شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ئینشیقاق وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرگا عەزمان تەرەکی برد، (٢) فەرمانی ڕاھێنەریشی بەجێ ھێنا و دەبێ واش بێ. (٣) ھەرگا زەمینیش ڕاخرا، (٤) ھەرچی تێیدا بوو فڕێی دا و ھیچ شتی دەناودا نەما، (٥) فەرمانی پەروەرێنی خۆی بەجێ ھێناو دەبێ واش بێ. (٦) ئەی مرۆ! ڕەنجی زۆر دەدەی بگەی بە پەروەرێنی خۆت؛ سا تووشی دێی. (٧) ئەوسا ھەر کەس نووسراوەکەی لە لای ڕاستیەوە پێ بدرێ، (٨) لەوە بەو لا پرسیارێکی کەم و ھاسانی لێ دەکرێ. (٩) بە دڵخۆشیش دەچتەوە لای کەس و کاری. (١٠) بەڵام ئەوی نووسراوەکەی لە ئالی پشتیەوە بووبێ، (١١) ئەو دواجار ھاواری مەرگی خۆی دەکا. (١٢) دەشچێتە ناو ئاگرێکی بەکڵپەوە. (١٣) ئەو لە ناو ماڵ و منداڵیا زۆر بەکەیف بوو. (١٤) ئەو پێی وا بوو کە ھەرگیز ناگەڕێتەوە. (١٥) ئارێ پەروەرێنی ئاگای لە حاڵی بوو. (١٦) سا سوێندەکە بە سوورایی دەوری ئاسۆ، (١٧) بەم شەوگارە و بە ھەر شتێ دای دەپۆشێ، (١٨) بەو مانگە وەختێ پڕ دەبێ، (١٩) ئێوە بێ شک لە بارێکەوە تووشی بارێ تر دەبن. (٢٠) چیانە ئەمانە باوەڕێ ھەر ناھێنن؟ (٢١) ھەر دەمێکیش قوڕئانیان لەلا دەخوێنن، سوژدە نابەن؟ (٢٢) نەخێر! خودانەناسەکان ھەر بە درۆشی دەزانن. (٢٣) خواش لەوی لە دڵیاندایە [لە گش کەس] ئاگادارترە. (٢٤) تۆش مزگێنی بەمان بدە، تووشی ئازاری بەژان دێن؛ (٢٥) مەگین ئەوی بەباوەڕ و ئاکارچاک بن، کە پاداشیان دوایی نایە. ++++++++++++++++++++++