شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ئەنفال وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) لەمەڕ دەسکەوتی جەنگەوە لێت دەپرسن، بێژە: تاڵانی دوژمنان بۆ خودا و بۆ پێغەمبەرە. ئەگەر بڕواتان ھێناوە، ئێوە ترسوو لە خودا بێ و لە ناو خۆتاندا پێک وەرن و بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. (٢) خاوەن بڕوا ئەو کەسانەن ھەر کە ناوی خودا برا، دڵیان ترسی ڕێ دەنیشێ و کەنیشانەکانی ئەویان بۆ وەخوێنن، بڕوایان بە ھێزتر دەبێ و دەربەست خۆیان بە پەروەرێنیان دەسپێرن. (٣) ئەوانەن کە نوێژ دەکەن و لەو بژیوەی بەشمان داون بەشی ھەژارانیش دەدەن. (٤) باوەڕداری بێ کەمایەسی ئەمانەن کە لە پەروەرێنیانەوە پلە و پایە و لێ خۆشبوون و بژیوی پەسندیان ھەیە. (٥) ھەروەک ئەوەی پەروەرندەت - بە ھەقانەت - تۆی لە ماڵی خۆت ھێنادەر؛ ھێندێکیش لە باوەڕدارەکان ناڕازی بوون. (٦) لە پاش ڕاستی ڕوون بوونەوەش، ئەوان کێشەت دەگەڵ دەکەن؛ وەک بە ئاشکرا ببینن کە بەرەو مردنیان داژۆن. (٧) ئەوسا کە خوا سۆزی پێدان کە یەکێک لەو دوو کۆمەڵە بۆ ئێوەیە، ئێوە ھەر ئارەزووتان بوو دەستە بێ دەستەڵاتەکە بۆ ئێوە بن. خوداش ویستی ھەر چۆنێ خۆی گوتوویەتی وەڕاست گەڕێ و خوانەناسان بنەبڕ کا. (٨) تا ڕاستی سەقام گیر بکا و پووچ و چرووک لە ناو بەرێ؛ ھەرچەند تاوانبارەکان حەزی لێ نەکەن. (٩) لەو کاتەشدا کە ھاناتان بۆ پەروەرندەتان دەبرد، گوتی: ئەوا بە شوێن یەکدا ھەزار فریشتە دەنێرم بۆ یاریتان. (١٠) خودا ئەو بەڵێنەشی ھەر بۆیە پێدان، ھەتاکوو موژدەیەک بێتوو دڵگەلتان پێ ئۆقرە بگرێ. یاریدەش ھەر لە خواوەیە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (١١) ئەو دەمەشتان ھەر لە بیر بێ وا ئەو سووکەخەوەی لە لای خۆیەوە بۆ ھەناردن و بوو بە ھۆی دڵنیاییتان. بارانیشی لە حەواوە بۆ باراندن تا خاوێنتان بکاتەوە و خەیاڵاتی شەیتانوو لێ دوورخاتەوە و دڵگەرمتان کا و مەیدانێ بە جێ نەھێڵن. (١٢) خوا فریشتەی تێگەیاندن کە: خۆشم دەگەڵ ئێوەدام، غیرەت وەبەر خاوەن باوەڕەکان بێنن، منیش ترس وەبەر خوانەناسان دەنێم. سا ئێوە لە ملیان دەن و ھەموو ئەنتگوستەکانیشیان بپەڕێنن. (١٣) چونکە ئەوان بەرھەڵستی خودا و پێغەمبەری وێستان. ھەر کەسانێک دژی خودا و پێغەمبەر بن، خوا بە توندی سزا دەدا. (١٤) با بیچێژن! خوانەناسان بە ئاگریش ئازار دەدرێن. (١٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەر تووشی خوانەناسان بوون - با زۆریش بن - ئێوە لە بەریان ھەڵ مەیەن. (١٦) ھەر کەس لە ڕۆژێکی وادا خۆ لە شەڕێ بدزێتەوە - مەگین بۆ شەڕ کردن لە شوێنێکی کەوە، یان بۆ یاریدەی یارانی - خودا لە خۆ تووڕە دەکا و جێگەی لە جەھەندەم دەبێ و چارەنووسی زۆر خراپە. (١٧) ئەوان ئێوە نەتان کوشتن؛ خوا کوشتنی. کە ھاویشتت، ھاوێژەرەکە تۆ نەبووی؛ خوا ھاویشتی. ئەو دەیەویست باوەڕداران بە باشی تاقی کاتەوە. خودا بیسەر و زانایە. (١٨) بەڵێ، ئاوا خودا فێڵی دین دوژمنان پووچەڵ دەکا. (١٩) گەر دەتانەویست سەرکەون، وا سەرکەوتن؛ ئەگەر لە شەڕ بەسیش بکەن، قازانجتانە؛ ئەگەریش تێ ھەڵ بچنەوە، ئێمەش تێ ھەڵ دەچینەوە و با دەستەوبەستەتان زۆر بن، ھیچ بەھرە بۆ ئێوە نادا. خودا وەل باوەڕدارانە. (٢٠) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری بن و لە ھەر شتێ ئەو پێتان ئێژێ و دەیبیسن، خۆ مەبوێرن. (٢١) ئێوە وەک ئەوانە مەبن، گوتوویانە: گوێمان لێیە، کە چی ھەر نەشیان بیستووە. (٢٢) خراترین زیندەوەران لە لای خودا، ئەو کەڕ و ڵاڵانەن کەوا ھیچ تێ ناگەن. (٢٣) ئەگەر خودا بیزانیبا خێرێکیان دەباراندایە، کارێکی دەکرد ببیسن. خۆ ئەگەر گوێ بیستنیشی پێ بدابان، ھەر ڕوویان لێ وەردەگێڕا و خۆیان دەبوارد. (٢٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا خودا و پێغەمبەر لێو داوا دەکەن کارێ بکەن ئێوەی پێ بژووژێنەوە، گورجێ بیکەن؛ ئێوەی پێ دەبووژێنەوە. بشزانن خوا دەبێتە لەمپەر لە نێوان مرۆ و دڵی؛ ھەموو لاشتان لە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە. (٢٥) لەو بەڵایەش خۆ پارێزن کە تایبەتی ناحەقیکارانتان نییە. بشزانن کە تۆڵەی خودا توند و تیژە. (٢٦) بیر لەو دەمە بکەنەوە کە ئێوە لەم وڵاتەدا کەمێکی بێ دەستەڵات بوون؛ ترسوو ھەبوو خەڵکی تر دەرتان بکەن و بێ جێ و ڕێ بمێننەوە. پەنای دان و یاریدەی دان و سەرکەوتن و ڕۆزی پاک و ڕەوای پێ دان؛ بەشکە شوکرانەبژێر بن. (٢٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەگەڵ خودا و پێغەمبەر دەغەڵی مەکەن. ئەو شتانەش کە دەزانن ئامانەتن، غەیانەتی تێدا مەکەن. (٢٨) بشزانن ماڵ و منداڵتان ھۆی ئەزموونن؛ پاداشی زۆر لای خودایە. (٢٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر لە خودا بترسن، ئامێری جیا کردنەوەی پاک و پیستان پێ دەدات و لە خراپەتان دەبوورێ. خودا زۆر چاکەی لە لایە. (٣٠) بێتە بیرت ئەوسا خودانەناسەکان ویستیان فێڵێکت لێ بکەن، یان بەندت کەن، یان بتکوژن، یان دەرت کەن. ئەوان فێڵەکەی خۆیان کرد؛ خواش فێڵی کرد. خواش چاترین فێڵەزانە. (٣١) ھەرگا نیشانەی ئێمەیان بۆ وەخوێنن، ئێژن: بیسمان؛ ئەگەر حەزمان بکردایە، ئێمەش وەک ئەمەمان ئەوت؛ لە چەند چیرۆکی کەونارا بەدەر نییە. (٣٢) ئەوساش گوتیان: ئەی خودایە! ئەگەر بە ڕاستیە و لە لایەن تۆوە ھاتووە، لە حەواوە وەبەر تەوەن بارانمان دە، یان ئازارێکی بەژانمان بۆ بنێرە. (٣٣) ھەتا تۆیان لە ناودا بێ، خودا جەزرەبەیان نادا. ھەتا داوای بووردن لە گوناھیش بکەن، خودا ھەر ئازاریان نادا. (٣٤) خودا چۆن ئازاریان نەدا، کە ئەوانە ڕێگەی «مسجدالحرام» یان لە زیارەت کەران گرتووە و ھەڵیش ناگرن خاوەنی بن؟ خاوەنانی ھەر دەبێ ئەو کەسانە بن کە ترسی خودایان ھەیە؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٣٥) نوێژیان لە ماڵی خودادا ھەر بریەتی لە چەپڵە و فیتووکێشانە. سا لە سزای ئەو بڕوا نەھێنانەدا، ئەشێ تووشی ئازار ببن. (٣٦) ئەوانەی خودانەناسن، ماڵی خۆیان خەرج دەکەن ڕێگەی بەرەو خودا بگرن. ئەو ماڵ بەخت کردنەیان دەبێتە کەسەرێک بۆیان و پاشان ھەر ژێر دەکەون. خڕوپڕی خوانەناسان لە دۆژەە کۆ دەکرێنەوە. (٣٧) ھەتا خودا پاک و پیس لێک ھەڵاوێرێ و پیسەکان لە سەر یەک دانێ و بەتێکڕایی کۆگایان دا و بیانخاتە دۆژەھەوە؛ ھەر خۆیان زیانبار بووگن. (٣٨) بە خوانەناسەکان بێژە: ئێستاش ئەگەر دەس ھەڵگرن، ھەرچی پێشوو کردووتانە عافوو دەکرێ. ئەگەریش تێ ھەڵ بچنەوە بەسەرھاتی پێشینەکان دیارە چ بوو. (٣٩) وەلیان شەڕ کەن ھەتا ئاژاوە نامێنێ و دین گشتی دینی خوا دەبێ. سا ئەگەر تەمێ گرتوو بوون ئەوسا ھەر کارێکی بیکەن خوا دەیبینێ. (٤٠) ئەگەریش ڕوویان وەرگێڕا، با بزانن کە گەورەتان ھەر خودایە؛ گەورەی ھەرە باشتان ھەیە و چاکترین یاریدەرتانە. (٤١) ئەگەر باوەڕتان بە خودا و باوەڕیتان بەوەش ھەیە کە ڕۆژی لێک ھەڵاواردن بۆ عەبدی خۆمان ناردەخوار، ئەوێ ڕۆژێ کە دوو کۆمەڵ تووشی یەک بوون؛ دەبێ ئەوەندەش تێ بگەن ھەر تاڵانێکوو دەس کەوت، پێنج یەکێکی بەشی خودا و پێغەمبەرە و بۆ خزمان و ھەتیوان و ھەژاران و ڕێبوارانە. خودا توانای بە سەر ھەموو شتدا ھەیە. (٤٢) وەختێ ئێوە لە داوێنەی نزیکتر و ئەوان لە داوێنەی دوورتر دامەزرا بوون، کاروانیش لە خوار ئێوە بوو، ئەگەر کاتی پێک گەیشتنوو دانابا، بێ سۆ لە سەر ژوانگە تووشی کێشە دەبوون؛ بەڵام دەوبو ھەرچی خوا بڕیاری دابوو ھەر ڕوو بدا. تا مردن و ژینی ھەر کەس، بە بەڵگەی ئاشکراوە بێ. خوا دەبیسێ و ئاگادارە. (٤٣) لە خەوتندا خودا ژمارەی ئەوانی کەم نیشان دای؛ ئەگەر زۆرایی ئەوانی نیشان دابان، لە ترسان زراوتان دەچوو؛ لە ناو خۆدا کێشەتان لێ پەیدا دەبوو. بەڵام خودا ئێوەی پاراست، خۆی لە نھێنی دڵانیش ئاگادارە. (٤٤) ئەوساش کە تووشی یەک ھاتن، لە بەر چاوتان ئەوانی کەمتر نیشان دا و ئێوەشی کەمتر ھێنایە بەر چاوی ئەوان. دەبوو خودا کارێ کە بڕیاری درابوو بێنێتە جێ. کاریش ھەر دەچنەوە لای ئەو. (٤٥) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! ئەگەر دەگەڵ دوژمنان ڕووبەڕوو دەبن، خۆ بگرن و گەلێک یادی خودا بکەن، شایەتا ئێوە سەرکەون. (٤٦) لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەرمەچن. نەچن کێشە و لێ پەیدا بێ و سست ببنەوە و ھەموو ھێز و لە بەین بچێ. خۆڕاگر بن؛ خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە. (٤٧) ئێوە وەک ئەوانە مەبن، بۆ خۆبینی و بۆ ڕووبینی لە ناو مەردم لە زێدەکەیان دەرکەوتن؛ دەیانەویست ڕێگەی خودا بەربەست بکەن. خودا لە ھەموو کارێکیان