شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: لای شێخ لەتیف میرزا لە نەورۆزدا بردمیە بەغدا. ڕۆژێک گوتی: دەترسم لە ماڵە من بتگرن؛ دەسەڵاتم نییە ڕزگارت کەم و ئابڕووم دەچێ. با بتکەمە پەنابەری شێخ لەتیف و واش ناکەم بزانێ تۆ لە لامی؛ تا نەزانم قبووڵت دەکا. شەو ڕۆیشت و زوو هاتەوە. پاش تاوێک شێخ لەتیف بە تەنیا بە ترۆمبیلێکەوە هات و بردمیە ماڵە خۆی. با ئەوەش بڵێم: وەک دەڵێن «ناوی گەورە و شاری وێران». منێکی وا نەزان و دنیا نەدیتوو، ناوەکەم وەک شاعیری شۆرشی کوردە وە پێش خۆم کەوتبوو، دەوروبەر دەیانناسیم. شەوێک میرزا پرسی: تۆ جحێڵی، شێخ نەجمەدینێک هەیە دەڵێ هەژار ئاواڵ فەقێم بووە؛ کە ئەو زۆر پیرە. تۆ دەیناسی؟ - نە بە خوا. - باشە گاڵتەیەک دەکەین! سبەی شەو شێخ و چەند برادەرێکی بانگ کردبوو. کە دەیانپرسی: ئەمە کێیە؟ دەیگوت: سۆفیەکی جاهیلە و من ڕیش و پرچم پێ تاشیوە! لە ناو قساندا لە شێخ نەجمەدینی پرسی: هەژاری ئاواڵت لە کوێیە؟ گوتی: دەڵێن لە بیارەیە. بریا بهاتایەتە ئێرە، ئای چەند بۆی بەتاسەوەم! دەستی کرد بە حیکایەت گێڕانەوەی هەواڵەتی گەرمی خۆی و من کە چەند ساڵ پێکەوەمان خوێندووە. میرزا گوتی: سوێند بخۆ کە درۆ ناکەی! شێخ قوت بوو؛ تماشایەکی منی کرد؛ گوتی: ناکا ئەوە هەو بێ؟ بەخوا نەمدیوە، بەڵام خۆشم دەوێ. شێخ لەتیفیش هەر بە ناوەکەم خۆشی دەویستم. لە ماڵی ئەو دامەزرام. لەوێشەوە چەند کەسێکی وەک «ڕەفیق چالاک»، «مەحموود ئەحمەد»ی موعەللیم و زۆر کەسی دیم بوونە ئاشنا. چاوم بە «برایم ئەحمەد» کەوت کە ئەویش ئەندامی کۆمەڵە بوو. شێخ لەتیف لێی پرسیم: برایمت چۆن دیت؟ گوتم: پیاوێکی زرینگ و زانایە و زۆریش کوردە، بەو شەرتەی خۆی بکەنە سەرۆکی کوردستان! کاتێ ملامستەفا لە سابڵاغ بوو، «هەمزە عەبدوڵڵا» ناوێکی ڕاسپاردبوو کە حیزبێک بۆ کورد لە عێراق دەمەزرێنێ و کاغەزی دابوویە. شەوێک گوتیان مامۆستا دێت. هەمزە عەبدوڵڵا پەیدا بوو. پیاوێک زۆر بووتبەرزی قوڕەدەماغم هاتەبەرچاو. گێڕایەوە کە لە سابڵاغ -وەک پێویستە- قەدری نەگیراوە و قسەی وای کرد کە هەر شەللاتیەک پێی شەرمە بیڵێ. دەربارەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژاوەوە فەرمووی: هیچ جێگەی نیگەرانی نین؛ کارگەران لە جیاتی بارووت خۆڵ دەکەنە ناو بۆمباکانەوە و سەرکەوتن هەر بۆ دەوڵەتی سۆڤیاتی خۆمانە! دیارە قسەی مامۆستا زۆر بە ئێحتوبارە و کەس ناکرێ بڵێ وا نییە. هەر چی دەمدی و دوو پیت و لەتێکی خوێندبوو، کوموونیستی دوو ئاتەشە بوو. سەر و بنی قسەیان سڵاوەت لەدیداری ستالین بوو. من کە هیچم دە باراندا نەبوو، هەرگیز لە کومۆنیستیش تێنەگەیبووم، جارێک ویستم گلە بکەم کە ڕووس ئێمەیان بە جێ هێشت و شەرتیان نەبردە سەر، زۆر بە توندی بە گژمدا هاتنەوە و بە هەزار و یەک دەلیل حاڵییان کردم کە ڕووسیا لە مەسڵەحەتی کورد ئەو کارەی کرد. ئەمریکا دەیەویست یاریدەی ئێران بکا و کوردستانیان وێران دەکرد. ڕووس بە ئامانەت خۆی کێشاوەتەوە؛ ڕۆژێکی نە دوور دیتەوە و ئازادمان دەکا! ئیتر ئەو جار منیش عوزرم بۆ ڕووسیا دیناوە و دەمەویست ئەو خۆ لە کوردستان بێ خاوەن کردنەی بە سەد باردا پینە بکەم! تا نەڵێن ڕیجعی و نەزانە! لە بیرمە یەک لە دەلیلە باشەکان ئەوە بوو: مەسەلێ کوردی ئێران و هەرای یۆنان هەبوو. چینی شەشسەد ملیۆنیش هەبوو. ڕووسیا بۆ ئەوە چین بکاتە هەواڵی خۆی و تاقەتی ئەو هەمووە جەبهەی نەبوو -چونکە لە شەڕی ئاڵمان زۆر زیانبار و لاواز بوو- دەستی لە قازی و مارکۆس هەڵگرت و چینی بردەوە. دوو دەسرەی سووتا و قەیسەریەکی وەگیر کەوت. پیاو قەیسەری هەبێ دەسرەش پەیدا دەکاتەوە. ڕووس و چین ئامریکا دەخنکێنن و ئێمەش لە چنگ ئێران و تورک دەردێنن. کێ بێ ئەو قسە خۆشەی وە بەر دڵ نەکەوێ؟ ! بەڵام کەی؟ ستالین دەزانێ! ها، ڕاست دەکەن. منیش لە شیعرێکمدا لە تەورێز گوتبووم: ستالین دەزانێ چییە حاڵمان. کاک هێمنیش گوتبووی: ستالین گوتوویە: «یەمان پریسکی کوردیسکی خەرەشوێ». ئەمما ئێمە مانای قسەی خۆمان نەدەزانی، ئەوانە زانان و دەزانن دەڵێن چی! خولاسە منی ئاوارەی ماڵ وێران و کڵۆڵی پاشەکشەی ڕووسان لە ئێران، خواخوام بوو بە ڕیجعیم نەزانن و بە کومۆنیستم لە قەڵەم دەن و لە گەل هەڵمناوێرن. ++++++++++++++++++++++