شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: میرزا ڕەحمانی بانەیی موفتی لە پێشدا پێی گوتم ناوی «میرزا ڕەحمانی بانەیی»یە و بە مام میرزا دەیدواند. گوتی هەستە با بڕۆین. لە ڕێگە لێی ڕوانیم گوتی: ڕەنگت زەردە، وا دیارە برسیت؟ - نەخێر برسی نیم. - دەی درۆ مەکە، زۆرت برسییە. بردمیە کەبابخانە تێری کردم. - شەو لە کوێ بووی؟ چییان لێ ساندی؟ چووینە هوتێلەکە. بە گژ خاوەن هوتێلدا هات کە: - تۆ چۆن دەسبڕێکی، چوار پەنجایی لە باتی دە تمەن دەدەی؟ لە حیسابدا دەرکەوت کە بەچکە ئاغا پووڵی نەداوە و لە سەر من حیساب کراوە. کاتێ لە دەفتەرمان ڕوانی، من خەڵکی کەناروێ و ئەو بازیانی نووسرابوو. پووڵی ئەویان لە من نەگێڕاوە و زانیان کڵاویان لە سەر نراوە! میرزا بردمیە دوکانی دەلاکێک. گوتی: وەستا ئەم کوڕە هەم دەروێشە هەم سۆفی؛ من پەشیمانم کردۆتەوە. چونکە خزمەتی پرچ و ڕیشەکەی بۆ ناکرێ، تکایە بۆی بتاشە! دەلاک تماشایەکی سەری کردم، گوتی: مام میرزا ئەمە کاکۆڵی هەبووە پرچی نەبووە؛ گاڵتەی خۆتم پێ مەکە! ++++++++++++++++++++++