شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: پێداچوونەوە و سەرنجێکی تری دەورانی منداڵیم بە مردنی بابم ڕووپەڕێکی ژیانم هەڵدرایەوە و ڕووپەڕی دەورانی منداڵیم دەدرایەوە. بێ جێی نازانم بە سەرچڵی تا نەمبەستووە سەرێکی بدەمەوە: ژیانی ناو فەقێیان بە ڕاستی سەرنج ڕاکێشە. ئەگەر کۆمەڵێکی هاوزمان و هاووڵاتی بە میللەتێک دادەنێن، بە بڕوای من فەقێ تا نەبوونەتە مەلا، میللەتێکی سەربەخۆن. هەر مەلایەکی وەک باوکی من دەیەوێ کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە. زۆر کەسی نەخوێندەواری بە ئیمانیش کە خۆشیان لە مەلا و یاسین خوێندن هاتووە، کوڕیان دەنێرنە ناو فەقێیان. زۆربەی فەقێ، کوڕە بێوەژن و کوڕە هەژاری جوتیارن. دەچنە حوجرە دەبێ سواڵی نان لە ماڵان بکەن؛ بەشی جلک و شمەک لە ڕاتووە پەیدا کەن. کە بەهاران و پاییزان بە ئاوایی و هۆبانەوە دەگەڕێن، ڕۆن و پەنیر و کەشک و تووتن و سواڵ بکەن و خۆیانب پێ پۆشتە کەنەوە و شەکر و چای پێ دابین بکەن؛ خەڵک لە زەکاتی گەنم و دراو بەشیان بدەن. خوێندنەکەیان چۆنە؟ چەند کتێبێک لە سەتان ساڵەوە بۆتە باو، زۆر کەم وایە ئاڵوگۆڕی بکرێن؛ یانی بەرنامەی دەرس بە سەتان ساڵ نەگۆڕاوە. دەرس گوتنەوەش هەر لە عۆدەی ئەوانەیە کە لەو کتێبانەوە فێرە خوێندن بوون و هەرگیز بەرنامەی تازە کردنەوە و دەسکاری تێدا دەکار نەکراوە. نە فەقێ تێدەگا چی خوێندووە و نە مامۆستا خۆی دەزانێ چی بە دەرس کوتۆتەوە. لە سەد فەقێ، یەک یان دوان هەڵدەکەون کە لە ناوەڕاست بەجێ ماون و سەرنەکەوتوون. ڕێکوپێکی ئیمتیحاناتی سێ مانگە و شەش مانگە و ساڵانەیان هەر نەبیستبوو؛ خۆی و خۆی. تەنبەڵ و ناتەنبەڵ بە یەک ڕێدا دەڕۆن. زۆربەی وەختیان بە چاوبڕکێ لەگەڵ کچۆڵان و قسەی شڕ و قۆڕ ڕادەبرێ. زۆربەی هەرە زۆریان ڕووتن؛ چڵکنن؛ دژوێنن. زۆر جەمیان نانی هەرزن و جۆیە و پێخۆریان ئەو شتەیە کە ماڵان بە خێر دەیاندەنێ. لە ناو ئەو هەموو مایەی خەم و پەژارەدا داویانەتە باری بێعاری. شەوانی سێشەمە و جومعە لێک کۆ دەبنەوە و دەیکەنە بەزم و پێکەنین. کەمتر فەقێم دیوە زۆر گوێ بداتە باری ئایینی. هەمووان بەرانبەر بە شێخان بەدبین و بێ یاقیدەن؛ گاڵتە بە زۆر شت دەکەن کە لای خەڵک گوناحە. قەسیدەی «بوردیە» هەیە کە عارەبییە و لە پەسنی پێغەمبەرە و بۆ بەڵا لابردن و ممبارەکی بە دەستی گەل دەیخوێنن. فەقێیەکی قۆشمە کە ناوی نەزانراوە کردوویەتە گاڵتەجاڕ و بە خوارنی حوجرەی هەڵگووتووە و لە وەزن و قافیەشدا وەک قەسیدەی عارەبیەکەیە. شەوانی جومعە لە «پەسوێ» -کە سێ فەقێیەکی لێ بوو- کۆ دەبووەنەوە، دەی قەسیدەی «بگنیە-ورگیە» بخوێننەوە! ئەم چەند بەیتەم لەو قەسیدەیە لە بیر ماوە: فەقێینە چاکی بزانن مزگێنیەکوو دەدەمێ زیافەتێکی زۆر چەور، بۆن دێ بە دستی شەمێ هەر چێشتێکی سوور چۆوە، ساوارە لێی دوور کەوە شەو و ڕۆژی حازرە لە حوجرە وەختی جەمێ ئەستەغفیروڵڵاهی من ساواری و ئەلماشێنە ئەگەر لە برسان بمرم شەرتە دەمی ناکەمێ ئافەریم مام بابەکر! ئەتۆی تایفەی سەکر زیافەتت وەکو شەکر، دەڵێی نێ ئەوجار کەمێ یەکێکی دەنگ خۆش دانەدانەی بەیتەکانی دەخوێندەوە و ڕادەوەستا ئەوانی تر بەگەل سەربەندەکەیان دەخوێندەوە و دەیانگوت: دە تێی کە! لێی کە بە چاکی پاروانی لێ بکە لوولی دە! قووتی بدە! هەتا زگت دەجەمێ یان لاسای خەتم و تالیلەی تەکیەی شێخانیان دەکردوەوە: بە دەورە دادەنیشتین چراکەیان خەفە دەکرد. سەر تالیلە بۆی دادەمەزراندن: «لا ئیلاهە ئی لەڕ نا!». تاوێکی باش بە کۆمەڵ ئەمەیان دەگوت. ئەوجار بۆی دەگۆڕین: «داندۆک»، تێکرا وەک جەزم بوونی دەروێشان ملیان لێ دەنا: داندۆک، داندۆک، داندۆک دەبووە ساوار، هێلکا و... لاسای قورعان خوێندن و تەکبیری جەژنیان دەکردەوە. یەکێک ناوی وڵاتی بە دەنگێکی بڵند دەخوێند. مەسەلەن دەیگوت: «وە شاوەلەیە و بایزاوێیە، وە قاڕنەیە وە گەڵوان». دوای دوو سق ئایەتی وا ملی خوار دەکردەوە: گوێگران تێکڕا دەیانگوتک: «پڵاو بنکڕ، پڵاو بنکڕ، پڵاو بنکڕ، پڵاو بنکڕ، لا بامیەتە لەنا ئیللا شلە قاورمە، پڵاو بنکڕ بە لەحم و شەحمەوە». گویا جارێک چەند فەقێ لێک کۆ دەبنەوە دەست دەکەن بە غەیبەت کردنی هەرچی دێتە بیریان. کار زۆر درێژەی کێشاوە و گەیشتوونەتە باسی مەلائیکەتانیش. لە پاش هێندێک ڕامان، یەکیان گوتوویە: - ئائا نەقڵی ئەوەیە خودای تەبارەک و تەعالا کاوڕە لەڕێکی بۆ برایمی پێغەمبەر ناردووە، سەری کەچەڵ کردووە هێندەی پێ بڵێ: «وَ فَدَیناهُ بِذبحٍ عَظیم»! بەڵام جگە لەو جۆرە گاڵتە و گەپانە، بە تێکڕایی لە نوێژ و ڕۆژوو گرتندا زۆر خێرا بوون. بەڵێ هێندێک لە نوێژی سبەینە تەنبەڵییان دەکرد؛ بەڵام ئەویشیان بە قەزا دەگێڕایەوە. لە زینا و داوێنپیسی زۆر بە دوور بوون. حەز لە کچان کردنیان لە دەستبازی و ئەگەر ڕێک کەوتبا ماچ و مووچێک تێ نەدەپەڕی. ئەو چەد ساڵەی فەقێ بووم نەمبیستووە فەقێیەک لە سەر ژن گیرابێ. دوو جاریش لە بیرمە کە فەقێ کیژی دڵخوازی خۆیان هەڵگرتبێ. ئیمانیان بە خوا و قورعان و ئیسلام پتەو بوو. منیش کە چەند ساڵێک لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا ڕامبواردووە و شەو و ڕۆژم دەرباز کردووە، دیارە لە ژیانی فەقێیەتی زۆرم پێوە