ئاگادارە. (٤٨) شەیتان ئاکاری ئەوانی ئەو کاتە لە بەر جوان کردن، گوتی: ئەمڕۆ ھیچ ھێزێک دەرۆستوونایە، منیش جێگەی ھاناتانم. لە کاتێکا ھەر دووک لا لێک وەدەرکەوتن، پێ دزەی کرد و بۆی دەرچوو، گوتی: ئەمن وەل ئێوە نیم؛ من شتی وام دێتە بەرچاو کە بۆ ئێوە نادیارە؛ من لە خودا ترسم ھەیە؛ تۆڵەی خودا زۆر دژوارە. (٤٩) دووڕووان و ئەو کەسانەی دڵی دەغەزداریان ھەیە، ئەوسا وتیان: ئەوانە بە دینەکەیان خەڵەتاون. ھەر کەسێکی ھەر خۆ بە خودا بسپێرێ، خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٥٠) گەر ببینی ئەوسا خودانەناسەکان فریشتە دەیان مرێنن و دیم و پشتیان دەکوتنەوە [پێیان ئێژن]: دەیسا دەردی بە ئاگر سواتان بچێژن. (٥١) ئەمە سزای ئەو کارانەی کە دەتانکرد؛ خودا ھەرگیز غەدر لە عەبدی خۆی ناکا. (٥٢) [ئاکاریان ھەر] وەک ئاکاری دارودەستەی فیرعەون و ئەو کەسانەیە بەرلەوان بوون؛ کە لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. خواش لە سزای گوناھانیان وەبەر غەزەبی خۆی خستن. خودا بە ھێز و توانایە و تۆڵەی ئەو گەلێ دژوارە. (٥٣) چونکە خودا دەرووی چاکەی لە ھەر گەلێ وەکردبێ، ھەتا ئەوان بیری خۆیان نەگۆڕیبێ، قەت خودا لێی نەگۆڕیون. خوا بیسەر و زۆر زانایە. (٥٤) جا ئەوانە - وەک دارودەستەی فیرعەون و پێشینیانیان - بەو دەردە چوون: بە نیشانەی خودای خۆیان باوەڕ نەکرد؛ لە سۆنگەی گوناھەکانیان قڕمان کردن. ھەرچی سەر بە فیرعەونیش بوون، بڕیارماندا کە لە ئاوێدا بخنکێن؛ کە سەر لە بەریان ناھەق بوون. (٥٥) خراترین زیندەوەران لە لای خودا ئەو کەسانەن کە خودایان نەناسیوە و ئیتریش بڕوا ناھێنن. (٥٦) ئەو کەسانەی پەیمانت دەگەڵ بەستن و لە پاشانا ھەموو جاران پەیمانیان ھەڵدەوەشێنن و ھیچ ترسی خودایان نییە، (٥٧) جا ئەوانەت کە لە شەڕدا بە گیر ھێنان، وێڕای ئەوانەش کە ھاتوون پشتیان بگرن، بڕەتێنە؛ بەشکوو تەمێ گرتوو ببن. (٥٨) گەر ھەستت کرد کۆمەڵێ لەو سوێندخۆرانە غەیان دەرچوون، تۆش وەک ئەوان سوێندیان بە سەردا بدەوە. خودا غەیانی خۆش ناوێن. (٥٩) خوانەناسان وا بیر نەبەن وەپێش کەوتوون؛ ئەوان ئێمە نابەزێنن. (٦٠) تا بۆو دەکرێ چەک و جبەخانەی شەڕ و ئەسپی سواری پەیدا بکەن؛ دوژمنی پێ بترسێنن؛ کە دوژمنانی خوداشن. غەیری وانیش دوژمنوو ھەن نایان ناسن، بەڵام خودا دەیان ناسێ. ھەر ماڵێکی لە ڕاھی خودای بەخت کەن، خودا دەیبژێرێتەوە و ھیچ ناھەقیو لێ ناکرێ. (٦١) ئەگەر داوای شەڕبەسیان کرد، قبوڵی کە و ھەر خۆت بە خودا بسپێرە؛ ھەر خۆی گوێدێر و زانایە. (٦٢) گەر ویستیشیان فریوت دەن، بەستە کە خودات دەگەڵە. ھەر ئەویش ھاتە ھاواری خۆت و خاوەن باوەڕان و یاریدەی دان. (٦٣) بە دڵ وانی کردە ھۆگری یەکتری. ئەگەر ھەرچی لەم سەرزەمینەدا ھەیە، ھەمووت بەخت بکردایە، نەت دەتوانی وا لێکیان کۆ بکەیتەوە؛ بەڵام خودا وا لێکی