شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: قازی محەممەد ماڵە قازیان زۆر لە مێژەوە قازی و دەستەڵاتداری شار و بەناوبانگ بوون. قازی فەتاحێکیان هەبووە کە لە ئازایەتی و بە جەرگیدا ناوبانگی دەر کردووە و لە شەڕی عرووسان کوژراوە. قازی عەلیش -کە قازی سابڵاغ بووە- لە پیاوە هەرە بەڕێزەکانی وڵات ژمێردراوە. دوو کوڕی لە پاش بەجی ماوە: میرزا محەممەد، کە پیاوێکی زۆر خوێندەوار بووە و لە زەمانی باوکیدا چەندین ئەرکی بێ حقووقی وەک مدیر مەعارف و سەرپەرشتی شێروخورشیدی سووری گرتۆتە ئەستۆ و زۆر خۆشەویستی خەڵکی وڵات بووە و لە پاش باوکی کراوەتە قازی سابڵاغ. دووهەمیان میرزا قاسم، کە بە «سەدرولئیسلام» ناو براوە و لە دەسگیرۆیی داماوان و تکا بۆ زیندانیانی بێچارەدا زۆری کۆشش کردووە و بە پیاوی چاک ناسراوە و لە زەمانی کۆمەڵەدا بۆتە نایب لە تاران. دەگەڵ تێکچوونی دەسەڵاتی دەوڵەت لە موکریان، قازی بۆ پاراستنی شار لە تاڵان و بڕۆی عەشایری دەوروبەر، خەڵکی سابڵاغی سار دابوو کە تفەنگ بکڕن و شەوانە کێشکی شار بگرن. زۆر جاریش ڕۆژانە کۆی دەکردنەوە و ئامۆژگاری دەرکردن؛ دەسەڵاتی سابڵاغی تەواو لە دەستا بوو. پێمان خۆش بوو قازی ببێتە هاوکارمان؛ بەڵام ئەو ئێمەی بە هێچ نەدەزانی و بە لایەوە کەمایەسی بوو دەگەڵ چەند ڕەش و ڕووتێکی بێ ناو نیشان زرمە زلیتانێ بکا. ئێمەش هەستمان دەکرد کە عەشایر و خەڵکی دیکەی سەرناس، چەتوونە هەتا نەزانن سەرۆکمان پیاوێکی زل و شیاوی حورمەت گرتنە، بێن لەگەڵمان و هیچ کەسی پایەبەرز بە حوسێن ڕازی نەدەبوو. بەڵام قازی چۆن چار بکەین؟ ڕاماندەسپارد ئەندامان و لاگرانمان کە لە کۆبوونەوە بۆ وتاری قازی بتەکنەوە. تا وای لێهات کە قازی خۆی هەستی بەوە کردبوو حیزب بە هێزە و گاڵتەی پێ ناکرێ. ئەوسا داوامان لێکرد کە بێتە حیزبەوە؛ قبووڵی کرد و زۆر زوو بڕیار درا قازی سەرۆکی کۆمەڵە بێ. ئیتر زۆر ئاغا و پیاوماقووڵان -کە پچووکی قازییان پێ شەرم نەبوو- هاتنە یاریمان و هاتنە ناو حیزبەوە. قازی کە ماڵەکەی قۆناغی میوانانی ڕووس بوو، توانی نێوانی حیزب و ڕووسان خۆشتر کا و دەمانتوانی بە ڕاشکاویتر کار بکەین. دەوڵەتی ئێران -کە لە موکریان پاشەکشەی پێ کرابوو- ئیدارەی موکریانی لە میاندواو دانابوو؛ بە هەموو توانا حەولی دەدا ئاغایانی وڵات لە خۆی دڵخۆش بکا. شەکر و قەندی زۆری دەدانێ، پلەی حاکمەتی شاری بە عەشیرەتان دەسپارد. دوژمنی سەرسەختی ئەو ڕۆژگارەمان «قەرەنیاغای مامەش» و «عەلیاغای ئێلخانی» بوون. قەرەنیاغا زەبیحی گرت و هەڕەشەی کوشتنی لێ کرد ڕووس بەریان دا و هەڕەشەیان لە قەرەنیاغا کرد. ++++++++++++++++++++++