شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: مزگێنیی ڕەفێق چالاک! ڕەفیق چالاک ببوە یەکێک لە زەلامەکانی حیزبی کومۆنیست و بەرپرسی بەشی بەغدا بوو. ڕۆژێک هاتە دوکان گوتی: - مزگێنەکەم دەیە! - خێرە؟ - تۆ دەزانی حیزبی کومۆنیست دوو دەرەجەیە، ئەندام تا دوو ساڵ دەچێتە حیزبی «تەحەڕڕوڕی وەتەنی»، لە ژێر چاوەدێریدا دەبێ. ئەگەر لە ئەزموون دەرچوو، ئەودەم دکرێتە کاندید بۆ حیزبی کومۆنیست! - بەڵێ بیستوومە. - جا کاکی خۆم! تە کە پیاوێکی باشی و نەشەراتی ئێمەت بۆ دێ و دەیکڕی و ڕێگەی پۆلیس و گوزارشدان نازانی، سەرانی حیزب بە گشتی تۆیان بە ئەندام قبووڵ کردووە و دوو ساڵەی پێشەکەیان لە سەر هەڵگرتووی. دەستت بێنە، تەبریکت دەکەم! - کاکە ڕەفیق! زۆر شانازی دەکەم کە ئێوە باوەڕتان بە من هەیە و بە پاکم دەزانن؛ بەڵام بڕیارم داوە پاش «ژێ-کاف» نەچمە هیچ حیزبێکەوە. ئەگەر بە بێ بوونە ئەندامی ڕەسمی پێم ڕازین باشە؛ ڕازیش نەبن من هەر ئەو هەژارەم کە ناسیوتم... هەرچی حەولی دەگەڵ دام، نەهاتمە ڕەدایە و بەجێی هێشتم. بە هۆی مەحموود ئەحمەدەوە بوومە ئاشنای جوبرایل ناوێکی ئەرمەنی؛ زۆر هاتوچۆی دەکردم و نێوانمان زۆر خۆش بوو. لە داروخانەیەک بە ناو «سەعادەت» کاری دەکرد. ڕۆژێک لێی پرسیم: تۆ لە ئێران ئەفسەرێکی شۆڕەویت دەناسی بە ناوی یەعقووب؟ - بەڵێ لە بۆکان بوومە ئاشنای؛ دەرەجەی سەروان بوو. لە ناسینی وڵاتی کورد و عەشایرەکانیدا پسپۆڕێکی بێهاوتا بوو. جا تۆ بۆ دەیناسی؟ - کوڕە ئەوە دوو ساڵ بوو بە ناوی عەجەمێکی باغەوانی ئێرانی، لە «قصرالظهور»ی ماڵێ پادشادا باغچەوان بوو. تا بیدیبام ئەحواڵی تۆی لێ دەپرسیم. من لە مەحموودم دەپرسی و جوابم بۆ دەبرد. ئەو ڕۆژانە ڕۆیشتەوە؛ گوتی سەلامی منی لێ بکە و پێی بڵێ من یاقووبەکەم کە لە بۆکان دەیناسیم. پاش ماوەیەک جوبرائیلیش هەڵات و دەرچوو؛ کە دارووخانەکە موڵکی حیزبی کومۆنیستی عێراق بووە. ++++++++++++++++++++++