شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: بارزانی دەمانبیستەوە کە لە کوردستانی عێراق مەلا مستەفا بارزانی شۆرشی کردووە و دەگەڵ عێراق و ئینگلیس شەڕیەتی. دوعای بەخێرمان دەکرد و بە دڵ دەگەڵی بووین. میرحاجی دامەزرێنەری «ژێ-کاف» و ئەفسەرێکی تر کە ناوی «مستەفا خۆشناو» بوو، لە سوپای عێراق دەرچووبوون و چووبوونە لای بارزانی و لەوێوە بۆ پەیوەندی دەگەڵ ئێمە هاتبوونە سابڵاغ و تەواو دەگەڵیان مابەینم خۆش بوو. بەکورتی باسی شەڕەکەی بارزانی و ئینگلیس و عێراقم لە دوای چاپی دووهەمی شەرەفنامەدا نووسیوە. پاییز بوو؛ باران دەباری. گوتیان بارزانییەکانی ئاوارە هاتوونە گوندی «قونقەڵا» لە نزیک سابڵاغ. بە پەلە دەگەڵ «حەمە مەولوودە چرچ»دا بوو ترومبێلی باریمان خواستەوە و چرپی بڕاومان لە مێشەیەک لێ بار کرد و بۆ بارزانیمان برد. زۆری نەبرد بارزانی بارزانی هاتنە شارەوە. خەڵکی سابڵاغ -ورد و درشت- بۆ پێشوازییان دەر کەوتن. خۆراک و جلک و پێڵاو، لە هەموو ماڵانەوە باربوو دەهات. خۆم دیتم منداڵێک کە کۆمای جلکانی دیت، کەوشەکانی خۆی فڕێ دا و بە پێخاوسی ڕایکردەوە ماڵ. بارزانی، ئەوی چەکدار بوو لە سەربازخانە دامەزران، ماڵ و منداڵ و پاتاڵیش لە دێهات جێگەیان دانێ. بۆ یەکەم جار کە چاوم بە بارزانی کەوت زۆرم دەگەڵ ڕووخۆش و بە ئیلتیفات بوو. ئیتر ئەو خۆشەویستییە دەوامی کرد تا بارزانی چوونە وڵاتی ڕووسان و کە هاتیشنەوە عێراقێ، تا بارزانی وەفاتی کرد هەر زۆر لوتفی دەگەڵما بوو. ++++++++++++++++++++++