شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: کوردایەتی وەک مەعلوومە لە سەرەتای ئیسلامەوە هەمیشە گەلی کورد ژێردەستەی بێگانە بووە و هەرگیز ڕۆژێک -وەک لازمە- ئازادی کورد و کوردستان خۆی نەنواندووە. جا ئەگەر لە چنگ ئەمەوی و عەبباسیانیش دەرهێنراوە، چۆتە ژێر باری تورک و ئێرانەوە. وڵاتێکی سەخت و شاخاوی و گەلێکی زۆر لە شەڕ ئازا؛ زەوی و زاری بە بەر و بووم؛ کراوەتە مەیدانی شەڕی تورک و ئیران و هەر کامەیان ویستوویانە کورد بە کوژ بدەن و بیکەنە بەڵاگەردانی خۆیان. نەخوازەڵا لە دەورانی سەفەویەکاندا، لە پاش ئەوەی کوردێکی ژەنگاوی خۆی کردۆتە شێخی سەربەماڵ و لە ئێراندا پەرەی ساندووە و مریدی زۆری پێکەوە ناوە و بە ناوی «شێخ سەفی ئەردەوێڵی» ناسراوە و زمانی تورکی کردۆتە زمانی ئەهلی تەریقەتەکەی خۆی، کوڕانی ئەو ویستوویانە بەهرەی سیاسی لەو تەریقەتە وەرگرن، بوونەتە شیعەی زۆر دڵگەرم تا بتوانن بە چالاکی بەربەرەکانێ زۆربەی سوننی مەزەبەکان بکەن و ئێران بۆ خۆیان ساغ کەنەوە. سوڵتانانی عوسمانیش خۆیان کردۆتە پارێزەری سوننی مەزەبان و هەمیشە ئەو دوو هێزە بە گژ یەکدا چوون و کوردی تێدا ماڵوێران بووە. ئەم باسە زۆر قووڵە و زۆری لە سەر دواون؛ نایەوێ بە درێژی لێرەدا باسی بکرێ. بەڵام ئەوەندە هەیە کە سەدان ساڵە هیچ کوردێکی ئێران نەبووە کە ڕکی زۆری لە دەستەڵاتدارانی شیعە مەزەب و بە گفتی خۆیان لە عەجەم نەبووبێ. هەر بەچکە کوردێک لە هەوەڵ چاوکردنەوە و زمان گرتنەوە، بە ئاواتە لە چنگ عەجەم ڕزگاری بێت. عەجەم واتە ئێرانی دەسەڵاتدار؛ بەڵام چونکە کوردی موکریان هەر کاربەدەست و پۆلیسی ترکزمانیان ناردوونە سەر و جەزرەبە و ئازاریان لەوان دیوە، ناوی عەجەم بۆ ترک زمانەکانی جیرانیان بەکار دەبەن. منیش وەک هەموو منداڵە کوردێک هەر زمانم پشکوتووە و هاتوومە ڕیزی منداڵان، بوغزی عەجەمم دەگەڵ شیر مشتووە و بە دڵ ناخۆشم ویستوو. گوتم لە حەو ساڵانیمدا گوێزم پێکدا دەدا و ئەوی بشکایە دەمگوت عەجەم شکا. زۆر جار لە بەر خودا دەپاڕامەوە پادشایەکی کوردی چکۆلە و جوانم بە نسیب بکا. لە گەمەی شەوانەی گەڕەکدا دەبووینە دوو دەستەی عەجەم و کورد؛ دەبوایە شەڕ بکەین، عەجەم بشکێن و کورد سەرکەون. بابم لە تورکیە مەلا سەعیدی بەدیعوززەمانی دیبوو؛ زۆر بە ممبارەکی دەزانی. کە بیستبوویەوە لە لایەن سوڵتانی ڕۆمەوە کوژراوە، جگە لە ناخۆشەویستی عەجەم، جنێوی بە تورکی عوسمانیش دەدا و بە کافری دەژماردن. دەربارەی کورد ئازاد بوون و لە دەست دوژمنی کافر ڕزگار بوون، لای هێندێک لە میوان و هاموشۆکەرانی باسی دەکرد. چەند لاوێکی سابڵاغی حەزیان لە قسەکانی دەکرد و زۆر جار دەهاتنە لای کە گوێی لێ بگرن. من و زەبیحی منداڵ بووین و لە بەر خۆمانەوە بە ئەندازەی عەقڵی منداڵی، کەیفمان بە کورد دەهات. زەمان زەمانی ڕەزاخانی پهلەوی بوو. کەس نەیدەوێرا بیریش لە کوردی نووسین بکاتەوە و ناوی کوردی خوێندونەوەی وای لێهاتبوو، ئەگەر کەسێک باسی بکردایە، سەرەڕای جنێو، دەکەوتە بەر تیز و بەشەر و شەڕ و دەبوو بە گاڵتەجاڕ. لە بیرمە ڕۆژێک زەبیحی لێم پەیدا بوو؛ ئیشارەتی بۆ باخەڵی کرد. گوتم چییە؟ گوتی با بڕۆین دەزانی. لە شار دەرچووین؛ نزیک پردی سوورگڕە بەردێک هەبوو، بنی هڵۆڵ بوو. خۆمان لە بەر چاوان ون کرد و کتێبی دەرێنا: «ئەنجومەنی ئەدیبانی کورد» کە هی پیاوێکە بە ناوی «ئەمین فەیزی بەگ» و لە ساڵی ١٣٣٩ک (١٩٢٠ز) لە ئەستەمبووڵ چاپ کراوە. پڕ بوو لە شیعری شاعیران. جا وەرە و بتوانە ساغی کەوە! هەر چۆنێک بوو تەقە تەقێکمان لێ دەکرد و بەشی خۆمان -ئەویش بە حاڵی سەگ- لێ هەڵدەکڕاند. چەند ڕۆژێک ئەو کارەمان کرد. ڕۆژێک تووشی شیعرێکی شێخ ڕەزا بووین و دە قوڕ گیراین: خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قوللەی قافا دەمانخوێند: «مێروو، لە پخێ چاکە بە کەپور قوللەی قافا!»، من دەمگوت لەنگە، دەیگوت ئاخر یانی چی لەنگە؟ دەمگوت نازانم، بەڵام دەزانم نەمانزانیوە. فکر، فکر، خوایە چی بکەین و لە کێ پرسین؟ گوتم: هەر چەند دەزانم ڕەنگە لێدانێکیش بخۆم، بەڵام لە بابم دەپرسم. شەو کە بابم خەریکی متاڵا بوو، تۆزێک مینگەم کرد و سەرم خوراند و گوتمک - بابە! سەری هەڵێنا: - ها چییە؟ بێدەنگ بووم؛ قرتەم نەهات. دیسان پاش تاوێک گوتم: - بابە؟ - بەڵێ، دەڵێی چی؟ دیسان پەشیمان بوومەوە. ئەوجار هەستام چوومە لای درگا کە ڕێگەی هەڵاتن بە دی بکەم. - بابە! - ئەی سندان! ناوم لێ دەنێی؟ دە بڵێ بزانم چت دەوێ؟ - ئاخر لێم نادەی؟ - نا بۆچی لێت دەدەم؟ - شیعرێک هەیە من و زەبیحی نایزانین، پێمان بڵێ. گوتی: زۆر باشە، کوانێ؟ ئەنجومەنە بۆرم لە باخەڵ دەرێنا و شیعرەکەم شاندا. گوتی؟ چۆنتان خوێندۆتەوە؟ کە بۆم گوت، لە قاقای پێکەنینی دا، گوتی: جا ئەگەر ئێوە کوردی دەخوێننەوە من زۆرم هەیە. هەستاین چووینە حەساری ماڵ؛ گڵی لادا، سندووقە فیشەکێکی ڕووسی داپۆشیبوو کە پڕی بوو لە دیوانە شیعری چاپ کارو و بە خەت نووسراو. ئیتر خودا وەتحەسێنێ، دیوانی نالی، کوردی، شێخ ڕەزا، سالم، حەریق و نازانم چەندی تر، یەکە یەکە وەرماندەگرت و غەڵەتمان دەپرسییەوە. سدیق حەیدەری و سەعید حەمەقالە ناویش کە لە ئێمە بە تەمەنأتر بوون دەچوونە ڕەواندز و لە هاتنەوەدا چاپکراوی کوردییان لە لای حوزنی موکریانییەوە دەهێنا و دەیانداینێ. تا زۆر باش خۆمان لە کوردی خوێندنەوە ڕاهێنا و بەرە بەرە دەممان لە باسی ئازادی کوردستان و ئاواتخوازی ڕزگاری کوردەوە وەردەدا. نازانم چۆناوچۆن بوو کە چەند کەسێکی تریش ببوونە ئاودەنگیمان و شەریکی بیر کردنەوەمان بوون. لە سابڵاغ «حوسێنی زێڕنگەران» کە پاشان بە «فرووهەر» دەناسرا، «عەزیزی کاکاغا» کە ئەفسەرێکی پۆلیس بوو، «منیەی شەرەفی»، «عەبدوڕەحمانی کەیانی»، لە لادێ «کاکە ڕەحمانی بایزاغا»، «مەلا ڕەحمانی حاجی مەلای عەزیزکەند» و ڕەنگە هی تریش کە لە بیرم نەماون، واتا حیزبێک بووین و بێ بەرنامە و تەنزیم. کارمان هەر ئەوەندە بوو کە دەگەیشتینە