شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: نۆکەریی سەیید برایمی نەقیب سەید برایم پێنجسەد خانووبەرەی عەرەسەی گەڕەکی ئەرمەنیانی هەبوو؛ پتر لە دووسەد دوکان و خانووی تری لە بەغدا بە کرێ دابوو. دەیانگوت پێنج ملیۆن دیناری لە بانکدایە؛ بەڵام دیسان چاوی لە فلس و دوو فلسی زیارەتکەرانی هیندی و کورد بوو. جینگنێک بوو هەمیشە دەتگوت دڕووی وە بن کلکی دراوە. بە ڕاستی شێتێکی تەواو بوو. باغێکی خورمای هەبوو، بە دوازدە هەزار دینار بە ئیجارە چووبوو. شەوێک دەگەڵ ئیجارەداری باغەکەی لە سەر ناوی جۆرە خورمایان بوو بە هەرایان. دایە بە جنێودان و وەهای دەنەڕاند کە هەموو نووستووی حەساری غەوسی لە خەو ڕاپەڕاند: - سەگباب چۆن من دەڵێم ئەو خورمایە ناوی سوورە کێویلەیە و تۆ دەڵێی نەخێر قامکی بووکە؟ ! ڕۆژێک دیتی ڕۆژنامە دەخوێنمەوە، کردیە هەرا: - مەمنووعە ڕۆژنامە بخوێنیەوە؛ مێشکت تێک دەدا. تۆ نۆکەری منی؛ نابێ کاری وا خراپ بکەی! بۆ نەگبەتی خۆی لای وابوو فارسی دەزانێ؛ شتهایەکی کاوێژ دەکرد نەمدەزانی چ زمانێکە. ڕۆژێک وێرام بڵێم: ئەفەندی ئەوە فارسی نییە؛ من شتێک لە فارسی دەزانم. سەیر بوو کە تووڕە نەبوو؛ گوتی: باشە فێرم کە! نازیرەکێک بوو لام وابوو خوا مێشکی نەخستۆتە سەریەوە. خولاسە ببوومە ئاجوودانی نەقیب. دەگەڵی دەچوومە باغەکەی. خانووێکی خۆشی لێ دروست کردبوو. جارێک ئیجارەداری باغ بە من و شۆفێرەکەی گوت: سەر و دەسرەم بدەنێ خورماتان بۆ تێ دەکەم؛ بەڵام ئەفەندی نەزانێ. هەرچەند من ئیجارەدارم و ئەو حەقی بەسەر بەریەوە نییە و من لە ماڵی خۆم بەشی ماڵەوەێ دەدەم و دبێتە میوانم؛ بەڵام بیبینێ من خورما بە ئێوە دەبەخۆشم، هەر دووک چاوی کوێر دەبێ لە خەسیسیان. ژنی نەبوو؛ کوڕێکی هەبوو بە ناوی «شەمسەددین». لە قەسرێکی دووردا دەژیا. کابانی ماڵی ئەو نووریە بوو کە باسی کرا. سفرەچیش من بووم. ئەفەندی زۆر موسڵمانێکی بە نوێژ و ڕۆژوو بوو؛ هەمیشە ورتەی دەهات؛ دوعای دەخوێند. زەکاتی پووڵ و خورمای نەدەدا؛ بەڵام ڕۆژانی جومعە دووسەد تاق فلسی دەکردە کیسەیەکەوە، بە سواڵکەرانی بەر دەرگای بارەگای غەوسەوە دەگەڕا، فلسێک و دوو فلسی بە هەر یەکێکیان دەدا. ناوبانگی بە خێرەومەند ڕۆیشتبوو. لەو خێر بەخشینەوەدا مەلایەکی بە ناوی غەززالی لە دواوە دەڕۆیشت. ڕۆژێکی جومعە پەنجا فلسیەکی دامێ، گوتی: بچۆ بیدە بە فەقیران و بڵێ هی فڵان کەسە. لە بەر دەرگا ژنێکی کوێرم دیت پەنجا فلسییەکەم دایە و گوتم سەید برایم ناردوویە و گورجێ هاتمەوە خزمەتی. سرتەیەکی دەگەڵ مەلا کرد. مەلا گوتی: پووڵەکەت چ لێ کرد؟ - بردمە لای ژنە کوێرەکە. لێی پرسی: کەس پەنجا فلسی داویەی؟ ژنەکە - پووڵەکەی هەر لە دەستیدابوو - نیشانی دا، گوتی: سەید برایم بۆی ناردم. ئەفەندی کە دڵی خاترجەم بوو نەمدزیوە، گوتی: تۆ کوڕێکی ئەمینی؛ بەڵام دەبوایە بیدەی بە پەنجا سواڵکەر! - ئەفەندی جاڕێکی تر من خێری تۆ نابخشمەوە؛ با مەلا ئەو کارە بکا. شەوێک لە خزمەتیدا دەچوومەوە ماڵ، لە پلەکان فەرمووی وەپێشم کەوە. لە سەرکەوتنا دووپشکێکم دیت؛ پێم ڕێ خست. گوتی: ئەوە چ بوو؟ - دووپشک بوو کوشتم. بە پلەکانێکی دیکەدا سەرکەوت و ئێستاش نەیوێرا لەو پلەکانەوە سەرکەوێ. لە لای هەموو میوانانی تاریف، تاریفی پاڵەوانەتی و نەترسانی من بوو کە توانیومە دووپشک بە پێلەقە بکوژم! ڕۆژێک لە حەوشەی دیوەخان گوێم لە زیقە و هەرای ژنان بوو؛ ڕامکرد، دیتم توولەمارێکی باریکیان دیوە. کلکی مارم گرت و لە کون دەرمکێشا و بۆم کوشتن. ئیدی کار لەوەدا نەما. هەموو ڕۆژ دەیانگوت ئەفەندی تۆی دەوێ. نیشانی میوانانی دەدام: بڕوانن! ئەو کوردەیە کە ماریش لە کون دەردێنێ و دووپشکیش دەکوژێ! ئاخری وای وەڕەز کردم. دەینارد لە دووم نەدەچووم. «حاجی کەرامەت» چل و پێنج ساڵ بوو لە بەغدا دەژیا؛ قەتچوار کەلیمەی عەرەبی بە باشی فێر نەببوو. باشی لە بیر بوو کە ساڵێک ڕووس هاتوونە خانەقین و چونکە وەک شوومن، قاتی و گرانیان بە پێوە هاتووە و هەر نانی وشکی بە ئاو خواردووە و شوکری خوای کردووە. ڕۆژێک بەیانی چووبوو نانی گەرم بکڕێ، گووم بوو نەهاتەوە. ئەفەندی شێوا؛ تەلەفۆنی بۆ هەموو پۆست و بیمارستانان کرد، سۆراغ نەبوو. دەستمان لێ شوشت. پاش یازدە ڕۆژ، بەیانی بە باوەشێک نانی گەرمەوە لێمان وە ژوور کەوت. - حاجی چت بە سەر هات؟ - وەڵڵا گوێم لێ بوو شۆفیران بە گۆرانی دەیانگوت: هەر چی نەچێتە زیارەتی سەلمان، عومری بە زایە چووە. وە بیرم هاتەوە زۆر لە مێژە نەچوومە ئەو زیارەتە. بە پێ ملم لێ نا. بە دوو ڕۆژ گەییمە سەلمان پاک. حەو ڕۆژ لەوێ بووم و بە پێ هاتمەوە و نانم کڕی! جا وەرە زاری ئەفەندی بکرێتەوە و جنێو داببارن! ئەفەندی نەخۆش کەوت. ئەحمەدی هیندی و من بووینە دەکەوان کە هەر کەس دێتە لای، بێ پرسی ئەو ڕێگە نەدەین. لەو بێکاری دەرکەوانیەدا مرخم خۆش کرد عارەبی کتێب فێر بم. مونجدێکی چکۆڵەی