شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: فەجر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆندەکە بە بەری بەیان، (٢) لە شەوانیشدا بە دەیان، (٣) بە جووت، بە تاک، (٤) بەو شەوگارە کەڕادەبرێ، (٥) ئاخۆ سوێندی وەھا خواردن، بۆ خاوەن ئاوەز بەس نییە؟ (٦) خۆ دیتت کە پەروەرندەت چی کرد بەرانبەر ھۆزی عاد؛ (٧) بەرەی ئیرەم خێوی خانووی ئەستوونداری [تەرز و گوشاد]؛ (٨) ئەو ماڵانەی وێنەیان لە شارانیشدا چێ نەکرابوو. (٩) ھۆزی سەموودیش، ئەوانەی لە ناو دۆڵ و گەڵیەکاندا بەردیان تاشی. (١٠) فیرعەونیش، خێوی کۆشکانی گەورە و بڵند؛ (١١) ئەوانەی لە وڵاتاندا یاخی ببوون. (١٢) خراپ ھەبوو، ئەوان زێدەتریشیان کرد. (١٣) ئەوسا کە پەروەرندەی تۆ وەبەر قەمچی ئازاری دان. (١٤) بێ سۆ کە پەروەرندەی تۆ، ھەموو ئەوانە دەبینێ. (١٥) بەڵام مرۆ ھەر کاتێکی پەروەرندەی دەیخاتە بەر ئەزموونەوە و ڕێزی لێ دەگرێ و بەھرەی پێ دەگەیەنێ، ئێژێ: [ئەوا] پەروەرندەم قەدری گرتم. (١٦) ئەگەریش –ھەر بۆ ئەزموونێ– پەروەرندەی بژیوی لێ کەم کردەوە، ئەوسا ئێژێ: پەروەرندەم سووکایەتی بەسەر ھێنام. (١٧) نەخێر، بەڵکوو ئێوە ڕێز لە ھەتیو نانێن. (١٨) بۆ نان بە ھەژار بەخشینیش، ئێوە ھانەی یەکتر نادەن. (١٩) میراتیش بە ھەڵپە دەخۆن. (٢٠) خۆشەویستنی ماڵیشتان لە ئەندازە دەرکەوتووە. (٢١) نابێ وابێ! ھەرگا زەمین زۆر بە سەختی تێک شکێنرێ و، (٢٢) فەرمانی پەروەرندەت بێ و فریشتەکانیش پۆل بە پۆل ڕیز ببەستن، (٢٣) دۆژەھیش بێننە پێشەوە، ئەوێ ڕۆژێ مرۆ خۆی وەبیدێتەوە؛ بەڵام ئەم وەبیر ھاتنەوە، کوا بەھرەی پێ دەگەیێنێ؟ (٢٤) ئێژێ: خۆزی بۆ ژیانم چاکەم وەپێش خۆم خستبا. (٢٥) سا ئەو ڕۆژە کەس وەک ئەو جەزرەبە نادەن. (٢٦) کەسیش وەک ئەو بە زنجیر شەتەک نادرێ. (٢٧) تۆش ئەی گیانی لەخەم ڕەخسیو! (٢٨) بە دڵخۆشی بچۆوە لای پەروەرندەت؛ چون ئەوت لە خۆ ڕازی کرد. (٢٩) سا تۆش ڕەگەڵ عەبدەکانی من بکەوە. (٣٠) [وێڕای ئەوان] بچوە بەھەشتی منەوە. ++++++++++++++++++++++