شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: تەکویر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) وەختێ کە خۆر تۆپەڵ کرا [و ڕەش ھەڵگەڕا]، (٢) وێجا ھەموو ھەسارەکان پەژمەران و وەرێندەران، (٣) کەژانیش لە شوێنی خۆیان خزێندران، (٤) لەو کاتەشا وشترانی لەسەر زانێ بێ خۆ کران، (٥) ھەرگاش لاور و جانەوەر لە ئاقارێکا کۆ کران، (٦) ھەلێ ھەموو دەریاکانیش ھەڵچون و تێکەڵ بە یەک بوون، (٧) کاتێ ھەموو گیانەکانیش ولفی یەک بوون، (٨) لە دۆتی زیندە بە گۆڕیش پرسیار کرا: (٩) بە کیژان گوناھ گوژاوە؟ (١٠) ھەرگاش نامەی کردەوەکان کرانەوە، (١١) کە ئاسمانیش وەلا برا، (١٢) ھەر دەمێکیش کڵی دۆژەھێ نێڵ درا، (١٣) بەھەشتیش وە نزیک خرا، (١٤) ھەموو کەسێ دەزانێ کە چی لەگەڵ خۆیا ھێناوە. (١٥) سا سوێند ئەخۆم بەو ھەسارە گەڕۆکانەی، (١٦) خول دەخۆن و دەگەڕێنەوە ناو لانە؛ (١٧) بەم شەوە کە تاریک دادێ، (١٨) بە سپێدە، کاتێ کە ھەناسەی پێدا دێ، (١٩) ئەم قوڕعانە - بێ گومانە - قسەی ڕاسپێراوێکی زۆر مەزنە. (٢٠) زۆر بەھێزە، لای خودێ تەخت، جێدارە. (٢١) قسەی دەڕوا، لەوێ جێگەی متمانەیە. (٢٢) ھاوڕێکەشتان لێوە نییە. (٢٣) بێ سۆیە کە لە ئاسۆیە بە ڕۆشنی دیتوویەتی. (٢٤) لە درکاندنی نھێنیش چکووس نییە. (٢٥) ئەوی ئێژێ، ھیچی قسەی شەیتانی دەرکراو نییە. (٢٦) سا ئێوە بەرەو کوێ دەچن؟ (٢٧) ئەم قوڕئانە ھەرپەندە بۆ خەڵکی دنیا. (٢٨) بۆ ھەرکامتان کە بیەوێ شوێنی ڕێگەی سەرڕاس کەوێ. (٢٩) بەویستنی خۆشتان نییە، مەگین خودای پەروەرندەی گش جیھانێ، خۆی حەز بکا. ++++++++++++++++++++++