شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: تەوبە (دەربڕینی بێزارییە لە خودا و پێغەمبەریەوە، لەو شەریک دانەرانە وا ئێوە بوونە ھاوپەیمانیان. ) (٢) ھەتا چوار مانگ ڕێتان ھەیە لەم زەمینەدا بگەڕێن؛ دەبێ ئەوەندەش بزانن کە ناتوانن خۆتان لە خودا ڕزگار کەن. خوا ھەموو دوژمنانی دین ڕیسوا دەکا. (٣) خودا و پێغەمبەری خودا لە ڕۆژی حەجی مەزندا، بە مەردم ڕادەگەیەنن کە خودا و پێغەمبەری خوا لە بتپەرستان بێزارن. ئەگەر پەشیمان ببنەوە، قازانجتانە؛ ئەگەریش قبووڵی نەکەن، لێتان ڕوون بێ کە لە دەس خودا دەرناچن. مژدەش بدە بەوانەی خودانەناسن، بەشیان ئازاری بەژانە. (٤) غەیرەز بتپەرستانێ کە پەیمانوو دەگەڵ بەستوون و لە سەر پەیمانەکەیان لانەکەوتوون و دژی ئێوە یاریدەی کەسیان نەداوە، ھەتا ماوەی پەیمانەکە بەسەر دەچێ، ئێوە پەیمانتان مەشکێنن. خوا پارێزگاری خۆش دەوێن. (٥) ھەرکە مانگەحەرامەکان بڕانەوە، ئەو بتپەرستانەو لە کوێ وەدەس کەوێ، لە گرتن و بەند کردن و کوشتنیان دەس مەپارێزن و بۆسەیان بۆ بنێنەوە. ئەگەر پەژیوان بوونەوە و بوونە نوێژکەر و زەکات دەر، ئەوسا دەستیان لێ ھەڵگرن. خودا لە گونا خۆش دەبێ و دلۆڤانە. (٦) ھەرگا یەکێک لەو کەسانەی بتپەرستن خۆی خستە بەر داڵدەی تۆوە، پەنای بدە؛ با گوتەی خودا ببیسێ. ئەوسا کە بینێرە شوێنێ کە نەترسێ؛ چونکە ئەوانە نەزانن. (٧) کوا ئەوانەی بتپەرستن، ئەو پەیمانەی بە خوا و پێغەمبەری دەدەن بە جێی دێنن؟ ھەر ئەوانە ھێشتا لە سەر پەیمان ماون، کە پێکەوە لە پەنا «مسجدالحرام» پەیمانوو بەست؛ تا لە سەر پەیمانەکەمان، ئێوە پەیمان شکێن مەبن. خوا پارێزگاری خۆش دەوێن. (٨) چۆن پەیمانێک! ئەوان ھەر کاتێ بزانن پێو دەوێرن، بە بێ ئەوەی گوێ بدەنە سوێندخۆری یان خزمایەتی، بە گژوودا دێن؟ ھەر بە دەم دڵخۆشتان دەکەن، بەڵام نیازی خراپیان لە دڵدایە؛ زۆربەیان تووش و بەدفەڕن. (٩) نیشانەکانی خودایان بە نرخێکی ھندک فرۆت؛ ئەوسا ڕێگەی خودایان بەست. ئاکاری زۆر خراپ دەکەن. (١٠) لەمەڕ ھیچ خاوەن باوەڕێک، ھاوپەیمانی و خزمایەتی ڕەچاو ناکەن؛ ئەمانە ھەر دەستدرێژی پیشەیانە. (١١) سا ئەگەر لە بتپەرستی وازیان ھێنا و نوێژیان کرد و زەکاتیان دا، ئیتر برای دینی ئێوەن. ئێمە ئەم نیشانانەمان بۆ خەڵکێ ڕوون دەکەینەوە کە زانا بن. (١٢) ئەگەر لە دوای پەیمان بەستن سوێندەکەیان ھەڵوەشاند و تەوسیان دەدینەکەتان گرت، ئێوە لەیەل گەورەکانی خوانەناسان بە شەڕ وەرن؛ ئەوانن کە بێ پەیمانن، بەشکوو دەستوو لێ ھەڵگرن. (١٣) ئاخۆ ئێوە بە گژ ئەوانەدا ناچن کە لە سوێند پاشگەز بوونەوە و نیازیان وابوو پێغەمبەر لە ناو خۆ دەرکەن؛ دەس پێشکەریش [لە شەڕێدا] ئەوان کردیان؟ بۆ ئێوە لەوان دەترسن، ئەگەر باوەڕوو ھێناوە؟ بۆ لێ ترسان، خودا لەوان ھێژاترە. (١٤) ئێوە دەگژیان ڕابچن؛ خودا ھەر بە دەستی ئێوە ئەوان تووشی ئازار دەکا و ژێریان دەخاو سەروو دەخا بە سەریاندا و کارێک دەکا کوڵی دڵی باوەڕداران دابمرکێ. (١٥) ڕکی دڵیان دادەماڵێ و خودا حەز کا، ھەر کەسێکی لە گوناھان دەس ھەڵگرێ، لێی وەردەگرێ. خودا زانای لەکارزانە. (١٦) پێتان وایە کەس خۆتان تێ ناگەیەنێ و خواش لەوانەی لە ئێوە چوونە خەزایە و غەیرەز خودا و پێغەمبەر و باوەڕداران ھیچ کەسێ ڕازداریان نەبووە، بێ ئاگایە؟ خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (١٧) نوێژگەی خودا ئاوا کردن بۆ بتپەرستان نەشیاوە. خۆیان ئێژن: خوا ناناسین؛ ھەرچی دەیکەن بە فیڕۆ دەچێ و ھەتا سەر لە دۆژەە دەبن. (١٨) ھەر ئەوانە بۆیان ھەیە نوێژگەی خودا ئاوا بکەن، کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژی سەڵا ھەیە و نوێژ درووست و زەکات دەرن و - لە خوا نەبێ - ترسیان لە ھیچ کەسێ نییە. لەوانەیە ئەمانە ڕێ زانەکان بن. (١٩) ئاو لە حەجاج بە شینەوە و سەرپەرشتی ماڵی کابە، پێتان وایە دەگەڵ کاری ئەو کەسانەی بۆ خودا چوونە خەزایە و بڕوایان ھەیە بە خودا و ڕۆژی سەڵا، وەکوو یەکە؟ لجەم خودا وەکوو یەک نین. خوا گرۆی ناھەقیکاران ناخاتە سەر ڕاستەڕێگە. (٢٠) ئەوی بڕوایان ھێناوە و تووشی ئاوارەیی بوون و بۆ خودا چوونە خەزایە و دەستیان لە ماڵ و گیانی خۆ ھەڵگرتووە، لای خودا زۆر لە پێشترن و بە ئاواتی خۆیان دەگەن. (٢١) پەروەرێنیان مژدەی بەزە و ڕەزای [خۆی و] باغاتی وایان پێدەدا کە دەوێدا خۆشی پایەداریان دەبێ. (٢٢) ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن. خودا پاداشی زۆر گەورەی لە لا ھەیە. (٢٣) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! ئەگەر باب و برای ئێوە لایان وابوو ناباوەڕی لە باوەڕھێنان باشترە، ئێوە تخونیان مەکەون و خۆشتان نەوێن؛ ھەر کەس لەنگۆ خۆشی بوێن، دیارە ناھەقیکارە. (٢٤) بێژە: ئەگەر باب و کوڕ و برا و ژن و خزمەکانوو ئەو ماڵەی پەیداو کردووە و کەل و پەلی بازرگانی - کە دەترسن لە برەو کەوێ - و خانووبەرەی ڕند و دڵخۆشکەرەی خۆتان، پێ لە خودا و پێغەمبەر و خەزا کردن لە ڕێی خوادا گرینگترە؛ چاوەنۆڕبن تا فەرمان لە خوداوە دێ. ئەوانەی لە ڕێ لادەرن، خودا شارەزایان ناکا. (٢٥) خودا لەگەلێک شوێناندا دەھاناو ھات؛ ڕۆژی حونەینیش ھەروەھا؛ کە ھەرچەندە بە زۆری خۆتان دەنازین، کە چی ھیچ بەھرەی بۆ نەدان؛ ئەم زەمینە گوشادەتان لێ تەنگ ھەڵات. لە دواییدا ھەموو پاشەکشەتان کرد و بەرەو دووا گەڕانەوە. (٢٦) پاشان خودا دڵنیایی بۆ پێغەمبەرەکەی خۆی و بڕواداران بە ڕێ کرد و زۆر پێشمەرگەشی دابەزاند کە نەودەدین. خوانەناسانی سزا دا و سزای خودانەناسەکان ھەر ئەمەیە. (٢٧) لە دوای ئەوەش ھەرکێ خودا مەیلی لێ بێ پەژیوانی قبووڵ دەکا و خوا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دەناسن ناپاکن، نابێ - پاش ئەمساڵ - لە «مسجدالحرام» خۆ نزیک کەنەوە. ئەگەر لە ئاتاجیش ترسان، خوا بخوازێ لە چاکەی خۆی ھەمووتان بێ نیاز دەکا. خودا زانای لەکارزانە. (٢٩) وەل ئەوانەدا بجەنگەن کە بە خودا و ڕۆژی سەڵا بێ باوەڕن و ھەرچی خوا و پێغەمبەری خوا بە ناڕەوایان زانیوە، ئەمان بە ڕەوای دەزانن و نایەنە سەر دینی ڕاستیش، تا ئەو کاتەی بە زەلیلی و بە دەستی خۆ، سەرانەی خۆ بەنگۆ دەدەن. (٣٠) جوولەکەکان گوتیان: عوزەیر کوڕی خوایە. فەلەش گوتیان: مەسیح فرزەندی خودایە. ئەو قسانەی دەمی ئەوان ئەیدرکێنێ، وێنەی قسەی خودانەناسانی پێشوون. خوا بیان کوژێ، چۆنین لە حەقێ لادەدرێن؟ (٣١) لە بری خودا، مەلاکان و ڕەبەنەکانی خۆیان و مەسیحی فرزەندی مەریەمیان کردە خوا؛ فەرمانیشیان پێدرا بوو بێژگە لە خوای تاک وتەنیا نەپەرستن. لە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. خودا بێ عەیبە و بە دوورە لەو شتانەی بە ھاوتای ئەوی دەزانن. (٣٢) دەیانەوێ بە فووی دەمیان، تیشکی ڕۆشنیایی خودا وەکوژێنن؛ خوداش خۆی بڕیاری داوە کە ئەم تیشکەی ھەر سەرکەوێ، جا با خودانەناسەکانیش حەز نەکەن. (٣٣) خودا بۆ ڕێ نیشاندان و ڕاگەیاندنی دینی ڕاست، پێغەمبەری خۆی ناردووە؛ تا گش دینەکانی دیکە بەرخۆی بدا؛ ھەرچەند ئەوانەش حەز نەکەن کە شەریک بۆ خودا دادەنێن. (٣٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەلاچاک و ڕەبەنەکانی ئەوانە، بەشی زۆریان - لە ھەوانتە - ماڵی ئەو خەڵکە دەخۆن