شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: موتەففیفین وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھاوارە لە کەم فرۆشان. (٢) ئەو کەسانەی بە پێوانە شتێ لە مەردم دەسێنن، ئەشێ ھەموویان پێ بدەن. (٣) ئەگەر خۆشیان بۆیان پێوان، یان بە کێشانەیان پێدان، لێی کەم دەکەن. (٤) ئاخۆ ئەوانە نازانن کە ھەر زیندوو دەکرێنەوە؟ (٥) بۆ ڕۆژێکی گەورە و گران؟ (٦) ئەو ڕۆژەی کە ھەموو مەردم بۆ دیداری پەروەرندەی ھەموو دنیا ڕادەوەستن. (٧) نەخێر، باوەڕ بەمە ناکەن؛ با بزانن کە سیایی ئەم بێ فەڕانە وا لە «سِجّين». (٨) کوو زانیوتە «سِجّين» چییە؟ (٩) کتێبێ نیشانەدارە. (١٠) لەو ڕۆژەدا لە بێ باوەڕان ھاورە. (١١) ئەو کەسانەی ڕۆژی لێپرسینەوەیان پێ درۆیە. (١٢) ھەر ملھوڕی تاوانباریش ئەوەی بە لاوە درۆیە. (١٣) ھەرگا نیشانانی ئێمەی بۆ وەخوێنن، ئێژێ: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە. (١٤) کە واش نییە؛ بەڵکوو ئەوان ژەنگی کارەکانی خۆیان بۆتە توێژێکی سەر دڵیان. (١٥) ھیچ وا نییە! دیارە ئەوان لەو ڕۆژەدا لە [بەزەیی] پەروەرێنیان، فرە دوورن. (١٦) لە ئاکاما ئەوان – بێ سۆ – دەچنە دۆژەھ. (١٧) پێیان ئێژن: ئەمە ھەوە کە ئێوە پێتان درۆ بوو. (١٨) با بشزانن سیایی ئاکارچاکەکان لە «علّيّين» دا [نووسراوە]. (١٩) کوو دەزانی، «علّيّين» چەس؟ (٢٠) کتێبێ نیشانەدارە. (٢١) ھەر کێ نزیک بە خودا بێ، دەیبینێ [و لێی ئاگادارە]. (٢٢) بە ڕاستی ئاکارچاکەکان لە خۆشیدان. (٢٣) وەبان تەختەکانیانەوە چاو دەگێڕن. (٢٤) لە چارەیان تەڕو بەلی خۆشگوزەرانی دەزانی. (٢٥) بادەیەکی سەربەمۆریان بۆ ڤەخارنێ دەدەنێ. (٢٦) مۆرەکەی سەری لە میشکە؛ با ئەوی حەزی لێ دەکەن، بۆ شتێ وا پێکەوە کێبەرکێ بکەن. (٢٧) ئاوێتەشی لە تەسنیمە. (٢٨) چەمەیەکە، ئەوی نزیک خراونەوە، لەو سەرچاوە دەخۆنەوە. (٢٩) تاوانکاران – لەسەر دنیا – بە دینداران پێدەکەنین. (٣٠) ھەرگا بە لایاندا دەچوون، چاویان لە یەکتر دادەگرت. (٣١) ھەرکاتێکیش دەچوونەوە لای کەسانیان، بە حەنەک دەیانگێڕاوە. (٣٢) کە چاویشیان پێ دەکەوتن، دەیانگوت: ئەمانە گومڕان. (٣٣) ھیچ کامیش ڕانەسپێرابوون کە دەبێ ئاگاداریان بن. (٣٤) وا ئەمڕۆش خوداناسەکان بە بێ دینەکان ئەخەنن. (٣٥) لەبانی تەختەکانەوە چاو دەگێڕن. (٣٦) ئاخۆ خودانەناسەکان پاداشی کردەوەی خۆیان وەرگرتووە؟ ++++++++++++++++++++++