شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: بوروج وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بەو عاسمانە بەکەلوانە، (٢) بە ڕۆژە دیاری کراوەکەش، (٣) بە بینەر و بەوەش کە دێتە بەرچاوان، (٤) قڕان کەوتە نێوانی خەندەک لێدەران. (٥) ھەر نێڵەی بوو گڕی بەرزی ئاگربەران. (٦) خودی خۆشیان بەسەریەوە ڕۆنیشتبوون. (٧) چاوەدێری ئەو کارەش بوون کە دەربارەی باوەڕدارەکانیان دەکرد. (٨) تەنیا بۆیەش لەوانەش بە ڕکدا چووبوون، ھەر چونکە خوای ھەرە خاوەن دەستەڵاتی شایانی تاریف کردنیان پەرستبوو. (٩) ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی لەبەردەستە و لە ھەموو شت بەئاگایە. (١٠) بۆ ئەوانەی پیاوەکانی باوەڕدار و ژنەکانی باوەڕداریان خستبووە ناو ئاگرەوە و لە دواییشدا پەژیوان نەببوونەوە، بێ لە ئازاری جەھەندەم، تۆڵی شەواتەکەش ھەیە. (١١) بۆ ئەوانەش کە دیندار و ئاکارچاک بون، باغاتێ ھەس جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ئەمەیە دەسکەوتی مەزن. (١٢) بێ گومان ھەڵمەت بردنی پەروەرندەت زۆر حەستەمە. (١٣) ئەو ھەر خۆی وەدی دەھێنێ و دووبارەشی دەکاتەوە. (١٤) ھەر ئەویشە عافو دەکا و بە ڤیانە. (١٥) خودانی تەختی بە قەدرە. (١٦) زۆر بەکارە بۆ ھەر شتێ گەرەکی بێ. (١٧) ئاخۆ ئەتۆ ھەواڵ و باسی شەڕکەرەکانت پێگەییشت؟ (١٨) لەشکرەکانی فیرعەون و ھۆزی سەموود؟ (١٩) دیارە ئەوانی بێ دینن لەمانە ھەر حاشا دەکەن. (٢٠) خواش لە لای پشتەوەیانڕا دەوری داون. (٢١) ئاشکرایە ئەم قورئانە زۆر بەڕێزە. (٢٢) لە تەتەڵەی ھەرە بەرزی پاراستوو [ڕوونووس کراوە]. ++++++++++++++++++++++