نووساوە و خووم پێ گرتووە. کاتێ لە وشتەپە فەقێ بووم، لە شەوی پازدەی شاباندا -کە جێژنی بەراتە- وەک باوە قورعانمان هێنا و یاسین و دۆعای بەراتمان خوێند. ئەسعەد بەشداری نەکردین. گوتی: ئێوە بەو دۆعا خوێندنە لە باتی ڕۆژی زیادبوون لە ڕزق و ڕۆزی بێبەش دەبی؛ من تەجرەبەم کردووە! گوێمان پێ نەدا و خۆشمان لێ تووڕە کرد. جاران کە هەموو بیانیان هیچ نەبا ماستێک، شیرێژێکمان دەست دەکەوت، بەیانی ئەو ڕۆژە نانی گەنمیشمان نەبوو. دوو سێ لەتکە نانە جۆی وشکەوەبوومان خوارد. ئەسعەد پێمان پێ دەکەنی و دەیگوت: ها؟ نەمگوت؟ ئێمەشی پەشیمان کردەوە. گوتمان دەسا چاری دەرد چییە؟ گوتی هەستن! قوربان سفرەی نانمان لە ناو حوجرەدا بەر شەقان دا تا ماندوو بووین. هەروا دوای تۆزێک ژنێک بە قاپێک ماست و چەند نانی گەنمی نازە و گەرمەوە هات و گوتی: فەقێکان نەزرم کردووە؛ ئەمەم بۆ ئێوە هێناوە! لە وشتەپە فەقێی جگەرەکێش، بە زۆر نەفەسێک و دوو نەفەسیان خوڵق کردم تا بۆ خۆم فێر بووم. ئەوسا دەیانگوت عەیبە تۆ لاکێشی! ناچار تووتن و پەڕم پەیدا کرد و لە سایەی هەواڵی ناجنسەوە فێرەجگەرە کرام. چەند جاران تەرکم کردووە و گەڕاومەتەوە سەری. ئێستاش کە پیرم و نەخۆشم و دەڵێن بۆت خراپە؛ بەڵام ئەو بەڵایەم بۆ تەرک ناکرێ. دەیانگوت کارخانە قەندی میاندواو زۆر جوان و خۆشە. دەگەڵ فەقێیەکدا لە بەر وەرزێڕێکی وشتەپەیی پاڕاینەوە، گوتی: چەوەندەرم دەگەڵ بار کەن! لە بەیانەوە تا ئێوارە کامیۆنمان پڕ کرد. شەو لە سەر بار سوار بووین. بەیانی لە کن کارخانە دابەزین. تازە دەزانین برسیمانە و هیچیشمان لە گیرفاندا نییە. لە دەرکی کارخانە ڕێگەی چوونەژوور و تماشایان نەداین. دەبوایە چاوەنۆڕیش بین تا بمانبەنەوە. چووینە سەر چۆم، مەلەمان کرد؛ برسیتر بووین. نیوەڕۆ لە بن دیوارێک قۆڕەی زگمان بوو. مەلایەکمان لێ پەیدا بوو منی دەناسی؛ نانی داینێ و کارخانەشی پێشان داین. ئاخری پاییز بوو، بە دەشتی شاروێراندا دەهاتم، تووشی بەنداوێک بوو، ویستم بپەڕمەوە و کاڵە و پێتاو دانەکەنم. فکر، فکر، دار بیەکی باریکم لە سەر بەندەکە دیت؛ بە عەقڵی تەواوی خۆم دەچمە سەر چڵۆپکی؛ دادێ و فڕێم دەداتە ئەوبەر. بە ناشکوری ناڵێم حیساب ڕاست دەرنەچوو. چڵۆپکی دار داهات، خستمیە ناوەڕاستی جۆگە و لە قوڕێدا قوم بووم! بە هەزار دەرد هاتمە دەر. سەرما، هەموو گیان تەڕ و قوڕاوی، غارم دا، لە «وسوکەند» خۆم بە ماڵێکدا کرد. ژنەکە هەر دیتمی خودار بوو: - ئەی بیسمیللا ئەوە چییە؟ ! - دایە گیان جندۆکە نیم، فەقێم! لە بەر تەندوور خۆم وشک کردەوە. ++++++++++++++++++++++