شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: بەرەو کوردستانی بەردەستی عێراق کە لە بۆکان بەرەو شێخلەر هەڵدەهاتم، سەد عەوڵا شێتە -کە لە باسی وشتەپەدا ناوم هێنا- ببوە جاسووسی حکوومەت؛ دیتبوومی کە دەڕۆم، خەبەری بە حاکمی نیزامی (سەروان خاکسار) -کەکوردێکی سنەیی بوو- دابوو کە بنێرن هەژار بگرن. خاکسار بە ناوی ئەوە سووکایەتی بە سەر ئەفسەر هێناوە، زۆر باشی دارکاری کردبوو! کاتێ لە ڕێی هەڵاتنا بەناو مێشەی مەحمووداغا دەچووم، مامۆستاکەی وشتەپەم (مەلا حەمەدەمین) -کە ئەوسا لە قەرەگوێز بوو- دەگەڵ چەند فەقێیەک بەڕێدا دەڕۆیشتن و گوێم لە قسەیان هەڵخست. بە هەڵکەوت مامۆستا لەو دەمەدا پرسی: ئاخۆ دەبێ هەژار چی بە سەر هاتبێ؟ فەقێیەک گوتی: دەڵێن لە حەبسی سەقز دەستیان پەڕاندووە؛ لەوانەشە کوشتبێتیان. مامۆستا گوتی: ئەو ڕەحمانەی من دەیناسم ئەوەندە سەگە ئەگەر دەکونی قفڵدا ڕاکا، هەڵدێ. هەتیو تۆ چۆن، نایناسی؟ ئەدی چۆن تۆی بە هەوای زەکاتی ئاڵووباڵوو ناردە وەتەمیش؟ ! مێشە و مێشە بۆ ئێوارە خۆم گەیاندە «قاقڵاوا». لەوێ چوومە ماڵێک. خاوەن ماڵ دوای نان خواردن بردمیە مزگەوت و نوێنی دامێ کە لەوێ بنووم. جحێڵ جۆرابیان دەکرد. هەتیوێکی زیتەکە چەند سرتەیەکی کرد؛ ڕوویان تێکردم گوتیان: فەقێ گیان ئەو کوڕە دەڵێ ئەوە شاعیری قازییە، دە توخوا هێندێک شیعرمان بۆ بڵێ! گوتم: ها، ئەو کوڕە وەدەزانێ من مەلا ڕەحمانی تەرەغەم؛ چونکە زۆر کەس لێی دەگۆڕێین؛ ئەویش وەک من دەچێ. من ناوم مەلا محەممەدە! شیعریش نازانم. بریا بمزانیبا و بۆم گوتبان. کوڕەکە گوتی: بە خودا وەمزانی هەوی؛ بمبەخشە! بەیانی نان و چام خوارد و بە کابرام گوت: دەچمە عێراق. گوتی: لە گوندی «مووسێ» بچۆ ماڵە سۆفی سدێق، بڵێ خەجێ ناردوومی. بەفر باریبوو، توابۆوە؛ قوڕێکی زۆر پیس بوو. کەوشم پاژنەدار بوو. بەڵام ترس ئەوە نازانێ، تا ئێوارە گەیشتمە «مووسێ»؛ کە بارگینێک ئەوەندە بڕ ناکا. لە ڕێگە تووشی مێوژفرۆشێک بووم؛ چنگێک مێوژێ دامێ؛ بە ڕێوە خواردم و قەت دەقیقەیەک وچانم نەدا و هەر بە غار دەڕۆیشتم. چوومە ماڵە سۆفی سدێق، جوابی سەلامی نەستاندمەوە. پرسیم مزگەوت هەیە، گوتیان نییە. چوومە سەر کانی دەسنوێژم گرت کە نوێژ بکەم. سۆفی سدێق چاوی لە دەسنوێژ گرتنەکەم بوو، پێی سەیر بوو. گوتی: تۆ مەلای؟ - ئەی چۆن! - دەی فەرموو با بچینە ماڵەوە. بردمیەوە ماڵ، وەتاغێکی زۆر گەورەی هەبوو. سەماوەری هێنا و خورما لە جیاتی قەند. لەتێ خورمام نا گوپمەوە، وابزانم بیست و چەند چام خواردەوە. سۆفی گوتی: بۆ دەست بۆ خورما نابەی؟ لەتە خورمام لەگوپم دەرێنا، وەک سوێنکە سابوون لووس ببوو! دیسان نامەوە گوپم. قاورمەشمان خوارد. شەو سۆفی -کە دەیگوت مریدی خەلیفە خەلیلم و مەڕێکی بۆ دەبەم- گوتی قاقەزێکم بۆ بنووسە بۆ کابرایەکی سەردەشتی؛ کە: فڵان کەس! پاش ماچ کردنی دەستی تۆ و چاوی منداڵانت، چۆن فەرمووتە جوانوو ئەسپەکەم ئەگەر بەخێو ناکرێ بنێرەوە؟ حەیفت نەکرد؟ من براتم؛ ماڵی من ماڵی تۆیە. جا ئێستاش دوو تەورێزی قەند، دوو گەروانکە چایی، قوماشی کراس و دەرپێ -بە خوا ئەسپەکەت وەک گوڵ بەخێو دەکەم- هەشت نۆ کیسە برینج -چونکە بابە غەڵیفەم میوان دەبێ- بە سەرت قەسەم وەڵاغی خۆم بمرن لەبەر بێ تفاوتیب ئەسپی تۆ هەر بەخێو دەکرێ. هێندێکیش سابوون بنێرە. لەماڵەوەش داوای خەنە دەکەن. ئەسپی تۆ ئەسپی خۆمە. دیسان چاوتان ماچ دەکەم. باسی پووڵ نەکەی بە خودا دڵم دێشێ. ئەسپی تۆ لە ماڵاتی خۆم فەرزترە. سەرماش سەختە؛ تفاقیش گرانە؛ بەڵام ئەتۆ برای منی! ... بیرم لێ دەکردەوە: ئەو سۆفیە دەسبڕە قیمەتی جوانوو ئەسپەکەی پتر داوا دەکرد تا بۆ کابرای بەخێو کا! بۆم نووسی. بەیانی لە خەودا بووم، گوێم لێ بوو سۆفی دەیگوت: هەر کەس ئەمڕۆ لە کوێستان بدا بە هیلاک دەچێ، سەری کەکی کۆزاد بەتەمە. سۆفی هاتەوە ژوور. لێم پرسی دەتوانم سەفەر بکەم؟ - بەڵێ هەوای زۆر خۆشە، سەیر کە تاو هەڵاتووە! گوتم: نەشارەزام، کەس هەیە دەگەڵمدا بێ؟ گوتی: سێ تمەن بدە. کابرایەکی ڕەگەڵ خستم کە تا سەری کوێستانی گڵەزەردەم بەرێ. هەوا تاو بوو. هەر گەیشتینە بناری کوێستانێ، بوو بە تەم و کڕێوەیەک چاو چاوی نەدەدی. بەڵەدەکە گوتی: دەست دەقایشی پشتێندی من گرە و شوێنم کەوە. بەفر یەکجار زۆر بوو؛ دنیا زۆر تاریک ببوو. ئەو کابرایە شارەزایەکی سەیر بوو: ئێرە قوڵکەیە، ئێرە بەردە... کەچی دنیا لووس و پڕ لە بەبر بوو، چۆنی دەزانی، نازانم! لە نێوەڕاستی چیا ڕاوەستا. گوتی: تۆ چت دێتە بەر گوێ؟ - هیچ. - دەسا تۆ لە شوێنی خۆت بچەقە، نەبزووی، من دەچم ئێستا دێمەوە. پاش تاوێک هاتەوە. گوتی: خێراکە بڕۆین تۆ ڕزگار کەم بگەڕێمەوە. سەد تفەنگچی بانەیی لە بەفردا قەتیس ماون و ڕێ دەرناکەن؛ نەیانگەمێ هەموو قڕ دەکەن. منی گەیاندە لای بەڕۆژی کوێستانێ؛ دنیایەکە ڕەشانگ و دارستان. گوتی: دەچیە «سووتوو» میوانی ماڵە سەید عەوڵا بە و گەڕایەوە. بە غار دامقەڵاشتە خوار، کڵاوەکەم بە پەلێکەوە چوو؛ ئاوڕم نەداوە. گوتم ئەوەش بۆ تۆ! گەییمە سووتوو، چوومە ماڵەکە. پڕ بوو لە ژنی جوان و بێ پیاو. گوتیان پیاومان چوونە گەرمێن بۆ ماڵی قاچاغ؛ فەرموو میوان بە! گوتم دەڕۆم. گوتیان ئەو ڕێگەیە بگرە و بچۆ «سەرتەزێن». تووشی جادەی بانە سەردەشت بووم؛ ترۆمبیلێکی پڕ لە سەرباز لەوێوە ڕابرد. زۆر ترسام؛ بەڵام بەخێر ڕابرد. لە گوندێک دەنگی گۆرانی داوەت دەهات. لەوێوە چوومە ناو دۆڵێک و پرسیم، گوتیان سەرتەزێنە و ماڵی حاجی شێخەی لێیە و میوان ڕادەگرێ. چوومە ژوورێک دوو کەسی لێ بوو؛ دیار بوو میوانن. ژن سەماوەریان وە ژوورێ نا کە خۆمان چای بخۆینەوە. پاش نوێژی شێوان حاجی چەند کوڕێکی هاتنەوە. لە داوەتەکە ببوون. حاجی هەر دەیگوت: شەرت بێ دەستی دە پیرێژنانم کوشیوە، بەخێری هێناین؛ جلەکانی لێ ساندین و ناردی تیان وەشاند. زۆر پیاوێکی نان بدە و مەشرەف خۆش بوو. بەیانی گوێم لێ بوو گوتی: - مەلای هەڵمەستێنن با بخەوێ؛ بە خودای مەلای بە بێگارە و لە نوێژی سبەینان بێزارە! پاش نان و چایی، حاجی جووتێک کاڵەی هەڵبەستراوی بە گۆریە و پەڕۆوە هێنا؛ گوتی: مەلا تۆ دنیات کەم دیوە! بە کەوشی شارانی پاشنەدار، لە بەفر و قوڕدا سەفەر ناکرێ. کاڵەکانی دە پێ کردم. بەکابرایەکی سپاردم، گوتی: تا دەگاتە «سیاوما» هەرچی بە سەری بێ لە تۆی دەزانم؛ من حاجی شێخەم و دەمناسی. لە ڕێ بەفرێکی زۆر گەورە دایدا. تا گەیشتینە گوند، بەفر لە ئەژنۆی دەدا. ماڵی کابرا هاوڕێم تەڕ و تاریک و تەنگ بوو، زۆریش سارد بوو. چوومە مزگەوت؛ مزگەوتی زۆر خۆشی قەدیمی بە خشتی سوور. خڵکێکی زۆر لە دەوری سۆپەی زەلامی نێڵدراو دانیشتبوون. - کاکە تۆ مەلای؟ - بەڵێ. - سەرچاوان. دە ئەمڕۆ پێشنوێژیمان بکە. پێشنوێژیم کرد و دوعای زۆرم لە پاش نوێژ خوێند. شەو کابرایەک بردمیەوە ماڵ بۆ شیو خواردن. هاتینەوە و لە مزگەوت خەوتم. بەیانی کە چاوم کردەوە، دەوراندەوری مزگەوت دانیشتبوون. کابرایەک هاتە قسە: - مەلا گیان بۆ دەچیتە ئەو خوارە؟ چ دەکەی؟ - دەخوێنم. - پاشان دەبی بە چی؟ - دەبمە مەلای چاک. - ئەو دەم چ دەکەی؟ دەبمە مەلا لە گوندێک. - دەسا کاکی خۆم ئێمە تۆمان بە دڵەوە نووساوە؛ هەر لە ئێستاوە پێت ڕازین. - ئاخر... ؟ - ئاخری ناوێ. جارێ با قسەکانم تەواو کەم: ماڵ و بزنەزاوت دەدەینێ. دۆی بخۆ، کارەکەشی بۆ خۆت. زەکاتیشت لە دەغڵ و دانەوێڵە دەدەینێ. ها! دەزانم دەڵێی منی بێ ژن چۆن ماڵ بە خێو کەم؟ حەوت ڕۆژان بچۆ سەر ڕێی کانی، هەر کچێکت کەیف گرتی لێت مارە دەکەین. بە خودای دەزانم کچی من هەڵدەبژێری. چونکوو لە هەموو کچان جوانترە. من ناوم برایماغایە. - ئاغا بە ڕاستی ئەوی گوتت لە سەری من زیادە. بەڵام برایەکم لە عێراقە؛ دایکمان زۆری پەرۆشە؛ دەچم دەیبینمەوە! بە هەزار زمان لە کۆڵ خۆم کردنەوە. بەفر وێستابوو. ڕێگەم پرسی و لە سەر بەفری مۆر ڕووم کردە «بڵەسەن» کە نیشانیان دابووم. تا ڕچەی کوتراوی حەیوانان بوو خەمم نەبوو، لەوە بەولاوە دە بەفر دەکەوتم و ناو لینگم لە سەر دادەنا. لە بەیانییەوە تا ئێوارە دە بەفردا تلامەوە؛ با بەفری دە سەر و چاوی دەکردم؛ هێزم لێ بڕابوو. تا لە پڕ تووشی شوێنی سەگان بووم و شوێنم هەڵگرت. لە سەر گردێکی بڵندەوە گوندی بڵەسەنم دیت. بە خشکە خۆم بە سەر بەفردا خلۆر کردەوە و چوومە نزیکترین ماڵ. چوومە وەتاغێک لینگم درێژ کرد و پاڵم بە دیوارەوە دا. نەخۆشێک لەوێ دەیناڵاند. وا هاتە بەر چاوم کە گرانەتای بێت. ژنێک لە درگاوە دیتمی و ڕۆیشت. چوار پێنج ژنی دی دەگەڵی هاتنەوە و لێمیان دەڕوانی و دیار بوو سەیر ماون. گوتم: خوشکم بۆ تماشام دەکەن؟ - ئۆ خوا شوکور خۆ تۆ ساغی؟ برا بە خوا وەمانزانی مردووی؛ ڕەنگت لە مردوو دەکا. ڕەنگە برسی بی. - نەخێر برسیم نییە، سەرمامە. گوجێ سۆپەیان پێکرد و ژنێک قەپە شیرێکی بۆ هێنام. گوتی: پیاو لە بەفردا گیر بخوا، لە برسان دەکەوێ و هەست بە برسییەتی ناکا. دوای شیرەکە نان و پەنیری هێنا. ئەوەندەم خوارد زکم هەڵازنا. کاڵەکانم کە لە پێیان داکەندبووم، دە پێ کردەوە و هەرچی خوڵقیان کردم چوومە مزگەوت و لە بەر سۆپەی مزگەوت خۆم وشک کردەوە. خاوەن ماڵەکە -کە ناوی کوێخا حەسەن بوو- کە زانیبووی میوانی چۆتە مزگەوت، ناردبووی بچمەوە؛ نەچوومەوە. مەلای دێ بردمیەوە ماڵ و دانووی گەنمی دامێ. خواوڕاستان مەلا لە من کۆلکەمەلاتر بوو؛ زۆری من بە لاوە عالم بووم. شەو لە مزگەوت پرسیم: کەس هەیە بچێتە ئەو خوارە؟ دوو کەسیان گوت کە چۆدارن و بزنان دەبەنەوە «کەناروێ»؛ دەگەڵیان کەوتم. بەڵام بزن لە بەفر دەرنەدەچوون؛ دەبوایە ڕێگەیان بۆ بشکێنین و زۆر بە ئەسپیایی بڕۆین. هەستم کرد نینۆکی پێم ژانی دەکرد. گوتیان تۆ بگە «ئەنجینە» و جێ بگرە تا ئێمەش دەتگەینێ. - ئەنجینە لە کوێیە؟ - هەر لەو پێچە ئاوا بی، دێ دیارە. لە پێچ پێچم خوارد، سەربانی ڕەشی دێیەکم دیت کە لە خوار هەزار بە هەزارێک بوو، هیچ ڕێشی بۆ نەدەچوو. دامقەڵاشتە خوار، گەییمە پارچە ڕەشانگێک، قوڕێکی هێندە شل بوو هەڵخلیسکام و لە سەر بەردێکی پان گیرسامەوە. ڕوانیمە خوار چ ببینم؟ تیشە بەردێکە بە قەد خانویێکی سێ قاتی بڵندە، گورگیش ناتوانێ لێی باز دا. بە ڕەشانگدا بە چنگەکڕکێ سەرکەوتمەوە. دیسان خزیمەوە سەر بەردەکە. هومێدم بڕا. سەرماش گەڵەی دەکرد. گوتم حەی ئەڵڵا! خۆم هەڵدەدێرم. بوخچە کتێب وگۆچانەکەم هەڵداشت. خۆشم چاوم قونجاند و بە خشکە چوومە سەر لێواری بەرد و خۆم هەڵداشت. لام وا بوو هەپروون بە هەپروون دەبم. کەوتم؛ جاوم هەڵێنا، بە حاڵ عاسمانم لە کولانکەیەکەوە دیت؛ هیچ کوێشم نەدێشا. تۆمەز کەوتوومە سەر بەفرێکی باپەستاوتەی زۆر ئەستوور. بە چنگ بەرم لە خۆم لادا؛ لە کونێک هاتمە دەر. جێگە بوخچەکەشم بەرچاو هات کە دە بەفر قوپابوو. گۆچانەکەشم چەقابوو. لە سەر بەرزاییەکەوە لە بەفری مۆرم ڕوانی، شوێنێکی درێژی قوپاوم بە دی کرد. زانیم جۆگەیە و ئەوسەری دەگاتە ئاوایی. بەشوێن قوپاودا هاتم؛ زۆری نەبرد دوازدە سەگی زەلام لە گردێکەوە پەلاماریان دام. دەستم گۆی نەدەکرد کە بە گۆچان لە خۆمیان دەرکەم. ناچار دانیشتم (سەگ کاری بە دانیشتە و ژن نییە). سەگەل هاتن لە چوار دەورم ئاڵقەیان بەست و چمبۆڵەیان دادا. دەتگوت هاتوون دەرس لای مەلا بخوێنن! کابرایەک بە بێڵێکەوە لە گردەوە هات و هەرای کرد: هاتوومە یاریدەت. ئەو بە بێڵەوە لە پێشەوە و من بە گۆچان -قوون بە قوونی کابراوە- گەینە ناو دێ. چوومە ماڵی؛ ژنەکەی کاڵە و پیتاوی بەگەسک ماڵیم و دامکەندن و پەلاماری ئاگری نێو گۆڕکم دا. کابرا گوتی: لە ئاگر بە دوور بە! نەوەک لاقت وەژان کەوێ. تۆ سەر پەنجەت شین هەڵگەڕاوە، سەرما بردوویە. - ئەرێ کاکە ئێرە ئەنجێنەیە؟ - بەڵێ؛ ئەمما ئەنجێنەی سەختە. ئەو ئەنجێنەی تۆ دەڵێی لەو دیو ئەو کێوەیە. ئەو شوێنەی تۆی پێدا هاتووی پڕە لە ورچ و گورگ. بەڵام بەفر هێندە زۆرە کە دڕەندەش دەرناکەون. لە حەسانەوەدا بووم، کچێکی دە دوازدە ساڵی کراس جاوی سوور، وە ژوور کەوت؛ گوتی: وەستا هاوێنە و بریقەت پێیە؟ (بە جوولەکەی وردەواڵە فرۆشی دەزانیم)! کابرا گوتی: های ڕە زگت نێم! ئەوە جوولەکەیە یان مەلایە؟ ! لە پاش نان خواردن و حەسانەوە، کابرا دەگەڵما هات تا خستمیە سەر ڕێ. گەییمە سەر کانی ئەنجینە. منداڵێک وڵاغی ئاو دەدان؛ گوتی: مامە دەبیە میوانی ئێمە؟ هەر کە گوتم ئا، وڵاخی بەجی هێشت و بە غار ڕوو بە ماڵان بۆوە و گوتی شوێنم کەوە! لە درگاوە بانگی کرد: - دایە میوانێکم بۆ هێنای، مێوژم دەیە! - ئەی بەخێرێی؛ وەرە چنگە مێوژی خۆت وەرگرە! سەرسوڕ مام: خوایە لەو کوردەدا ئیوا هەیە بەرتیل دەدا بە منداڵی کە میوانی بۆ بەرێ؛ «حاتەمی تەی» چ گووێکی خواردووە؟ ... ماڵی خەلیفە ساڵح بوو. تا ئێوارە هەشت میوانی تریش هاتن کە دوویان هەواڵە چۆدارەکانم بوون. جلکیان بۆ تێوەشاندین. بۆ نوێژی شێوان دەگەڵیا چووینە مزگەوت. دوای نوێژ لە هەموو ماڵانەوە نان هات و میوان و خەڵکی گوند لە هەموو خواردنەکاندا شەریک بوون. مەجلیسی مزگەوت گەرم بوو، یەکێ گوتی: فەقێ تۆ سبەینێ مەڕۆ! پیاوی شێخ لەتیف کە لەو ناوە دەگەڵ پژدەری شەڕیانە؛ ڕووتت دەکەن و سەعاتەکەت لێ دەستێنن. گوتم: ئەو دەم دەچمە کن شێخ لەتیف دەڵێم سەعاتەکەم لە تۆ دەوێتەوە. کابرایەکی سۆفیلکەی کزوولکە گوتی: تۆ فەقێ نیت؛ تۆ ڕەنگە پیاوێکی گەورە بی. فەقێ ناوێرێ بڵێ دەچم و شێخ لەتیف دەدوێنم. زانیم غەڵەتێکم کردووە؛ بەڵام خەلیفەی خانەخوێم قۆزتیەوە. گوتی: سۆفی تۆ کەم فامی؛ فەقێ کە قورعان لە سنگن دیارە پیاوی گەورەن! خەلیفە چوار کوڕی گەورەی هەبوون کە بۆ ئاڵووێر، گەرمێن کوێستانیان دەکرد. بەیانی کە خواحافیزیمان کرد بە کوڕێکیانم بە دزیەوە گوت: دەوڵەت سابڵاغی گرتۆتەوە. تفەنگ لە لادێ زۆرە و لە ترسان هەرزانی دەدەن. بگەیە و تفەنگ بکڕە! کە بەرەو چەمی ئەنجینە دەچووین، سۆفیلکەی شەوم دیتەوە دانگەی بزنانی دەدا. گوتی: فەقێ ئەوا ڕۆیشتی؛ بەڵام دەزانم تۆ فەقێ نەبووی. نازانم دەتبینمەوە تا بزانی ڕاستم بیر لێ کردوویەوە. خوا حافیرت بێ. بە بزنەگەلەوە هاتینە سەر چۆم؛ بەستبووی. بە بەرد سەهۆڵمان شکاند و ڕچەی بزنانمان پەیدا کرد. خۆمان هەڵکرد. شاخی هەوەڵ بزنم گرت و پەڕاندمەوە. کە چوومە ئەوبەر لە خۆم ڕوانی دەتگوت چەکمەی سوورم دە پێدایە، لە ئەژنۆمەوە تا قولەقاپە خوێن دەهاتە خوار. سەهۆڵ و ساردی ئاو بڕیبووی. هەواڵەکانم بانگیان کرد: ئێمە بە کاڵە و گۆریەوە دەپەڕینەوە؛ تۆ ئاگرێکمان بۆ هەڵکە. هێندێک وشکەڵ و پووشم لە قسنێک هێنا و ئاگرم دا. قاچی نیوە سەرمابردووی سێ بەش قەڵاشتوو، جا وەرە ژان بکا... کەوتینە ڕێ. لەبەر بەفر ڕێ دیار نییە. بە شوێن بەڕازاندا چووین؛ بە سەر کۆخێکدا کەوتین، تەنیا ماڵە بە بەندەنێکەوە. خوشک و برایەکی لێ دەژیا. زۆریان بەخێر هێناین؛ مێوژ و گوێز و هەنجیریان دەپێش کردین. کوڕەکە دەیگوت: خەونم دیتبوو ترێ سپیلکەم دەخوارد؛ زانیم ئەو بەفرە قورسە دەبارێ. ئەگەر دەخەودا ترێ ڕەشکە بخۆم، باران دەبارێ. هەموو ژیانیان ڕەزێک بوو لە بناری گوندی «ورچەک» ولە دنیا تەریک ببوون. بەیانی ئاوا بووینە دیوی عێراق. نەفەسێکی ئاسوودەم هەڵکێشا: ئۆخەی لەبەر حوکمی عەجەم خەلاس بووم... پاش نوێژی شێوانێک، بە بزنەگەلەوە ڕوومان کردە گوندێک «بێورە» یان «بێوران»یان پێدەگوت. حەشر و حەلەلا بوو؛ دیار بوو شێواوە. ژنێک گوتی: زوو بڕۆن لێرە مەمێنن! هاواری سەر و ماڵە. تازە بۆ کوێ بچین؟ بزنمان کردنەحەسارێک و چووینە مزگەوت. مزگەوت لە خەڵکی گوند جمەی دەهات. مەلایەکیش بەناوی مەلا عەزیز بە دنگی بەرز دەیگوت: من ماڵی خۆم ڕاگوێزتووە. ئێوەش هەڵێن هەتا نەکوژراون و تاڵان نەکراون و خانووەکانتان نەسووتێنراوە. کەس هۆشی ئەوەی نەبوو جوابی سڵاومان بستێنێتەوە. مەسەلە چییە؟ پرسیمان، گوتیان شێخ لەتیف دەگەڵ پژدەری شەڕیەتی؛ گوندی تمتمانی سووتاندووە. ئەم گوندە سەر بە شێخ لەتیفە؛ ئەمشەو پژدەری لە تۆڵەدا دەیسووتێنن و تاڵانی دەکەن. جارجار تڕ و تۆپ بە کار دێ. دەمزانی ئەگەر ئەوان بە قسەی مەلا بکەن، ئێمە سەرمان بێ کڵاو دەمێنێ. قسەم لە دەمی مەلا قۆزتەوە، گوتم: برا بۆ شکایەتی پۆلیس نەکەن؟ گوتیان شکاتمان کردووە، ناوێرن بە شەو بێنە هاوارمان. - بۆ خۆتان چەکتان هەیە؟ کەوتنە بژاردن: بەڵێ سێزدە تفەنگ وچوارسەد فیشەکمان هەیە. - برام! کەس نەڕوا. بچن دوو ئاگر لە دەوری دێ بکەنەوە و خۆتان لە بەری دامەنیشن. دەستە دەستە کێشک لە دێ بگرن و تا سەرماتان بوو وەرنە بەر ئاگری مزگەوت و دەستە بگۆڕن. هەتا هێرشبەر نەیەتە بەر سێرەی تفەنگ، تەقەیان لێ مەکەن. ئەمشەو بە چوارسەد فیشەکە دەتوانن خۆ بپارێزن. ئەگەر تەنگانەشتان بۆ هات. ئەوا من حازرم سەد پشدەریتان بۆ بکوژم! بوو بە هەرا: - مەلا عەزیزی خوێڕی! تۆ کێوە دەچی بچۆ. ئەم کوڕە جحێڵە گەورەمان بی و بە قسەی ئەو دەکەین! سەرت نەیەشێنم، تەواوی شەو لە ناو لێفەی زۆری مزگەوتا خەوتین و کەس نەهات بۆ پشدەری کوشتن بانگم کا! بەیانی کابرایەک بردینیە ماڵە خۆی. ژنان شانیان ماچ دەکردم. کە ئەگەر تۆی وا ئازا و ڕەشید! نەبای ماڵوێران دەبووین. بۆ یەکەمجار پڵاوساوارێکم خوارد کە تا ئێستاش تامی لە بن ددانم دایە. هاوارچی لەشکری شێخ لەتیف گەینە گوند و بەجێمان هێشت و بۆ ئێوارە گەینە «کەناروێ»؛ کە ماڵی هەر دووک هەواڵەکەم لەوێ بوون. شەو لە ماڵی هەواڵێکی چۆدارم میوان بووم. خەسوویەکی پیری زۆر ناحەزی هەبوو. لێی پرسیم: - کاکە مەلا! ڕاستە دەڵێن کەسێک دڵی جیرانان بێشێنێ، لە قەبرا دەبێتە مەیموون؟ گوتم: نا دایە گیان، خودا دوو جار کەس ناکەتە مەیموون! ژنی کابرا جحێڵ و جوان بوو. نازانم لە خۆشی هاتنەوەی مێردەکەی بوو، یان کەیفی بە من دەهات، تەواو دڕدۆنگی کردم. هەر چەند جێگەش هەبوو، لێفەم برد و چوومە مزگەوت کە لە بەڵا بە دوور بم. سبەی ئەو ڕۆژە بە تەنیا ملی ڕێم داگرت. لە ڕێگە تووشم بوو بە تووشی دوو پۆلیسی کوردی عێراقییەوە. دەمەویست خۆم وەک خەڵکی وڵات نیشان دەم؛ گوتم: مانگوو نەبن! لێیان پرسیم: کوێندەری؟ - خەڵکی کەناروێم. پۆلیسێکیان پێکەنی، گوتی: دیارە خەڵکی ئێرانی. بڕۆ کارمان پێت نییە؛ بەڵام مەڵێ مانگوو نەبی؛ سەیری دەڵێی! گەیشتمە قاوەخانەی ئەزمر؛ شەش چام لە سەر یەک خواردەوە. کابرایەکی قوڵەخڕەی میوان، لێی پرسیم: چکارەی؟ قاوەچی شانی گرت و فڕێیدا دەرێ؛ گوتی: حەقت چییە لە موشتەری من دەپرسی؟ پووڵی ئێرانیم بۆ دەڕێنا، پێنج قڕانیەکی هەڵگرت. لە گوێژە سەرکەوتم. تووشی کاروانێک بووم دەچوونە سلێمانی. لە نێو قساندا تاریفی ئەسپەڕەشی شێخ لەتیف بوو، کە زۆریان موبالەغە تێدا کرد. پیاوی سادە و دەشتەکی، دەسەڵاتداران زۆر لەوە زیاتر دەبینن کە هەن. تەنانەت باس گەیشتە ئەوە کە تاژیەکانی شێخ لەتیف نیوەڕۆژ و شێویان هەر پڵاو و گۆشتە. هێندێک دەیانگوت بریا تاژی شێخ بووینایە! ئێوارە درەنگ گەییمە ناو شار. لە دڵدا بڕیارم دابوو بچمە حوجرەی مزگەوتی گەورە و ببمەوە فەقێ؛ بەڵام دەمزانی لەوێ ئیستراحەت ناکەم. زۆر ماندوو بووم؛ نۆ ڕۆژ بوو بەو هەموو دەردەوە بەڕێوە بووم و لە حەپسیشەوە هەڵاتبووم. با ئەمشەو بچمە مسافرخانە. لە کابرایەکم پرسی: مسافرخانە لە کوێیە؟ بانگی کردمە لاوە گوتی: بڵێ هوتێل؛ مسافرخانە قاچاغە. بردمی و لە دوور هوتێلێکی نیشاندام. بردیانمە وەتاغیکی دوو تەختی؛ کەسی تریش نەبوو. سەرما بوو؛ گوتم ئاگر. گوتیان نیمانە؛ ئەگەر خۆت خەڵووز بکڕی بۆت دەگەشێنینەوە. بە خەڵووز خۆم گەرم کردەوە. شەو میوانێکی تر بۆ تەختی دووهەم هات؛ لاوێکی بێ مووی جوانچاکی شازدە و حەڤدە ساڵە، بە تفەنگ و فیشەکدانەوە. هەر کە زانی مەلام، هەڵیپێچام نوشتەی بۆ بنووسم کیژێک حەزی لێ بکا. تێمگەیاند کە من لەو مەلایانە نیم. شەو دە تمەنێکی ئێرانیم دا بە خاوەنی هوتێل، چوار پەنجایی دامێ و چوومە قاوەخانە. هەر پەنجاییەکانم هەڵگێڕ وەرگێڕ دەکرد و دەمخوێندنەوە و زۆرم پێ سەیر بوو. نەشمدەزانی بەرانبەر بە چەند پووڵی ئێرانە. خەیاڵات بردبوومیەوە. هەیاران لە بۆکان بیستمان کە شاری پێنجوین بە بوومەلەرزە وێران بووە. کابرایەکی شاعیری پێنجوینی بە ناوی «موفتی» کە جارێک لە بۆکان لە کاتی نەخۆشیمدا سەری داوم. تۆ بڵێی لێرە نەبێ؟ دەی سا چۆن بوێرم و لە کێ بپرسم؟ دوو کەس لە نزیک من تەختیان دەکرد. بە نووزەیەک لە یەکیانم پرسی: تۆ موفتی تووتنچی دەناسی؟ - نا نایناسم. ئەوی تر گوتی: کوڕە ئەو کابرایەی لە جادەی تازە دوکانی هەیە؛ بۆ چیتە؟ - بۆ هیچ هەر پرسیم. دەڵێن خنکاو پەلاماری پووشیش دەدا. من کە ئاوارەیەکم لەم شارەدا کەس ناناسم، ئەمەش هەر باشە. دەیدۆزمەوە. شەو هەواڵەکەی هاووەتاغم گوتی: سبەی سەعات پێنج دەچمە حەمام، تۆ نایەی؟ - ئای دەخیلت بم بەجێم مەهێڵە! ++++++++++++++++++++++