شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: چەند کەسێک کە ناسیومن و لەبیرم ناچنەوە جا هەتا مەعلووم دەبێ کە لە بۆکان چم دەکرد، با وچانێک بدەین و بگەڕێینەوە سەر ئەوانەی کە ناسیومن و لە بیرم ناچنەوە: ١. سەیید ڕەشیدی خانەقا سەید ڕەشیدی خانەقا پیرێکی قەد و باڵا بڵندی بە ڕیشێکی درێز و پانی زۆر جوانەوە. هەر لە فەقێیەتییەوە دۆستی نزیکی «حەریقی» شاعیر بووە؛ کە بابیشم هەر لە دۆستانی زۆر خۆشەویستی حەریق و سەید ڕەشید بووە. سەید ڕەشید ژنی نەهێنابوو. ساڵەهای ساڵ بوو هەر لە زەمانی مانی شێخەوە لە خانەقا ببوە تەرکەدنیا. حوجرەیەکی هەبوو؛ هەمیشە سەماوەری لەبەر دایسا. هەموو قورعانی لە بەر بوو؛ بە ماناوە و بە هەموو وردەکارییەوە. زۆربەی کاتی بە دەنگی خۆش قورعانی دەخوێند. دەیتوانی بە کوردی و فارسی شیعری زۆر باش بهۆنێتەوە. لە مەلا چاکەکانی عارەبی دەژمێردرا. مەجلیس و قسەی ئەوەندە خۆش بوو کە هەر کەس جارێکی کاک سەیدی دیبا، هەرگیز لە بیری نەدەچوو. من ڕۆژگارێک شیعر و نامە دەسخەتییەکانیم کۆ دەکردەوە کە بە ڕاستی لە نرخاندن نایەن؛ بەڵام بە داخەوە فەوتاون. دوو غەزەلی ئەوم دەس کەوتبوو کە یەکیان فارسی و ئەوی تریان کوردی بوو. ئێستا لە هەر یەکەی یەک یا دوو بەیتم لە بەر ماون، بەیتێک لە فارسییەکەی دەڵێ: یکی صد گشتە داغ دل از این رو کە الف بینیَش دو خال دارد لە غەزەلە کوردیەکەدا دەڵێ: لە چاومدای و چاوم پڕ لە ئاوە وەرە ئەی گوڵبنی تێراوم ئەمشەو ڕەقیب زانی غەریبی کۆی نیگارم وەکو سەگ بۆیە دەوری داوم ئەمشەو جارێک ڕەعیەتێکی قەرەنیاغای مامەش –کە ناوی یووسف دەبێ- دەچێتە لای کەقەرەنیاغا لە سەر کێشە کردن دەگەڵ ماڵێک –کە ماڵی یاقووبی پێ دەڵێن- دەری دەکا، تکایەکی بۆ بکا دەری نەکەن. نامەی بۆ دەنووسێ و دوای چەندێک دێتەوە و دەڵێ: «ئاغا نامەکەی تۆی فڕێدا و گوتی ئەو سۆفیانەی خانەقا ئاغایەتیم لێ تێک دەدەن». سەید ڕەشید کە تەخەللوسی شیعری «چاوش» یان «شەهید» بووە، بۆی دەنووسێتەوە: زاهیرەن فەرمووتە من سەردارم و خاوەن بەشم گیرودارم پێ دەوێ چون شێرە کوللەی مامەشم دەست لە یووسف بەرمەدە بۆ خەرگەلی یاقووبیان بەردەدەی بە گونم، چکیرم پێ دەچێ من چاوەشم هەموو کەس جنێوی کاک سەیدی لە پێهەڵگوتنی خەڵکی پێ خۆشتر بوو. بەختەوەر لە خانەقا ئەو کەسە بوو کە لە مەجلیسی کاک سەیددا حازر بێ. من هەر چەند منداڵێکیش بووم، چونکە کاک