شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: بەڵای گیانم: عەبدوڕڕەحمانی سۆفی مینە (زەبیحی) ڕۆژێک وەک بەڵای ناگەهانی منداڵێکیان هێنا حوجرە کە بە تەمەن لە من باوخۆشتر و بە باڵا لە من کورتە باڵاتر بوو. یەکێکی سووری چاوزیت، لێم بوو بە عیزراییل. دەبوایە ئەویش گوڵستان بخوێنێ. هەتیو ئەوەندە زیرەک بوو کە نەبێتەوە. من بە هەزار گێرە و نێرە دوو خەتم ڕەوان دەکرد، ئەو پەڕ و دوو پەڕی تێ دەپەڕاند. وەک ئاگری قودرەتی وابوو. جا وەرە زللە و چەپۆک بخۆ، کە بۆ ئەو هێندە و هێندەی ڕەوان کردووە و تۆ هەر منجەمنجت دێ؟ ! هەر ئەویش «عەبدوڕەحمان» کوڕی «سۆفی مینە»بوو؛ کە لە دواڕۆژدا بە ناوی «زەبیحی» ناسرا. زەبیحی وەک من فەقێی دایمی و ڕەسمی نەبوو؛ دەرسی دەخوێند و دەگەڕاوە ماڵە خۆی. وردە وردە پێکە بووینە ئاشنا و لە دەرسی گوڵستان یاریدەی دەدام و ئەو ئاشنایەتییە پتر لە پەنجا سال دەوامی کرد و ئێستاش هەر دۆستمە. ++++++++++++++++++++++