شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: بار کردن لە تەرەغە و هاتنە بۆکان بۆ خۆم دەرسم بە برا گچکە و برای گچکەترم دەگوت. بەڵام زۆر زەحمەتە منداڵێک بە تاقی تەنیا زەوقی لە سەر خوێندن بێ. بیرم زۆر لێ دەکردەوە کە ئەو برایانەم ئامانەتی بابمن و لە مل مندان. ئەگەر نەخوێندەوار دەرچن من خەیانەتم بە ئامانەت کردووە. زۆریش گران بوو دەست لە ژیانی لادێ –کە دەگەڵی ڕاهاتبووم- بەردەم و بچمە شار کە هیچ لە کاسبی شار سەرم دەرناچێ. ئاخری لێ بڕام کە هەرچی دەبێ با ببێ؛ تەنیا براکانم بتوانن بخوێنن. لەپڕ قەراری خۆم دا. ماڵاتەکەم سەرجەم فرۆشت و هاتمە بۆکان. خانوێکی پووتەکەی پیسەکەی لە لای سەرووی مزگەوت و بەرانبەر بە حەوزی بۆکان مانگی بە سێ تمەن بە کرێ گرت؛ کە حەوشۆکێک و ناوماڵێک و وەتاغێک بوو. پاش ماوەیەک بە حەوسەد تمەنم کڕی و خانوێکی شاری سابڵاغم دا بە هەشت سەد تمەن و قیمەتەکەم بژارد. ++++++++++++++++++++++