دانشجویان - کە فەرهەنگی عەرەبی بە عەرەبی و هاسانە- پەیدا کرد. ژمارەیەکی مەجللەی هیلالی میسری - کە دەربارەی ئەحمەد شەوقی بوو - دەستم کەوت. هەر وشەیەکی نایزانم لە فەرهەنگ دەیدۆزمەوە و بە میداد دە بن وشەکەی دەدەم. وا دیار بوو هیچم هەر لێ نەزانیبوو؛ چونکە مەجەللەکە وەک سەر و بەر تەرجەمە کرابێ وابوو، بە میدادی من سەر تا پای بۆر هەڵگەڕابوو. لەو زەحمەتکێشانە بێ وچانەمدا - کە هەمیشە جگە لە وەختب کار دەمخوێندەوە - تا ئەندازەیەکی باش خۆم لە عارەبی ڕاهێنا. ڕۆژێک دەروێشێکی کوردی سەیدی پارسانی هات؛ گوتمان ڕێت نییە بیبینی. - کوڕە ئەوە دەڵێن چی؟ دێو دەتوانێ پێشم پێ بگرێ؟ ! بڕۆن پێی بێژن من چوومە گەیلان زیارەتی مووسا جەنگی دۆستی باوکی غەوسم کردووە؛ سڵاوی ئەو بۆ غەوسی کوڕی هێناوە. بە خوا تا مخارجی گەڕانەوەم پێ نەدا لەگرە نابزووم و چاویشی دەرتێرم! چوومە ژوور بۆ ئەفەندیم گێڕاوە. زۆری جنێو دا، ئەوەندەشی گوت: ئەوە کوردە و خزمی خۆتە بۆیەت ڕێ داوە. - جا دەفەرمووی چی؟ لێی دەم؟ - نا نا دوعام لێ دەکا دەمرم! بچۆ ڕازی بکە؛ بەڵام تا دەتوانی کەمی بدەیە! بە هەزار چەق و تەف دەروێش بە نیو دینار ڕازی کرا و شڵتاغی بە ئەفەندی نەما. ئەفەندی تا دوو ڕۆژان جنێوی بە مووسا جەنگی باپیری دا، بۆ دیارییەکی بۆی ناردووە! کاری من و ئەحمەدی هیندی جگە لە تەشریفاتی بەر دەرگا، دەبوایە ئەگەر ئەفەندی کاری ئاودەستی بوایە، بە چوار دەستان بە تەختەوە هەڵیگرین و لە بەر دەرکی ئاودەستی دانێین و پاشان ئاوا بیهێنینەوە شوێنەکەی خۆی، کە لە حەسار بوو. لای مام حوسێن درکاندم کە خواردنەکەمان تێرمان ناکا، چی بکەین؟ چووبوو گوتبووی فڵان کەس لە لات دەڕوا. تووڕە ببوو: چۆن دەڕوا؟ ئەدی کێ ماستاوم بۆ دروست کا؟ ! بە پۆلیس دەڵێم بیگرن؛ سەربازی نەکردووە. حوسێن بە گژیدا هاتبوو؛ شەش دیناری لێ ساندبوو. گوتی: نابێ لای ئەو خوێڕیە بی. نانێکم ەەر دەبێ تۆ بیخۆی. بۆ کاریش خوا کەریمە. هەر لەو دەرکەوەنیەدا جارێک «جەلال تاڵەبانی» - کە تازە خەتی سمێڵی دەدا - هاتە لام و بوو بە ئاشنام. کوڕێکیش بە ناوی «عوسمان مەجیدی کۆیی» دیتمی و گوتی: - حەز دەکەی لە فەلسەفەی مارکسی شارەزا بی؟ - چۆن حەز ناکەم؟ چەند نامیلکەیەکی دامێ؛ بیخوێنەوە! ... جارێکی تر هات گوتی: مامۆستایەکمان بۆ دیاری کردووی زۆر زانایە؛ بچۆ لە فڵان قاوەخانە بیبینە! باشت فێر دەکا. لاوێکی سمێڵزەردی، سەر چکۆڵەی، چاوشین و عارەب، بەر لەوە دەرسێک بڵێ فەرمووی: - کارت چییە؟ نۆکەری کابرایەکی عەرەبی دەوڵەمەندم. - مەڵێ عەرەب، ئەوە بیری شۆڤینییە! - کابرایەکی بەغدایی؟ - مەڵێ بەغدایی، ئەوە سیاسەتی ئیقلیمییە! - عێراقییە و بە زمانی من قسە ناکا. - ئەوەش مەڵێ، دنیا یەکێکە و ئیستعمار کردوویەتە چەند بەش! خولاسە وەک بەیتی مێشوولەی لێ هات: هەر من بڵێم، ئەو بڵێ مەڵێ! وەختی دەرس بە سەر چوو؛ بەجێم هێشت و هەر لە بەر خۆمەوە دەمگوت: مەڵێ! مەڵێ! عوسمانم دیتەوە: - ها؟ مامۆستاکەت چۆن بوو؟ - چ لەوە باشتر دەبێ؟ مڵێ «مامۆستا» ئەوە سیاسەتی تەبەقییە! کە بۆم گێڕاوە لە قاقای پێکەنینی دا: بە خوا نەمدەزانی کەری ئاواش هەیە! ڕۆژی دوایی هاتەوە. کومۆنیستەکانی باڵا زۆر لەو سمێڵزەردە تووڕە بوون: - قەرارە مامۆستایەکی زۆر زانا لە خۆیان بنێرن؛ ئێوارە دێتە لات. مامۆستای نوێ ناوی «ئەحمەد بانی خێلانی» بوو. چووینە قاوەخانەیەک، گوتی: - ئیتر نامیلکە و مامیلکەت پێ ناوێ، هەرچی مارکسیەتە وا لە سینگمدا؛ هەمووت لە بەر پێ دەڵێم! ملی نا لە باسی کومۆنیستی بنیادەمی بەر لە تاریخ کە لە نامیلکۆکێکدا خوێندبوومەوە. بەر لە قسە کردنیش گوتی: - دەزانی دیالەکتیک چییە؟ - نەخێر. - مانای وەرام و پرسیاری دەم بە دەمە؛ تا گرێ کوێرە نەمێنێ. لە سەر قسەکانی ڕۆیشت: - لە ژیانی سەرەتاییدا هێندێک فێڵبازی تەنبەڵ پەیدا بوون، گوتوویانە ئێمە ڕاسپاردەی خوداین و عاسمان ئێمەی کردۆتە گەورەتان. بەو فێڵە چەوساندوویاننەوە و بۆ خۆیان خۆش ژیاون. - مامۆستا ئیجازە هەیە قسە بکەم؟ - ئەی دیالەکتیک بۆ چییە؟ بڵێ! - لەم بارەوە ئەوا گوتمان مووسا خۆی کردۆتە سەرۆکی جوولەکە و محەممەد دەوڵەتی بۆ عەرەب دامەزراندووە؛ بەڵام بۆ مەسیح دەڵێی چی کە هەتا کوژراوە نانی شەوی نەبووە و بە پێخواسی و بە سواری کەر گەڕاوە؟ چەوساندنەوەی خەڵکی لە کوێدایە؟ ! گوتی: ها کابرایەک تماشامان دەکا؛ نەوەکا جاسووس بێ. با بڕۆین دوایە جوابت دەدەمەوە! ئێستا و ئێستاش مامۆستا نەهاتەوە! عوسمان گوتی گوزارشی داوە کە ئەم کوڕە لە دەردی کۆنەپەریستیدا خنکاوە و چارەی بە کەس نایە! پاش چەند ساڵێک دەگەڵ چەند هەواڵێک تووشمان بوو بە تووشیەوە، گوتی: دڵخۆشم کە من مامۆستات بووم؛ لە بیرتە؟ - بەڵێ، بەڵام ئێستاش پرسیارەکەم بێ جوابە! ئێستێ کە ئەم باسە دەنووسم، ئەم پیاوە لە مامۆستا هەر پایەبەرزەکانی حیزبی کومۆنیستی عێراقە! ++++++++++++++++++++++