و ڕێی خوداشیان نیشان نادەن. ئەو کەسانەی زێڕ و زێو کۆ دەکەنەوە و لە ڕای خودا بەختی ناکەن، تۆ لەو ئازارە بەژانەی تووشی دێن ئاگاداریان کە. (٣٥) ڕۆژێ کە ئەم زێڕ و زێوە بە ئاگری جەھەندەم سوور دەکرێنەوە، توێڵ و کەلەکە و پشتیانی پێ داغ دەکرێ: دەردی ئەو شتانە بچێژن کە بۆ خۆتان سەریەکوونان. (٣٦) لەو ڕۆژەوە خوا ئاسمانان و زەمینی داھێناوە، نووسیویەتی ژمارەی مانگەکان دوازدەن؛ لە چواریاندا شەڕ دەوەستێ. ئەمە ڕەوشتێکی ڕاستە، لەمانەدا ناھەقی لە خۆتان مەکەن. ئەگەر ئەم بتپەرستانە بە تێکڕایی بە گژوودا دێن، ئێوەش بە گەلەکۆمەگی بە گژ ئەواندا بچنەوە؛ بیشی زانن خوا دەگەڵ خۆپارێزانە. (٣٧) ڕاگوێزان و ئاڵوگۆڕی ئەو مانگانە، دەبێتە ھۆی زێدە بوونی خوانەناسی و خوانەناسەکانی پێ گومڕا دەبن. لە ساڵێکا شەڕ بە ڕەوا دەزانن و لە ساڵێکا بە ناڕەوا؛ تا ژمارەی مانگە ڕەوا و ناڕەواکان ئەوسا بەرانبەر بێنەوە و لە ئاکاما، ئەوەی خودا ڕەوای نەدیوە، ڕەوای کەن. دیارە شەیتان ئەو کردەوە نالەبارەی بۆ جوان کردوون. خوا ئەوانەی دژی دینن، شارەزای ڕاستەڕێ ناکا. (٣٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! چیتانە کە پێتان ئێژن: وەدەرکەون بۆ خەزا لە ڕای خودادا، تەمەڵن و لە جێی خۆ نابزوون؟ ئاخۆ ژیانی دنیاتان لە قیامەتێ پێ خۆشترە؟ ! گوزەرانی سەر دنیایە بەرانبەر بە گوزەرانی ئەو دنیاتان شتێکی زۆر کەم بایەخە. (٣٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە خواوە تووشی جەزرەبەی بەژان دێن و دەستەیەکی تازە بابەت دەخاتە شوێنەکەی ئێوە و لەم بارەوە ھیچ زیانێکی پێ ناگەیەنن. خوا بۆ ھەموو شت توانایە. (٤٠) ئەر ئێوە یاریدەی نادەن، خودا بۆ خۆی دەھانای ھات: وەختێ خودانەناسەکان ئەویان دەرکرد، ئەو دەمەش کە لە ئەشکەوتەکەدا بوون و ھەر یەکێک بوو لە دوو کەسان، ئەوێ کاتیش بە ھەواڵەکەی خۆی دەگوت: خەمت نەبێ! ئێمە خودامان دەگەڵە؛ ئۆقرەی لە خوداوە بۆ ھات و چەندین پێشمەرگەشی بۆ نارد یاری بکەن؛ کە ئێوە نەتان دەدیتن. قسەی خودانەناسەکان وەبن کەوت و ھەر قسەی خودا لە سەرە. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٤١) سووکباربن یان گرانبار بن، بۆ خەزایە ڕێ دابگرن و لە گیان و ماڵ بەخت کردن درێغ مەکەن. گەر بزانن ھەر بە قازانجی خۆتانە. (٤٢) ئەگەر دەسکەوتێ بێ ڕەنج و سەفەری سانا لە ڕێ با، ھاسان بە دووتدا دەھاتن؛ بەڵام مەودای دوور و سەختیان، لا گران ھات. دێن سوێندێ بە خودا دەخۆن کە: ئەگەر بمان توانیبا، ئێمەش دەگەڵتان دەھاتین. [بەو سوێندە] خۆ لە بەین دەبەن. خواش دەزانێ کە ئەمانە درۆ دەکەن. (٤٣) خوا بت بەخشێ، بۆچ ئیزنت دان؟ ڕاوەستا بای ھەتا بۆت ڕۆشن بباوە، کام ڕاستن و درۆزنەکانیش بناسی. (٤٤) ئەوانەی بڕوایان ھەیە بە خودا و بە ڕۆژی سەڵا، نایەن ئیزنت لێ بخوازن تا بە ماڵ و گیان لە ڕێی خوا خەزا بکەن. خوا خۆپارێزان دەناسێ. (٤٥) ھەر ئەوانە دێن کە ئیزنت لێ بخوازن، کە بڕوایان بە خوا و ڕۆژی دوایی نییە و لەو ناوەدا دوودڵ ماون و لە گومانی خۆیاندا ھاتوچۆیانە. (٤٦) ئەگەر بیان ویستایە دەرچن، خۆیان بۆ ئامادە دەکرد؛ بەڵام خودا ھاتنیانی پێ خۆش نەبوو؛ ورەی لە دڵیان بردە دەر. پێیان گوتن: ئێوەش وێڕای بە جێ ماوان بە جێ مێنن. (٤٧) گەر وێڕای ئێوەش ھاتبان بۆ خەزایە، کاریان لە ئێوە تێک دەدا و کێشەیان بۆ دەنانەوە و ئاژاوەیان بەرپا دەکرد. ھێندێکیشتان لە ناودا بوون قسەکانیان لێ دەبیستن. خودا لە ناھەقیکاران بە ئاگایە. (٤٨) بەرێش پشێوییان نایەوە و کاری تۆیان بەراوەژوو نیشان دەدا. ھەتا کارەکە ڕاست ھات و بە