شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: سەمای مەرگ سەبارەت: بۆ هەڵەبجە باوەشم کرد بە باڵای خەمەکاندا و توند توند بە خۆمەوە نووساندن یەکە یەکەی ئەو خەمانە باسی تۆیان بۆ ئەکردم. ئەوەی کە باسی کوێر بوونی چاوی کردی ئەوەی کە باسی تینوویەتی ئاوی کردی ئەوەی وتی: سووتای، سووتای، ڕەش هەڵگەڕاو لە مێژوودا وەک تانە، وای بە نێوچاوی جەلادەوە بۆ ئەو کەسە خاوەن بیرە ئاڵای... ئاڵای. دوایین کاتی هەڵقرچان و هەڵلەرزین و سووتان گەیشت باوەشم توندتر کردەوە خۆشم سووتاند. خەمەکانم بەسەر کڵۆ خەڵووزی لەشما سەمای مەرگ و کۆڕی شیوەنیان ئەگێڕا بڵێسەیان ئەخستە نێو دارستان و لەو دەمەدا! ئەرێ... ئەرێ لەو دەمەشدا خێرا... خێرا مژدەی بەیانیان ئەهێنا. ++++++++++++++++++++++