شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: ڕووخۆش بە و زوو هەڵمەچۆ هەمیشە زمان و ڕووخۆش بە. فێری جوێندانی پیس و بازاڕی مەبە. بە ڕووی خۆش و زمانی خۆش دوژمنیش دەکەیتە دۆست. ئەگەر تۆ ڕاست بی و خۆی دەردەکەوێ و قسەهەڵبەست شەرمەسار دەبێ. حوسەلە و خوێنساردی لە ژیاندا بناغەیەکی زۆر پتەوە. من لام وایە پشوو و لەسەرخۆیی و کەم تووڕەبوون و لە بێست دەرنەچوون و پەلە نەکردن، نیوەی ژیانی خۆشە و بگرە زیاتریش. وەک دەڵێن «پیاوی بە حەوسەلە کەروێشک لە عەڕابە دەگرێ». لە قسە دەگەڵ خەڵک کردندا شەرم مەکە؛ بەڵام قسەی ناسک و بە ئەدەب هەڵبژێرە. کە داوای یاریدە و کار پێکهاتن لە هەواڵ و ناسیاوت دەکەی، تۆ قەرزێکت لە سەری نییە؛ کە وا بێ دەبی زۆر پشوو لە سەر خۆ بی و ئەگەر لە دە کار یەکیشی بۆ پێک بێنێ، دیسان شوکری خوای دەوێ. ئیتر هەرچی گوتت و پێکی نەهێنا، نابێ نێوانی دەگەڵ ناخۆش کەی و لە لای خەڵک غەیبەتی بکەی. «بە زمانی نەرم و خۆ مار کون دێتە دەر». ئەمجار کارێکت بۆ ناکا؛ بەڵام لە چەند جار، جارێک فایدەیەکی هەر لێ دەبینی. لەوانەشە تووشی هەواڵی وا ببی کە بە پێی توانا بە دڵ یاریدەت بدا. بە کەلیمەی خزمتم و لە تاریفت کردن فریو مەخۆ، ئەخلاقی کابرای کە خۆت لێ نزیک دەکاتەوە بێنە بەر چاو. من لەوەدا زۆرم زەرەر کرد... دەگەڵ برا و عایلەی خۆت تا باش بی کەمە. خوێنی خۆتن، قەت لا ماڵی دنیا لێکتان نەکا. برایەتی من و «سادق» و «عەبدوڵڵا» دەگەڵ «زێنەب»ی خوشکم بۆ من زۆر خۆ ڕابراوە؛ بەڵام دیسان هەموو برایەک ناکرێ وا بن. زۆر برای وا هەیە لە دوژمن خراپترە. زۆر دۆستی واش هەیە لە برای دایک و بابی چاکترە. ئەوانە تەجرەبەی ژیان بۆت دەردەخا. ++++++++++++++++++++++