کوێرایی چاوی ئەوان فەرمانی خودا ھاتە جێ. (٤٩) ھەر لەوانەدا ئی وا ھەن، دێن پێت ئێژن: ئیزنمان بدە با نەیەین؛ نەوەک تووشی گوناھان بین. با بزانن کە ھەر ئێستا کەوتوونەتە ناو گوناھەوە. ئەوانەی خودانەناسن، دۆژەە دەورەیان لێ دەدا. (٥٠) ئەگەر چاکەت بێتە ڕێگە، ئەوانە پێیان ناخۆشە؛ ئەگەر تووشی بەڵایەش بی، ئێژن: ئێمە ھەر لە پێشدا مشووری خۆمان خواردووە و بە دڵخۆشی خۆت لێ دوورەپەرێز دەگرن. (٥١) بێژە: بێژگە ئەوەی خودا بۆی نووسیبین تووشمان نایە؛ ھەر ئەو سەروەری ئێمەیە و گەرەکە خاوەن باوەڕان ھەر خۆ بە خودا بسپێرن. (٥٢) بێژە: ئاخۆ چاوەنۆڕن جگە لە یەکێ لەو دووانەی - کە ھەر دووکیان باشەکانن - شتێکی ترمان تووش ببێ؟ ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین خودا ھەر خۆی، یان بە ھۆی ئێمە جەزرەبەو بۆ بنێرێ. دەسا ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین. (٥٣) بێژە: بە خۆشی خۆتان بێ یان بە زۆری ماڵ بەخت کەن، خودا لێتان قبووڵ ناکا؛ چونکە ئێوە کۆمەڵێ لە ڕێ لادەر بوون. (٥٤) بۆیەش ھەرچی بەختی بکەن، خودا لێتان قبووڵ ناکا، چونکە ئەوان حاشایان کرد لە خودا و پێغەمبەرەکەی، نوێژەکانیان بە تەنبەڵی بە جێ دێنن و ئەو ماڵەش کەوا دەیبەخشن، زۆر بە نابەدڵی دەیدەن. (٥٥) سەیرت نەیە لە دارایی و زاروزیچێ کە ھەیانە؛ خوا دەیەوێ لە دنیادا بەمانە ئازاریان دا و ھەر بە خوانەناسی بمرن. (٥٦) بە سوێندەوە ڕەش دەبنەوە، دەڵێن: ئێمەش لە خۆتانین؛ درۆش دەکەن لە ئێوە نین؛ بەڵام ئەوان گرۆیەکی ترسەنۆکن. (٥٧) گەر ئەنوایەک یان ڕەھۆڵێک یان ئەشکەوتێکیان شک بربا، بە ھەڵەداوان بۆی دەچوون. (٥٨) ھێندێک لەوان لە سەدەقە بەشینەوەت بە گازندەن؛ ئەگەر بەشی خۆیان بدرێ، ڕازی دەبن؛ ئەگەر بەشیان بەر نەکەوێ، تووڕە دەبن و بۆڵە دەکەن. (٥٩) ئەگەر ئەوان بەو بەشە ڕازی بوونایە کە خودا و پێغەمبەری خوا دەیانداتێ و بیانگوتا: ئێمە ھەر خودامان بەسە و بەم زووانە خودا و پێغەمبەری خوا لە چاکەی خۆ بەشمان دەدەن، چ دەقەوما؟ (٦٠) زەکات ھەر دەبێ بدرێتە ھەژاران و کەم دەستان و ئەو کەسانەی پێ ڕادەگەن؛ بەختیش بکرێ بۆ ھۆگری نەیاران و ڕزگار کردنی کۆیلان و قەرزداران لە ڕای خودا و لە ڕێگا بە جێ ماواندا. بڕیارێکە لە خوداوە؛ خودا زانا و لەکارزانە. (٦١) لەوانەدا ئی واش ھەیە پێغەمبەر ناڕەحەت دەکەن؛ ئێژن: ھەموو شت دەبیسێ. بێژە: گوێ لە چاکە دەگرێ کە بە قازانجی ئێوەیە؛ باوەڕی بە خودا ھەیە؛ بە باوەڕدارانی تریش بڕوای ھەیە و بەزەییشە بۆ ئەوانەی لە ئێوە بڕواو ھێناوە. ئەو کەسانەش کە پێغەمبەر عەزیەت دەدەن، تووشی ئازاری بەژان دێن. (٦٢) سوێندوو بە خودا بۆ دەخۆن، کە ئێوەیان لێ ڕازی بن. با ئەگەر خاوەن باوەڕن، کارێ بکەن خوا و پێغەمبەری خودایان لێ ڕازی بن. (٦٣) بۆ دەبێ نەیانزانیبێ ھەر کەسێکی دژی خودا و پێغەمبەری خوا بووەستێ، تا ھەتایە لە ئاگری دۆژەھدایە؛ کە ڕیسوا بوونی گەورەیە؟ (٦٤) ئەوانەی دووڕوون دەترسن سەبارەت بەوان سووڕەتێک بێتە خوارێ، ھەرچی لە دڵیاندا ھەیە ئاشکرای کا. بێژە: ئێوە گاڵتە بکەن، ئەوەی خۆی لێ دەپارێزن خودا ھەر ئاشکرای دەکا. (٦٥) خۆ ئەگەر لێشیان بپرسی: خەریکی چن؟ دەڵێن: ئێمە خەریکی گەپ و گاڵتە بووین. بێژە: ئاخۆ گاڵتەو بە خوا و پێغەمبەری خودا دەکرد؟ (٦٦) داوای لێ بووردنێ مەکەن؛ ئێوە لە پاش بڕواھێنان بوونە دژی ئیسلامەتی؛ ئەگەر ئێمە لە ھێندێکانوو خۆش ببین، دەبێ ھێندێک ئازار بدرێن؛ لە بەر ئەوەی تاوانبار بوون. (٦٧) نێر و مێ لەم دووڕووانە وەکوو یەکن؛ فەرمان بە خراپە دەدەن و ڕێگە لە بەر چاکە دەگرن؛ دەستی خۆشیان لە خێرکردن دەقووچێنن؛ خودایان لە بیر بردەوە و خوداش ئەوانی لە بیر کرد. ئەوانەی دووڕوویی دەکەن، ھەموویان لە ڕێ لادەرن. (٦٨) بڕیاری خودا ھەر وەک بۆ خودانەناسەکان ھەیە، دووڕووانی ژن و پیاویش دەگرێتەوە؛ بە تێکڕایی دەیانخاتە جەھەندەم و تا ھەتا ھەر تیا دەبن؛ کە ئەمە بۆ ئەوان بەسە؛ بەر نەفرینی خواش کەوتوون و ئازاردانیان بنەی نایە. (٦٩) وەک ئەوانەی پێش ئێوە بوون، زۆر لە ئێوە بە ھێزتر بوون؛ ماڵ و منداڵیشیان پتر. ئەوان لەو بەشەی کە بوویان کەڵکیان وەرگرت؛ ئێوەش وەتر؛ ھەر وا ئەوانەی پێش ئێوەش، لەب ەشی خۆ کەڵکیان وەرگرت. ئەنگۆ تووشی پڕوپووچ بوون؛ ھەروەک ئەوانە تووشی بوون. ئەوان لە دنیا و سەڵادا کردەوەیان بە فێڕۆ چوو؛ ھەر بۆ خۆشیان زیانبار بوون. (٧٠) ئاخۆ دەنگ و باسی نووح و عادو سەموودو خەڵکی مەدیەن و موئتەفیکەو ھاوچەرخانی ئیبڕاھیمیان پێ نەگەیوە، کە لە پێش واندا ژیاون؛ کە پێغەمبەرانی ئەوان بە چەند بەڵگەی ئاشکراوە چوونە ناویان؟ خوا ناھەقی لێ نەکردن؛ ھەر بۆ خۆیان ناھەقیان لە خۆیان کرد. (٧١) ژن و پیاوی باوەڕدار دۆستی یەکترین؛ فەرمان بە چاکە دەدەن و بەر لە کاری کرێت دەگرن و نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن و بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودان. خوا ئەمانە وەبەر بەزەیی خۆی دەخا. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٧٢) خودا بەڵێنی بە پیاوان و ژنانی بە باوەڕ داوە، باغاتێکیان خەڵات دەکا، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەر دەوێدا دەمێننەوە. چەندین خانووی ھەرە باشی لە ناو باغاتی عەدندا بۆ داناون. ڕەزای خوداش، کە لە گشتی ھێژاترە؛ دەسکەوتی مەزن ئەمەیە. (٧٣) ئەی پێغەمبەر! دەگەڵ خودانەناسان و ئەوانەی دووڕوویی دەکەن، بە شەڕ وەرە و بە توند و تیژی ڕەفتاریان دەگەڵ بکە. ئەنوای ئەوان جەھەندەمە و دواڕۆژی دژواریان ھەیە. (٧٤) سوێندێ دەخۆن کە بە خودا ئەوەیان نەدرکاندووە؛ کەچی قسەی خودانەناسانەیان کرد. دیارە لە پاش موسوڵمان بوون لە دین پەشیوان بوونەوە؛ خەیاڵیان دابووە سەر شتێ، بۆیان نەلوا پێکی بێنن. ھەر بۆیەش ڕکیان بۆتەوە کە خودا و پێغەمبەری خوا بەو چاکەی دەگەڵی کردوون، ناگوزووری بۆ نەھێشتوون. ئەگەر پەشیمان ببنەوە، ھەر بە قازانجی خۆیانە و ئەگەر ھەر ڕوویان وەرگێڕا، خودا لەم دنیا و لەو دنیا، ئازاری بەژانیان دەدا و لەم ھەردەدا، نە کەس دۆستایەتییان دەکا، نە یاوەریان دەس دەکەوێ. (٧٥) ھێندێک لە ناو ئەوانەدا پەیمانیان دەگەڵ خودا بەست کە: شەرتە ئەگەر خودا لە چاکەی خۆی بەشمان بداتێ، ئێمەش خێر و خێرات دەکەین و دەچینە ڕێزەی پیاوچاکانەوە. (٧٦) کە خوا کردی و لە چاکەی خۆی زێدەی دانێ، ڕژدایەتییان لە سەر کرد و دیسان پشتیان ھەڵکرد و ڕوویان وەرگێڕا. (٧٧) چونکە ئەوان پەیمانی خوایان شکاند و درۆیان لەیەل خودا کرد، دووڕوویی ھەر لە دڵیاندا ھێشتۆتەوە، تا ئەو ڕۆژەی دێنە بەر بارەگای خودا. (٧٨) بۆ نازانن خودا بە ڕازیان دەزانێ و ئاگای لە سرتەشیان ھەیە و خۆی لە ھەرچی نادیارە، ئاگادارە. (٧٩) ئەو کەسانە تەوس دەگرنە بڕوادارانێ کە زێدە لە زەکات، خێراتێ دەکەن؛ تانەش دەدەن لەوانە وا ھەر ئەوەندەیان دەس دەڕوا کە دەیبەخشن؛ ئەوسا گاڵتەشیان پێ دەکەن. خودا گاڵتە بەمان دەکا و ئازاری بەژانیان دەبێ. (٨٠) لێ خۆشبوونیان بۆ داوا بکەی یان نەکەی، بێ بەھرەیە. ئەگەر تۆ حەفتا کەڕەتیش نزای بەخشینیان بۆ بکەی، خوا ھەرگیز لێیان خۆش نابێ؛ چون ئەوانە لە خودا و پێغەمبەرەکەی حاشا دەکەن؛ خواش گرۆی لە ڕێ لادەران