شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: «خەم مەخۆ! کاکمان لەجێی بابمانە» تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو کە بابم مرد. قەت بیرم لەوە نەکردبوو کە ڕۆژێک باوکم دەمرێ و بە سەری شبکی هەتیو دەبم. تاسام؛ واقم وڕ ما؛ فرمێسک لە چاومدا قەتیس ما. گریانم نەدەهات. خەمێکی تەماوی دەوری سەری دابووم. دنیام باش نەدەدیت. لە سەر وەسیەتی خۆی بردمانەوە خانەقا لە پەنا گۆڕی دایکم ناشتیان. گەڕامەوە ماڵ؛ منداڵ دەگریان. گوێم لێ بوو خوشکم بە براکەمی گوت: «خەم مەخۆ! کاکمان لە جێی بابمانە». ئەو قسەیە وەک دەمبێن لە گۆزەی سەرەونخوون هەڵگرن، کونی فرمێسکانی بەرەڵا کرد و گریام ئەمما گریام؛ تا بە تەواوی کوڵ و کۆم دامرد. ئاشنا و ڕۆشنام لەولا و لەولا هاتنە سەرەخۆشیم. ئیوایان تێدابوو هەر لە ئێستاوە تەماحیان کردبووە پارچە زەویەکانمان؛ دەیانگوت ئێوە تازە ناتوانن بە بێ بابتان لێرە بژین. گوێم لێ دەبوو دەیانگوت: هەر بینا لە برسان مردن. ئەمجار فکرم لەوە دەکردەوە کە دەبێ مردن چۆن بێ؟ حەل نەدەبوو... ++++++++++++++++++++++