شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: لەیل وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆند بەو شەوە کاتێ ھەر شت دادەپۆشێ، (٢) بەو ڕۆژەش کەم [لەسەر دنێ] خۆ ڕادەنێ، (٣) بەوەش کەم کە نێر و مێوی وەدی ھێنا، (٤) خەباتێ وە جۆراوجۆرە. (٥) کێ لە ئێوە دەبەخشێ و لە خودا ترسا، (٦) بە پاداشی ھەرە باشیش بڕوای ھەیە، (٧) بەرەو جێگەی سانەوە ڕێی ھاسان دەکەین. (٨) بەڵام ئەوی ڕژدی کرد و وتی: کارم بە کەس نییە، (٩) پاداشی ھەرە باشیشی پێ درۆ بوو، (١٠) ڕێگە ھەرە دژوارەکەی دەخەینە بەر. (١١) ئەگەر مردیش ماڵەکەی سوودی پێ نادا. (١٢) ڕێ نیشان دان لەسەر ئێمەس. (١٣) دنیا و سەڵاش ھی ئێمەیە. (١٤) لە ئاگری بڵێسەدار ئێوەم ترساند. (١٥) کێ لە ھەمووان بێ فەڕترە، تێی دەکەوێ. (١٦) ئەوی کە بڕوای نەکرد و ڕووی وەرگێڕا. (١٧) ھەرکێش پارێزگارترینە، لێی دوور دەبێ. (١٨) ئەوی ماڵی خۆی دەبەخشێ، ھەتا وەکوو پاک بێتەوە. (١٩) بۆیەشی بە کەس نەبەخشی کە پاداشی بدرێتەوە. (٢٠) ھەر ویستوویە ڕەزامەندی پەروەرندەی ھەرە بەرزی بەدەس بێنێ. (٢١) بەم زووانەش ڕازی دەبێ. ++++++++++++++++++++++