شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: خەتمێکی قورعان بە بەرتیل هەر ئەو سەروبەندە، کۆنە ئاغایەکی کورد -کە مەحمووداغای سەگەنێریان پێ دەگوت- بە مەئموورییەتی دەوڵەت هاتە سەرمان و ئەویش وەک هەموو مەئمووری تر لە بەرتیل دەگەڕا. من هیچم نەبوو بیدەمێ، ئەویش سوور بوو کە هەر لێم بستێنێ، دەنا کڵاوێکم بۆ دروست دەکا. لە ئاغا! مەرحوومی بابت لە خانەقا نێژراوە. پووڵم نییە؛ بەڵام لە باتی ئەو بەرتیلە خەتمێکی قورعان بۆ ڕووحی بابت دەخوێنم! زۆری خۆش هات و پێک هاتین؛ بەڵام ئێستاش ئەو بەرتیلە قەرزدارم! هەر ئەم چیرۆکەم بۆ قزڵجی گێڕاوە، ئەویش بە تێکدانەوە کردوویەتە کورتە چیرۆکێک لە «پێکەنینی گەدا»دا. ژیانی تەرەغەم جگە لە متاڵا و ترسی مەئموور، بە خۆڕایی دەگوزەرا. پاییز کە کاسبی دەشت نەدەما، ئێواران لە سەربانان دەگەڵ پیرەپیاوان و لەبەر دەرکان دەگەڵ کۆنە پیرێژنان شەوانە بە گۆرەوێ بازی و گوێ کرتن لە بەند و باو حیکایەتی قەدیم و لە بەفرباریندا بە تەپکەنانەوە و ڕاوی کەروێشکمان ڕادەبوارد. حیزبی خاڵە مەلا -کە هیچ ناویشی لێ نەبرابوو- سەربەخۆ پووچابۆوە و لە پەیوەندی دۆستانەی ئاسایی تێنەپەڕی. هەر کە بە هاتنی ڕووسان، شیرازەی دەوڵەت لە موکریان هەڵوەشا، «عەزیز زەندی» ناوێک کە بە «عەزیز ئەڵمانی» دەناسرا و پیاوێکی زۆر زانا و دەمپاراو بوو، چەند کەسێکی بانگ کردوە ماڵە خۆی کە من و زەبیحیش دەگەڵدا بووین؛ گوتی بە سەرۆکی خۆم «حیزبی ئازادیخوای کورد» دروست دەکەم. بێ لام و جووم قبووڵمان کرد. زۆر کەسی تریش هاتنە ناو حیزبەکەی. عەزیز زەندی بۆ تەبلیغاتی حیزب، گەشتێکی کرد. شێخ محەممەدی خانەقا، خەلیفە مەلا عەلی زەنبیلی و زۆر ئاغای تری کردبووە دۆستی خۆی و بەڵێنی هاوکاری لێ ساندبوون. هەتا سەقز هات و گەڕایەوە. چووبووە تەورێز؛ زۆر ئەرمەنی تەورێزیشی کردبووە پەیڕەوی خۆی. بە تەنتەنە و سەنتەنەیەکەوە دەگەڕا، چەندین کێشکچی ئەرمەنی لە دوایەوە دەڕۆیشتن. پاشان -ڕاست یان درۆ- گوتیان لە هەمان کاتدا پیاوی دەولەتی ئێران بووە و پووڵی لێ ساندوون کە نەهێڵێ بیری ئازادیخوازی پەرە بستێنێ. بە ناشکوری ناڵێم ئەویشمان لێ پووچەڵ بوو. ++++++++++++++++++++++