ناخاتە سەر ڕاستەڕێیە. (٨١) ئەوانەی بەوە دڵخۆشن کە لە ماڵەخۆیان مان و لە ھاوڕێ بوون دەگەڵ خودا و پێغەمبەری خۆیان بوارد و نەیانویست کە ماڵ و گیانیان لە ڕاھی خودا بەخت کەن و دەیانگوت: لەم گەرمایەدا دەرمەکەون. بێژە: ئەگەر تێگەیشتنیان ھەبوایە، خۆ ئاگری جەحەندەم زۆر گەرمترە. (٨٢) با کەم بخەنن و زۆر بگرین لە سزای ئەو کارانەدا کە دەیانکرد. (٨٣) ئەر خوا تۆی لە خەزا گەڕاندەوە بۆ لای ھێندێک لەوان و لە تۆیان داوا کرد ئیزنیان بدەی بچنە خەزا؛ بێژە: ھەرگیز ناشێ دەگەڵمان دەرکەون قەت دەگەڵ من ناچنە شەڕی ھیچ دوژمنێک. ئێوە ھەر سەر لە ھەوەڵێ خانەنشینیتان نەقاند؛ ئێستاش ھەر خانەنشین بن؛ وێڕای ئەوانەی مانەوە. (٨٤) ھەر کەسێکیشیان لێ بمرێ، نابێ نوێژی لە سەر بکەی و لە سەر گۆڕی ڕامەوەستە. ئەوان لە خوا و پێغەمبەر حاشایان کرد و کە مردن لە ڕێ لادەر بوون. (٨٥) داھات و عەولادی زۆریان بەلاتەوە گرینگ نەبێ. خوا دەیەوێ ھەر بەمانە لە دنیا جەزرەبەیان دا و بە بێ دینی گیانیان دەرچێ. (٨٦) ھەرگا سووڕەتێک دێتەخوار کە باوەڕ بە خوا بھێنن و لە تەک پێغەمبەرەکەیدا بچنە خەزا، خاوەن دەستەڵاتەکانیان دێن ئیزن لە تۆ دەخوازن و ئێژن: واز لە ئێمە بێنە، با ئێمەش لە ماڵ بمێنین؛ وەک خانەنشینانی تر. (٨٧) بەوە ڕازی بوون وەل بە جێ ماوەکان بن؛ مۆریان بە سەر دڵەوەیە و ھیچ تێ ناگەن. (٨٨) بەڵام پێغەمبەری خودا و ئەوانەی دەگەڵ ئەودان و باوەڕدارن، بە ماڵ و گیان چوونە خەزا؛ خۆشی و چاکی بۆ ئەوانە و ڕزگارەکانیش ئەوانن. (٨٩) خوا باغاتێکی بۆوان ساز داوە کە جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا ھەتایەی تێدا دەبن. ئەمەیە دەسکەوتی گەورە. (٩٠) عارەبی دەشتەکی ھاتوون، بڕوبەھانە دەتاشن ئیزنیان بدەی [نەچنە خەزا]. ئەو کەسانەش حاشایان لە خوا و پێغەمبەری ھەیە، لە ماڵە خۆیان ڕۆنیشتوون. ئەوانە بوونە خوانەناس - بەم زووانە - تووشی ئازاری تووش دەبن. (٩١) لە سەر ئەوانەی بێ ھێز و لەش بە بار و ئەوانەی ھێندە شک نابەن خێرات بکەن، سووچێک نییە، ئەگەر ئەوان بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی ئامۆژگاری مەردم بکەن. ھیچ گلەیەک لە سەر چاکەکاران نییە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٩٢) ھیچ گلەش لەوانە ناکرێ کە ھاتنە لات ھەڵیانگری و گوتت: چارەوای وام نییە ھەڵتانگرێ. لە خەمباری فرمێسکیان دەچاوان تزا و گەڕانەوە؛ چونکە ھیچی وایان نەبوو بەختی بکەن. (٩٣) ڕێی گازندە ھەر لە سەر ئەو کەسانەیە کە بوودەن و مەرەخەسیت لێ دەخوازن؛ بەمە ڕازین دەگەڵ بە جێ ماوەکان بن؛ خودا مۆری بە سەر دڵیانەوە ناوە و ھیچ تێ ناگەن. (٩٤) کاتێ ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ لایان، عوزرخواییتان لێ دەکەن. بێژە: ھیچ عوزری پێ ناوێ، ئێمە بڕواتان پێ ناکەین؛ لەمەڕ ئێوە خودا خەبەری پێ داوین. خودا و پێغەمبەری خودا کردەوەکانتان دەبینن و لە ئاکاما دەبرێنەوە بۆ لای ئەوەی کە لە خویا و بەربێواران ئاگادارە؛ ئەوسا خەبەردارتان دەکا کە چۆن کارێکتان کردووە. (٩٥) ھەرگا ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ لایان، دێن و بە خواتان سوێند دەدەن کە خۆیان تێنەگەیەنن. ئێوە واز لەوانە بێنن، چونکە ئەوانە گەمارن و لە سزای کردەوەکانیان جەھەندەمە جێگایان. (٩٦) ملتان بۆ لە سوێندان دەنێن کە ئێوە لەخۆڕازی کەن؛ گەر ئێوەش لێیان ڕازی بن، خوا لە گرۆی لە ڕێ لادەر ڕازی نابێ. (٩٧) عارەبەکانی دەشتەکی لەمەڕ خودانەناسین و دووڕوویی، بێ ڕەزاترن و بۆ سنوور پێ نەزانینی ھەرچی خودا بۆ پێغەمبەری