کردوون بە ھۆگر؛ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٦٤) ئەی پێغەمبەر! بۆ تۆ و بۆ باوەڕدارانێ شوێنت کەوتوون، خودا بەسە. (٦٥) ئەی پێغەمبەر! ھانەی باوەڕداران بدە بچنە خەزا؛ ئەگەر ئێوە بیست کەس بن و خۆڕاگر بن، ھێزتان بە دوو سەد کەس دەشکێ؛ گەر سەد کەستان خۆڕاگر بن، - بە ئیزنی خوا - دوو ھەزار کەس لە خوانەناسان ڕادەنێن؛ چونکە ئەوان کەسانێکی بێ ئاوەزن. (٦٦) ئێستا خودا کە دەزانێ ورە و تواناتان کەم بووە، کاری بۆ ھاسانتر کردن. ئەگەر ئێوە سەد کەس بن و خۆڕاگر بن - بە ئیزنی خوا - دەرۆستی دوو ھەزاریان دێن. خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە. (٦٧) بۆ ھیچ پێغەمبەرێک نەبووە دیلی ھەبن؛ مەگەر وەختێ لە سەر زەمین بە تەواوی بووبێتە خاوەن دەستەڵات. دەتانەوێ ماڵی دنیاتان دەس کەوێ، خوداش پاشە ڕۆژی دەوێ. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٦٨) ئەگەر خودا ئەم ڕووداوەی پێشووتر نەنووسیبایە، لەمەی کە وەدەستوو کەوت ئازاری زۆروو تووش دەھات. (٦٩) ئەو تاڵانەی گرتووتانە، حەڵاڵ و زەڵاڵە بیخۆن؛ ترسیشتان لە خودا ھەبێ. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٧٠) ئەی پێغەمبەر! تۆ بەو یەخسیرانە بێژە کە دەبەر دەستی ئێوەدان: ئەگەر خودا ئاگای لێ بێ چاکەیەکتان لە دڵدایە، چاکتر لەوەی لێو سەنراوە، دەوداتەوە و لێو خۆش دەبێ. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٧١) خۆ ئەگەر بە ونیازەش بن کە درۆ دەگەڵ تۆ بکەن، زوو وەل خوداش ناڕاست بوون و ئەتۆی زاڵ کرد بە سەریانا. خودا زانای لەکارزانە. (٧٢) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و زێدی خۆیان جێ ھێشتووە و لە ڕای خودا بە گیان و ماڵ خەزایان کرد، ئەو کەسانەش کە ئەمانیان حاواندەوە و ئاریکار بوون، بوونە کەس و کاری یەکتر. ئەو گرۆی باوەڕدارانەش کە ھەر لە شوێنەکەی خۆیان ماونەتەوە و نەھاتنە دەر، ھەتا ئەوانیش دەرنەچن، نابێ دۆستایەتییان بکەن. بەڵام گەر ئەوان دەربارەی دینەکەیان یاریدە لەنگۆ بخوازن، لە سەرتانە کە ئێوە کۆمەگیان بکەن؛ مەگین لە دژی ئەوانەی دەگەڵ ئێوە ھاوپەیمانن. ھەرچی بیکەن خوا دەیبینێ. (٧٣) بەرەی خودانەناسانیش دۆستی نزیکی یەکترین. گەر ئێوە - وەک من پێم گوتوون - ڕەفتار نەکەن، بشێوێنی و خراپەی زۆر لەم سەرزەمینە ڕوو دەدا. (٧٤) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و لە وڵات ئاوارە بوون و لە ڕای خودا خەزایان کرد، ئەوانەش پەنایان دان و کۆمەگیان کرد، خاوەن باوەڕی بە ڕاستن. خودا لەوانە خۆش بووە و بژیوی باش بۆ ئەوانە. (٧٥) ئەو کەسانەش کە پاشان بڕوایان ھێنا و بە ئاوارەیی دەرکەوتن و وێڕای ئێوە خەزایان کرد، لە خۆتانن. بە گوێرەی کتێبی خودا، خزم بۆ خزم لە نامۆ نزیکترە. خودا لە ھەر شت ئاگادارە. ++++++++++++++++++++++