوە خواست دەستی دایە ئێخەی خۆی و کراسە سپییەکەی بەری، سەرتا بە خواری دادڕان لە درزی کراسەکەیەوە سەیرێکی نێو سنگ و بەرۆکی ڕووتیم کرد هەزارەها چەپکە گوڵی شۆخ و نازدار لە جێگای تۆ سەریان هەڵدا هەر ئەو ساتە بڕیارم دا هەتا هەتا یاد و تاسەت لە شیعرمدا هەناسە با بیر لە کۆچت نەکەمەوە هەر چەن جارێ لە شیعرێکا بتژیێمنەوە تۆیش وەک دڵنیا بووبێتی لە هەموو کاتێکما ئەژیت وردە وردە ژیانی نێو خەوەکانت بە جێ هێشت و لەسەر سنگم هێلانەت کرد بۆیە سنگم بۆنی مێهر و هیوای لێ دێ هەتاکوو دێ خۆرەتاوی خۆشەویستی لەسەر لووتکەی بیرم هەڵدێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆست «بەهارە» ئەمساڵ بەهار خەمینە دەشت و دەر و کێو، سیما خوێنینە نە «جمە»ی خەڵکە نە «فڕە»ی مەلە، نە «نووزە»ی ژینە نە شنەی دار و هاژەی ڕووبار و بزە و کەنینە هاوارە... دادە... گریانە... شینە «بەهارە ڕۆڵەم» بەهار خەمینە کۆستی هەلەبجە و مەرگی ئەوینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچی بێ پایان بێئارامی، وەکوو پەیامێکی پەلە سوور هەڵگەڕانی گۆنایەک دەنکێ فرمێسک شمشێرێکی بێ کالانی ڕووت لە کوێیە ئەی تریفەی مانگەشەوی شەوانی خەم و تەنیایی ئەی تەواری سەوداسەری ڕووناکایی دە بسرەوە و ئارامت بێ ئەم کۆچە بێ بڕانەوەی لە سەرتەوە دەستت پێ کرد هەر چەن بڕۆی هەر لە سەرتا دواییی پێ دێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە خەو بە تۆوە ئەبینم سەبارەت: پێشکەشە بە کورتە شیعرەکانی نەجیبە ئەحمەد بە نێوی «وردە گلەیی» (١) خەو ئەبینم دەستم ئەگری و لە تۆفانی سەرسامیدا بەرەو کەنار ئەمڕفێنی بۆ بەیانی... خۆت تۆفانی (٢) لە خەوما تۆ کورە باڵا بەرزەکەیت و دەس هەڵئەبڕی لە باخەکەی دراوسێتان سێوێک ئەدزی و ئەیدەی بە من دائەچڵەکێم باخەوانێکی تووڕەیت و سێوەکەت لێ دائەشارم (٣) هەرچی شەوە تۆ پاڵەوانی خەوەکان تۆ ئەستێرە و شاخ و ئاسمان جوانی و بزە و مێهرەبانی... بۆ بەیانی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەلەبچە تاڵێ لە پەلکەزێڕینەی یادەکانتم بەست بە قامکی شیعرێکەوە بۆ وەی هەر کاتێ ئەیبینم، مووچڕکی ئۆخەی و خۆزگا بێ بە دڵما و بەرگەی خەمی دووریت بگرم ئێستا ئەو تاڵە زەڕکەفتە هەڵکشاوە کەلەبچەیە و لە مەچەکی هەناسەکانم ئاڵاوە چەند بجووڵێم زیاتر لە گیانم توند ئەبێ و لە خەزانی خۆشەویستی و گڕ بارانی دووریی تۆدا ئۆخەی ژاکا... خۆزگەم بە پەلکەزێڕینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵاڵە نیگات شۆخە وەکوو چاوی کانی و پەری تریفەی دێ هێندە تینووی ئەو چاوانەم کاتێ زانیت شەوە ناوێک وەک برووسکە هاتم بۆ لات جا ئەو ساتە دەم ئەنێمە کانیی چاوت تینوویەتیی خۆم ئەشکێنم دەستێ بەسەر پرچی خاوی وەک هەورێشمتا ئەهێنم گوڵاڵە گیان بە سیماتا جوانیی دایکم بە هێمنی و نیگاکانتا خۆشەویستی بێئەنجامی باوکم بیر دێتەوە بۆیە وەکوو تینووی بەر ئاو هەر تامەزرۆی نیگاکانتم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەشەی ئەوین لە خۆرەتاوی گەش وایە دڵی ئاسمان بەتەمایە... لەبەر ئەوە بەربەیانان کە پێڵووی چاوی هەڵدێنێ بەرەو ئامێزی شەو گرتووی ئاسمان ئەفڕێ، گەورە ئەبێ و باڵا ئەکات بەربەڕۆژەی عاشق بەتاو چاوی بڕیوەتە هەتاو بە چوار دەوریا سەما ئەکات. کێو سەربەرزی هەڵۆکانە بۆیە لەبەر با و بۆراندا چۆک دانادات. ئەی خۆرەتاو، زەریا، کەژان لەو کاتەوە دڵم ئەوینی ناسیون چاوی هیوای تێ بڕیون بۆ لاتان دێ و هاوار ئەکات چۆک بۆ خەفەت دانادات و هەڵۆکانی لە خۆی ناکات. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاد کاتێ بەرخۆلەی ناسکی یادەکانت ڕەنگ بزرکاو لە تاو گورگە شەوێی دووری ئەچێتەوە نێو باوەشی هەستەکانم مەمکەی حەز و تاسەم ئەمژێ... هێدی و هێمن ئەبێتەوە ژانەکانم بۆیە هەزار ئەوەندەی تر شەوانی دووری و تەنیایی وەکوو شەوە لەسەر سنگم یاری بکەن وەکوو دووپشک پێمەوە دەن هێشتا یاد و خۆشەویستیت لە دڵمدا شیرین و شیرینتر ئەبێت لە ئاسمانی تاسە و خەمدا گوڵئەستێرەی خۆشەویستی لەدایک ئەبێت ++++++++++++++++++++++