شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: خواستنی «مەعسووم» کچی «کا حەمەدی نۆبار» لە پاش مردنی هەوەڵ ژنم هەر دە حەولدا بووم بە دڵی خۆم ژنێک بێنم. زۆر کیژ و بێوەژنیان بۆ دۆزیمەوە؛ بەڵام کەیفم نەیدەگرتن. ڕۆژێک میوانی ماڵێک بووم، خوشکێکی چکۆلەی هێشتا کاڵی خانەخوێکەم زۆر دڵ گرتی؛ بەڵام هیچم نەدرکاند. دوایی بیستمەوە ئەو کیژەئاشنای ماڵی قۆج بەگە و قۆج بەگیش ئاشنای قسەی قۆڕ و جەفەنگم بوو. خوازبێنیم لێ کرد و سەری گرت. «مەعسووم» کچی «کا حەمەی نۆبار»م لێ مارە کرا؛ کە هێشتا تەمەنی لە چاردەساڵاندا بوو. بۆ مخارجی بووک هێنان دامابووم. کابرایەک بە ناوی عەبدولکەریمی شەوکەت –کە بازرگانی کۆتاڵ و دەوڵەمەند بوو، خەڵکیش بە سوودخۆریان باس دەکرد- پیاوەتی کرد و گوتی من قەرزت دەدەمێ و هەر گا بووت بمدەوە. توانیم ژن بگوێزمەوە؛ بەڵام تا بە خۆم زانی پتر لە سێ هەزار تمەن بە عەبدولکەریم قەرزدار بووم. ڕۆژێک لێی پرسیم: بۆ کاسبیەک ناکەی؟ گوتم: دەسمایە چۆن؟ گوتی: تۆ زۆر بە من قەرزداری، ها پێنج سەد تمەنی دیشت بدەمێ، یان گاڵ دێ یام پەمۆ. دەگەڵ کۆنە شەریکەکەم داممزراندەوە. تووتنی شینی خراپی دەکڕی، دەیکوتا و سەبیلەڕێژی دەکرد و بە عەجەمانی دەفرۆشت. بە نیوە قازانجەکەی وردە وردە دەبووژامەوە. زستان بوو؛ ڕێگەوبان گیرابوو. ترسی عەجەمیش بۆ هاتنە کوردستان زۆر ببوو. ڕۆژێک حوسێن –کە ناوی شەریکەکەم بوو- هاتە لام. شڵەژابوو؛ لووتی ئارەقی کردبوو. گوتی: ماڵمان خرابوو، تووتنی شینی زۆرم بە سەردا ماوەتەوە و مشتەری نایەن. چاری ناچار عەنبارێکمان بۆ تووتنە شین گرت و سەر لە بەری زستان و مانگێک بەهار لە ناهومێدیان سەرمان لێ نەدایەوە. ڕۆژێک دیتم فەتحی بە هەڵەداوان هات و بزەی سمێڵی بوو. گوتی: لە سایەی دڵۆپەی زۆر و تەڕایی بنی عەنبار، تووتنەکەمان هەر چەند نیو گەزێک لە سەر و بنەیەوە ڕزیوە، بۆتە زێڕی بێ غەوش. تووتن بە دەرەجەی هەرە باڵا فرۆشرا و لەپڕ دەوڵەمەند بووین! هەر یەکی چوار هەزار و پێنج سەد تمەنمان پێگەیشت و هەر ئەو ڕۆژە قەرزی عەبدولکەریمم دایەوە و دەسمایەشم بۆ مایەوە. هەر ئەو ساڵەش لە ئیدارەی تووتنی بۆکان بوومە عەنباردار مانگێ بە سەدوبیست تمەنبووین! هەر یەکی چوار هەزار و پێنج سەد تمەنمان پێگەیشت و هەر ئەو ڕۆژە قەرزی عەبدولکەریمم دایەوە و دەسمایەشم بۆ مایەوە. هەر ئەو ساڵەش لە ئیدارەی تووتنی بۆکان بوومە عەنباردار مانگێ بە سەدوبیست تمەن؛ بەو شەرتەی دوو مانگ لە حقووقەکەم بۆ ئەو کەسە بەرتیل بێ کە دایمەزراندم. تووتنیشم بە بەرەوە دەکڕی و دەفرۆشت. هێندێک شیعرم لە سەر تووتن دزین هەڵگێڕابوونەوە؛ هەرچی گووکارییەکی لە ئیدارەی تووتندا دەکرا، دەرمخستتوو. بازڕەسی گشتی لە تارانەوە هاتبوو؛ ناوی فەرهادی بوو. داوای ئەو شیعرانەی لێ کردم؛ دەگەڵ خۆی بردن. پاش ماوەیەک نامەیەکی مەجەللەی گاڵتەی بابا شەمەلم بۆ هات، دەڵێ ئەگەر بێیتە تاران جێگەمان بۆ تۆ هەیە. دیارە من کە لە بنەوە «ژێ-کاف» بووم نەدەچووم؛ بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئەودەم لە سەر ئەم قسە قوڕانە ڕۆیشتبام، بمتوانیا ببم بە نووسەرێکی گاڵتەچی. ++++++++++++++++++++++