شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: هاوینان لە لادێ چونکە دایکم بە نەخۆشی سیل مردوو، ترسی ئەوە هەبوو کە منیش گرتبێتمەوە. دەبوایە تا دەست دەڕوا و دەلوێ، لە هەوای سافدا بژیم. لە لایەکیش بابم وای دەویست کەڕەکەی خلیسک و خاوی شارستانی نەبێ و بە ژیانی زبرەوە خوو بگرێ. هەموو بەهاران و هاوینان دەیناردمە لادێ، یان دەچوومە «ماسوێ دایماو» لە هەواری «ماڵە مامە سەید» کە «سەید محەممەدی لاجانی» ناو بوو؛ من پێم دەگوت مامە سەید. یان لە گوندی «سارەوانان» لە ماڵی خاڵانم دەژیام. لە ڕاستیدا ژیانی منداڵی لە لادێ هیچ ژیانێکی شارستانی ناگاتێ. پادشای بێ جوققە، منداڵی لادێیە. هەر لە تاوهەڵاتەوە بە دەشت و کێودا بەرەڵا دەبووین؛ هێلانە مەل بدۆزەوە، داوی بۆ دانێ، هێلکەی لێ بدزە، بچۆ بێستانان، بە دار هەڵگەڕێ. خۆ ئێوارە هەر باسی ناکرێ؛ سەعاتێک پێش گاڕان هاتن، بەرەو گاڕان غار دە و لە ڕێ تووشی بە و پێچی سەر یان تیتۆڵە پشتێند، دەملی کەرێکی ڕووتی بێ جل هاڵێنە و خۆی باوێ سەرێ. کەر بەرەو ماڵ ڕادەکا، جووتە داوێ، هەڵدەتیزێنێ، ئازا بە و خۆ بگرە نەکەوی. ڕەنگە پتر لە بیست جار لەو گاڵتە خۆشەدا سرم شکابێ؛ بەڵام سەرشکان لە ڕێگەی کەرغارداندا خەڵاتە! لە خاڵۆزاکانم دوو هاوعومرم هەبوون: «حەمەدەمین» و «مامە ڕەحمان» کە دەگەڵ ئەوان زۆر کەیفم ساز بوو. حەزم دەکرد هەر کوێ زۆر بڵیندە بچمە سەری و بزانم لەودیو چ هەیە. زۆر جار بە تەنیا ملی ڕێم دەگرت و بە چیا هەڵدەگەڕام. جارێک لەو جارانە کە دەمویست بچمە سەر دوندی قووچی کێوی «هومام» لە «ماسوێ»، زۆرم پێ چووبوو؛ ماڵە مامە سەید وەیانزانیبوو مار لە دەشت پێوەی داوم. ببوە هەرا و هاوار و چەند کەسیان خستبوو شوێنم کە بمدۆزنەوە. ئەوان لێم ناهومێد ببوون و من بۆ خۆم هاتمەوە. دەگەڵ شوانی ماڵە مامە سەید دەچوومە بەر مەڕی، ناوی گژ و گیام لێ دەپرسین؛ چیرۆکی خۆشم لێ دەبیستن. بۆ ناسینی حەیوانان ببومە پسپۆڕیک، شوان ئافەریمیان لێ دەکردم. نان و شیرم دەگەڵ دەخواردن و لە سەر عەرزی ڕووت دەنوستم و تەواو نازداری شارم لە بیر دەچوو. ++++++++++++++++++++++