سەید بابمی زۆر خۆش دەویست، زۆر جار ڕێگەی دەدام بچمە خزمەتی و گوێ لە فەرمایشاتی بگرم. جگە لە قسە جەفەنگییەکانی –کە ئێستاش بە سەر دەم و زارانەوە ماون– زۆر چوارینە و تاک بەیتی سەیر و سەمەرەی هەبوون. لەگەڵ «عەبدوڵڵابەگی میسباح دیوان»دا نامەی زۆریان بە شیعر پێک گۆڕیوەتەوە. باسی سەید بە تەنیا کتێبووکێکە و ئەگەر دەرفەت هەبێ کۆ کرێتەوە و نەفەوتێ. ٢. حاجی مەلا ڕەحمانی شەرەفکەندی حاجی مەلا ڕەحمانی شەرەفکەندی، مەلایەکی قەدبڵند، ڕیشێکی چوار پەنجەیی هەبوو؛ کە من دەمدیت لە نێوان پەنجا و شێستدا بوو. هەرگا کە لە شەرەفکەندەوە دەهاتە خانەقا، دەک دەڵێن «چوێلەکە دەوری کوند دەدەن کە دەندووک لە چاوە جوانەکەی بدەن» ئاوا خەڵک دادەورووژانە دەوری و بە قسەکانی کەیفیان دەهات. دەم و زاراوی زۆر خۆش بوو؛ قسەکانیشی هەموو گاڵتە و گەمە بوو. تەکیە کەلامی «وەنەکێ بەبەلێ» بوو. ڕۆژێک کۆمەڵێک لێی کۆ ببونەوە. سۆفییەکی ڕیشپانی ملئەستوور، دڕی بە خەڵکەکە داو خۆی گەیاندە حاجی مەلا و گوتی: حاجی مامۆستا ئەرێ بە شەرع ڕدێن خێری زۆرە؟ فەرمووی: وەنەکێ بابەلێ! ئەرێوەڵڵا ڕدێن ئەوەندە باشە کە هەر نەبێتەوە. تۆ بڕوانە من لەوەتا ئەو ڕدێنەم هێشتۆتەوە قوونگم حەساوەتەوە. جاران هەر دەیانگوت لە قوونگی بەم، ئێستا دەڵێن لە ڕدێنی بەم! حاجی بابەشێخی تورجان لە لای شای ئێرانەوە عاسای سەر بە جەواهێری خەڵات کرابوو. جارێک دزی لە ماڵی کرابوو. لە زەنبیل بووم حاجی مەلا هات. سەید محەممەدی زەنبیل لێی پرسی: لە کوێوە تەشریف دێنی؟ گوتی: لە تورجانەوە، بە حاجی بابە شێخی مامتەوە بووم. گوتی: ئەرێ مەعلووم بوو چیان لێ دزیوە؟ گوتی: وەنەکێ بابەلێ! گۆیەکیان لێ بردووە! جارێک لە گوندی عەیشاباد بووم. حاجی مەلا هات. لە جەنگەی قساندا مستەفابەگی ئاغای عەیشاباد کتێبێکی بە ناوی «شەمسولمەعاریفی کوبرا» هێنا و گوتی: ئەوە ویفقی زۆر عەجایبی تێدایە. حاجی مەلا گوتی: ئاغا ئەم شتانە هەمووی درۆ و دەلەسەن. من باوەڕم بەو سیحر و جادوانە نییە. ئاغا گوتی: جا ئەگەر عالمێکی وەک تۆ گەورە ئەمە بفەرموێ، دەبێ جاهیل کام قوڕ بە سەر داکەن؟ دەسا وەڵڵا ئەمە ئەتۆ دەفەرمووی، من دوعای وام لێ پەیدا کردووە ئەگەر ئێستا لەم دیوارە بنووسم و قامیشێکی تێ چەقێنم، جەندی بمەوێ هەنگوین دێتە خوار. حاجی مەلا فەرمووی: وەنەکێ بابەلێ! ئەوە هاسانە؛ ڕەنگە ئەودیوی دیوارەکە ئاودەست بێ! جارێک حاجی مەلا لە بن دیواری مزگەوتی شەرەفکەند خۆی دابووە بەر بەرۆچکە و جەند کەسێکیش لە دەورەی بووین. کابرایەک بەوێدا ڕادەبرد و هەر پرتە و بۆڵەی بوو. حاجی مەلا پرسی: ئەوە چیتە؟ گوتی: حاجی مامۆستا هەر لێم گەڕێ: قەرزم لە سەر سەعیدی مام حەمەدی سەگبابە، تڕێ بە دە شاییم بۆ ناکەنێ. حاجی مەلاگوتی: وەنەکێ بابەلێ! ئەگەر زۆرت لازمە بۆی بکە بە یازدە شایی! جارێک حاجی مەلا دەگەڵ سەید ناوێکدا بە پێ بەرەو خانەقا دێن. سەید جووکەیەکی لێ دێ، بەڵام دەبینێ حاجی نە بزەی هاتێ و نە ئاوڕی لێ داوە؛ دیارە دەبێ نەیبیستبێ. ماوەیەک بێ دەنگ دەڕۆن و سەید دەڵێ: حاجی مامۆستا چۆنە وا هیچ فەرمایشتێک نافەرمووی؟ حاجی مەلا دەڵێ: بابەلێ! باوەڕ بکە لەو دەمەوە ئەوا هەر خۆم دەجرێنم و دەنەقێنم، چ بکەم بۆ بەدبختی فەرمایشتی وەک تۆم نایە! مەلایەکی دەوڵەمەند و خاوەن گوند بە ناوی «مەلا کەریمی گول» کە دەیانگوت سوودخۆرە، مردبوو؛ هێنابوویانە خانەقا. کەسوکاری و کوڕی مردوو لە حوجرەی شێخ محەممەد بوون. حاجی مەلاش لەوێ بوو. کوڕی کابرای مردوو کەوڵێکی تیسکنی ئاودامێنی لە پێش شێخ محەممەد دانا، گوتی: باوکم وەسیەتی کردووە تۆ دەبەری کەی. شێخ محەممەد کە بە حەرامی دەزانی گوتی: من پیرم و ئەو کەوڵە قورسە، ناتوانم هەڵیگرم. کوڕەکە و خزمەکانی گوتیان ئیلا دەبێ بتەوێ و وەسیەتی لە عەرز نەدەی. شێخ محەممەد فەرمووی: دەجا حاجی مەلا با بۆ تۆ بێ. حاجی مەلا گوتی: قوران قەدیمی گوتوویانە: «میراتی کەر بۆ کەمتیارە». بێنە ئەوە بۆ من باشە! باوەڕ کە کوڕ و خزمی مردوو لە ئێمە پتر پێکەنین. بۆ نموونە ئەو چەند نوکتاتەم گێڕایەوە؛ باسی مەلاش دەشێ دە ناو کتێبێکی وەک ڕشتەی مرواری عەلائەددین سەججادی خرێ. ٣. مامۆستای فەوزی مامۆستای فەوزی، مەلایەکی خەڵکی عەبابەیلی شارەزوور بوو. شێخ مەحموود لە پاش کوژرانی عیرفان ئەفەندی ویستبووی فەوزی –کە شاگردی عیرفان بووە- بکاتە ڕاوێژکەری. فەوزی لە ترسان پەڕەوازەی وڵاتان بووە. ماوەیەک لە ناو کەڵهوڕ بۆتە مەلادێ. هاتبووە موکریان و لە گوندی ئاجیکەند دەژیا. زۆر عالم، زۆر کورد، شاعیر، ئیتر وەک ئاردی بەهار بۆ هەموو شت دەبوو. نسحەت و ڕێ شاندانی ئەو، بیری کوردایەتی خستە مێشکی زۆر لە لاوانی ئاشنای. دنەدانی ئەو هێمنی کردە شاعیر. پاش مەرگی بابم زۆری پێ ناخۆش بوو کە ناچارم دەست لە خوێندن بەردەم، دەیگوت زۆر حەیفە تۆ نەخوێنی. ++++++++++++++++++++++