شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: عیشقی پیرۆز لە چی ترسای؟ لە چی تۆرای؟ بۆچی ڕووی خۆتت وەرگێڕا؟ وات ئەزانی دارستانی بەژنی جوانت ئەسووتێنم؟ کۆشکی بەرزی خۆشەویستت ئەڕووخێنم؟ ڕاستە گیانە، پشکۆ و بڵێسەی ئاگرم هەرەسی بەفری تاسەم و چاوەڕوانی هاوار و گرم و هۆڕ ئەکەم. ڕاستە گیانە، هاوارێکی زۆر بەرزم و ملە و زریان و لافاویش چاک ئەناسم! بەڵام، بەڵام خۆ تۆی ئازیز، ئێجگار لەوە باڵاتری دەستی زریانت پێ بگات... هەرەس بتکا بە ژێرەوە... خۆر بتوانێ بتسووتێنێ... شەپۆڵ یاریت لەگەڵ بکات. تۆ سروودێکی تازەیت و لەسەر لێوی ئەم وڵاتە ڕۆژی بە هەزاران کەڕەت ئەتخوێننەوە تۆ ئەو عەشقە پیرۆزەی وا شەو تا بەیان بەیان تا شەو لە باوەشی گوڵجاڕێکا، پرچی جوانی دائەهێنی و خۆشەویستی، لەناو کوورەی دڵی پاکتا ئەتوێتەوە. لە چی ترسای هەرچی دەماری ناو دڵمە، هەڵیکێشن ناتوانن... نا... خۆشەویستیت لە بیر و مێشکم دەرکێشن! ++++++++++++++++++++++