شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: هەشتێک لە مشتێک ئێستا کە ئەم خەتانە دەنووسم، تەمەنم لە شێست و سێ ساڵی شەمسییە و نزیک بوومەوە لە شێست و چوار؛ کە بە ساڵی مانگی لە شێست و پێنج ساڵیدام و بەرەو شێست و شەش پەل بووم. لەو بەرزایی عومرەوە دەڕوانمە شێست و ئەوەندە پلەی خوارەوە، لە پیرییان فکرم ئاڵۆزاوە؛ زۆر کەمم لە بیر ماوە. هەروەک چاوم بێ حوکم بووە و بە عەینەک نەبێ نابینم، چاوی بیر و مێشکیشم کز بوون و عەینەکیان دەست ناکەوێ. لێم ڕوونە لە هەزار شت کە بەسەرم هاتووە، سەتم لە بیر نەماوە. وا مستێک لە نموونەی خەڵوارێک، یان وەک کورد دەڵێن «هەشتێک لە مشتێک» دەگێڕمەوە: زەمانی منداڵیم دام و دەستوور لە گوندی موکوریان وا بوو: ڕۆژی جەژن هەموو پیاوی کەیخودای ماڵ دەبوایە دوای خوتبەی جێژن و نوێژی جێژن، تێر دەم و فڵچی یەکتر ماچ کەن و سڵاوەتی بە شیعری کوردی لێ دەن. ئەمجار بە ڕیز دانیشن و لە ماڵە خۆیانەوە نانیان بۆ بێنن و دانیشن پێکەوە نانی جێژنە بخۆن. دەوڵەمەند و حاڵخۆشەکان پڵاوی برنج و قەیسی، یان گۆشتاویان بۆ دەهات. هی وا هەبوو فەقیر بوو، پڵاوی بڕوێش، یان زۆر شیوی فەقیرانەیان هەبوو. ئەو هەموو جۆرە خواردنانە لە تەنیشت یەک دادەنران و هەموو پێکەوە لە نانی هەموانیان دەخوارد. ++++++++++++++++++++++