شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: سەردانی مدیری مەعارف، میرزا محەممەدی قازی (قازی محەممەد) «قازی محەممەد» -کە ئەوسا «میرزا محەممەدی قازی» ناو بوو ببوە مدیر مەعارفی سابڵاغ، بەبێ مەعاش واتا ئێفتیخاری. جاو ئەو کە دەوڵەت بوو- دەبوایە هەموو فێرگەکان بە سەر کاتەوە. بڕیاری دابوو بێتە قوتابخانەکەی ئێمەش و بڕوانێ چۆنمان خوێندووە. مامۆستا بە منی گوت: گوڕم! ئەگەر جاروبار لێتم داوە بەڵام تۆم خۆش دەوێ. حەز دەکەم تۆ بە مدیری مەعارف بناسێنم. زیرەک بە! بە باشی جواب بدەوە! ئەی بە خێری ناسڵامەتی، کەس نا، من! تۆ بڵێی مودیر چ بێ؟ چیم بێ بپرسێ؟ ڕۆژێک لە پڕ مدیربەگ خۆی کرد بە ژووری پڕ لە دووکەڵ و مێشدا. مامۆستا منی نیشان دا، گوتی: قوربان ئەم کوڕە تاقی کەوە! مدیر فەرمووی: دەی شتێک بخوێنەوە! ملم لە ئەحمەدیە بۆر نا: ڕەئس سەرە، عەین چاوە بەدەن قاڵب، ئیسم ناوە جەبین و جەبهەت توێلە مەکر و کەید و حیلە فێڵە گوتی: دافریم، بەڵام بۆ گوتت فێلە و توێلە؟ دەبوو بە لامی قەڵەوی بڵێی. من ئافەریمم وەرگرت و مامۆستاش لەوە کە مدیری دڵخۆش کردووە هەر بزەی سمێڵی دەهات. مودیریش لە بیری چوو لێم بپرسێ توێڵ و فێڵ یانی چی؟ تا وەک هەرامە دە قوڕ چەقیبام! چونکە وەک تووتی فێر کرابووم و نەمدەزانی چیم خوێندووە. هەر دەمزانی هیچ نازانم. خواوڕاستان قوتابخانەکەمان دانەخرا، ئەویش لە سایەی زیرەکی من! لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بووم برایەکیشم بۆ زیاد بوو. ژمارەی مناڵی ماڵ گەیشتە سێ: «عەبدوڕەحمان» و «زێنەب» و «عەبدوڵڵا». دەورانی منداڵیم جگە لەو خوێندنە خاوێنە، دەگەڵ جگێن و گوێزێن و هەڵماتێن و قۆچەقانی چوێلەکەکوژ و کەلای جوان و هەلووکێن و جەغزێن، هەر لە پاش نوێژی نیوەڕۆوە تا تاریکانی ئێوارە، بە پێخاوسی، بە سەر ڕووتی هەڵدەبەزیم و دادەبەزیم و ژیانی پاڵشایەتی ڕاستەقینەم بوو؛ بەڵام نەمدەزانی چەند بەختەوەرم. شەوانەش دوای نان خواردن دەچوومە گۆڵان، دەگەڵ منداڵان تا خەو بەلایدا دەبردینەوە، گەمەمان دەکرد. گەمەی شەو، ئەوانی لە بیم ماوە: «مەلا تەقتەقێن»، «کەری سووری پشت درێژ»، «گڵاوێن»، «هەیجێ»، «چاوشارکێنە» و «هەمزەل» بوو. ++++++++++++++++++++++