شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: عەشقی سووتاو کچێکی جوان خەونەکانی دابوو بەسەر دەفەی شانیا و ترپەی هەنگاوی بێهێزی لە کۆڵانی بێدەنگییا ئاوازێ بوو خەونی شاری تێکەڵاوی گڕ و خولیا و تاسە ئەکرد. هەر ئەو کچە ئەلبۆمێکی پڕاوپڕی بیرەوەریی لەگەڵ خۆیا شەقام شەقام ئەگەڕان و نیشانی خەڵک و خوای ئەدا چەپکە ڕەیحانەی چەند نامەی فرمێسکاوی بە دەستیەوە... سەرتاپا ڕەش لەبەر دەرکەی هەموو ماڵێ ڕائەوەستا توند توند لە دەرگاکەی ئەدا... نامەیەکی ئەهاوێشتە ئەو دیو درگا... بۆ بەیانی هەموو خەڵکی نێو شارەکە ڕەشیان پۆشی وەکوو بیستم کەس ئەو کچەی نەناسیبوو بەڵام ئازار و هەناسەی دوو بەیانی و سێ بەیانی و بگرە زیاتر لەنێو شاردا هەر مایەوە ***ساڵ تێپەڕی... سێ، چوار، پەنج، شەش شار بە دەگمەن ئازارەکەی بە بیردا دێ کچەکەمان ئێستا دایکێکی ڕەشپۆشە هەرچی شەوە بە یەک چیرۆک، هەر یەک چیرۆک منداڵەکەی ئەکاتە خەو بەڵام هەرگیز ماندوو نابێت چیرۆکەکەی قەد کۆن نابێت ***هەبوو نەبوو لە وەرزێکی قات و قڕی سۆز و عەشقدا کڵپەی گڕێکی پڕ لە سۆز پرچی تاسە و ئاواتێکی کرد بە دەستمالی سەرچۆپی. دەوریان گرت و پێشێلیان کرد خەڵووزەکان پڕ بە دەمیان هاواریان کرد خۆشەویستی... خۆشەویستی. هەر ئەو شەوە تاسە هات و چەپکە ڕێحانەی عەشقەکەی بە نێو شاردا بەخشییەوە. ***دوای شەش ساڵان هەواڵێک هات: «کڵپە دیسان داگیرساوە» دڵی تاسەش داچڵەکا «بڵێی ئێستا خۆشەویستیی منی ماندووی لە بیرمابێ؟» ++++++++++++++++++++++