شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: حەمباڵی بەر ئوتێلان دەستم کرد بە حەمباڵی کردن؛ بەڵام حەمباڵیەکی لۆکس. دەچووم لەبەر ئوتێلی گەورە ڕادەوەستام. گارسۆن بانگیان دەکردم، چەمەدانی میوانان - کە دەڕۆیشتن- بەرمە دەر و بۆیان بار کەم. خۆیان و خودایان شتێکیان دەخستە مشتمەوە. شەوانەش لە بەر هەیوانی دیوەخانی نەقیب لێی وەردەکەوتم. سەید عاسم مرد؛ ئامۆزایەکی پیری ئەویان کە ناوی سەید برایم بوو کەردە نەقیبی غەوس. مام حوسێن لای نەقیبی تازە بە نۆکەری دایمەزراندم کە مانگی چوار دینار و نان و پێخۆرم بداتێ. گەسک لێدان و کاشی ماڵینم نەما. حاجی حەسەبێکی ئەفغانی، حاجی کەرامەت ناوێکی پاکستانی و ئەحمەد ناوێکی هیندی کارە گرانەکەیان دەکرد. کاری من ئەوە بوو نەهار و شام سینی بۆ سەید برایم بەرم و لە ماستاو دروست کردنی من زۆر کەیفی دەهات. ++++++++++++++++++++++