شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: ژین سەبارەت: پێشکەشە بە باوکی خۆشەویستم کە لە کاتی ڕاودا کۆچی دوایی کرد لە سەرەتای ئاوا بوونتا ئەی هەتاوی خۆشەویستی وەکوو دڵ لەدوا بی وا بوو هەموو ڕۆژێ... هەموو شەوێ ئەهات تۆزێ ئازارەکانم بسرەوێ وەنەوزێ بەم ئەهاتیت و گوڵبارانی باڵای خەمەکانمت ئەکرد. سرت ئەخستە سەر تاسەم باسی ژیانی سەربەستی و دوایین ژوانگەی سەر شاخت بو ئەکردم بەڵام کاتێ ڕازی نهێنیی ئەم ژوانەم لای شاخەکەی «قشڵاخ» درکاند هێندە گریا هێندەی ئاوات بەو خەوە خواست دەستی دایە ئێخەی خۆی و کراسە سپییەکەی بەری، سەرتا بە خواری دادڕان لە درزی کراسەکەیەوە سەیرێکی نێو سنگ و بەرۆکی ڕووتیم کرد هەزارەها چەپکە گوڵی شۆخ و نازدار لە جێگای تۆ سەریان هەڵدا هەر ئەو ساتە بڕیارم دا هەتا هەتا یاد و تاسەت لە شیعرمدا هەناسە با بیر لە کۆچت نەکەمەوە هەر چەن جارێ لە شیعرێکا بتژیێمنەوە تۆیش وەک دڵنیا بووبێتی لە هەموو کاتێکما ئەژیت وردە وردە ژیانی نێو خەوەکانت بە جێ هێشت و لەسەر سنگم هێلانەت کرد بۆیە سنگم بۆنی مێهر و هیوای لێ دێ هەتاکوو دێ خۆرەتاوی خۆشەویستی لەسەر لووتکەی بیرم هەڵدێ ++++++++++++++++++++++