شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: غاشیە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئاخۆ باسی بەڵای گەورەت بۆ ھاتووە، کە ھەموو شت دادەپۆشێ؟ (٢) ئەوێ ڕۆژێ گەلێ ڕوخسار بزڕکاون. (٣) لە کار کردندا چەوساون. (٤) گرفتاری ئاورێکی سوتێنەر دەبن. (٥) ڤەخارنیان لەسەرچاوەی ھەرە گەرمەوە بۆ دێنن. (٦) ھەرگیز بژیویان نادەنێ، مەگین لە دڕکەشیلانێ. (٧) قەڵەو ناکاو لە نێزیش بێ نیاز ناکا. (٨) ڕوخساریش ھەن خۆش و گەشن. (٩) ڕازین لە کردەوەی خۆیان؛ (١٠) لە بەھەشتی بەرز و تەرزا. (١١) کە لەوێدا قسەی پڕ و پوچ نابیسن. (١٢) چەمەی ڕوون و ڕەوانی فرەی تێدایە. (١٣) تەختی تێدا داندراون. (١٤) زەرکیشیان لەلا داناون. (١٥) باڵگەی نەرمیش ڕیز کراون. (١٦) زۆریش ڕایەخ ڕاخراون. (١٧) ئەمانە چۆن ڕانەماون، کە وشتر چلۆن چێ بووە؟ (١٨) لەو عەزمانەش کە چۆن وا بڵیند کراوە؟ (١٩) لەو کەژانەش کە چۆن وەھا دامەزراوە؟ (٢٠) لەو زەمینەش کە چۆن وا ھەراو ڕاخراوە؟ (٢١) سا تۆ ئامۆژگاری بکە، ئەتۆ ھەر تەنیا پەندێری. (٢٢) تۆ لەسەریان نەبوویە خاوەن دەستەڵات. (٢٣) مەر ئەو کەسەی ڕوو وەرگێڕێ و نەیەوێ خودا بناسێ. (٢٤) ئەوسا خودا بە جەزرەبەیێ گەورەتر سزای ئەدا. (٢٥) بێ گومانە کە ھەموویان ھەر بۆ لای ئێمە دێنەوە. (٢٦) لە دواییدا خۆمان بە کاریان ڕادەگەین. ++++++++++++++++++++++