شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: چۆن هەڵاتم ڕاسپێری قاسماغام ڕاگەیاند کە ئەسپێکم بدەنێ و بچمە قەرەگوێز. کاکە ڕەحمان گوتی: نە ئەسپت دەدەمێ، نە لاشم وایە مەسڵەحەتە بچیە لای ئەحمەداغا. بۆ خۆت یا بچۆ خانەقا یان دەرەغە. گوتم: بەڵێ خۆم دەگۆڕم و دەچمە لای تەرەغە. جلکی تازە و باشی خۆم بە جلکی پیس و خراپی فەقێیانەی مەلا عەبدوڵڵای حەساری گۆڕیەوە. کتێبی جامی و هێندێک قاقەز و قەڵەمم خستە بوخچێکەوە و بوومەوە بە فەقێ. داوام لە مەلا عەوڵا کرد کە سێ هەزار تمەنت لە لایە ئەگەر دەکرێ بمدەوە. گوتی: هیچم نییە. میرزا عەوڵای بارامی گوتی: من پێنج سەد تمەنت دەدەمێ و لە مەلا عەوڵای دەستێنمەوە. دەمانچەکەم دا بە کاکە ڕەحمان کە ئەگەر توانی بیفرۆشێ، پووڵەکەی بدا بە منداڵ و براکانم. هەر ئەو ڕۆژە بەر لە نیوەڕۆ بە بیانووی چوونە تەرەغە دەرکەوتم و بەرەو مەحمووداوا ڕۆیشتم تا لە دێی شێخلەر نەدیوو بووم. دامقەڵاشتە خوارێ و هاتمە ناو مێشەی مەحمووداغا و ڕوو بە جەنووب بە مێشەدا ڕۆیشتم. لە مێشە نەهاتمە دەر تا لە گوندی قاقڵاوا تاوم لێ ئاوا بوو؛ لام دا. ++++++++++++++++++++++