ناردووە، کۆڵی ترن. خودا زانای لەکارزانە. (٩٨) ھێندێک ھەر لەو دەشتەکیانە، ھەرچی بیدەن وای دەزانن کە خاوەیان لێ سەنراوە؛ لێو دەخەفتێن کە بەڵایەکتان بە سەر بێ؛ بەڵا ھەر بە سەر خۆیان بێ. خودا بیسەر و زانایە. (٩٩) ھەر لە ناو ئەو دەشتەکیانەش ئی وا ھەیە بڕوای بە خوا و بە ڕۆژی قیامەتێ ھەیە و ھەرچی لەم ڕێیەدا دەیدا، بۆ نزیکی لە خودایە و بۆ ئەمەیە کە پێغەمبەر بە نزا لە بیریان نەکا با بزانن کە ھەربینا نزیک دەبنەوە لە خودا و دەیانخاتە بەر بەزەیی خۆی. خودا دیارە گوناھ بەخش و دلۆڤانە. (١٠٠) خوا لەوانەی ھەر پێشوو ئاوارە بوون و لەوانەش کە یاریدەر بوون، لەوانەش کە لە چاکەدا دایانە سەر شۆپی ئەوان، ڕازی بووە و ئەوانیش لە خوا ڕازین و باغاتێکی بۆ ساز داون جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا ھەتایە تێدا دەبن و ئەمەیە دەسکەوتی گرینگ. (١٠١) لەو عەرەبە دەشتەکیانەی - کە لە دەوروبەری ئێوەن - ھێندێکیان و ھێندێکیش لە خەڵکی مەدینە دووڕوون و ھەر بۆ دووڕوویی ڕاھاتوون؛ ئەتۆ ئەوانە ناناسی، ئێمە زۆر باشیان دەناسین. دوو جار ئازاریان دەدەین و لە دواییدا دەیانخەینە بەر جەزرەبەی ھەرە دژوار. (١٠٢) ھی تریش ھەن دانیان ناوە بە گوناھەکانی خۆیاندا، کارێ باش و یەکێ خراپیان تێکەڵ کرد؛ شایەت خودا تۆبەیان لێ قبووڵ بکا. خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٠٣) لە داراییەکی ھەیانە سەدەقەیان لێ وەرگرە، تا بەوە پاک و خاوێنیان بکەیتەوە. نزای باشیان دەرھەق بکە، نزای تۆ ئۆقرەیە بۆ وان. خودا بیسەر و زانایە. (١٠٤) چۆن دەبێ نەیانزانیبێ خودا تۆبە لە عەبدی خۆی قبووڵ دەکا و سەدەقەشیان لێ وەردەگرێ و خودا تۆبە قبووڵ کار و دلۆڤانە؟ (١٠٥) بێژە: دەسا وەکار کەون، کاری ئێوە بە زوویەکی زوو لە لای خودا و پێغەمبەری خاوەن باوەڕان دیار ئەدا و بەو زووانە دەبرێنەوە بۆ لای زانا بە نادیاری و دیاران؛ ئەوسا ئاگاداروو دەکا کە چۆن کارێکتان کردووە. (١٠٦) ھێندێکیشیان چاوەڕێی فەرمانی خودان. جا یان جەزرەبەیان دەدا، یان تۆبەیان لێ وەردەگرێ. خودا زانای لەکارزانە. (١٠٧) ئەوانەش وا مزگەوتێکیان چێ کردووە تا ھۆی زیان و خوانەناسی و پژگ و بڵاوی نێوان باوەڕدارەکان بێ و تا ڕوانگە بێ بۆ ئەوانەی لە پێشوودا دژی خودا و پێغەمبەری ڕاوەستا بوون، سوێندیش دەخۆن کە: جگە لە چاکە کردن نیازێکی ترمان نەبووگە؛ خوا شایەتە کە ئەوانە درۆزنن. (١٠٨) ھەرگیز لەوێدا نوێژ مەکە. ئەو مزگەوتەی ڕۆژی بەرێ لە سەر ھەستی خوداترسی دامەزرا بێ، ھێژاترە کە تۆ نوێژی تێدا بکەی. لەوێندەرێ پیاوی وا ھەن حەز دەکەن بە پاکی بژین؛ خوداش لە پاکان خۆشی دێ. (١٠٩) ئاخۆ کەسێ کە ھیمی مزگەوتەکەی خۆی لە سەر ھەستی خواپەرستی و ڕەزای خودا داڕشتبێ ھێژاترە، یان ئەو کەسەی کە بناغەی مزگەوتەکەی لە سەر لێواری کەنداڵی فشەڵە و ڕووخەک داناوە و دەگەڵ ئەودا دەکەوێتە ناو ئاگر و کڵپەی دۆژەە؟ خودا دەستەی ستەمکاران شارەزای ڕاستەڕێ ناکا. (١١٠) ئەو خانووەی سازیان داوە، ھەر مایەی دڵخورتیانە؛ جا مەگین ئەو دڵانەیان کوت کوت ببێ. خوداش زانای لەکارزانە. (١١١) خودا گیان و سامانی باوەڕدارانی کڕیوە و لە باتیاندا دەیانخاتە بەھەشتەوە. باوەڕدارانیش ئەوانەن کە لە ڕای خوا شەڕ دەکەن و دەکوژن و دەشیانکوژن. لە تەوڕات و لە ئینجیل و قورئانیشدا بەڵێنی وەھا دراوە. سا کێ لە خوا بۆ پێک ھێنانی بەڵێنی درووسترە؟ دەسا ئێوە بەو سەودایەو مزگێنی بە یەکتر بدەن، کە دەسکەوتێکی زۆر گەورەو دەس کەوتووە. (١١٢) تۆبەکاران، خواپەرستن، ھەر پەسندی خودا دەدەن؛ ڕۆژووگرن، بە کڕنۆش و سوژدەبەرن، ھانەی کاری چاک دەدەن و بەر لە ناڕەوا دەگرن و سنووری خوا دەپارێزن. مژدە بدە بەوانەی خاوەن باوەڕن. (١١٣) ڕەوا نییە بۆ پێغەمبەر و ئەوانەی باوەڕدارن، داوای بوووردن بۆ بتپەرستەکان بکەن - جا با خزمی نزیکیش بن - لە پاش ئەوەی سوور دەزانن کە جەحەندەم جێگەیانە. (١١٤) کە ئیبراھیم داوای عافوو کردنی بۆ ئاپی خۆی کرد، تەنیا بۆ بەجێ ھێنانی بەڵێنێک بوو کە پێی دابوو. بەڵام کاتێ کە سوور زانی دژی خوایە، ئیتر خۆی تێ نەگەیاند. بێ گومان ئیبڕاھیم گەلێک لە خواترس و لەسەرخۆ بوو. (١١٥) پاش ئەوەی خوا کۆمەڵێکی خستە سەر ڕێ، ئیتر ھەتا دیاری نەکا دەبێ لە چی بەپارێز بن، لە ڕاستەڕێیان دەرناخا. خودا ھەموو شت دەزانێ. (١١٦) خاوەن موڵکی عاسمانەکان و زەمینێ ھەر خودایە. گیان وەبەر دێنێ و دەمرێنێ و جیا لە خودا، دۆست و یاریدەرتان نییە. (١١٧) خودا لە پێغەمبەر و ئەوانەی دەربەدەرن و ئەوانەی یاریدەدەرن و لە جەنگەی تەنگانەدا ھەر پەیڕەوی ئەو بوون، خۆش بووە. لە پاش ئەوەی ھێندێک لەوان وەختا بوو دڵیان گومڕا بێ، دیسان خوا عافووی کردن. خودا دڵسۆزی ئەوانە و دەگەڵیانا میھرەوانە. (١١٨) دەربارەی ئەو سێ کەسانەش خۆیان لە خەزا دزیەوە، تا وای لێھات ئەم زەمینە ھەراوەیان لێ وەتەنگ ھات؛ خۆشیان تەنگانەیان ھاتێ و تێگەییشتن ھیچ پەنایەکیان نەماوە، مەگین ھەر پەنا بەو بەرن. پاشان ئەوانیشی بەخشی کە بەرەو خودا وەگەڕێن. خودا تۆبە قبووڵ دەکا و دلۆڤانە. (١١٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ترسوو لە خودا ھەبێ و لە ڕێزی ڕاستاندا بژین. (١٢٠) مەدینەیی و ئە وعارەبە دەشتەکیانەی لە دەوریانن، نەدەبووایە پێغەمبەری خودایان وەلا بنایە و خۆیان لەو ھەڵاواردایە؛ چونکوو ھەرچی لە تینگی و لە مانگی و لە برسییەتی - کە لە ڕای خودا تووشیان دێ - و ھەر ھەنگاوێکی دەیھاوێن، خوانەناسان تووڕە دەکا و ھەر زەربەتێ لە دوژمنی دەوەشێنن، گشتی خودا بە چاکەیان بۆ دەنووسێ. خوا پاداشی چاکەکاران وندا ناکا. (١٢١) ھەرچەندە ماڵ بەخت دەکەن، کەم و زۆری و لە ھەرگەڵیەک دەرباز دەبن، خودا بۆیانی دەنووسێ، تا پاداشی لەوە چاکتریان بداتێ. (١٢٢) نە پێویستە باوەڕداران ھەموو تێکڕا وەدەرکەون؛ با لە ناو ھەر کۆمەڵگایەک دەستەیەکیان بچنە دەرێ، تا لە دین شارەزا دەبن و کە گەڕانەوە ناو ھۆزیان بیانترسێنن. بەشکوو خۆیان بپارێزن. (١٢٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەگەڵ ئەو خوانەناسانەی ھاوساتانن بەشەڕ وەرن؛ با زەبر و زەنگوو ببینن. بیشیزانن خوا دەگەڵ خۆپارێزانە. (١٢٤) ئی وایان دەناودا ھەیە، تا سووڕەتێک دێتە خوارێ، ئێژێ: کێتان بڕوای پێ پتەوتر بووە؟ جا ئەوانەی بڕوایان بە خوا ھێناوە باوەڕیان بەھێزتر دەبێ و کەیفێ دەکەن. (١٢٥) ئەوی دڵیشیان ساغ نییە، حاشا دێتە سەر حاشایان و بە خوانەناسی دەمرن. (١٢٦) ئاخۆ ئەمانە نابینن کە ساڵانە کەڕەتێک یان دوو کەڕەتان دەکەونە بەر تاقیکاری؟ لە ئاکامدا نە تووشی پەژیوانی دێن نە پێی تەمێ گرتوو دەبن. (١٢٧) ھەرگا سووڕەتێک دێتە خوار، ھێندێک دەڕواننە ھێندێکان: ئاخۆ کەس ئێوە دەبینێ؟ لە پاشان دەگەڕێنەوە. خوا دڵیانی وەرگێڕاوە؛ چونکە ئەمان لە دەستەی بێ ئاوەزانن. (١٢٨) پێغەمبەرێک ھاتە لاتان، لە خۆتانە؛ ھەر بەڵایە بە سەرتان بێ، لای گرانە؛ زۆری دڵ لە سەر ئێوەیە؛ دڵسۆزی باوەڕدارانە و دلۆڤانە. (١٢٩) ئەگەر ھەر ڕوویان وەرگێڕا، بێژە: من ھەر خودام بەسە، بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ کاری خۆم داوەتە دەست ئەو، ھەر ئەویشە خودانی تەختی مەزنە. ++++++++++++++++++++++