یەکتر دڵی خۆمان بەئاواتەکەمان خۆش دەکرد. جارێک زەبیحی دەگەڵ خۆی بردمیە ماڵی پیاوێک بە ناوی «خاڵە مەلا». پێم وایە جگە لە ئێمە دە کەسی تریش لەوێ بوون. گوتیان ئێمە دەبینە حیزب و دەبێ ئاگامان لە یەکتر بێ و سوێند بخۆین کە خیانەت بە یەکتر نەکەین. ئەم کۆبوونەوە زۆر مایەی دڵخۆشی بوو؛ کوردایەتیمان پتەو بوو. دوو سێ کورتە باسم لە بارەی ئەو هاوکاریەوە لە بیر ماوە: دەگەڵ عەزیز و حوسێن چووبووینە قاوەخانەی حیکایەتخوان. حیکایەتی ئەسکەندەرنامەی دەگوت. هەر دەیگوت: «تۆز لە بیابان هەستا، بای ڕەحمەت تۆزی لادا، دە ئاڵا نیشانەی سەد هەزار چەکداری فڵان پاڵەوان دەرکەوت و دیسان تۆز و ئاڵا و فڵان پاڵەوان...» و هەروا درێژەی دەدا. عەزیز -کە تۆزێک سەرخۆش بوو- بانگی کرد: «سەگباب ئەری کوا ئالای کوردستان؟» و دەمانچەی دەرێنا. خەڵکی قاوەخانە بە جارێک تاسان، حیکایەتخوان سپی هەڵگەڕا و لەرزی و ملی لێ نا کە: «تۆز هات و ڕابرد و سەد ئاڵای نیشانەی یەک ملیۆن لەشکری سەلاحەددینی ئەییوبی دەرکەوت...» حوسێن عەزیزی لە چاخانە وە دەر نا و من شوێنیان کەوتم. دەمانچەکەیان دا بە من کە من منداڵ و بێ شکم، نەوەک بیانگرن. گوتیان ئەفسەرێکی دژبان سەر و بنی قسەی، جنێو بە ڕەگەز و دینی کور دانە و ناو و نیشانەشی فڵانە. عەزیز خەتی بۆ کێشا کە تەمبێی بکا. شەوێک زستان و بەفر لە عەرزی بوو. چووینە دەوروبەری دژبان قەدەممان لێدا تا کابرا هاتە دەر. عەزیز بە هەوای سەرخۆشی یەخەی گرت و بەربووە لێدانی، حوسێن و منیش بە ناوی ناوبژیکەر چووینە یاریەی و بگرە کوێندەرێت دێشێ، شل و کوتمان کرد. دژبان هاتن، ناوبژیکەر هەڵاتن و عەزیز گیرا. وەک خۆی گوتبووی بە تەلەفۆن خەبەر بە فەرماندەری لەشکری سابڵاغ درا و فەرمانی دا عەزیزیان بۆ برد کە خۆی تۆڵەی لێ بکاتەوە. هەمووی شەوێ پێکەوە ئارەقیان خواردەوە و قوماریان کردوە و سبەی عەزیز هاتەوە و ئازاد کرابوو. کوڕێکی سابڵاغی بە ناوی حەمیدی سوڵتانی -کە مەئمووری دەوڵەت بوو- بە سێ ئەمنییەوە هاتە تەرەغە و داوای مازاد گەنمی لێ کردم. گوتم هیچم نییە و هێشتا دروێنە نەکراوە و بۆ خۆم جۆم قەرز کردووە و نانی جۆ دەخۆین. قسەمان تێک پەڕی و گوتی مەلابازی دەرمەهێنە. هەر چەند کەس ئەو ڕۆژە نەیدەوێرا بە پیاوی دەوڵەت بڵێ پشتی چاوت برۆیە، من زۆرم ڕک هەستا. کابرام بە سێ تمەن لە پۆلیسەکان کڕی؛ دوو کەسم بانگ کرد و خۆم، بەربوویتە گیانی، «چت خواردووە ترش و چەوەندەر؟». هەر چی هاواری کرد پۆلیس خۆیان کەڕ کرد. وای لێهات لە سەر پشتی بارگین دایانبەست و بەرەو شار بوونەوە. منیش بە ڕێیەکی سەربڕدا خۆم گەیاندە شار و هاوارم بۆ عەزیز و حوسێن برد کە لە شکایەت دەترسم. هەردووک لە حەمید خەفتابوون. هەر لە ماڵ دەرچووبوو وەریگەڕابوونێ و سوێندیان دابوو کە شکایەتم لێ ناکا. لەو ساوە مەئمووری تریش کە هەموو گیانیان تەشقەڵە بە خەڵک کردن بوو ترسابوون و لە بەرانبەر من پڕکێشیان کەمتر دەکرد. ++++++++++++++++++++++